دانپیانانەکانی بکوژێکی ئابووری (بەشی یەکەم)

Tuesday, 25/12/2018, 23:14

15116 بینراوە


ئەم نوسینە دانپیانانی جۆن پێرکنس (John Perkins) کە خۆی ئەکتەری یەکەم بوە لەم کردەوانەدا کە لە ڕێگای ئابوریەوە دەستیان خستۆتە ناو کاروباری وڵاتان و توانیویانە چەندەها حوکمەت بڕوخێنن و کەسێک دابنێن کە بە دڵی ئەو کەسانە کار دەکات کە لە پشتی پەردەوە حوکمی هەموو جیهان دەکەن..
جۆن پێرکنس خاوەنی کتێبێکە بە ناوی Confessions of an Economic Hitman کە ماوەی ٧٠ هەفتە زۆرتین کڕیاری هەبوە لە جیهاندا و کتێبەکەی بە ٣٠ زمان وەرگێڕدراوە.
-------------------
لەم نوسینەدا باسی چەند وڵاتێک دەکەین لە خواروی ئەمریکا، عراق و ئەفغانستان..
ئایا بۆ سەدام رازی نەبوو بە مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتی؟ ئایا هۆکاری ڕۆخاندنی سەدام سەرکێشی بوو یان کابرایەکی نیشتیمان پەروەر بوو؟
چۆنێتی دەستبەسەردا گرتن تا ڕادەی داگیر کردن لە لایەن ئەمریکاو نهێنیەکانی پشت پەردە، ئەو نهێنیانەی کە کەس تا ئێستا بۆی نەبوە بیزانێت و زۆرینەی زانیاریەکان تا ئەمڕۆش هەر نهێنین.   
ئێمە، بکوژانی ئابووری، ئەو کەسانە بووین کە بەرپرسیاربوون لە دروستکردنی یەکەمین ئیمپڕاتۆریەتی جیهانی ئەمڕۆ. ئێمە بەڕێگای زۆر کار دەکەین، بەڵام باوترینیان بریتییە لەوەی کە ئێمە وڵاتێک دیاری دەکەین کە سامان و دامەزراوەی ئابوری هەیە وەکو نەوت، پاشانیش قەرزێکی گەورە ئامادە دەکەین بۆ ئەو وڵاتە لە بانکی جیهانی یاخود یەکێک لە دامەزراوە خوشکەکانی ئەو بانکە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم پارەیە هەرگیز ناچێت و نادرێت بە وڵاتەکە، بەڵکو لەجیاتی ئەمە دەچێت بۆ دامەزراوە گەورەکانی ئێمە تا پرۆژەی ژێرخایەنی ئابووری دروست بکەن لەو وڵاتەدا وەکو وێستگەی کارەبایی، بەندەری پیشەسازی، ئەو شتانەی کە سوود بە ژمارەیەکی زۆر کەمی ئەو وڵاتە دەگەیەنن سەرەڕای دامەزراوەکانی خۆشمان، بەڵام لەڕاستیدا هیچ سوودێک ناگەیەنن بە زۆرینەی خەڵک، ئەمە لە کاتێکیشدا کە خەڵکەکە و هەموو وڵاتەکەش دەخرێتە ژێر قەرزێکی زۆر گەورەوە، قەرزێکی ئەوەندە گەورە کە هەرگیز نەتوانێت بیداتەوە و ئەمەش بەشێکە لە پلانەکە. چونکە ناتوانن قەرزەکە بدەنەوە بۆیە ئێمەی بکوژانی ئابووری دەچین بۆ لایان و دەڵێین، "گوێبگرە، تۆ پارەیەکی زۆر قەرزداری ئێمەیت. ناتوانیت قەرزەکەت بدەیتەوە. کەوایە نەوتەکەت زۆر بە هەرزان بفرۆشە بە کۆمپانیا نەوتەکانی ئێمە. ڕێگەمان بدە بنکەیەکی سەربازی دروست بکەین لە وڵاتەکەتدا، یاخود سوپا بنێرە بۆ پاراستنی سوپاکانی ئێمە لە شوێنێکی وەکو عێڕاق، یاخود دەنگمان پێبدە لە دەنگدانی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان 
(United Nations)." تاوەکو ئێمە بتوانین کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری لەو وڵاتەدا ئەهلی بکەین و دواتر بە دامەزراوەکانی خۆمانیان بفرۆشینەوە.

  دەبینیت؟ بەم شێوەیە بانکی جیهانی ( IMF) دەستدەگرێت بەسەر وڵاتەکاندا! وڵاتێک دەخەنە ژێر قەرزێکەوە، قەرزێکی ئەوەندە گەورە کە هەرگیز توانای نەبێت بیداتەوە. دواتر شتێک دەسەپێنن بۆ پاک لەپاک بوون کە پێی دەڵێن "مەرجییەتی" یاخود "حکومڕانی باش"، ئەمەش ناچاریان دەکات کە سامان و خزمەتگوزاری وڵاتەکەیان، سیستمی پەروەردە و خوێندنیان، سیستمی سزادان، سیستمی بیمە و دڵنیایی بۆ دامەزراوە بیانیەکان چەندان شتی تریش بفرۆشن پێیان. کەوایە ئەمە بەدبەختیەکی دووقات و سێقات و چوارقاتیشە بۆ ئەو وڵاتە!

ئێران – 1953
بکوژە ئابووریەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەرەتا لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیان پێکرد، لە سەردەمی موسەدیقی بە دیموکڕات هەڵبژێردراو لە ئێران. ئەو کاتە ئەو هیوای دیموکڕاسیەت بوو لە جیهاندا و ببوو بە پیاوی ئەو ساڵەی گۆڤاری تایم (Time Magazine). یەکێک لەو شتانەی کە بەردەوام بوو لەسەری و دەیسویست جێبەجێی بکات بریتی بوو لەو بیرۆکەیەی کە کۆمپانیا نەوتییە بیانیەکان دەبوو پارە بدەن بە خەڵکی ئێران زۆر زیاتر لەو نەوتەی کە وەریدەگرن لە ئێران، دەیویست خەڵکی ئێران سوود لە نەوتەکەی خۆی وەرگرێت. ئێمەش لە ئەمریکا ئەم بیرۆکەیەمان بەدڵنیایەوە  پێ باش نەبوو ،بەڵام دەترساین لەوەی ئەوە بکەین کە هەمیشە دەیکەین واتە سوپا بنێرین. لەجیاتی ئەمە کارمەندێکی CIAمان نارد، کێرمت ڕۆزڤێڵت (Kermit Roosvelt) هەروەکو لەوێنەکەی خوارەوەدا دەردەکەوێت، کەس و کاری تێدی ڕۆزڤێڵت. کێرمت ڕۆزڤێڵت ڕۆیشت بۆ ئێران لەگەڵ چەند ملیۆن دۆلارێک و کارێکی زۆر کارامەیانە و کاریگەریانەی ئەنجامدا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا. توانی موسەدیق لە حکومڕانی لابدات! شای ئێرانی هێنا تا جێگای بگرێتەوە، کە هەمیشە یارمەتیدەرمان بوو بۆ نەوت.

ئێمەش لێرە لە واشینگتن لە ئەمریکا سەرمانسووڕمابوو و وتمان، "ئەمە زۆر ئاسان بوو! زۆریش هەرزان!" لەمەوە ڕێگایەکی تەواو تازە دامەزرا بۆ دەستگرتن بەسەر وڵاتەکاندا و دروستکردنی ئیمپڕاتۆریەتێک. تاکە کێشە لەگەڵ ڕۆزڤێڵت ئەوەبوو کە کارمەندێک بوو باجی CIA هەڵگرتبوو و ئەگەر گیرابا دەرەنجامەکان زۆر سامناک دەبوون. بۆیە زۆر بەخێرایی لەو کاتەدا، بڕیاری بەکارهێنانی ڕاوێژکاری ئەهلی درا بۆ جیگیرکردنی پارە لەڕێگای بانکی جیهانیدا یاخود IMF یان دەزگایەکی تری خوشکیان، بۆ هێنانە ناوی خەڵکی وەکو من کە کار بۆ کۆمپانیای ئەهلی دەکات. بۆ ئەوەی کە گیراین، حکومەت توشی هیچ دەرەنجامێک نەبێتەوە.

گواتەمالا – 1954
کاتێک ئاربێنز بوو بە سەرۆک کۆماری گواتەمالا وڵاتەکە لەژێر پەنجەکانی کۆمپانیای United Fruit دابوو. ئاربێنز وتی، "ئێمە خاکەکە دەبەخشینەوە بە خەڵک." هەر کە دەسەڵاتی گرتە دەست، ڕاستەوخۆ دەستی کرد بە جێبەجێکردنی سیاسەت کە ڕێک ئەمەیان دەکرد، خاکی دەبەخشیەوە بە خەڵک. United Fruit ئەمەی پێ خۆش نەبوو بۆیە کۆمپانیایەکی پەیوەندی گشتی بەکرێ گرت و هەڵمەتێکی گەورەی دەست پێکرد لە ئەمریکا بۆ بڕواپێهێنانی خەڵکی ئەمریکا، ڕۆژنامەگەری ئەمریکا، کۆنگرێسی ئەمریکا، کە ئاربێنز سەگێکی سۆڤیەتە و ئەگەر بێتوو ڕێگەی پێبدەین لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە ئەوا ڕوسەکان شوێنێکی پارێزراویان دەبێت لەم جەمسەرەدا. لەو کاتەشدا ڕوسەکان مەترسی زۆریان هەبوو لەسەر ژیانی هەموو خەڵک لەبەر تیرۆری سوور، تیرۆری کۆمیۆنیست، بۆیە  بۆ کورتکردنەوەی چیرۆکێکی درێژ، لەم هەڵمەتی پەیوەندی گشتیەدا ڕاسپاردەیەک هات لە CIA و سەربازی بۆ لەناوبردنی ئەم سەرکردەیە. وە لە ئەنجامدا لەناویان برد!  فڕۆکەمان نارد، سەربازمان نارد، چەقەڵەکانمان نارد، هەموو شتێکمان نارد بۆ لەناوبردنی و سەرکەوتوو بووین. هەر کە لە ئۆفیس دەرکرا، ئەو کابرا تازەیەی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت دوای ئەو هەموو شتێکی دووبارە دامەزراندەوە بۆ دامەزراوە گەورە نێودەوڵەتیاکان و بۆ United Fruit.

کۆتایی بەشی یەکەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە