کێ ڕێکەوتنێکى ستراتیژى نێوان زلهێزان و لایەنى کوردى بەدرێژایی مێژوو لایە بابیخاتە ڕو؟

Sunday, 23/12/2018, 22:46

3321 بینراوە


(ئەوە خیانەت نیە، چونکە هیچ بەڵێن‌و سۆزێک لە نێوانمان نەبوە تا وەک ئەو بەڵێنە مامەڵە بکەین، بۆیە ناتوانم بڵێم خیانەتە لەوبارەیەوە، ئەمریکا بۆ پاراستنی ئێمە نەهاتوەو ئێمەش بانگەوازمان نەکردوە بەفریامان کەوێ‌و بەهانامانەوە بێ،.بەڵکو ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی خۆی هاتوەو کاربەڕێکردنی خۆیانە، بەڵێ ئێمەو ئەمریکا هاوکار بوین) ساڵح موسلیم.
-------------------------
ئێمە واڕاهاتوین بە درێژایى سەد ساڵى ڕابردوو توشى هەر شکست و نسکۆیەک بوبین هۆکارەکەیمان گێڕاوەتەوە بۆ زلهێزانى ئەو سەردەمە هەرلە شکستى ( ئیدارەکەى شێخ محمود لە سلێمانى و شۆڕشەکانى باکور و تا کۆمارەکەى قازى و شۆڕشى ئەیلول و ڕاپەرین و کۆڕەوەکەى نەوەد و یەک و تا ڕوخانى ڕژێمى پێشوى بەغدا و بەناو داواناپاکیش چۆڵکردنى خۆرئاواى کوردستان بو لە لایەن ئەمریکاوە.
لەهەموو ئەو شکستانەدا ئێمە لایەنە لاوازەکەى ئەو گەمە نێودەوڵەتیانە باجى گەورە و قورسمان داوا، هەموو جار گەڕاوینەتەوە بۆ چوارگۆشەى یەکەمى گەمەکەى خۆمان.
جارێک لە خۆمان نەپرسى کە ئێمە لەکوێى گەمەى زلهێزەکانداین، ئایا لە پێش دەستپێکردنى گەمەکە یان لەکاتى گەمەکەدا توانیمان ئەوان ناچاربکەین بە واژۆکردنى ڕێکەوتنێکى ستراتیژى؟ تا دواى گەمەکە ئێمەش بەشى خۆمان لە دەستکەوت بماشینەوە؟ یان ئێمە لە مەقاشێک زیاتر نەبوین ئەوان لە بەرژەوەندى خۆیان بەکاریان هێناوین؟ 
وەک دەڵێن هەموکەس شەڕى بەرژەوەندیەکانى خۆى دەکات، تەنها ئێمەى گەلى کورد نەبێت کە هەموجار سەرکردەکان شەڕى بەرژەوەندیەکانى خۆیان و لایەنە نەیار و بەشەڕهاتووەکانیان پێکردوین، پاش تەواو بونى گەمەکەش هەمولا بەرژەوەندى خۆیان ماشیوەتەوە تەنها ئێمە نەبێت کە زۆرترین باجمان داوا و بەدەستى بەتاڵ لێى دەرچووین.
بەڵام با ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە نەهامەتیەکانمان هەموى دەخەینە ئەستۆى زلهێزەکان، ئە بۆ باسى ناپاکى و خۆخۆرى و خۆکوژى و براکوژیەکانى خۆمان ناکەین، کە زیانەکانى ئەمە لە زیانى نەیارەکانمان زیاتر نەبوبێت کەمترنەبووە.
هەڵەی مێژویی ئێمە هەر ئەوە بووە و لە هەمو شۆڕش و بەرخۆدانەکانیشدا دووبارە بۆتەوە، ئەویش ئەوە بووە کە ئێمە بێ بنەما خۆمان هاویشتۆتە ناو گەمەى ئەوانەوە، ئەوانەى کە ئێمەیان بە جەنگاوەرێکى ئازا و هاوپەیمان و دڵ پاک دەزانى،  هەربۆیە حاڵمان بە ئەمڕۆ گەیشتووە.
ئیتر ئایا زلهێزان ناپاک بون لەگەڵمان یان خۆمان نەزان بوین؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە