هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


دانپیانانەکانی بکوژێکی ئابووری (بەشی دوو)

Thursday, 27/12/2018, 14:06

13114 بینراوە


ئەم نوسینە دانپیانانی جۆن پێرکنس (John Perkins) کە خۆی ئەکتەری یەکەم بوە لەم کردەوانەدا کە لە ڕێگای ئابوریەوە دەستیان خستۆتە ناو کاروباری وڵاتان و توانیویانە چەندەها حوکمەت بڕوخێنن و کەسێک دابنێن کە بە دڵی ئەو کەسانە کار دەکات کە لە پشتی پەردەوە حوکمی هەموو جیهان دەکەن..

لەم بەشەدا گرنگی دەدەین بە باسی چەد وڵاتێک لە خواروی ئەمریکا و وڵاتی عراق باسی ملنەدانی سەدام حسێن بۆ ئەم گروپە.

وڵاتی ئیکوادۆر – 1981.

بۆ چەندین ساڵ ئیکوادۆر لەلایەن دیکتاتۆرە پڕۆفیشناڵەکانی ئەمریکاوە حکومڕانی دەکرا، بەزۆریش دڵڕەق و دڕندانە. دواتر خەڵک بڕیاریاندا کە هەڵبژاردنێکی دیموکڕاسی ڕاستیمان هەبێت جەیمی ڕۆڵدۆس
 (Jaime Roldos) هاتە ناو ئۆفیسەوە و گوتی ئامانجی سەرەکی وەکو سەرۆک کۆمار بریتی دەبێت لەوەی کە هەمیشە دڵنیاببێتەوە کە سامانەکانی ئیکوادۆر بۆ خەڵکی ئیکوادۆر بەکاردەهێنرێت. دەنگێکی زۆر زۆری بەدەست هێنا و بردیەوە. دواتریش هەروەک بەڵێنی دابوو سیاسەتەکانی هەمان ئەو کارەیان جێبەجێ دەکرد. ئێمەش لە ئەمریکا حەزمان لەمە نەبوو. من نێردرام وەکو یەکێک لە بکوژانی ئابووری بۆ گۆڕینی ڕۆڵدۆس، بۆ گەندەڵ کردنی. پێمان وت، "خۆت و خێزانەکەت دەتوانن زۆر دەوڵەمەند بن ئەگەر یاریەکەی ئێمە بکەیت بەڵام ئەگەر نەیکەیت ئەوا دەڕۆیت!" گوێی نەگرت، بۆیە کوژرا! هەرکە فڕۆکەکە تەقیەوە و کەوتە خوارەوە هەموو ناوچەکە ئابڵوقەدرا، تاکە کەس کە ڕێگای چوونە ژوورەوەی هەبوو سەربازی ئەمریکا و سەربازی ئیکوادۆر بوو. کاتێکیش پشکنین دەستی پێکرد، دوو شایەتی زۆر گرنگ گیانیان لەدەست دا بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە پێش ئەوەی هەلی شایەتی دانیان هەبێت لەسەر کوشتنەکە. شتی زۆر نامۆ ڕوویاندا لەماوەی کوشتی جەیمی ڕۆڵدۆس. من، وەکو زۆربەی ئەو کەسانەی سەیری ئەم کەیسەیان کردووە هیچ گومانێکمان نییە کە ئەمە کوشتن بوو نەوەکو ڕووداوێک. من هەمیشە چاوەڕوانی شتێکم دەکرد ڕووبدات جا کودەتایەک بێت یاخود کوشتن، دڵنیانەبووم. بەڵام هەر لەناودەبرا چونکە بەوشێوەیە گەندەڵ نەدەبوو کە ئێمە دەمانویست.
وێنەی فڕۆکەکەی سەرۆکی ئێکوادۆر

وڵاتی پەنەما – 1981

Omar Terrijos
ومەر تێرییۆس (Omar Terrijos) سەرۆک کۆماری پەنەما، یەکێک بوو لەکەسە هەرە سەرنجاڕاکێشەکانی من و زۆر زۆر حەزم پێی دەهات. زۆر بەهرەدار بوو لە جووڵاندنی هەستی جەماوەر و هاندان و پێشڕەوی کردنیان. پیاوێک بوو بەڕاستی دەیویست یارمەتی وڵاتەکەی بدات. کاتێک من هەوڵمدا بەرتیلی پیبدەم یاخود گەندەڵی بکەم وتی، "سەیرکە خوانیتۆ،" پیی دەوتم خوانیتۆ. وتی، " سەیرکە خوانیتۆ، من پێویستیم بە پارەکە نییە. ئەوەی بەڕاستی دەمەوێت ئەوەیە کە وڵاتەکەم دادپەروەریانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و دەمەوێت ئەمریکا ئەو قەرزانە بداتەوە بۆ ئەو هەموو وێرانکاریەی لێرە کردووتانە. دەمەوێت لە پۆستێکدابم کە بتوانم یارمەتی وڵاتەکانی تری ئەمریکای لاتین بدەم تا سەربەخۆبن و ئازادبن لەم ژیانە سامناکەی باکور و چەوسانەوەیە کەوا بە خراپی هێناوتانەتە کایەوە. دەبێت کەناڵی پەنەما بگەڕێنمەوە ژێر دەستی خەڵکی پەنەما ئەمەم دەوێت. کەوایە بەتەنیا جێمبێڵن و هەوڵمەدەن بەرتیلم پیبدەن." ئەم گفتوگۆیە لە ساڵی 1981دا بوو، لە مانگی پێنجی ئەو ساڵەدا جەیمی ڕۆڵدۆسی ئیکوادۆر کوژرا، عومەریش ئاگاداری ئەمە بوو. بۆیە عومەر خێزانەکەی کۆکردەوە و وتی، "لەوانەیە دوای ئەو نۆبەی من بێت بەڵام کێشە نییە، لەبەرئەوەی من  دووبارە وتوێژی کەناڵەکەم کردەوە. کەناڵەکە ئێستا لەژێر دەستی ئێمەدا دەبێت." ڕێک پێش ئەمە وتوێژی کەناڵەکەی کردبۆوە لەگەڵ جیمی کارتەر لە مانگی شەشی ئەو ساڵەدا. دوو مانگ دواتر، ئەویش هەر لەناو فڕۆکەیەکدا کوژرا، کە بێگومان ئەم کارە لەلایەن چەقەڵەکانی CIA جێبەجێکرا.

ولاتی ڤەنزوێلا – 2002

     زۆر سەرنجڕاکێشە بەلای منەوە کە چۆن ئەم سیستمە بەردەوام بووە و کە خۆی بۆ چەندەها ساڵ ئامادەکردوە،  تەنها ئەوەیە کە بکوژە ئابووریەکان باشتر و باشتر دەبن. لە ساڵی دا1998، لە ڤەنزوێلا کاتیك چاڤێز بوو بە سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا دوابەدوای هێڵێکی درێژی سەرۆک کۆماری کە زۆر زۆر گەندەڵ بوون و ئابووری وڵاتەکەیان لەناوبرد و چاڤێز لەناوەڕاستی ئەمانەدا هەڵبژێردرا. چاڤێس دژی ئەمریکا ڕاست بۆوە و داوای کرد کە نەوتی ڤەنزوێلا بۆ خەڵکی ڤەنزوێلا بەکاربهێنرێت. بەدڵنیایشەوە ئێمە حەزمان لەمە نەبوو لە ئەمریکا. بۆیە لە 2002، کودەتایەک کرا کە دووبارە هیچ گومانێک نییە لای من و هەموو خەلڵیش کە سەرنجی ئەم کەیسەی داوە کەوا CIA لەپشتی ئەم کوداتەیەوە بوو. ئەم کودەتایە بەشێوەیەکی تۆکمە وەکو ئەوەی لە ئێران کرا لە لایەن کێرمت ڕۆزڤیلتەوە، پارەدان بەخەڵک بۆ چوونە سەر شەقام، بۆ ئاژاوە دروستکردن، بۆ دژڕابوون. ئەگەر بێتوو تەنیا چەند هەزار کەسێک خەڵک ئامادە بکەیت بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە ئەوا تەلەفیزیۆن دەتوانێت وانیشانی بدات کە سەرانسەری وڵات هەستاوە. لەم حاڵەتەکەی چاڤێسزدا، ئەوە بوو زۆر زیرەکانە مامەڵەی کرد و بە خەڵکێکی زۆر بە بەهێزترەوە کە پشتگیریان لێ دەکرد، بۆیە توانی  لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە  ئەو بارە نائاسییە تییبپەڕێنێت و ئەم هەوڵەی سی ئای ئەی پوچەڵ بکاتەوە.


وێنەی سەرۆکی فەنزوێلا چاڤێز



وڵاتی عێڕاق – 2003

     عێڕاق نموونەیەکی زۆر نایابە لەسەر ئەوەی ئەم سیستمە چۆن کاردەکات. سەرەتا ئێمەی بکوژانی ئابووری لەهێڵی یەکەمی بەرگریداین و دەچین و هەوڵی گەندەڵکردن دەدەین و دواتر ڕازیان دەکەین تا قەرزێکی گەورەمان لێوەرگرن، دواتر ئەم قەرزانە وەکو هێزی بەرزکردنەوەی دەسەڵاتمان بەکاری دەهێنین  بۆ دەست بەسەرداگرتنی حوکمەت و وڵاتەکەش. ئەگەر شکست بهێنین، هەروەکو ئەوەی من شکستم هێنا لە پەنەما لەگەل عومەر تێرییۆس و لە ئیکوادۆر لەگەڵ جەیمی ڕۆڵدۆس، ئەو پیاوانەی ڕەتی دەکەنەوە گەندەڵ ببن، ئەوا دواتر دووەم هێڵی بەرگری دەنێردرێت کە چەقەڵەکانن. چەقەڵەکانیش یاخود حکومڕانیان ناهێڵن لەوڵاتەکەیاندا یاخود دەیان کوژن. دوای ئەوەی ئەمەش ڕوویدا حکومەتێکی تازە دروست دەبێت و سەرۆک کۆمارە تازەکەش دەزانێت چی بەسەر دێت ئەگەر بێتوو بە مەرجەکان ڕازی نەبێت. لە کەیسەکەی عێڕاقدا، هەردووک لەمانە شکستیان هێنا! بکوژە ئابووریەکان نەیان توانی سەدام حسین ڕازی بکەن.  زۆر هەوڵماندا، هەوڵماندا ڕێکەوتنێکی وەکو سعودیەی لەگەڵدا بکەین بەڵام ڕازی نەدەبوو. بۆیە دواتر چەقەڵەکان ڕۆیشتن تا لەناوی ببەن بەڵام ئاسایشی سەدام زۆر بەهێز بوو نەیانتوانی. لەگەڵ ئەوەشدا، سەدام حسین جارێکیان بۆ CIA کاری کردووە و بەکرێ گیرا بۆ کوشتنی سەرۆکێکی پێشوو تری عێڕاق بەڵام شکستی هێنا. سەدام حسین لە سیستمەکەی دەزانی. لەساڵی 1993دا، سوپامان نارد و سوپاکەی عێڕاقمان لەناوبرد. لەو کاتەدا بیرمان کردەوە کە سەدام ڕازی دەبێت. دەمان توانی لەناوی ببەین بەڵام نەمان دەویست چونکە ئەو پیاوێکی بەهێزبوو و پێمان وابوو دەتوانێت کوردەکان کۆنتڕۆڵ بکات و ئێران لە سنووری خۆیدا بهێڵێتەوە و نەوتمان پێبدات. دوای ئەوەی سوپای عێڕاقمان لەناو برد، وتمان بڕیارەکەی دەگۆڕێت و ڕازی دەبێت بۆیە بکوژانی ئابووری دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ لای سەدام بەڵام سەرکەوتو نەبون. ئەگەر سەرکەوتو بونایە و سەدام ڕازی ببوایە ئەوا هێستاش سەدام وڵاتەکەی بەڕێوە دەبرد! ئەو هەموو فڕۆکە بۆمبهاوێژانەمان پێی دەفرۆشت کە دەیویست لەگەڵ هەرشتێکی تر کە دەیویست، بەڵام سەدام ڕازی نەبوو. دووبارە چەقەڵەکانیش شکستیان هیناو نەیانتوانی لەناوی ببەن بۆ جاری دووەم. بۆیە دووبارەش سوپامان نارد و ئەمجارەیان توانیمان لەناوی ببەین، لەو پڕۆسەو گەمەیەی کە خۆمان دروستمان کردبوو، ڕێکەوتنێکی پڕ داهاتی دروستکردن بۆ دروستکردنەوەی وڵاتێک کە خۆمان لەناومان برد. ئەمەش ڕێکەوتنێکی زۆر نایابە ئەگەر بێتوو خۆت خاوەنی کۆمپانیاکانی دروستکردن بیت، کۆمپانیا گەورەکان. کەوایە عێراق سێ قۆناغەکەی سیستمەکە نیشان دەدات. بکوژانی ئابووری شکستیان هێنا، چەقەڵەکان شکستیان هێنا، وە وەکو پیوانەیەکی کۆتاییش سوپا دێتە کایەکەوە.


لەم ڕێگایەوە ئێمە بەڕاستی ئیمپڕاتۆریەتێکمان دروستکرد، بەڵام زۆر بە وردی کردوومانە هەمووی نهێنییە. هەموو ئیمپڕاتۆریەتەکانی ڕابردوو لەسەر بنەمای سەربازی و سوپا بنیات نراون و هەموو خەڵکیش ئاگاداربون لێیان کە ئەم کارەیان دەکرد. فەڕەنسیەکان، ئەڵمانیەکان، ڕۆمانیەکان، یۆنانیەکان و هەموو ئەوانەی تریش، تەنانەت شانازیشیان پێیوە دەکرد و هەمیشە بەهانەیەکیان هەبوو وەکو بڵاوکردنەوەی شارستانیەت، بڵاوکردنەوەی ئایین یاخود هەر شتێکی تر. بەڵام خۆ خەڵکی ئاگاداربوون کە دەیان کرد، ئەی ئێمە؟ ئێمە ئاگادارنین! زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئەمریکا هیچ ئاگادار نین کە لەسەر ئیمپڕاتۆریەتێک دەژین، یاخود کە ئەمڕۆ کۆیلایەتی زیاتر هەیە لە دنیادا وەک لەهەموو کات. کەوایە دەبێت پرسیار لەخۆت بکەیت، ئەگەر ئەمە ئیمپڕاتۆریەتێک بێت ئەی کێ ئیمپڕاتۆرە؟

     بە دڵنیایەوە سەرۆک کۆمارەکانمان ئیمپڕاتۆر نین. ئیمپڕاتۆر کەسێکە کەوا هەڵنەبژێردراوە، لەژێر یاسای سنوردار کار ناکات، وە وەڵامی هیچ کەسێکیش ناداتەوە بەشێوەیەکی بنەڕەتی، بۆیە ناتوانیت سەرۆک کۆمارەکانمان بە ئیمپڕاتۆر بپۆلێنیت چونکە ئەوان ئەم مەرجانەیان تێدا نییە. بەڵام شتێکمان هەیە کە هاوتای ئیمپڕاتۆرە، ئەوەی من پێیدەڵێم “Corporatocracy”. کۆرپۆراتۆکڕەسی گروپێکە لە خەڵک کە دامەزراوە گرنگەکانی ئێمە بەڕێوەدەبەن و وەکو ئیمپڕاتۆری ئەم ئیمپڕاتۆریەتە ڕەفتار دەکەن. ئەوان کۆنتڕۆڵی میدیا دەکەن، یان لە ڕێگای خاوەندارییەتی ڕاستەوخۆوە یاخود کۆنتڕۆڵکردنی پەخشکردنەکان. ئەوان زۆربەی سیاسەتمەدارەکانمان کۆنتڕۆڵ دەکەن چونکە هەر ئەوان دەرامەتی هەڵمەتەکانیان دەدەن، یاخود لەڕێگای دامەزراوەکانیان یان لەڕێگای کەرتی تایبەتی کە لەدامەزراوەکان هەیانە. ئەوان هەڵنەبژێردراون و لەژێر یاسای سنووردار کار ناکەن و وەڵامی هیچ کەسێکیش نادەنەوە، وە هەر ئەوانن کە لە لوتکەی ئیمپڕاتۆریەتەکەدان، ناتوانیت بڕیاربدەیت کە ئایا کەسەکە کار بۆ دامەزراوەیەکی ئەهلی دەکات یاخود حکومەت چونکە هەمیشە بەرەو پێشەوە و دواوە دەڕۆن. کابرایەکت هەیە کە ماوەیەک سەرۆکی کۆمپانیایەکی گەورەی وەکو Haliburton، بەڵام ماوەیەکی تر جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکایە یاخود سەرۆکە لە بازرگانیکردنی نەوتددا. ئەمە بۆ هەردووک لە دیموکڕات و کۆماریخوازەکان ڕاستە لەناو ئۆفیسی سەرۆک کۆماریدا، هەمیشە بەرەو پێشەوە و دواوە دەڕۆن بەناو دەرگا خولاوەکەدا. حکومەتەکەمان زۆربەی کات ونە و سیاسەتەکانی لەلایەن دامەزراوەکانەوە جێبەجێ دەکرێن لە ئاستێک یاخود زیاتر. بۆیە سیاسەتەکانی حوکومەت لەلایەن کۆرپۆراتۆکڕەسیەوە دروست دەکرێن و پێشکەشی حکومەت دەکرێن دواتر دەبن بە سیاسەتی حکومەتی. ئەمە پەیوەندیەکی زۆر خۆش و سەرنجڕاکێشە! ئەمە شتێکی وەکو پلان گێڕی نییە، ئەم خەڵکانە پێویستیان بەوە نییە بچن بۆ لای یەکتر و پلان دابنێن بەیەکەوە، بەڵکو هەموویان لەژێر یەک گریمانەی سەرەکی کاردەکەن. ئەویش ئەوەیە کە بەهای داهات بگەیەنە ئەوپەڕی بەبێ گوێدان بە تێچووە کۆمەڵایەتیەکان و ژینگەیەکان.


کۆتایی بەشی دووەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە