وشەی قەپێلکدار مەدۆزنەوە، ئەوانە "جاشن" !

Saturday, 05/01/2019, 11:38

5815 بینراوە


بۆ سەد ساڵ دەچێت واتە نزیک بە دە نەوە تا ئێستا لە نێو نەتەوەی کورددا وشەیەکی  پڕ بە پێست بۆ پێناسەکردنی تاک، تاقم و گروپی چەکداری خۆفڕۆشی سەر بە تورکیا، ئیران، سوریا و عیراق بەکارهێنراوە، ئەویش وشەی "جاش"ە. کە پێشتریش جاشەکانی سەردەمی عوسمانیان ناونابوو، سوورەی بەر لەشکر.

لە چوار پارچەی کوردستاندا کۆمەڵێک لە دەسەڵاتداران و ڕژێمی یەک لە دوای یەکدا هاتوونەتە نێو دەسەڵات، بێوچان هەوڵیانداوە وشەی "جاش" نەهێڵن و بیسڕنەوە، کە بەخۆڕسکی لە نێو میللەتی کورددا کە وەک دەستەواژەیەک بۆ ناساندنی خۆفڕۆشان دۆزراوەتەوە و بەکار هاتووە، بەتایبەتی لە میدیا و نووسراوەکاندا بۆ ئەو کەسانە کە دەبوونە جاش، وشە و ناونیشانی دیکە بەکاربهێنن، هەر وەک چۆن دەسەڵاتی پارتەکان ئاشبەتاڵیان کردووە بە نسکۆ، ئاواش دەیانەوێت وشەی جاش بسڕنەوە، وەکو، لە سەردەمی ڕژێمی سەدامدا وشەی "فرسان، موستەشار، خەفیفە"یان بەکاردەهێنا، بەڵام خەڵک نەدەچوونە ژێر باری ئەو هەژموون و پێناسە گۆڕیەنە، هەر پێیان دەگوتن "جاش"، هەروها سنووری جوگرافیای دەستکردیش نەیتوانی کاردانەوەی هەبێت لەسەر نەتەوەی کورد لە پێناسەکردنی خۆفڕۆش و سیخور بە "جاش".

هەنوکە لە باشوور دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١، واتە دوای بیست وهەشت ساڵ لە دەسەڵاتی کوردیی تازە نووسەر و میدیاکارانی کورد، بە شێنەیی و بە خشکەیی، دەیانەوێت دەستەواژەی "جاش"، لە یاد خەڵک بەرنەوە، خۆفڕۆشان بە جۆرێک پێناسە بکەن، لە بری ئەوە دەڵێن: فڵانە هێز یان فڵانە کەسی نزیک بە فڵانە ڕژێمی داگیرکەر، یان لەگەڵ فڵانە سوپا هێڕش دەکەنە سەر کوردستان! ئیتر ئەم کارە بە بەرنامە داڕێژراو بێت یان بە بێ بەرنامە، یان ئاراستەکراوی دەستی دوژمنان بێت یان نا، بۆ خۆی جێگەی گومان و پرسیارە!؟ خیانەتێکی ئەو راگەیاندن و میدیا و رۆژنامەنووسانەیە، کە  لە خیانەتی ئەو خۆفڕۆشانە زۆر مەزنترە، سەرکەوتنە بۆ داگیرکەران کە بە بێ ماندووبوون بە پێنوسی نووسەرانی کورد وشەی "جاش" بۆ پێناسەی خۆفرۆشان لە ئەدەبیاتی کوردییدا دەسڕنەوە!

ئاشکرایە ئێستا ڕۆژئاوای وڵات لەژێر هەرەشەی سوپای تورکیا و تاقم و گروپی چەکداری خۆفڕۆش. بۆ گەلێک لە وڵاتان، نووسەران، سیاستمەداران، لێپرسروان و خەڵکی بە ویژدانی بیانی بۆتە مایەی نیگەرانی، بەڵام گروپ و تاقمێکی دیاریکراوی خۆفڕۆشی کورد، بە ڕۆژی ڕووناک لەگەڵ ئەو سوپایە ئامادەن هێڕش بکەنە سەر ژن و منداڵ و پەککەوتە و هەر دوو هێزی یەپەگە و پەکەکە، سەرەڕای ئەو خیانەتە مەزنە و خۆفڕۆشتنە بێ ئەندازیە، نووسەر و میدیاکارانی باشوور دەیانەوێت لە وشەیەکی قەپێلکدار بگەڕین بۆ پێناسە کردنیان و وشەی "جاش" لە یاد خەڵک ببەنەوە، وەک نمونەی ئەم جۆرە داڕشتنە بەکار دەهێنن:
"هێزی چەکداری کوردی نزیک لە تورکیا، لەگەڵ سوپای تورکیا نیازیانە هێڕش بکەنە سەر پەکەکە و یەپەگە!"
ئەم جۆرە نووسینە و خۆ دزینەوە لە بەکارهێنانی وشەی "جاش" بۆ خۆی کارەساتە!

ئەنەکەسە "ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا"، لەوەتەی دروست بووە یەک زوڕنا دەژەنێت، ئەویش ئەوەیە کە دەڵێت، یەپەگە و پەکەکە ڕۆژئاوایان داگیر کردوە، دەبێت دەربکرێن، واتە هەمان گوتەی ئەردوغان و دوژمنانی پرسی کوردە ئەمان دەیکەن و دەمێکە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە هەر سوپایەکی داگیرکەر بێت، ئەوان بێ سێ و دوو لێکردن ئامادەن، کە ببن بە جاش و شان بە شانی ئەو سوپایانە شەڕی کوردی ڕۆژئاوا و هەر دوو هێزی یەپەگە و پەکەکە بکەن. ئیتر ئەگەر ئەمان بەو بێ شەرمییەوە بوون بە "جاش" یان قبوڵیان بێت و پیرۆزی بکەن، ئیتر بۆ دەبێت میدیاکاران، ڕۆژنامەوانان و ماڵپەڕە کوردییەکان بە شەرمەوە پێناسەی ئەو جۆرە هێزە بکەن لە بری ئەوەی بڵێن ئەوانە "جاشن"  وشەی قەپێلکدار بەکاربهێنن و بڵێن ئەو "هێزەی لە تورکیا نزیکە"!

کوردانی ڕۆژئاوا لە ماوەی حەوت ساڵی جەنگی سوریادا ئەوەی پێویست بوو کردیان، ئەمڕۆ بار و دۆخێکی تایبەتیان هەیە، کە ئاساییە لە ژیانی ڕێکخراوەیی و سەربازیی هەر پارتێکدا لە دۆخێکی تایبەت و قۆناغێکی مێژووی دیاریکراودا ئەو جۆرە  کۆسپانە دێنە پێشێ، بەڵام ئەمڕۆ  هەر کەسێک، هەر تاقمێک، گروپێک، پارتێک هەر یەکێک لە سەرانی پارتەکان دژیان بچێتە سەنگەرەوە و دوای سوپای داگیرکەران بکەوێت، ئەوا لە پێناسەی "جاش" بەو لاوە هیچ وشەیەکی دیی نییە پڕ بە پێستی خیانەت و خۆفرۆشتنەکەیان بێت!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە