ڕوسیا عیراق پڕچەک دەکات و باشووریەکانیش فریو دەدا


بارودۆخی تەندروستی و دەروونی کورد

Monday, 12.31.2018, 23:26

4069 بینراوە


هەر لەداگیرکاری عارەبی ئیسلامەوە لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕاشدی و ئەمەوی و عەباسی، دواتر داگیرکاری فارسی شیعەی سەفەوی و قاجاری، و تورکی سونەی سەلجوقی و عوسمانی تا دەگاتە سەردەمی دەوڵەت نەتەوەی عەرەب و تورک و فارس و دابەشکردنی کوردستان بەفشار و بەرژەوەندی ئیمپریالیزم لە ڕێکەوتننامەی لۆزانی ساڵی 1923 تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ ئەم سێ نەتەوە ئیسلامە چەندین کۆمەڵکوژیان دژی کورد ئەنجامداوە.
ڕێکەوتننامەی لۆزان 1923: ئەو پەیمانە بوو کە کوردستانی گەورەی تێدا دابەشکراو بوو بە ژێر دەستەی دەوڵەتە گەورەکان و زلهێزەکانی جیهان، لە ڕێکەوتی 24/7/1923 کۆنفڕانسێکی نوێ لە لایەن دەوڵەتانی ئینگلیز، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ڕووسیا، ژاپۆن، یۆنان، ڕۆمانیا، سڕبیا، کرواتیا، سلوانیا، تورکیا)، لە شاری (لۆزان)ی ووڵاتی سویسرا بەسترا، مەبەست لەم ڕێکەوتننامەیە، داڕشتنەوەی سەرلەنوێ نەخشەی جوگرافی و سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو، هەروەها بۆ ناسینی دەوڵەتی نوێی تورکیا و پێداچوونەوە بە ڕێکەوتننامەی سیڤەر ئیمزاکرا. لە ڕێکەوتننامەی لۆزان دا بوو بڕیارێکی نامرۆڤانە و دوور لە هەموو یاسا و ڕێسایەکی مرۆڤانە و نێودەوڵەتی لە دژی نەتەوەی کورد درا، بەبێ ویست و ئاگاداری نەتەوەی کورد، کوردستانی گەورە و تێکڕای دانیشتوانەکەی لە نێوان هەر چوار دەوڵەتی ئێران و عێراق و سوریای کۆڵۆنیای ئیمپڕالیزمی فەڕەنسا، ئینگلیز و یەکێتی سۆڤیەت و توکیای نوێ دا دابەشکرا. پارچەی پێنجەمیش کە بە کوردستانی سور ناو دەبرا، کەوتە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤێتەوە. دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستەکان، پاش داڕشتنی قەوارەی سیاسی نوێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی درێژخایەنی خۆیان لە ناوچەکەدا، دەستیان کرد بە یارمەتیدانی سەربازیی و فرۆشتنی چەک و پشتیوانیکردنی سیاسی و دیبلۆماسی لەو ڕژێمانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکرابوو.
واتا ئەوەی ڕاستییەکی بەڵگە نەویستە ئیمپریالیزم کوردستانی دابەشکردووە، بەڵام ئەوانەی دوای سەربەخۆ بوونی خۆیان درێژەیان بە داگیرکاری کوردستان، و جینۆسایدی کورد دا دەوڵەتی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریایی ئیسلامی بوون. کە کۆمەڵکوژی دێرسیم و ڕۆبۆسکی و کۆمەڵکوژی وان و کیمیابارانی سەردەشت و قۆناغەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژی قامیشلۆ و ئیتنۆساید و جینۆسایدی فیزیکی و کەلتوری و ئابوری و سیاسی و یاسایی و بەعارەبکردن و بەفارس کردن و بەتورک کردن و ڕاگوستن و ئاوارەکردن، و دواین کۆمەڵکوژیش ئەوەی عەفرین بوو ئەنجامداوە.
دیارە ئەم کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانەی سەر کورد هۆکاری دەرەکی و ناوخۆی هەیە، لە هەرە هۆکارە دیارەکانی ناوخۆی کوردی ئەوەیە کە کورد هەرگیز نە سەرکردە و نە شۆڕشی نەبووە تا ئەم دواییانە، ئەوەی هەبووە سەرکردەی بەکرێگیراوی و خێڵاکی بووە، جوڵانەوەکانیشی فەوزا و بێ سەرە و بەرەیی و ناڕێکخراوی بێ پلان و ستراتیجی بووە.
کورد لە ووڵاتی خۆی بێ بەشە و بۆ پێنج دەوڵەتی بێگانەی ناسیۆنالیستی ڕژێمی جیاواز دابەشبووە. نەتەوەی کوردی پارچە پارچەکراوە، لە چوارچێوەی نیشتمان ئەوەی پێی دەڵێن (دەوڵەتی کوردستان) ناژی، بەڵکو وەک کەمایەتی لە ناو ئەو وڵاتانەدا دەژی، یان بە پەرشوبڵاوی، لەبەرئەوە ناسنامەی کوردبوون ئاڵۆز و سەختە. ئەمەش کوردی تووشی بارودۆخێکی دەروونی زۆر ناجێگیرکردووە، چونکە کورد بە درێژایی مێژوو بوونمان رەتکراوەتەوە و ناسنامەی جیاوازمان پێدراوە(عەرەب ‌و فارس ‌و تورکی چیایی). دەستکاری شوناسی کورد کراوە، ئەمەش شوناس پێدانە بە کورد بۆ ئەوە بووە لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە تاک و کۆمەڵگەی کوردی بە کۆیلە بکەن و تێکیبشکێنن. شوناسگەلێکمان پێدراوە کە هی گەلانی دیکەن. ڕاستە دەستکاری شوناس و ناسنامەی کورد کراوە و شوناسێکی دیکەی پێدراوە، بەڵام کورد پێی ڕازی نییە و رەتی دەکاتەوە، و خەبات و تێکۆشان دەکات سەرەڕای پیلانگێڕییەکان.
حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عەرەبی عێراقی هەر کە خۆیان سەپاند و دەسەڵاتیان جێگیر بوو، ئید کە کورد داوای مافی خۆی لەسەر خاکی خۆی کردبێت بە یاخی‌و گێرەشێوێن و دەرچوو لە یاسا ئەژماریان دەکرد، لەبەر ئەوە کورد دەسەڵات و زمانی عەرەبی وەکو فاکتەرێکی عارەباند ڕەتکردۆتەوە و وازیان لە زمانی عەرەبی هێناوە، کە بوو بە زەبری بە عەرەبکردن، کورد دەستی هەڵگرت لە خوێندنی عەرەبی، نەک فێربونی، چونکە کورد خۆی بە هاوبەشی عەرەب ‌و هاونیشتمانی عێراقی نازانێ. ئێمەی کورد وەک کاردانەوە دژی ئەو زمانانە دەوەستین نەک رقمان لە زمانەکەیان و نەتەوەکەیان بێت.
ئەوانەی دەوڵەتیان نییە وەک ئەوەیە ماڵیان نەبێت ماڵیان چووبێتە سەر بەشی ماڵی خەڵکانی دیکە، کورد لە سەر خاکی خۆی خاوەن ماڵ نییە. ئەو نەتەوانە لەسەر زەوی گەلی کورد دەوڵەتیان دروستکردوەو دان بە کوردستانێتی ئەم جوگرافیایەشدا دا نانێن، بەڵکو وەک ناوچەی کوردنشین ناوی دەبەن، یان وەکو باکوری عێراق و باکوری سوریا و باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا، باشوری خۆرهەڵاتی ئێران ناودەبرێت.
ئەم بارودۆخە وای لە تاک و کۆمەڵگای کوردی کردووە کە تووشی بارێکی ناتەندروست و بارودۆخێکی دەروونی ناجێگیر و شڵەژاو بووە، هەمیشە لە ترس و نائومێدییەکی گەورەدا دەژی، هەمیشە خۆبەبچوکزان و دوژمن بە خاوەن و بەگەورەزانە، خۆ بە ئاوارە و دەرکراو و بێگانە بە سەردار و خاوەن ماڵزانیوە، بەتایبەتی لە باکور و خۆرئاوا و خۆرهەڵات، کورد نەک ناسنامە و شوناسی نییە، بەڵکو مافی خاوەندرێتی و موڵکداریشی نییە، هەر لەبەر ئەمە نەیتوانیوە پەرە بە زمان و کەلتور و فەرهەنگ و مێژووی خۆی بدات، ئەوە هەبووە لەژێر کاریگەی کەلتوری ئەو نەتەوانەدا بووە......
ئەم چوار ووڵاتەى کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە سەرەڕاى هەموو داگیرکارى و جینۆساید و پیلانگێرییەکیان، لە چەندین ناوچەى باکور و باشور و خۆرهەڵات و خۆرئاواى کوردستان چەکى کیمیاییان بۆ چەندین جار بەکارهێناوە، و یاسا نێودەوڵەتییەکانى قەدەغەکردنى چەکى کیمیاییان بە بەرچاوى دنیاوە شکاندووە کە خۆشیان واژۆیان کردووە. چەکى کیمیایی دەبێتە هۆى بڵاوکردنەوەى نەخۆشی کۆئەندامى دەمارى و سایکۆلۆژى، ئەم نەخۆشییانە یەکێکن لە ترسناکترین و ئاڵۆزترین دەرکەوتەکانى بۆردومانى کیمیایی، دەستنیشانکردن و چارەسەرى زانستیانەیان زۆر زەحمەتە. ئەم دەرکەوتانەش دەبنە مایەى دروستبوونى خەمۆکى و نائومێدى لاى هاوڵاتییە دەربازبووەکان، زۆرجار هاوڵاتییەکە بڕیارى خۆکوشتن دەدات، دیاردەى خۆکوژى لەناکاو لە نێو ئەو کەسانەدا لە ئاستێکى بەرزدایە.
ڕێژەى کەموکوڕى لە زگماکیەوە لە نێو منداڵانى هاوڵاتیە دەربازبووەکانى پەلامارە کیمیاییەکاندا زۆر بڵاوە، ئەم کەم و کوڕییانەش بریتین لە: ( نەخۆشی دڵ، مەنگۆلى، کەم وکوڕی لە کۆئەندامى دەمار و دڕکە پەتک، ددان، . ... هتد). 
کاریگەرییەکانى چەکى کیمیایی پشت دەبەستێت بە مانەوەى شوێنەوارى ئەو چەکە لەسەر ئەو ناوچانەى کە بەر چەکى کیمیایی کەوتووە، تا چەند شوێنەوارەى بمێنێت، کاریگەری لەسەر مرۆڤ و ژینگەکەى دەمێنێت. 
زۆرێک لەو گازانەى کە لە کوردستان بە گشتى و هەڵەبجەدا بەتایبەتى بەکارهاتن تائێستاش کاریگەرییان ماوە، لە دیارترین نیشانەکان لە ژنان دا لە بارچوونى منداڵ و لە پیاوان دا تەنگە نەفەسى و پوکانەوەى سییەکانە. گازى (خەردەل vx) لەگەڵ ئەنسراکس و بە کتریاى ژەهراوى بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنى چەکى بایۆلۆژى، دەبێتە هۆى شێت بوون و لە ناوبردنى توخم و منداڵ، کەسى گەورە تووشی شێرپەنجە دەکات، کە چارەسەرى گەلێ زەحمەتە. 
کاریگەرییەکانى گازى (خەردەل) لەسەر هاوڵاتییە دەربازبووەکان، بەدرێژایی ژیان لەگەڵیان دا دەمێنێتەوە، دەبێتە مایەى دەرکەوتنى ئازار و سووتانەوەى بەردەوامیش. شێوازى چارەسەرى پێشکەوتوو وەک چاندنى بیلبیلەى چاو و پێست، تاکە چارەسەرە. زۆرینەى بەرکەوتوان، ئازار و مەینەتى بەهۆى دەرکەوتنى گیروگرفتى جینەتیکییەوە دەکێشن. 
کۆمەڵێک جین (DNA) دەشێ زیانیان پێبگات، جینە زیان پێگەیشتووەکان لە جەستەى مرۆڤ دا دەبنە مایەى شێرپەنجە و نەخۆشى دیکە، هەر ئەو جینانەش لە سپێرم دا یاخود لە هێلکەدان دا لەوانەیە ببێتە مایەى کەمئەندامى زگماکى یاخود مردن لە جینەکان دا. ئەو ئافرەتانەى بە چەکى کیمیایی و بەکتریۆلۆجى بریندار دەبن جارێکى دیکە منداڵیان نابێت.
مرۆڤ کە بارودۆخی دەروونی جێگیر نەبوو، ڕیتمی تێکدەچێت، بیرکردنەوەی کورت بین و تەسک دەبێت، خەون و خولیای گەورەی نییە، لە ترسێکی نادیاردا دەژی، چارەنووس هیچ ئەرزشێکی نییە لای ئەو، هەستەکانی ناجێگیر دەبێت، بێ بەرهەم و پرۆژە دەبێت، لە دواجاردا تەندروستی تێکدەچێت و ژیانی وێران دەبێت. ئەمە بۆ کۆمەڵگاش ڕاستە، نەتەوەی کورد بە هۆی ئەو جینۆساید و دابەشکاری و داگیرکاریانەی لە ڕابردوودا بەسەری هاتووە و بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، بارودۆخێکی دەروونی ناجێگیر و شێواوی هەیە، لە ترسێکی گەورەدا دەژی، هەمیشە لەوە دەترسێت کام بەشی نیشتیمان ئەمڕۆ یا سبەی داگیر و جینۆساید دەکرێت، خەڵکەی ئاوارە و ماڵوێران و دەربەدەر دەبێت!.
دەکرێت بڵێن: دیاردە و نەخۆشییە دەروونییەکان لە ئەنجامى ئەو زەبرە دەروونییەیە کە مرۆڤ تووشى دەبێت (زەبرى دەروونى ئەو کاتە ڕوودەدات کە کەسێک ڕووبەڕووى ڕووداوێکى ناخۆشی کتوپڕ یان چاوەڕوان نەکراوى لە ناکاو دەبێت و لە ئاکام دا توانستەکانى تاک بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئاسایى تێکدەچێت و دەشڵەژێت، وەک بە گوللە بریندار بوون و ئازار و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژى سێکسى، مردنى لە ناکاوى کەسێکى ئازیز و نزیک، کاتێکیش زەبرى دەروونى چارەسەر نەکرێت خاوەنەکەى تووشى چەندین فشارى دەروونى تر دەبێت، هەموو کەس و کارى قوربانیانى جینۆسایدکراون ئەوانەى لە شاڵاوەکان ڕزگاریان بووە، دنیایەک کێشە و گرفتى سایکۆلۆجیان بۆ دروست بووە، ئەم گرفتانەش دەگەڕێتەوە بۆ هەموو ئەو کارە دڕندانەى کەوا دوژمنان بە بەرچاوى کەس و کاری ئەو خەڵکەوە لە خزم و دۆستانى کیمیاباران دەکردن، ڕەنگە ئەم دەرئەنجامە لە خێزانێک بۆ خێزانێکى تر جیاواز بێت، بەڵام بە هەر پلەیەک بێت بوونى هەیە لەناو هەموو خێزانێک دا. 
لە ڕووى دەروونیەوە کیمیابارانى ناوچەکانى کوردستان تائێستاش کاریگەرى خراپى لەسەر بەرکەوتوان هەیە، ئەویش دەرکەوتنى نەخۆشییەکە بەناوى (PTSD) (Posttraumatic stressdisorder) لە ڕیزى ئەو نەخۆشییە دەروونیانەوە دێت لە ئەنجامى ترس و تۆقاندنەوە دروست دەبێت.
مێژوو نووسان و توێژەران پێیان وایە یەکێک لە هۆکارەکانی دروست نەبوونی قەوارەیەکی سیاسی کوردی یان بە مانایەکی دیکە دەوڵەتی کوردی لە ڕابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی کۆچەری کورد، کە بە هۆی ئاژەڵدارییەوە گەرمیان و کوێستانی کردووە، لەو شوێنەی کەماوەتەوە جێگیر نەبووە، بە پێی پێویستی ژیان و وەرزی لەوەڕگای ئاژەڵەکانی لە گەرمیان یان کوێستان ماوەتەوە، لەبەرئەوە بە موڵکی هەمیشەی خۆی نەزانیوە، پارێزگاری لێنەکردووە، خاوەندار لێی دەرنەکەوتووە، و وەکو هێز نەچووەتە چورچێوەی ئەو میرنشین و ئەمارەتەی کە هەبووە. لەڕاستیدا ئەمە هۆکارێکی بنەڕەتییە، لەلایەکەوە نەیتوانیوە خۆی بنیات بنێت و پەرە بە هۆکار و بنەما بەهێزەکانی پێشکەوتنی شارستانیەت بدات وەکو زمان و ئەدەب و هونەر و زانست و کەلتور.... لە لایەکی دیکەوە ئەو ترسە گەورە دەروونیەی کە تاک و کۆمەڵگای کوردی تێیدا ژیاوە هۆکارێکی بنەڕەتی دیکەی پێکنەهێنانی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ بووە، ئەمە ترسە وای لێکردووە هەمیشە لە چاوەڕوانی جینۆساید و داگیرکارییەکی دیکەدا بێت بە ناوی ئاینی ئیسلامەوە، هاکا ئەمڕۆ یا سبەی فارسی شیعەی کۆماری سێدارە دێت پارچەیەکی نیشتیمان وێران دەکات، گەنجەکانمان بە ناوی محارەبەی خودا و دەوڵەتەوە لە سێدارە دەدات، بە مادەی هۆشبەر گەنجاکانمان بێ هۆش دەکات تا ئەوەی لە خەیاڵیاندا نەبێت کوردبوون بێت. هاکا ئەمڕۆ تورکە مەغۆلەکان بە ناوی عوسمانی و کەمالی و ئیخوان و ئاکەپەوە دێن ووڵاتمان وێران دەکەن، هاکا عارەبی دەشتەکی و بیابان نشینی جزیزەی عەرەبی و بیابانی عەرعەر دێن بەناوی فتوحات و عەرەبی زمانی قورئان و ئوممەی عەرەبییەوە ئەنفالمان دەکەن. لەم کۆتایی (2018)یشدا کە تڕەمپ بڕیاری داوە هێزەکانی ئەمریکا لە خۆرئاوای بکشێنێتەوە، کۆی کورد ترسێکی گەورەی لێنیشتووە ئەمە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بێت دژی کورد بە گشتی و خۆرئاوای کوردستان، ئەو ترسەی لە دروونماندا جێگیر بووە دیسان سریهەڵدایەوە، ترسمان لەوەیە ووڵاتانی کوردستان بەسەردا بەشکراو لەگەڵ ڕووسیا و ئەمریکا گەلەکۆمەکێمان لێبکەن و ئەزموونی خۆرئاوای کوردستان لە ناوبەرن، هەموومان بارودۆخێکی ناجێگیر و شڵەژاو و ڕەشبین و ترساومان هەیە، ترس لە وێرانەیی و داگیرکاری و ئاوارەیی و دەربەدەری!.
کورد سەرەڕای وێرانی بارودۆخی ناوخۆی خۆی هەمیشە پێی وابووە بێ دۆست و هاوپەیمانە، و خیانەتی لێدەکرێت. لەلایەکەوە پێی وایە ئەم دابەشبوون و پارچەبوونە بووە بە قەدەری، لەلایەکی دیکەوە ئەوە لە دەروونیدا جێگیربووە کە هەرچەندە تێکۆشان بکات خیانەتی لێدەکرێت. وەکو ئەو خیانەتەی ڕووسیا لە کۆماری کوردستان لە مهابادی کرد لە ساڵی 1946 دا ڕێگەی بە داگیرکاری ئێران دا لە باکوری کوردستان، یان ئەو خیانەتانەی ئەمریکا لە کوردی کرد لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دا و ڕێگەی بە داگیرکاری بەعس عێراقی دا لە باشوری کوردستان، یان ئەو خیانەتانەی کە ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا بەبەردەوامی لە پێناو مانەوەی یەکچارچەی دەوڵەکانیاندا بەرامبەر کورد ئەنجامیان داوە، یان خیانەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دوای ڕیفراندۆم25/9/2017 ڕێگەیان بە حەشدی شیعی و هێزە عێراقییەکان دا بۆ داگیرکاری ناوچە کوردستانییەکانی ماددەی 140، یان ئەوەی ڕووسیا لە عەفرینی کرد لە 2017دا ڕێگەی بەداگیرکاری تورکیادا. ئێستاش کە بە بڕیاری تڕەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە خۆرئاوای کوردستان دەکشێتەوە، کۆی میللەتی کورد پێی وایە ئەمریکا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، خیانەتی لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی خۆرئاوا و شەڕڤانانی داعش تێکشێنەر کردووە.
شێرکۆ بێکەس دەڵێت:
لەوەتەی کۆچ هەیە، کۆچ ئەکەم
لەوەتەی گڕ هەیە، ئەسوتێم
لەوەتەی ئاو هەیە، ئەخنکێم
لەوەتەی تیغ هەیە، قوربانیم
لەوەتەی خاک هەیە، بێ خاکم
لەوەتەی شاخ هەیە، من تلۆر دەبمەوە و
لەوەتەی دار هەیە، لێی ئەدرێم
من لە پێش موساوە، ئاوارەم
پێش مەسیح، من خاچم
پێش قوڕەیش، من زیندە بە چاڵ و
پێش حوسەین، من سەری بڕاوم.

کورد هەرکاتێک بە تێکۆشان و بەرخۆدان داوای مافی خۆی کردبێت یان خۆبەڕێوەبەری بنیادنابێت پیلانگێڕی لە دژ ئەنجامدراوە، وەکو پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ڕێکەوتننامەی لۆزانی ساڵی 1923، پیلانگێڕییەکەی دژی کۆماری کوردستان لە مهاباد ساڵی 1946، پیلانگێڕی ڕێکەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975، پیلانگێڕی ساڵی1991 کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی عێراقیان لە کوێت دەرکرد، کورد لە باشور ڕاپەڕینی دژی ڕژێمی بەعس کردبوو، بەڵام دوای دەرکردنی عێراق لە کوێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکرد تا هێرش بکاتە سەر باشوری کوردستان، هەروەها پیلانگێڕی داعش کە هێرشێکی گەورەی کردە سەر خۆرئاوا و باشوری کوردستان، پیلانگێڕی ڕووسیا و سوریا و تورکیا و ئێران دژی کانتۆنی عەفرین، دواین پیلانگێڕیش کشانەوەی ئەمریکایە لە خۆرئاوای کوردستان، کە پیلانگێڕییەکە لەلایەن ئەمریکا و تورکیا و ڕووسیا و سوریا و ئێران و باڵی خیانەتی ناو کوردەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەمریکا و ئەوروپا و ڕووسیا بۆ پارستنی هەژموون و دابینکردنی بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کەرەستە جەنگییەکانیان و نەوت و سامانی سروشتی و قوڵکردنەوەی ململانێی سونە و شیعە لەم ناوچەیەدا پیلانگێڕی دەکەن، بەڵام تورکیا و سوریا و عێراق و ئێران لەلایەکەوە بۆ خاوەنداری هەژموونی سونە و شیعە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە کورد بە کۆسپ و لەمپەر دەزانن لەبەردەم زیندوکردنەوەی خەلافەت و سوڵتانیەت و ئیمپڕاتۆریەت دا، لەبەرئەوە دەبێت پێش وەخت هێرش بکەنە سەر کورد و پیلانگێڕی و گەلەکۆمەکێی لە دژی ئەنجامبدەن، کاتێک داعش ئەمریکاو تورکیا و ئیسڕائیل دروستیان کرد، و دواتر کەوتنە ژێر ڕکێفی عەرەب و تورک، تیرۆری دەکرد بۆ زیندوکردنەوەی خەلەفەت، و کەوتە فراوانخوازی و داگیرکاری، پێش هەموو ئەوانەی حەقی سوونەیان لابوو، هێرشیان کردە سەر شەنگال و کەرکوک و هەولێر و کۆبانێ، چونکە کوردیان بە کۆسپی بەردەم خەلافەتەکەیان دەزانی. ئێستاش تورکیا و گروپە مورتەزەقەکانی کە هەوڵی زیندوکروونەوەی سوڵتانیەت دەدان، ئاڕاستەی دوژمنایەتیەکەیان لە ڕژێمی سوریاوە گوڕیوە بۆ داگیرکاری خۆرئاوای کوردستان، چوون دەزانن کورد بەرگری و بەرخۆدان و تێکۆشان دەکات.
چارەسەر نەبوونی کێشەی کورد بە مانای ناسەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دێت. چونکە ئەو ووڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن، کوردیش بۆ سەربەخۆ تێکۆشاندەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامیگری ئەو ووڵاتە، هەریەک لەم ووڵاتانە لەبەر مەترسیان لە کێشەی کورد چەندین ڕێکەوتننامەیان ئەنجامداوە بۆ دژایەتیکردنی کورد، جگە لەوە ئەمە ووڵاتانە خۆیان لە نێو خۆیان دە کێشەی هەژموون و خاوەندرێتی سونە و شیعە و کێشەی سنور و مێژو و نەتەوایەتیان هەیە، لەبەر ئەوە کێشەی کورد وەکو کارتی فشار لە دژی یەکتر بەکاردێنن، واتە ئەم چوار ووڵاتە کە بەم ڕەنگە سیاسەت بکەن سەقامگیر نابن ئەمە لە لایەک، لەلایەکی دیکە هەریەک لەم ووڵاتانە بەرژەوەندی و ململانێیان لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەوروپا و ئەمریکا و ڕووسیا و سعودیا و ووڵاتە عەرەبییەکانی دیکە هەیە، لەبەرئەوە ئەمریکا و ئەوروپا و ڕووسیا کێشەی کورد وەکو کارتی فشار و بەدەستهێنانی گرێدراوی دژی ئەم چوار ووڵاتە بەکاردێنن، دوجاریش کێشەی کورد کێشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، چارەسەربوونی کێشەی کورد بە واتا سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، لەڕاستیدا نە ئەم چوار ووڵاتە و نە زلهێزانی دنیا ئەم چارەسەرەیان ناوێت کە ببێتە ڕێگریان بۆ گەیشتن بە خۆرهەڵاتی ناوین و ناوچەکە!.




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 5/5)