لە شەڕی سوریادا دەبێت لە ڕۆڵی دۆڕاوەکان بترسین

Sunday, 23/12/2018, 23:33

6650 بینراوە


لە بینایەکی گەڕەکی پانزەی شاری پاریس، چەند ماڵێک تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکەن، کە بێزار بوون لە بۆگەنی خوێن و گۆشتی گەنیو. کاتێک پۆلیس دەگاتە نهۆمی دووەمی ئەپارتومانتەکە، گەنجێکی کوردی تەمەن سی ساڵ دەبینن لەسەر کورسییەک بەستراوەتەوە بە گوریس، مێش و مەگەز داویەتە ژوورەکە و بۆگەنی خوێن و گۆشتی مردو ژوورەکەی قاڵ کردوە. دەبینن کە تەورێک لەناو کەللە سەری گەنجەکەدا جێ ماوە و مێشکی کردوە بەدوو کەرتەوە. 
کادرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پۆلیسەکانی وتبو. بە رای ئەو، ئەو تاوانە تۆڵەی شەرەفە. وەک خۆی بۆی گێڕامەوە ئاگاداری هۆکاری ئەو رووداوە بووە؛ کە ئەو کوڕە گەنجە عاشقی کچێکی خێلی بارزانی بووە، ئەمەش بە پێی نەریتی عەشایەری ژاکاندنی شەرەفیانە، بۆیە بەو شیوەیە کوژراوە. ئیتر مەلەفی ئەو کوشتنە داخراو کەسیش باسی نەکرد. بکوژەکان بە مەبەست ئەو تەورەیان جێ هێشتبوو؛ بۆ ئەوەی پێمان بڵێن: ئەوە تۆڵەی ئەوانە لەو کەسانەی دەست بۆ شەرەفیان دەبەن.
سەرنجمان داوە هەمیشە ئەوانەی دەیانەوێت گوایە شەرەفی خۆیان بسێننەوە، پەنجە مۆری بێ شەرەفی خۆیان لەسەر کارەکانیان جێ دەهێلن وەک ئەو تەورە لە ناو سەری گەنجەکەدا. 
دێینەوە سەر ڕۆڵی بارزانی
***
مەسعود بارزانی، کە خۆی کوڕی ئاشبەتەڵچییەکە، لیستی شکستەکانی لە ژمارە نایەن
هەر کە هەواڵ بڵابویەوە کە گوایە ئەمەریکا لە سوریا دەکشێتەوە، ڕۆژنامەکانی کوردستان بە دکتۆر و ڕۆژنامەگەر و نووسەرەوە دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن لە یەپەگە، گوایە دەوڵەت بە سیاسەت دروست دەبێت و بەئازایەتی دروست نابێت، وەک ئەوەی ئەوان سیاسەت بزانن، کوردانی ڕۆژاڤا سیاسەتیان نەکردبێت و گێل بن. ئەگەر کوردانی ڕۆژاڤا ئازا و چاونەترسن و بەرگرییەکی سەرسوڕهێنەر دەکەن، بەم هۆیەشەوە سەرنجی جیهانیان بە لای خۆیاندا ڕاکیشاوە، ئەویش لەبەر ئەوەیە، کە ئەوان باوەڕێکی پتەویان بە خۆیان هەیە، لە پشتەوە پرۆژەیەکی سیاسی گەورەیان هەیە و بەرەو ئامانجێک دەڕۆن، نەک وەک کوردانی باشور تەنها ئامانجیان روخاندنی سەدام حسەین بوو، هەتا دەست بگرن بەسەر بیرە نەوتەکاندا، خۆ ئەگەر بە ئازایەتی و باوەڕ نەتوانن بەرگری بکەن ئەوا زۆر لە سەرکردەکانی باشوور بە جاشایەتی تاقییان کردۆتەوە، هەتا ئەم ساتەش جاشایەتی تاقی دەکەنەوە بە هیچ نەگەیشتون.
یان دەڵێن؛ ئێمە هەر زوو وتمان، کە نەدەبوو، پەکەکە مۆدێلی خۆی بسەپێنێت بەسەر ڕۆژئاڤادا، ئەوەتا لەبەر ئەو هۆکارەیە، تورکیا گێچەڵیان پێ دەکات، وەک ئەوەی تورکیا بەدوای پاساودا بگەڕێت بۆ گێچەڵکردن بە کورد. پاشان کاتێک یەپەگە لەسەر فەلسەفەی ئاپۆ و ساکینە جانسز ئەو کیانە بەرز و پیرۆزەیان دروست کردوە، بۆچی دەبێت ئەوان ڕۆڵیان بشارنەوە؟ خۆ ئەگەر ئەوان هیچیان نەکردبێت ئەوا هەنگاوێکی گەورەیان ناوە بەوەی، کە بۆ یەکەم جار لە مێژوی کورد و کوردستاندا دەوری عەشایەرە و خیڵ و مەلاو پیاوانی دینیان خستە لاوە. ئەوەی کە ئێمە لە کوردستانی باشور پیوەی دەناڵینین ئەوان پیش راپەڕین چارەسەریان بۆ دۆزییەوە.
هەندێک دکتۆری شیکاریی سیاسی کوردیش، پێشنیاریان بۆ دەکەن کە کاتی ئەوە هاتووە کوردان داوای پلانی ئاشتی بکەن، وەک چۆن تالیبان لەگەڵ ئەمریکادا و لە یەمەنیش بەهەمان شێوە، بەڵام ئەم دکتۆرە پێمان ناڵیت: ئایا کوردانی ڕۆژئاڤا داوای ئاشتی لە کێ بکەن، لە داعش یان لە تورکیا؟ من پێکەنینم بەم جۆرە پێشنیارانە دێت. لەکاتێکدا ئەو وتارانەی کە دەیانخوێنمەوە لە ئەوروپا هیچیان ڕیگە بەخۆیان نادەن سەرزەنشتی کوردانی ڕۆژئاڤا بکەن. ئەگەر ئێوە ناتوانن یارمەتیان بدەن، ئەوا کوردانی ڕۆژئاڤا پێویستیان بە شیکاری و سەرزەنشتی ئێوە نییە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، کە هەموو کوردان ڕەخنە لە ترەمپ و ئەمەریکا دەگرن کە دۆستی کورد نین، بەلام هیچ دکتۆرێکی شیکاری سیاسی و هیچ نووسەرو ڕۆژنامەیەکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا بەخۆیان دەڵێن دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەی ئازاد، باسی ڕۆڵی (بارزانی)یان نەکرد، نەوەکا بەرژەوەندی خۆیان و ڕۆژنامەکەیان بکەوێتە مەترسییەوە . هەرچەندە من بەڕێزەوە باسی کەسانی وڵاتفرۆش و جاش ناکەم، بەلام خۆ ئەم نووسەر و دکتۆرانە دەیانتوانی بە زمانی ڕێزەوە پرسیار لەو بکەن، کە ئایا دەوری چی دەبێت لەم ڕووداوانەدا لەکاتێکدا جاشەکانی ئەو پێشڕەوی سوپای تورکیا دەکەن لە قەندیل، خۆشیان مەلاس داوە لە هەموو ئان و ساتێکدا، هەر کە سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر کوردانی ڕۆژئاڤا پێشڕەەویان بکەن و جاشەکانی ئەنەکەسە بەسەر رۆژئاڤادا بسەپێنن. ئەوسا بەڵکو بتوانن دەسەڵاتی خۆیان لە بەشیکی تری کوردستاندا فراوانتر بکەن، لەکاتێکدا کە دەسەلاتیان لە باشوور شکستی هێناوە.
 لەم گرێ کوێرەی سوریادا هیچ کەسێک تەنانەت ترەمپیش نازانێت چی لەو ناوچەیەدا رووئەدات، وابزانم فاڵچییەک یان قاوەگرەوەیەک باشتر دەزانێت چی رووئەدات، یان دەبێت بچین لەناو پەڕەکانی کتێبی نۆستراداموس دا بەدوای وەڵامێکدا بگەڕیین، بەڵام کاتێک لە پێشبینیەکانی نۆسترادموس تێدەگەین، رووداوەکان بەسەرچون.
ئەو وتارانەی خوێندومەنەتەوە، تەنها یەک وتاری بێرنارد کوشنەرم بەدل بوو، کە تیایدا دەڵێت ؛ ترەمپ واز لە سوپای تورکیا دەهێنێت تا هێرش بکاتە سەر کوردانی ڕۆژئاڤا، ئەوانیش بەوپەڕی توانای خۆیان بەرگری دەکەن، بەڵام لە ژێر هێرشی توندی تۆپ و فڕۆکەدا ناچار دەبن دەستهەڵگرن. ئەوروپیەکانیش هەرچەندە سۆزیان هەیە بۆ کوردان، بەڵام رۆڵیان لەو کاتەدا تەنها وەک چاودێر دەبێت، لە کۆتاییدا کێ دەیباتەوە؟ بێگومان روسیا، ئەوەی ئاواتیشمانە ئەوەیە کە ئەویش بتوانێت بە ڕێگرتن لە تورکیا، ڕێگری لە ڕەشکوژی کوردان بگرێت، ئەوکاتە پوتین وەک پیاوێکی ئاشتی خۆی پیشان ئەدات لە جیهاندا. ئاشتی لە سوریاییەکی فێدراڵدا لەگەڵ پوتین؟ هیوادارم کە ئەمە خەو نەبێت.
بەربەستی سەرەکی لەم گرێ کوێرەدا تورکیایە، کە وەک دوژمنی گەلی کورد و دروستبونی دەوڵەتێکی کوردی، دۆڕاویشە ئەگەر هێرش نەکاتە سەر کوردان، پاشان سوریا، کە دۆراوێکی براوەیە، پاشان بارزانی وەک کەسێکی تەواو دۆراو.
لە مێژوودا ئەو وڵاتانەی لە شەڕدا دۆڕاون هەمیشە توانای هێرشکردنیان کەمکردونەتەوە هەتاوەکو تۆلەی خۆیان نەسێننەوە، مەسعود بارزانی، کە خۆی کوڕی ئاشبەتەڵچییەکە، لیستی شکستەکانی لە ژمارە نایەن، هەتا گەیشتە دواهەمین شکستی ڕێفراندۆم، سەرۆکێکی شکستخواردو بووە، جگە لەوەی، کە نازانێت بە هیچ زمانێک گوزارش لە راو بۆچونی خۆی بکات، ئەمەش بۆتە هۆی پاڵنەرێکی تر لە دەربڕینی رای خۆی بەدژواری، هەر ئەم مۆنتالیتێیەی بارزانیشە کە هیچ هێزێکی کوردی ناتوانێت سازشی لەگەلدا بکات بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی نیشتمانی کوردی، بۆیەش وەک عەشایەرێکی دۆراو پێش ئەوەی ئەم دنیایە جێ بهێڵێت بەهەر شیوەیەک بێت دەیەوێت تۆڵەی هەڵەکانی خۆی لە گەلەکەی خۆی بکاتەوە، هەر بۆیەش دڵخۆشترین کەس لەم کشانەوەیەی ئەمریکا بارزانییە، دەبێت لە ڕۆڵی ئەو بترسین کە دەستی خۆی بوەشینێت لە ڕۆژاڤا بەیارمەتی تورکیا، چونکە ئەو لە رابردوشدا هەر کاتێک، کە دۆراوە بە یارمەتی دوژمن توانیوێتی دەسەڵاتی خۆی بسێنێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە