ڕەوتی مێژوویی چە‌مکی پەرەسەندن

Monday, 31/12/2018, 0:32

8788 بینراوە


بیرکردنە‌وە‌ لە‌ چۆنەتی‌ هاتنە‌کایە‌ی مرۆڤ و زیندە‌وە‌رەکانی دی، مێژووێکی زێدە کۆنی هە‌یە، ژمارە‌یەکی زۆریش لە زانا و شارەزایان لە چەندان ژیار و شارستانییەتی جیاوازدا لە‌ زیندە‌وە‌ران دواون. بە‌ڵام ئە‌وە‌ی لێرەدا مە‌بە‌ستمانە‌ بە‌کورتی تیشکی بخەینە سەر، چە‌مکی بنەچەی جۆری زیندە‌وە‌رانە کە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی پەرەسەندن.
‌ئە‌ناکسیماندە‌ر (٦١٠ پ.ز. - ٥٤٦ پ.ز.): کۆنترین نووسین لەبارەی پەرەسەندن تا ئێستە دە‌ستمان کە‌وتووە‌، بیروڕاکانی فە‌یلە‌سوفی گریکی کۆن ئەناکسیماندەرە. ئەم زانایە‌ دە‌بێژێت: "ئاژەڵەکان لە‌ ڕابردووێکی زێدە دوور لە‌ناو ئاو هاتنە دە‌رەوە، لەو کاتانەی کە وشکانی هاتە کایەوە بە‌ کارتێکردنی خۆر بە‌سە‌ر زە‌ویدا. ئە‌م ئاژەڵانە گەلێک ناڕێک و دزێو بوون، نە‌شیان دە‌توانی بەچاکی زاوزێ بکە‌ن و پە‌رە‌ بسێنن، بەڵام لە‌دواییدا‌ بە ‌زێدە‌بوونی تینی تیشکی خۆر، چە‌ند جۆرە‌ ئاژەڵێکی باشتر پە‌یدا بوون، توانیان گە‌شە ‌بکە‌ن و زۆر ببن و بمێننە‌وە. مرۆڤ لە‌دوای ئە‌مانە‌وە‌ پەیدا بوو، ئە‌میش لە‌ سە‌رە‌تادا شێوە‌یەکی دزێو و شێواوی هە‌بوو، پاش چەندان گۆڕانی یەک لەدوای یەک، ئەم شێوە‌ی ئێستە‌ی وە‌رگرت." پێویستە لێرەدا بڵێین کە ئە‌م تێڕوانینانە‌ هەرچەندە سەیر و سادە بن، بەڵام بۆ ئەو مێژووە دێرینە شتێکی بایەخدارە. نووسینەکانی ئەناکسیماندەر، بە‌ سەرەتای دەرکەوتنی بنەمای بابەتەکانی وەک، بنجی ژیان، پە‌رە‌سە‌ندنی جۆری زیندە‌وە‌ران و کا‌ریگە‌ری ژینگە‌ بە‌سە‌ریانە‌وە،‌ دە‌ژمێردرێن.
چینییەکان: بیرۆکەی پەرەسەندن لە لای چینییە کۆنەکاندا دەبینرێت، بەتایبەتیش لای فەیلەسوفی ناودار، چوانگ زی. ئەم فەیلەسوفە کە لە سەدەی چوارەمی پێش زایین ژیاوە دەڵێت: "ئەو بیروڕا و تێزە فەلسەفییانەی ئاماژە بەوە دەکەن، بوونەوەرەکان لەوەتەی پەیدابوونیان هەتا ئێستە وەک خۆیان ماون و نەگۆڕاون، لە ڕاستییەوە دوورن، چونکە لەم ژیانەدا کە یەکبوونێکی پتەوی تێدایە، گشت شتەکان پێک دەگەن، هەموو جیاوازییەکانیش ون دەبن. لە خولگەی ئەو پەرەسەندنەی کە لەسەرەخۆ هەنگاو دەنێت، هیچ شێوەیەک وەک خۆی نامێنێت، هیچ دیمەنێکیش نییە، بۆ دیمەنێکی دیکە نەگۆڕێت." ئەم بیرمەندە بۆچوونی دیکەی هەبوو لەسەر پەیدابوون و هاتنی بەدوای یەکی زیندەوەران. وەک ئەوەی دیگوت: "هەر لەسەرەتادا تۆو (تۆوی زیندوو) هەبووە، پاشان ئەمانە بوون بە کرمەکان، دوای ماوەیەکی زۆر ئەمانە بوونە چەندان جۆرە زیندەوەری جیاجیا، تا گەیشتە پڵنگ، پڵنگیش بووە ئەسپ و لە دوای هەموو ئەمانەوە مرۆڤ پەیدا بوو. گشت ئاژەڵەکانی ئەمڕۆ بە مرۆڤیشەوە، تەنیا قۆناغێکن لەو قۆناغانەی گۆڕان، هەمووشیان پێکەوە بەشێکن لەو ئامێرە یەکجار مەزنەی پەرەسەندن کە سەرلەبەری زیندەوەرەکان لێیەوە هاتوونەتە کایەوە."
دیسانەوە ئاشکرایە کە ناتوانین ئەم گوتانە بەتەواوی بخەینە ڕیزی چەمکەکانی تیۆری پەرەسەندن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە ئەم بۆچوونە بەگشتی لەگەڵ یەکێک لە گرینگترین بنەماکانی پەرەسەندن یەک دەگرێتەوە، ئەویش کە پەیدابوونی جۆرەکانە لە یەکدی.
جگە لەمە لە لای تاوییەکان (Taoism) کە فەلسەفە و باوەڕێکی ئاینی دێرینی چینییەکانە، فەیلەسوفەکانیان باوەڕیان بەوە نەبووە، زیندەوەرەکان لە شێوە و پێکهاتەیاندا جێگیر بن، دەیان گوت، ئەمانە لەبەر کاریگەری ژینگە جیاجیاکانیانەوە، گشتیان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.
ئە‌ریستۆ (٣٨٤ پ.ز. - ٣٢٢ پ.ز.): ئەریستۆی ناودار هەرچەندە یەکێکە لە فەیلەسوفە هەرە بەناوبانگەکان، هاوکات بە‌ پێشە‌وای زانایانی زیندە‌وە‌رزانی دادەنرێت لە مێژوودا. ئەم بیرمەندە مەزنە خاوە‌نی چە‌ندان کتێب و لێکۆڵینەوە‌یە‌‌ لە بوارەکانی وەک، ڕە‌فتار، گە‌شە‌کردن، جووڵە،‌ زاوزێکردن، ئەرک و فرمانی کۆئە‌ندامە‌کان، ژینگە،‌ دابەشین و پۆلێنکردنی چە‌ندان جۆر لە‌ زیندە‌وە‌رانی وەک، ماسی، باڵندە،‌ مە‌یموون و خشۆکە‌کان‌. ئەریستۆ دەیگوت: "لێکچوونێکی لە ڕادەبەدەر لە‌ گشت‌ پێکهاتە‌ ناوە‌کی و دە‌رە‌کییەکانی زیندە‌وە‌راندا بەدی دەکرێت، بە‌ شێوەیەک گە‌ر سە‌رنج بدە‌ینە‌ زیندە‌وە‌رانی ناو دە‌ریا، ناتوانین بە‌ئاسانی هە‌ندێ جۆرە ڕوە‌ک لە‌ ئاژەڵ جیا بکە‌ینە‌وە." جگە لەمانە ئە‌ریستۆ خاوە‌نی چە‌ندان ‌تۆژینە‌وە‌یە لەبارەی مرۆڤ، هەروەها مە‌یموونی بە‌ بوونە‌وە‌رێک دە‌بینی لە نێوان مرۆڤ و شیردە‌رە‌کانی دی، لە‌ پلە‌ی گە‌شە‌کردن و پە‌رە‌سە‌ندندا.
ئەریستۆ وێڕای بوونی هەندێ هە‌ڵە ‌و کە‌موکوڕی، خاوەنی گەلێک لێکۆڵینەوەی گرینگ بووە لە‌و سە‌ردە‌مە‌دا، بە ‌شێوەیەک تا سە‌دە‌ی نۆزدە‌یە‌میش زۆربە‌ی چەمک و بابەتگەلەکانی زیندە‌وە‌رزانی، لە بەرهەمەکانی ئەوەوە‌ سە‌رچاوە‌یان دە‌گرت! شاکاری (مێژووی ئاژەڵان)، نێزیکە‌ی بیست سە‌دە لە‌ بوارەکانی زیندە‌وە‌رزانیدا بایە‌خی تایبەتیی هەبووە‌. ئەریستۆ لەو کاتەدا لەڕێی تۆژینەوەکانییەوە بۆی دەرکەوت کە نەهەنگ ماسی نییە، شەمشەمەکوێرەش بە باڵندە ناژمێردرێت، هەرچەندە باڵی هەیە و دەتوانێ بفرێت. ئە‌وی پێویستە‌ بگوترێ، لە کردەوەکا‌نی ئە‌ریستۆ سە‌رە‌تای سە‌رهە‌ڵدانی هەندێک چەمکی پەرەسەندن، بەتایبەتیش هەڵبژاردنی سروشتی دەبینرێت.
کەشە ئۆگەستین (٣٥٤ – ٤٣٠): لە کەرتی ئەفریقای سەربە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی دەژیا، فەیلەسوف و ڕووناکبیرێکی ناوداری کرستیانەکان بووە. کەشەی گەورە ئۆگەستین، وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی زانستی خواناسییە لە وڵاتانی خۆراوادا، یەکێکە لە گرینگترین ئەو کەسایەتییانەی کە کاریگرییەکی زۆریان هەبووە لە سەرهەڵدانی بیروڕاکانی چاکسازیی ئاینیدا. لە گەلێک باوەڕدا هاودەنگی پیاوانی ئاینی و کەشەکانی دیکە نەبووە، پێی وا بوو کە نابێت چیرۆکەکانی دروستبوون لە کتێبی پیرۆزدا پیت بە پیت لێک بدرێنەوە. بە بۆچوونی ئەو هەندێک لە زیندەوەران لە ئەنجامی شیبوونەوەی شێوەکانی پێشووی ژیان پەیدا دەبن، ڕوەک و باڵندە و ئاژەڵەکان هیچیان جۆری تەواو و بەبێ کەموکوڕی نین، ئەمەش پێچەوانەی ڕای ئەو ئایندارانە بوو کە دەیان گوت، هەموو ئەمانە بەوپەڕی ڕێکوپێکی دروست کراون و ئاوێتەیەکن لە فریشتە و گیانی مرۆیی. ئۆگەستین بەبەردەوامی ئەوەی دووپات دەکردەوە کە ژیان بەرەبەرە و بە چەندان قۆناغدا تێ پەڕیووە، تا بە ئێستە گەیشتووە. زاناکانی پەرەسەندن، کەشە ئۆگەستین بە یەکێک لە پێشڕۆیانی ئەوانە هەژمار دەکرێت کە بەئاشکرایی لە چەند چەمکێکی پەرەسەندن دواوە.
عەرەب و موسڵمانان: لە‌ مێژووی عەرە‌ب و موسڵماناندا، چە‌ند کە‌سا‌نێک هە‌بوون لە‌ زۆر ڕووەوە لە ڕوە‌ک و ئاژەڵانیان کۆڵیووەتە‌وە‌، لەمانەش: ئیخوانی سە‌فا، ئیبن مسکە‌وییە،‌ ئیبن خە‌لدون و جاحیز.
لەناو موسڵمانان لە چەندان سەدەدا، گەلێک چەمک و بنەمای پەرەسەندن لە لای هەندێ زانا دەبینرێن، بە شێوەیەک کە ئەوانە نەک تەنیا لە پەرەسەندنی جۆرێک بۆ جۆرێکی دیکە، بگرە زۆر بەئاشکرا لە پەرسەندنی بوونەوەری نازیندوو بۆ زیندوو دواون.
جاحیز بە یەکێک لە گرینگترین زانای پەرسەندن دادەنرێت لە مێژووی ئیسلام و نەتەوەی عەرەبدا، بەوەی کە بەچاکی لە پەرەسەندنی زیندەوەران لەژێر کاریگەری ژینگە و کێبڕکێ لە پێناو مانەوەدا دواوە. لە گوتەیەکدا دەڵێت: "زیندەوەرەکان بۆ مانەوەیان بەردەوام لە کێبڕکێن لەسەر بژیوو و خۆپاراستنیان لە زیندەوەرانی دیکە و هەوڵدان بۆ زاوزێکردن و زۆربوونیان. هۆکارەکانی ژینگەی دەوەروبەریان وایان لێ دەکات پەرە بسێنن و چەند ئاکار و تایبەتمەندییەک لە لایاندا سەرهەڵ بدات کە بۆ سازان و مانەویان لە ژیاندا پێویستن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە جۆری نوێ پەیدا ببێت. ئەو جۆرە نوێیانەش کە توانای مەناوەیان هەیە، دەتوانن ئەو ئاکارانە بۆ نەوەکانیان بگوێزنەوە." بێگومان ئەمانە کتومت هاوواتای چەند بنەمایەکی سەرەکیی تیۆری پەرەسەندنی داروینن.
ئیبن مسکە‌وییەش گەلێک بە ئاشکرا لە پەرەسەندنی جۆرەکان دواوە و دەبێژێت:" زیندەوەران بەم شێوەیە هاتوونەتە کایەوە: سەرەتا لە ماددەوە بۆ هەڵم و پاشان بۆ ئاو، لە کانزاکانەوەش بۆ ڕوەک، لە ڕوەک بۆ ئاژەڵ، لە ئاژەڵەوەش بۆ مەیموونە باڵاکان، لە دواییشدا مرۆڤ پەیدا بووە." ئەوەی پێویستە بگوترێت، بەرهەمەکانی ئیبن مسکە‌وییە بایەخێکی زۆریان هە‌بوو‌ بۆ خستنەڕووی چەمکەکانی پە‌رە‌سە‌ندن لە مێژوودا، لەبەر ئەوەی نێزیکە‌ی هە‌زار ساڵ پێش ئێستە‌، بوێرانە‌ لە‌ لێکچوون و پە‌رە‌سە‌ندن و پە‌یدابوونی ئاژەڵەکان لە‌ یە‌کدی، هەروەها لە مرۆڤ و مە‌یمون دواوە‌. بێگومان ئەمەش شتێکی دەگمەن و ناوازەیە، چونکە هە‌تا ئە‌م دوایییانە‌، ژمارە‌یەکی زۆر لە‌ شارەزا و ئەوانەی زانایان پێ دەگوترێ، لە‌و باوە‌ڕە‌دان کە زیندە‌وە‌ران ناگۆڕێن، هەموو جۆرەکانیش بە‌جیا لە یەکدی پەیدا بوونە. هەندێک وای بۆ دەچن کە ئەمانە بە پاشخانی ئاینییان و بە پشتبەستن بە دەقی ئاینی گەیشتوونەتە ئەم بیروڕایە، لە ڕاستدا ئەمانە سەر بە ڕەوتێکی هزریی و هۆشمەندیی تایبەتیی بوونە، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ئاینەوە نەبووە. 
‌بوفۆن (١٧٠٧ - ١٧٨٨): یە‌کە‌مین زانایە‌ لە‌ مێژووی هاوچە‌رخدا، بە ‌شێوە‌یەکی زانستی لە‌ پە‌رە‌سە‌ندنی جۆرە‌کان دواوە‌، بەڵام‌ هۆکار و میکانیزمەکانی پەرەسەندن بەتەواوی لە‌ لایدا ڕوون و ئاشکرا نە‌بوون. بوفۆن لە‌ چەندان کایەی زانستیی جۆراوجۆردا باڵادە‌ست بووە،‌ کاریگەریەکی مەزنی هە‌بووە‌ لە‌سە‌ر زۆرینەی زاناکان، بەتایبەتیش لە بواری پەرەسەندندا.
لاماڕک (١٧٤٤ - ١٨٢٩): یە‌کێکە لە‌ دامە‌زرێنە‌رانی زیندە‌وە‌رزانیی هاوچە‌رخ، دانە‌ری یە‌کە‌مین تیۆر‌ی پە‌رە‌سە‌ندنی زیندە‌وە‌رانە. هەمیشە دژی ئەوانە بووە کە دە‌ڵێن، جۆرەکانی زیندە‌وە‌ران ناگۆڕێن و لە یەکدییەوە سەرهەڵ نادەن. بە‌درێژی لە ‌کردارەکانی پە‌رە‌سە‌ندن و هۆکار و چۆنێتی گۆڕانی جۆرە‌کان و بنجی هاوبە‌شیان دواوە. بیروڕایەکانی لامارک یاریدە‌رێکی چاک بوون بۆ داروین، لە داڕشتنی چەند چەمکێکی تیۆرە‌کە‌یدا. بە ڕای لامارک چە‌ندان میکانیزم هە‌ن بۆ گۆڕان و پە‌یدابوونی جۆرە‌کان وەک، هۆکارە سروشتی و ژینگە‌یی و داخوازییەکانی سازانی زیندەوەران، بۆ مانەوەیان لە ژیاندا.
بە بۆچوونی لاماڕک گرینگترین میکانیزمەکانی پەرەسەندن، زێدە‌ بە‌کارهێنان و فە‌رامۆشکردنی بەکارهێنانی ئە‌ندامە‌کانە (کاریگە‌ری ڕە‌فتار). واتە ئە‌گە‌ر ئە‌ندامێکی لەش بە ‌ماوە‌یەکی دوورودرێژ بە‌کار نەهێندرا، ئە‌وا پشت لە‌دوای پشت کز دە‌بێت و نامێنێت، کاتێکیش لەش بۆ‌ ئە‌نجامدانی کردارێکی تایبە‌تی، پێویستی بە بوونی ئەندامێک هەبێت، ئەگەری پە‌یدابوونی ئەو ئەندامە زێدە‌تر دەبێت. بنەمای سە‌رە‌کیی ئەم تیۆرە‌ بەکورتی ئە‌وەیە‌ کە ڕە‌فتار و نیشانە وەرگیراوەکانیش، بۆ نە‌وە‌کانی داهاتوو دە‌گوێزرێنە‌وە.‌
لەبەر ئەوەی تیۆری پەرەسەندنی لامارک لە ناوەندە زانستییەکاندا بەتەواوی ناسراوە، بۆیە لێرەدا پێمان وایە کە ئەمەیان ڕوونکردنەوەی پتری گەرەک بێت. بۆ تێگەیشتنی زیاتری ئەم تیۆرە، دوو نموونە‌ دێنینەوە لەسەر بنەمای زێدە بەکارهێنان و فەرامۆشکردن.
زێدە بەکارهێنان: ئەم نموونەیە لەسەر زەڕافە دێنینەوە کە بووەتە هێمایەک بۆ تیۆرەکەی لامارک. وامان دانا کۆمەڵە زە‌ڕافە‌یەکی مل کورت (یان جۆرە ئاژەڵێک) لە شوێنێکدا بەئاسایی دەژیان، پاش ماوەیەک ژینگەکەی دەوروبەریان گۆڕا. بە هاتنی ئاوهە‌وایەکی وشک و سە‌ختی درێژخایەن، گژوگیاکان کەم بوونەوە، ئەمەش زەڕافەکانی ناچار کرد بۆ خۆراکیان هەوڵ بدەن بگەنە‌ گە‌ڵای درەختە بڵندەکان، ئەو هە‌وڵدانە بەردەوام و یەک لەدوای یەکانە بوونە هۆی ئەوەی ملیان بەرەبەرە‌ درێژ ببێت. پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی دوورودرێژ، ئەو گۆڕانە لەسەرخۆ و پلەپلەیییانەی کە نە‌وە‌ لەدوای نە‌وە‌ دەگوێزرێنەوە، وای کرد کە زەڕافەی مل درێژ پەیدا ببن (وەک ئەوانەی ئەمڕۆکە).
فەرامۆشکردن: لەدوای ئە‌وە‌ی نەهەنگ توانی، جووڵە‌ و مە‌لە‌کردنی بە کلکی ئە‌نجام بدا، وای لێهات ئیدی پێویستی بە پە‌لە‌کانی نەمێنێ و چی دیکە بەکاریان نەهێنێت، لە ئاکامدا ئەو پەلانە تووشی داهێزان بوون، پاشانیش بەرەبەرە سست و بچووک بوونەوە، تا بەتەواوی بزر بوون. بە تێڕوانینی لامارک گشت گۆڕان و پەرەسەندنێک، هەروەها ئەو هە‌مە‌جۆرییەی‌ کە لە زیندەوەراندا دەبینرێت، لە‌م زێدە بەکارهێنان و فەرامۆشکردنانەوە‌‌ هاتوون.‌
ئە‌م بیروڕایانە‌‌ کە هەرچەندە لە هەندێ بنەمایاندا زۆر لە تیۆری پەرەسەندنی داروین نێزیکن، بەڵام ڕە‌خنە‌یەکی زۆریان لێ گیرا لەلایەن زاناکانە‌وە،‌ چونکە ئاشکرایە ڕە‌فتار و ئاکاری وەرگیراو وەک تایبەتمەندییەکانی دیکە نین، لەڕێی بۆماوەیییەوە بۆ نەوەکان بگوێزرێنەوە. بۆ ئەو مەبەستەش زانای ئەڵمانی، ئۆگوست ڤایسمان (١٨٣٤-١٩١٤)، ئەزموونێکی لەسەر چەند مشکێک ئەنجامدا. ئەم زانایە هات کلکی کۆمەڵێک مشکی بڕیی، بۆ ١٩ پشتی یەک لەداوی یەک، کەچی بینی لە هەموو پشتەکاندا، بێچووەکان هەر کلدار دەبوون! جگە لەمە هەموومان دەزانین ئەو ماسوولکە بەهێز و پتەوانەی کە وەرزشەوانی لەشجوانی بە مەشق و ڕاهێنان پەیدای دەکات، بۆ منداڵەکانی ناگوێزرێنەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئێستەش هەندێک هەن، بۆچوونەکانی لامارکیان پێ پەسندە.
ئە‌لفرێد ڕوسل والاس (١٨٢٣ - ١٩١٣): زانایەکی ئینگلیزییە، لە چەندان بواری زانستیی وەک، مێژووی سروشتی، جوگرافیازانی، مرۆناسی و زیندەوەرزانیدا ناسراوە. والاس بە پێشەوای زاناکان دەژمێردرێت، لە بواری دابەشبوونی جوگرافیایی جۆرەکانی ئاژەڵاندا، بەوەی کاتێک کە لە‌ کۆمە‌ڵە‌ دوورگە‌کانی (مالای)ی ئێندۆنیزیا کار‌ی دە‌کرد، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان ناوچەی ئاژەڵەکانی ئوسترالیا و ئاژەڵەکانی ئاسیای دیار کرد (پاشان بە هێڵی والاس ناسرا). هەروەها لە یەکەمین ئەو زانایانەیە کە هەوڵیان دەدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی، لە هەڕەشە و مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە بەدەستی مرۆڤەوە.
ئەوەی پێویستی بە ئاماژەپێکردنە والاس لە کارەکانیدا گە‌یشتە‌ هە‌مان بەرەنجامی داروین، لە دەستنیشان کردنی هەڵبژاردنی سروشتی، وەک میکانیزمێکی بنەڕەتی بۆ پەرەسەندنی جۆرەکان. والاس پوختە‌ی تۆژینەوە و کردەوە‌کانی بۆ ڕاوە‌رگرتن، لەڕێی نامە‌یەکە‌وە‌ بۆ داروین نارد. ئە‌م نامە‌‌ سە‌رنجڕاکێشە‌ بووە‌ هۆی دڵە‌ڕاوکێ و شڵەژانێکی زۆر بۆ داروین، هاوکات ئەزموونێکی ڕاستەقینەی کەسایەتی بوو لەڕوی ڕەوشتایەتییەوە. ئەمە وای لێ کرد پەلە بکات لە بڵاوکردنەوەی تیۆرەکەی، چونکە لەو کاتەدا داروین هێشتە کۆئەنجامی ئەو تۆژینە‌وانە‌ی کە بە ‌درێژایی ژیانی پێوە‌ی خە‌ریک بوو، بڵاو نەکردبووەوە. هەرچەندە داروین بۆ ئەوەی خۆی بە ‌دە‌ستپێشخە‌ر نیشان بدات‌، دە‌یتوانی کارە‌کانی ڕابگە‌یێنێ و بەرهەمەکەی بڵاو بکاتەوە، بەبێ گوێدان بە‌ نامە‌کە‌ی والاس. بە‌ڵام هە‌رگیز ڕێی بە‌خۆی نە‌دا کارێکی وا بکات، هەر بۆیە‌ پاش ماوە‌یەک، داهێنانەکەیان لە وتارێکی هاوبە‌شدا بڵاوکردە‌وە، بێگومان ئە‌مە‌ش بە‌ڵگە‌یەکی‌ زۆر ئاشکرایە بۆ ڕە‌وشتبە‌رزی داروین. لە لایەکی دییەوە وەڵامێکی زۆر گونجاوە بۆ ئەوانەی دەڵێن، داروین بیرۆکەی تیۆرەکەی لە کەسانی دیکەوە دزیووە، یاخۆ هەڵبژاردنی سروشتی لە نووسینی دیکە وەرگرتووە و ناویانی نەبردووە. لێرەدا دەبێ ئەوەش بڵێین کە والاس لەگەڵ ئەوەی هاوبەش بووە لە داهێنانی تیۆری پەرەسەندن، کەچی ئەمیش وەک مرۆڤێکی مەزن و جوامێر، داروینی بە دەستپێشخەر و دانەری ئەو تیۆرە دەزانی، بەمەش داروین بە داهێنەری سەرەکی تیۆری پەرەسەندن ناسرا لە جیهاندا.
والاس لەگەڵ ئەوەی وەک زانایەک لە گەلێک بواری زانستیدا پلە و پایەیەکی بەرز و گرینگی هەبووە، کەچی داکۆکی لە چەندان پرسی گیانی و باوەڕی پیاوانی ئاینی ئەو کاتە دەکرد، لەو باوەڕەشدا بوو کە هەرگیز ناشێت، توانا هۆشەکییە مەزنەکانی مرۆڤ لە بنەچەیەکی ناماددییەوە هاتبن. هەموو ئەمانەش بوونە هۆی ئەوەی گرژی پەیدا ببێت لەو پێوەندییانەی کە والاس هەی بوو لەگەڵ دامودەزگەکانی زانستی و لایەنگرانی تیۆری پەرەسەندن لەو سەردەمەدا.
والاس و چەندانی دیکەی کە سەربە ڕێبازی سروشتین لە زانستەکاندا دەڵێن: هەموو دیاردەکان هۆکار و مەرجی خۆیان هەیە، نابێ بڵێین ئەم ڕووداو و دیاردانە هەر خۆیان بەم شێوەیەن، یان خوا وای ویستووە و تەواو، بگرە هەموویان یاسای تایبەتییان هەیە، خواش دروستکەری ئەو یاسایانەیە، زاناکانیش ئەوەیان لەسەرە کە ئەو یاسایانە بدۆزنەوە. زۆربەی زاناکانی زیندەوەرزانی لە سەردەمی دارویندا لەم ڕوانگەیەوە لە زانستەکانیان دەڕوانی، ئەمەش ئەو واتایە بەدەستەوە دەدات کە زانست ئەو کاتە سەربەخۆ نەبووە، بگرە لەسەر بنچینە و تێڕوانینێکی ئاینی سەرچاوەی دەگرت.
ئەگەر سەرنج بدەینە بیروڕای هەموو ئەوانەی کە لەم چەند دێڕەی سەرەوەدا ناومان بردن دەبینین، بیرۆکەی پەرەسەندن گەلێک لەمێژە ناسراوە، ژمارە‌یە‌کی زۆر لە ‌زانایان بەر لە داروین لە‌ پە‌رە‌سە‌ندن و گۆڕانی زیندە‌وە‌رەکانیان کۆڵیووەتە‌وە‌، بە‌ڵام لە ڕاستیدا کەسیان وەک ئەو بوێرانە نەی گوتووە کە زیندەوەران لە یەکدییەوە پەیدا دەبن. ئەوانەی پێشوو زۆربەیان ئەندێشەیی، یان فەلسەفی، یاخۆ ئاینی بوون، پاشان لە لای بۆفۆن و لامارک پەرەسەندن بوو بە بابەتێکی زانستی، بەڵام دیسانەوە هیچ یەکێکیان تیۆرێکی پوختەی وای دانەناوە، یان وەک داروین بە بە‌ڵگە‌ی باوەڕپێکراوی ڕوون و ئاشکرا،‌ چۆنێتی ڕوودانی پەرەسەندن، هەڵبژاردنی سروشتی و میکانیزمەکانی دیکەی دە‌ستنیشان نە‌کردووە،‌ ببێتە جێی متمانەی زاناکان.

............................................
ئەمەی سەرەوە بابەتێکە لە کتێبێکی ئامادەکراو بەناوی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن) کە لە ئایندەدا بڵاو دەکرێتەوە.
                                                                                     https://www.facebook.com/dara.sulaiman.127 
سەرچاوەی وێنەکان:
https://www.amazon.com/Proponents-Darwinism-Charles-Engraving-Poster/dp/B0736821K4
چەند سەرچاوەیەکی دیکە:
أ‌صل الانواع تألیف: تشارلز داروين، ترجمة: مجدي محمود المليجي
الجديد فى الانتخاب الطبيعى (بيولوجيا) تأليف : ريتشارد دوکنز ترجمة : د. مصطفى أبراهیم فهمي
فەرهەنگی وێنەداری گیانداران، دانانی: کەمال جەلال غەریب
سەرچاوەکان:
بڕوانە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرەیە....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە