چەند بەهەڵە تێگەیشتنێک لە پەرەسەندن

Sunday, 06/01/2019, 8:44

18590 بینراوە


زۆربەی ئەو ڕەخنانەی لە پەرەسەندن دەگیرێن، دوورن لە بنەما زانستییەکان، ئەمەش نەک تەنیا لای خەڵکی بەگشتی، بگرە هەندێ جار شارەزایان و لایەنگرەکانیش لە کاتی ڕاڤەکردندا، بەهەڵە لە چەند چەمکێکی دەگەن. گەلێک بیروڕا و بۆچوونی سەیری واش دەدرێتە پاڵ داروین و تیۆرەکەی، بە شێوەیەک نە لە تیۆرەکەدا هاتووە، نە پێوەندییان پێیەوە هەیە.
لێرەدا چەند دانەیەکی باو و ناسراو لەو ڕەخنە و بەهەڵە تێگەیشتنانە، هەروەها وەڵامی گونجاویان ڕیز دەکەین. ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بکەین کە تێکڕای ئەو ڕاستکردنەوانە، لە دەرئەنجامی گوتە و تۆژینەوەکانی چەندان زانا و پسپۆڕەوە سەرچاوەیان گرتووە.
مرۆڤ و مەیموون
* هەڵە: مرۆڤ نەوەی مەیموونە.
وەڵام: ئەمە یەکێکە لە باوترین بەهەڵە تێگەیشتنەکان لە پەرەسەندن، نەک تەنیا لای خەڵکی، بگرە لای هەندێ زانا و بیرمەندی ناوداریش. 
ئەم ڕیزکردنەی مرۆڤ و هاتنی بەدوای مەیموونەکان، ئەوەی لە وێنە سەرەکییەی ئەم بەشەدا دەبیندرێت، دەربڕینێکی گەلێک ناسراوە کە بە چەندین شێواز نیشان دەدرێت و بووەتە پێناسەیەک بۆ تیۆری پەرەسەندنی داروین. ئەم وێنانە هەڵەیەکی زۆر گەورەیان تێدایە، چەنکە گەر ئاوا سەیری بکەین ئەو مەبەستە دەدات کە مرۆڤ نەوەی مەیموونە، ئەمەش نە داروین نە هیچ زانایەکی پەرەسەندن نەی گوتووە. تەنیا ئەوانە وا دەڵێن کە لە تیۆری پەرەسەندن تێ نەگەیشتوون، یان بە مەبەستی توانج و دژایەتیکردن دەیڵێن. لە پەرەسەندندا مرۆڤ و مەیموونە باڵاکان لە دوا پێشینەدا هاوبەشن. بۆیە دەڵێین دوا پێشینە، چونکە چەندە بەرەو دواوە بگەڕێینەوە، پێشینەی هاوبەشمان لەگەڵ ئاژەڵان و زیندەوەرانی دیکە زیاتر دەبن.
 داروین هەرگیز مەیموونی نەکردووەتە ڕەچەڵەکی مرۆڤ، لە هەموو نووسینەکانیدا ئەوەی دووپات دەکردەوە کە مرۆڤ و مەیموون بۆ یەک بنەچە دەگەڕێنەوە، بەوەی هەردوو کۆمەڵە لە چاخ و سەردەمێکی دێریندا، لە یەکدی جودا بوونەتەوە، هەریەکەیان بە شێوەیەک لەگەڵ ژینگە و ژیوارەکەیدا سازاوە، بنەچەی جۆرەکانیان بنەبڕ بوونە، بۆیە ئێستە نابینرێن. گرینگترین جیاوازی نێوانیان لە قەبارە و ئاڵۆزی مێشکدا بەدی دەکرێت، بە جۆرێک مێشکی مرۆڤ سێ هێندەی مێشکی مەیموونە، هەر هۆشداری و ژیریشە وای لە مرۆڤ کردووە، لەگەڵ گشت زیندەوەرەکانی دیکەدا تا ئەو ئاستە جیاواز بێت.
مرۆڤ لە مەیموونەوە پەیدا نەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی لە نێزیکترین پێشینەدا هاوبەشن، دەبینین لە گەلێک ڕووەوە لێک دەچن، ئەم لێکچوونەش تەنیا لە هەندێ نیشانە و ڕواڵەتی دەرەکییاندا نییە، بگرە لە پێکهاتە و یەکە بۆماوەیییەکانیشدا بەڕادەیەکی زۆر هاوشێوەن. لە شیکردنە‌وە جینە‌کییە‌کانەوە ‌بەدەر دەکە‌وێ کە ڕیزبوونی جینە‌کان لە‌م دوو کۆمە‌ڵە‌یە‌دا بەتەواوی هاویەکن، بەتایبەتیش جۆری (شیمپانزی). زاناکان دەڵێن، ئەوەی جێی سەرنجە ئەگەر سەیری شیمپانزی بکەین، دەبینین لەڕووی جینەکییەوە لە مرۆڤ نێزیکترە وەک لە گۆریلا.
تێگە‌یشتنی ئەم تیۆرە پێویستی بە‌ بیر و هۆشێکی ئازادە‌، نە‌ک هۆشێکی چەقبەستوو و نازانستی. گرینگ ئە‌وە‌یە‌ تیۆری پەرەسەندن‌ بووە بە ڕاستییەکی زانستیی و لە‌ زۆربە‌ی لایە‌نە‌کانیدا سەلمێندراوە، جا ئێمە‌ چ لەگەڵ‌ مە‌یمووندا (بۆ بە ئاژەڵێکی ناشیرن و دزێو دادەنرێت؟) خاوەنی یەک پێشینە بین، یاخۆ لە‌گەڵ شێر، هەرچەندە گە‌ر لە‌گەڵ شێر بووینایە‌، بێگومان دژایەتی و گاڵتەپێکردنەکان لەم ڕووەوە هێندە‌ زۆر نە‌دە‌بوون!
* هەڵە: ئەگەر مرۆڤ لە مەیموونەکانەوە پەرەی سەندووە، بۆچی مەیموونەکان ئەمڕۆکەش هەن؟
وەڵام: ئەم پرسیارەش ڕەنگدانەوەی نەزانی و تێنەگەیشتنە لە سادەترین بنەماکانی پەرەسەندن، چونکە ئەمە وەک ئەوەیە بڵێین، ئەگەر منداڵەکان نەوەی پێگەیشتووەکانن (دایک، باوک، داپیرە و باپیرە)، بۆچی پێگەیشتووەکان ئێستەش هەن؟ یان هەندێکیان وا دەزانن ئەو زیندەوەرانەی کە ئێستە هەن لە یەکدی پەیدا بوونە، هەر لەبەر ئەوەشە دەڵێن، بۆچی مەیموون نابێتە مرۆڤ؟
جۆرە نوێکان پەرە دەسێنن و جیا دەبنەوە لەو جۆرانەی کە هەن، بەوەی ئەگەر ئەو کۆمەڵە نوێیە بەبوونی جیاوازییەکانی دابڕا لە کۆمەڵە بنەڕەتییەکە و توانی بەردەوامبوونی ژیانی هەبوو، ئەوا بەیەکجارەکی جیا دەبێتە و جۆرێکی دی سەرهەڵ دەدات. کۆمەڵە بنەڕەتییەکەش ئەگەر دەرباز بێت، ئەوا بە ڕێڕەوێکی دیکەی پەرەسەندن تێ دەپەڕێ، یان بنەبڕ دەبێت. واتە هەموو جۆرێک لە جۆرەکانی زیندەوەران شێوەیەکی گۆڕاوە لە پێشینەکانی، بۆیەش پێشینەکانی نەهەنگ لەسەر زەوی نەماون، پێشینەکانی مرۆڤ کە پێشینەی مەیموونەکانیشن، نە مرۆڤ بوون و نە مەیموون، ئەمانیش ئێستە نەماون، ئەو مرۆڤ و مەیموونانەی کە ئێستە هەن، شێوەیەکی پەرەسەندووی ئەو پێشینانەن.
کەواتە چەندان جاری دیکە ئەوە دووپات دەکەینەوە کە پەرەسەندن هەرگیز جۆری زیندەوەرێک ناکاتە جۆرێکی دیکەی کە هەیە، بگرە دەیگۆڕێت بۆ جۆرێکی نوێ، بەبوونی کۆمەڵێک لە بازدانە کەڵەکەبووەکان بە درێژایی هەزاران، یان ملیۆنان ساڵ.
پەرەسەندن و تیۆر
* هەڵە: پەرەسەندن تەنیا بیردۆزە، کەواتە جگە لە گریمانەیەک و بۆچوونێک هیچی دیکە نییە.
وەڵام: ئەم بەهەڵە تێگەیشتنە هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە زۆر کەس وشەی تیۆر،یان بیردۆز لەگەڵ گریمانە تێکەڵ بەیەکدی دەکەن. گریمانە ئەو چەمکەیە بۆ ڕاڤینی دیاردەیەک دەستنیشان دەکرێ و پشت دەبەستێ بە بینینێکی سەرەتایی، لە چەند ڕواڵەت و لایەنێکی ئەو دیاردەیە. گریمانەکان نە ڕاستن، نە چەوتن، بگرە دەخرێنە بەردەست بۆ لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ لەسەر کردنیان، تا ئەو کاتەی جێگیر دەبن، یانیش بەلاوە دەنرێن. زۆربەی چەمکە زانستییەکان سەرەتا گریمانەن، پاش ئەوەی بە زنجیرەیەکی دوورودرێژ لە ئەزموون و تۆژینەوە تێ دەپەڕن و چەندان بەڵگەی سەلمێندراو لەسەر پێشبینییەکان دەخەنە بەردەست، ئەوسا دەکرێ پێیان بگوترێ تیۆر.
تیۆر، یان بیردۆزی زانستیی چاکترین ڕاڤەکردنە بۆ ئەو ڕاستییانەی لە سروشت و دەوروبەرماندا دەیان بینین، ئەوانەی بە بەکارهێنانی ئامرازە زانستییەکان پێیان دەگەین، هەمووشیان بە چەندان ئەزموونی دووبارە و چەندجارەکراوەوە تێپەڕیوون کە لەڕێی تێڕوانین و تاقیکردنەوەکانەوە سەلمێندراون. بیردۆزە زانستییەکان شێوازێکی گەلێک پتەون لە، متمانەداری، وردییەتی و هەمەلایەنی بۆ زانیارییە زانستییەکان.  
زۆر گرینگە واتای بیردۆز لە بواری زانستەکان جیا بکەینەوە وەک لەوەی لای خەڵکانی دیکە بەکار دەهێندرێت. ئەو جۆرە واتایە هەڵەیەکە زۆربەمان تێی دەکەوین، چونکە گەلێک جار واتاکەی بە بیرۆکە، گریمانە و پێشبینیی لێک دەدەینەوە، ئەمەشیان تەواو دژی ئەو پێناسەیەیە کە زاناکان بە زاراوەی بیردۆزیان داوە. زاناکان بیردۆزە زانستییەکان وەک بنچینەیەک بەکار دەهێنن بۆ دەستەبەرکردنی زانیاریی پتر، هەروەها لەپێناو گەیشتن بە مەبەست و ئامانجەکانی لەشێوەی داهێنانە تەکنۆلۆژییەکان و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان. ئەو زانیارییانەش کە بەهۆی بیردۆزە زانستییەکان دەستمان دەکەون، بە دەستەواژەی گشتگیریی و هەڵینجان لەسروشتدا دەناسرێن، بەو واتایەی کە توانای ڕاڤەکردن و پێشبینییان هەیە.
ئەکادیمیای نیشتمانی زانستەکانیش (NAS) بەهەمان شێوە پێناسەی تیۆر دەکات بەوەی کە ڕاڤە و ڕوونکردنەوەیەکە بۆ هەندێ لایەنی ژیان و دیاردە سروشتییەکان، کە پاڵپشتە بە چەندان ئەزموونی زانستی و بەڵگەی جۆراوجۆر. واتە تیۆر شرۆڤەکردن و لێکدانەوەیەکە بۆ ڕاستییەکان، نەک وەک ئەوەی هەندێک پێیان وایە کە تیۆر شتێکە و ڕاستییەکانیش شتێکی دیکەن. ئەو دەمەی زاناکان لە تیۆری پەرەسەندن لە زیندەوەرزانی، تیۆری بەکێشکردن لە فیزیازانی و تیۆرەکانی کیمیازانی دەدوێن، مەبەست ئەوە نییە، گومانیان هەیە، یان دوودڵن لە ڕاستی ئەوانە.
کرداری پەرەسەندن شتێک نییە، لەبەرچاو ڕوو بدات، بەڵگەکانی ناڕاستەوخۆن، بەئاسانی هەست بە گۆڕانەکان ناکرێ، کەسیش لە ژیانیدا بوونەوەرە بنەبڕبووەکانی نەبینیووە. بەڵام ئەمە لە بوارگەلەکانی زانستیدا شتێکی ئاسایییە، چونکە دەشێ زاناکان و لێزانان پەنا ببەنە بەر ئەو بەڵگانەی کە ناکرێن لە ئەزموونگەکاندا لێیان بکۆڵدرێتەوە و بەرەنجامەکانیان بەچاو ببینرێن. زاناکانی فیزیازانی، ناتوانن ئەو تەنۆلکانەی لە گەردیلە بچووکترن ببینن، بەڵام بوونیان لە پێوانەکردنی  شوێنەوار و ڕێڕەوەکانیاندا زۆر بەچاکی بەدەر دەکەوێت.
* هەڵە: پەرەسەندن شتێکی ڕاست نییە، تیۆرەکەی داروینیش گەلێک خەوش و ناتەواوی تێدایە، ئەمەش وای لێ دەکا نەتوانێ، چییەتی زۆربەی دیاردە پێوەندیدارەکان بە زیندەوەرانەوە دەستنیشان بکات.
وەڵام: کێشە لێرەدا ئەوەیە، زۆر کەس وا تێ دەگات، تیۆرەکەی داروین ڕاستییەکی ڕەهای پەرەسەندنە، بە شێوەیەک کە هیچ هەلێک بۆ تۆژینەوەی زیاتر و بیروڕای جیاواز نەمابێ. هەروەها دەبێ تیۆرەکە وەڵامی هەموو پرسیارێک بداتەوە، ڕاڤەی گشت دیاردەیەکیش بکات، بۆیە ئەگەر بابەتێکی بەتەواوی ڕوون نەکرا بێتەوە، یاخۆ خەوشێکی تێدا هەبێ هەتا زۆر بچووکیش بێت، پێویستە سەرلەبەری تیۆرەکە فەرامۆش بکرێت. بێگومان ئەم جۆرە بیرکردنەوانە هەڵەیەکی گەورەیە بەرانبەر بە کۆڵەگە بنەڕەتییەکانی زانست، لەبەرئەوەی ئەگەر بەهەمان گۆشەنیگا بنۆڕینە تیۆرە زانستییەکان، ئەوا دەبێت گشت زانستەکان پشتگوێ بخرێن، چونکە هیچ زانایەک نییە، تیۆرێکی پوختە و پڕاوپڕی وای داهێنا بێت، هەرگیز لێدوان و ڕەخنەی زانستیی دیکە هەڵنەگرێت. هەتا ئێستە نەمان بیستووە یەکێک بڵێ، تیۆرەکەی نیوتن بێسوودە، چونکە کەموکوڕی تێدایە و ناتوانێت لەسەر هەموو دیاردە سروشتییەکان پیادە بکرێت، بگرە بەپێچەوانەوە دەگوترێ کە نیوتن دامەزرێنەر و پێشڕۆی زانستیی هێزی بەکێشکردنە، تیۆرەکەشی هەنگاوێکی مەزن بووە لە ڕەوتی پێشکەوتنی زانستدا. مێژووی مرۆڤایەتی گەلێک کەڵەزانای خاوەن تیۆری وەک نیوتنی بەخۆوە بینیووە، بێگومان داروینیش یەکێکە لەوانە.
ئەمڕۆکە پەرسەندنی هاوچەرخ تەواوکەری تیۆرەکەی داروینە، وەک چۆن ئەنیشتاین تەواوکەری نیوتنە، لەبەرئەوەی زانست هەمیشە بەرەو پێشەوە دەچێ، بۆیە بەدوور نازانرێ، ڕۆژێک دابێت و تەواوکەری ئەو تەواوکەرانەش سەرهەڵ بدەن.
پەرەسەندن و زانست
 
هەڵە: تیۆری پەرەسەندن هەرەسی هێناوە، زۆربەی زاناکانیش فەرامۆشیان کردووە.
وەڵام: دژکارانی پەرەسەندن هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بە پەرۆشێکی زۆرەوە لە هەوڵی ئەوەن چەند لیست و خشتەیەک دروست بکەن بۆ ژمارەی ئەو زانایانەی دژی تیۆری پەرەسەندنن، بە هیوای سەلماندنی ئەوەی کە ئەم تیۆرە لە قەیرانێکی ڕاستەقینەدایە. لە ڕاستیدا بوونی پەرەسەندن لە ناوەندگەلە زانستییەکان بەتەواوی چەسپاوە و لە بواری مشتومڕی لەسەر وەلانان و فەرامۆشکردنی دەرچووە. گفتوگۆکان تەنیا لەبارەی ئاست و کاریگەری میکانیزمەکانی پەرەسەندن و چەند وردەکارییەکی کەمی دیکەن، ئاشکراشە کە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان میکانیزمیەکانی پەرەسەندن و کرداری پەرەسەندن. زاناکان گەلێک بەوردی خەریکی لێکۆڵینەوەن و ڕەخنە دەگرن، هەروەها بەدوای وەڵامی چەندان پرسیاردا دەگەڕێن، وەک: چۆن جۆری نوێ سەرهەڵ دەدات، بڕ و ئاستی میکانیزمەکان چەندن، پێوەندییەکانی پێشینەی باڵندەکان بە دایناسۆرەکانەوە چین، ئایە مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەڕووی بۆماوەیییەوە بەشێکە لە کۆمەڵەی مرۆیییەکان، یان جۆرێکی سەربەخۆیە؟ ئەمانە و چەند بابەتگەلێکی جیاوازی دیکە. بەڵام دیارە کە ئەم جۆرە پرسیار و گفتوگۆیانە ئاسایین و لە هەموو زانستەکاندا هەن. گۆڤار و بڵاوکراوەکان ساڵانە بە هەزاران تۆژینەوە و وتار لەبارەی تیۆری پەرەسەندن بڵاو دەکەنەوە، هەر خۆیشیان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە زۆربەیان لایەنگرن و داکۆکی لە تیۆرەکە دەکەن، ئەوانەشی ڕەخنە دەگرن و بەهەڵەی دادەنێن، هێندە کەمن کە لە ژمار نایەن.
یەکێتی زانایانی ئەمریکا بۆ پێشکەوتنی زانستەکان (AAAS)، کە بە گەورەترین دامەزراوەی زانستی دادەنرێت لە جیهاندا، لە ساڵی ٢٠٠٦دا دەربارەی تیۆری پەرەسەندن دەڵێ: “ئێستە کەسێکی وا نەماوە باوەڕی پێ نەبێت، چونکە پەرسەندن بووەتە بنەمایەکی چەسپاوی سەلمێندراو کە جێی گومان تێدابوونی یەکجار سەخت بێت”.
کەچی لە لای ئێمەدا بە داخێکی زۆرەوە بەبەردەوامی گوێمان لەوە دەبێت کە ئەم تیۆرە لای زۆربەی زاناکانی جیهان بەلاوە نراوە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو زانایانەی باوەڕیان بە پەرەسەندن نییە، ئەنجامی ئامار و ڕاپرسینەکان ئەوەمان بۆ بەدەر دەخات کە لە کۆی ژمارەیەکی زۆری زانا و ئەندازیارەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تەنیا ٥%یان تیۆری پەرەسەندن بە ڕاست دانانێن. ئەم ڕێژەیە تەنیا هی ئەوانەن کە دوور لە بوارەکانی زیندەوەرزانی و زەویناسی کار دەکەن، لەبەرئەوەی ئەگەر سەرنج بدەینە زاناکانی ئەم دوو زانستە کە پێوەندییان بە پەرەسەندنەوە هەیە دەبینین، لە کۆی ٤٨٠ هەزار زانا تەنیا ٧٠٠ واتە، ٠،١٥%یان تیۆری پەرەسەندن بەهەڵە دادەنێن! پێویستە ئەوەش بزانین، ئەمە ڕێژەی زاناکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە کە زیاترین ژمارەی ڕەخنەگرانی پەرەسەندنی تێدایە، چونکە لە وڵاتەکانی دی، ئەم ڕێژەیە نەک یەک لە هەزار، بگرە گەلێک کەمترە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە نابێت بۆ سەلماندنی ڕاستییەتی هیچ بیروڕایەک و بنەمایەکی زانستی، سەیری ژمارەی لایەنگرانی بکەین، چونکە گرینگ ئەوەیە هەریەکێک لەمانە تا چەند لە زانستەوە نێزیکە و چ جۆرە بەڵگەیەکی پێیە لە چەسپاندنی بیروڕاکانیدا. لە کۆندا گەلێک بۆچوونی هەڵە هەبوون لە بواری گەردوونناسیدا،  بۆ نموونە، هەموو جیهان وای دەزانی کە زەوی چەقی گەردوونە و ناسووڕێت و چەسپاوە، کەچی پاشان ناڕاستییەتییان بە بەڵگەوە سەلمێنرا. دواجار دەڵێین، زۆرینەی ئەوانەی تیۆری پەرەسەندنیان پێ هەڵەیە، پشت دەبەستن بە باوەڕی کۆمەڵایەتی و ئاینییان، نەک بە بەڵگە زانستییەکان، سەرتاپای وتار و ڕەخنە داڕمێنەکانیشیان، تەنیا لە بڵاوکراوە گشتی و نازانستییەکاندا دەبینرێن.
کوا پەرەسەندن؟
*هەڵە: هەندێ جۆری وەک: تواتارا (Tuatara) (خشۆک)، قرژاڵی ناڵەئەسپ و کیسەڵەکان (ئاژەڵ)، سیسرک (مێروو)، سیلەکانس (ماسی) و داری گینکۆ (Ginkgo) (ڕوەک)، ئەوانەی بە بەردەنییە زیندووەکان دەناسرێن، ملیۆنان ساڵە هیچ پەرەسەندنێکیان بەخۆوە نەبینیووە.
وەڵام: مانەوە و نەگۆڕانی شێوەی هەندێ زیندەوەر بە درێژایی سەدان ملیۆن ساڵ ڕەخنەیەکی دیکەی توند بوو دژی داروین. لە وەڵامی ئەمەدا زاناکان دەڵێن، ئەگەر ئەو بۆچوونە ڕاستیش بێت، گرفتێکی گەورە بۆ تیۆری پەرەسەندن بەرپا نابێت، چونکە ئەم تیۆرە هەرگیز ناڵێ، هەموو جۆرە زیندەوەرێک و لە هەموو کاتەکاندا پێویستە پەرە بسێنێ، یان لە شێوە و پێکهاتەدا هەر دەبێت بگۆڕێت بۆ جۆرێکی دیکە. وەک پێشتر گوتمان، هەڵبژاردنی سروشتی جاری وا هەیە هاوسەنگی دەپارێزێت لەو ژینگانەی کە نەگۆڕن، ئاشکراشە کە گۆڕانی ژینگە هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی زیندەوەرانە، بۆیە ئەو زیندەوەرانەی کە ناکەونە ژێر پەستانی ژینگە جیاجیاکان، گۆڕانێکی مەزنیان بەسەردا نایێت. بەڵگە بۆ ئەمە ئەوەیە، ئەمڕۆکە هەندێ ژینگە دەبینین، بە نموونەی ژینگەی ناو دەریاکان، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، لەگەڵ ژینگەکانی وەک خۆیانی بەر لە ملیۆنان ساڵ.
لەگەڵ ئەوەشدا زاناکان دەبێژن کە هەندێک لەو جۆرانەی بە بەردەنییە زیندووەکان دەژمێردرێن، بە پەرەسەندنی گەلێک گرینگدا تێ پەڕیوون. سیسرکەکان هەرگیز وەک شێوەی کۆنیان نەماون، لەبەرئەوەی بە پەرەسەندن ئەوانەی ئەمڕۆکە ٤٠٠٠ جۆری جیاواز لە شێوە و قەبارە پێک دەهێنن. هەروەها دەشێ جۆرەکان لە پەرەسەندنیان بە چەندان ئاستی جۆراوجۆر و نەدیاردا بڕۆن، وەک لە کۆئەندامی بەرگری قڕژاڵی ناڵەئەسپی ئەمڕۆدا بەدی دەکرێت، بەوەی کە زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو کۆئەندامەی ئەوانەی بەر لە ملیۆنان ساڵ هەبوون.
لە بارەی ماسیی سیلەکانسیش کە پێش نێزیکەی حەفتا ملیۆن ساڵ بنەبڕ بووە، زاناکان دەڵێن، ئەوانەی ئەمڕۆکە هەن، سەربە بەشە ماسییەکی دیکەن کە بە بەراوردکردنیان لەگەڵ ئەوانەی ڕابردوودا، چەندان جیاوازی بنەڕەتی لە نێوانیاندا دەبینرێن. سیلەکانسی بەردەنی بچووکترە، چەند پێکهاتە ناوەکییەکیشی کەمترە لەوی ئێستە، بۆیە سیلەکانسی ئەمڕۆ، نابێت ناوی بەردەنی زیندووی لێ بنرێت. سیلەکانس خاوەنی هەندێ ئاکاری سەرەتایییە کە لە زۆربەی جۆرە ماسییەکاندا بەدی دەکرێن، لەبەرئەوەشە لە سەردەمانێکدا نێزیکترین نموونەی ناسراوی شێوەی نێوانەکی ماسییەکان و چوارپەلەکان بووە، بەڵام ئێستا چەندان هەڵکۆڵدراو هەن، بەڕوونی هەمەجۆری ئەو شێوە نێوانەکییانەمان پێ نیشان دەدەن.
*هەڵە: پەرەسەندن وەستاوە، بۆیە ئێستە نابینین هیچ زیندەوەرێک بۆ یەکێکی دیکە بگۆڕێت.
وەڵام: گوتمان کە دەشێ پەرسەندن لە هەندێ جۆری زیندەوەراندا بە ماوەیەکی کورتیش ڕوو بدات، بەڵام دیارە ڕەخنەگران مەبەستیانە ببینن جۆرە ئاژەڵێکی ناسراو ببێتە ئاژەڵێکی نوێ، یاخۆ مەیموونێک ببێتە مرۆڤ، یانیش مرۆڤ پەرە بسێنێ بۆ جۆرە بوونەوەرێکی دیکە. پەرەسەندن نەوەستاوە، بەڵام لەسەرەخۆیە، بۆ ئەوەی هەست بەمە بکرێ، دەبێت بزانین کە مرۆڤ (مرۆڤی هاوسەردەم) تەنیا ٢٠٠ هەزار ساڵێکە پەیدا بووە، کەچی ئەگەر پێوەرێک دابنێین دەبینین، نێزیکەی ٥ ملیۆن ساڵی دەوێ، تا بەچاکی گۆڕانە ڕیشەیی و بەرچاوەکان بەدەر دەکەون. کەواتە پەرەسەندن هەر هەیە و بەردەوامە، تەنیا ئەوندەیە کە لە زۆربەی ئاژەڵە گەورەکاندا (باڵاکان)، گەلێک لەسەرخۆیە.
مرۆڤ لوتکەی پەرەسەندن نییە، زیندەوەرانیش بۆ ئەوە پەرە ناسێنن تا ببنە مرۆڤ، بگرە زیندەوەران بۆ ئەنجامدانی کردارێک جۆرە تایبەتمەندییەکیان هەیە، چەند پتر پەرە بسێنن، هێندە چاکتر ئەو کردارە ئەنجام دەدەن. نیشانەی جیاکەرەوەی مرۆڤ لە قەبارەی مێشک و ئاستی هۆشمەندییە، بەڵام خاوەنی لەشێکی بێهێزە، هەستەکانیشی کز و سستن، کەچی شێر و پڵنگ هەم لە لەش و هەم لە هەستەکانیاندا زۆر لە مرۆڤ بەهێزترن. جگە لەمانە ئەگەر سەرنج بدەینە کۆسەماسی دەبینین، هەستێکی وای هەیە کە بتوانێ لە دووری دەیان میل نێچیرەکانی بناسێتەوە. لەبەرئەوەشە زانستمەندانی ئەم بوارە، لەو باوەڕەدان مرۆڤی داهاتوو نابێتە بوونەوەرێکی دیکە، بەڵام پێشبینی ئەوە دەکەن کە چەند گۆڕانکارییەک بەخۆیەوە ببینێت، وەک ئەوەی کە قەبارەی سەر و بارستەی مێشکی گەورەتر ببێت، هەروەها لە ناوەوەی مێشکیشیدا ژمارەی خانە و دەمارگەلی زێدەتر ببێ، بەڵام لە ئایندەدا لەشی بێهێزتر و بچووکتر دەبێت، مووی لەشیشی بەرەبەرە کەمتر دەبنەوە.
پەرەسەندنی بچووک و پەرەسەندنی مەزن
هەڵە: تیۆری پەرەسەندن ڕەنگە بتوانێ ئەو گۆڕانە ڕووکەش و بچووکانەی لە جۆرەکاندا ڕوو دەدەن ڕاڤە بکا، بەڵام هەرگیز پەیدابوونی جۆرێکی نوێ لە جۆرەکەی پێش خۆی، پێ ناسەلمێنرێت.
وەڵام: هەر لەگەڵ وردبوونەوە لەم بۆچوون و تێڕوانینە، بەهەڵە تێگەیشتنێکی ئاشکرا لە بنەماکانی پەرەسەندن ڕوون دەبێتەوە. ئەوانەی ئەم ڕەخنەیە دەگرن، وا دەزانن پێویستە ڕاستەوخۆ جیاوازییەکی تەواو هەبێت، لە نێوان ئەو دوو جۆرەی کە بەدوای یەکدا دێن.
پەرەسەندن کردارێکی جۆراوجۆر و لەسەرەخۆی چەند ملیۆن ساڵییە، زۆر بەدەگمەن کرداری پەرەسەندن و میکانیزمەکان لەسەر ڕووداوە خێرا و هەست پێکراوەکاندا پیادە دەکرێن. لەبەرئەوەی ئێمە بەو تەمەنە کورتەمان، لەباری ئاسایی ژیانی ڕۆژانەماندا، تەنیا لەگەڵ گۆڕانکاری و ڕووداوە خێراکاندا ڕاهاتووین، بۆیە ناتوانین بەئاسانی لەگەڵ دیاردەی درێژخایەنی لە ڕادەبەدەر هەڵسوکەوت بکەین، یاخۆ لەو بابەتانەی لە ملیۆن و ملیار ساڵ دەدوێن تێ بگەین.
سەبارەت بە سەرهەڵدانی جۆرە نوێیەکان دەبینین کە ڕەخنەگران هیچ لارییەکیان لە پەرەسەندنی بچووک نییە، گرفتیان تەنیا پەرەسەندنی مەزنە، ئەوان باوەڕیان بەوە هەیە وشترێک ڕەنگی بگۆڕێ، یان ببێتە وشترێکی گەورەتر، یاخۆ بچووکتر، بەڵام نەک ببێتە ئەسپێک.
زاناکان بەدرێژی لە چۆنەتی ڕوودانی پەرەسەندن لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سروشتی دواون، بەچاکیش پەرەسەندنی بچووک و مەزنیان لە یەکدی جیا کردووەتەوە. پێشتر ئاماژەمان پێ کرد کە پەرەسەندنی گەورە و بچووک لە زۆر لایەن و هۆکاری ڕوودانیاندا هاوشێوەن، تاکە جیاوازیان تەنیا لە ڕێژەکانیاندایە، هەمیشەش پەرەسەندنی گەورە لە ئاکامی پەرەسەندنی بچووکەوە دێتە کایەوە. پەرەسەندنی بچووک دەبێتە هۆی پەیدابوونی چەند نیشانە و تایبەتمەندییەکی سادە کە هیچ ڕۆڵێک نابینن، لە سەرهەڵدانی جۆری نوێ، کەچی ئەو هۆکارانەی کە ڕێخۆشکەرن بۆ پەرەسەندنی مەزن، بە ماوەیەکی درێژ ڕوو دەدەن، بە کەڵەکەبوونیان و سەرهەڵدانەوەیان نەوە لەدوای نەوە، دەتوانن وا لە جۆرێک بکەن، ببێتە جۆرێکی نوێ. بۆ هەموو ئەمانەش زاناکان بە ئاکامی چەندان تۆژینەوە و دۆزەوەی زانستی، وەڵامی زۆربەی ڕەخنەکانیان داوەتەوە. لەبەرئەوەش هەندێک لە ڕەخنەگران بەباشی لە پێناسە و بنەماکان و ئەو جیاوازییە یەکجار کەمەی ئەو دوو شێوازەی پەرەسەندن تێ ناگەن، بۆیە زۆر جار لە لایاندا پشێوی و بەهەڵە تێگەیشتن دێتە ئاراوە. پاش هەموو ئەمانە دیسانەوە ئەوە دووپات دەکەینەوە، کە باوەڕهێنان تەنیا بە پەرەسەندنی بچووک وەک ئەوەیە، بە چەند دڵۆپێک ئاو بگوترێ ئاو، بەڵام گەر بووە دەریایەک ئەوا دەبێ ناوێکی دیکەی لێ بنرێت! 
ئەڵقە ونبووەکان

هەڵە: پەرەسەندن ناتوانێ (ئەلقە ونبووەکان) ڕاڤە بکات.
وەڵام: ناو بەناو لە هەندێ سەرچاوەدا دەبیستین کە هەڵکۆڵدراوێک دۆزراوەتەوە لەوانەیە ئەڵقەی ونبووەی مرۆڤ بێت، گوایە ماوەیەکی زۆرە زاناکان بەدوایدا دەگەڕێن. زاراوەی ئەڵقە ونبووەکان لەمێژە بەکار دەهێنرێ، چەندان پرسیاریش دەوروژێنێ، وەک مەبەست لە ئەڵقەی ونبوو چییە، ئەو هەموو ئەڵقە ونبووانەی کە بەردەوام لە ناوچە جیاجیاکانی دوور لە یەکدی دەدۆزرێنەوە چین، ئایە یەک ئەڵقەی ونبوو هەیە، یان ژمارەیان زۆرە، ئاخۆ ڕاستە زاناکان بە درێژایی ژیانیان وێڵن بەدوای دۆزینەوەیان، ئێمە تەنیا گوێمان لە ئەڵقەی ونبووی نێوان مرۆڤ و مەیموونەکان دەبێت، ئایە زیندەوەرانی دیکە ئەڵقەی ونبوویان هەیە؟
سەرەتا ئەم زاراوەیەی ئەڵقەی ونبوو لە زانستی پەرەسەندندا پێی دەگوترێ، شێوە نێوانەکییەکان کە زۆر کەس بەرەو بەهەڵە تێگەیشتن و شپرزەیییەکی تەواو دەبات، چونکە دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئەو تێڕوانینانەی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا هەبوون بەرانبەر بە سروشت. ئەوان بەو شێوەیە لە جۆرەکانی زیندەوەرانیان دەڕوانی کە هەریەکێکیان خۆی ئەڵقەی ونبوو بێت، لە هەموو کات و سەردەمێکیشدا وەک خۆی بمێنێتەوە و هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەیێ. ئەمەش بێگومان پڕاوپڕ بەرەواژی بنەماکانی پەرەسەندنە کە دەڵێت، گشت جۆرەکانی زیندەوەران بەردەوام بە چەند گۆڕانێکی لەسەرەخۆ و بەرەبەرییدا تێ دەپەڕن. مەبەستمان ئەوەیە و چەندان جاریش جەختمان لەسەر کردووەتەوە، کە ئەوەی پەرەدەسێنێت جۆری زیندەوەرانە نەک تاکی زیندەوەران.
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری چەمکی ئەڵقەی ونبوو دەبێژین:
گریمان دوو زیندەوەر هەن، زیندەوەر H و زیندەوەر M، واتە: HM. پاشان زیندەوەر X دۆزرایەوە کە بە قۆناغی تێپەڕبوون دادەنرێت لە نێوان ئەو دووانەی پێشوودا، بەمەش X دەبێتە ئەڵقەی ونبووی نێوان زیندەوەر H و زیندەوەر M، بەم شێوەیە: HXM. پاش ماوەیەکی دیکە زیندەوەر O دۆزرایەوە کە هەڵگری چەند نیشانەیەکی هاوبەشە لەگەڵ هەریەکە لە زیندەوەر M و زیندەوەر X، کەواتە زیندەوەر O دەبێتە ئەڵقەی ونبووی نێوان زیندەوەر M و زیندەوەر X، بەرەنجام بەم جۆرە دەبێت: HXOM. ئەگەر لەداهاتووشدا زیندەوەرێکی دیکە دۆزرایەوە، ئەوا بەم شێوازە جێیەکی تایبەتیی پێ دەدرێت.
ئەڵقەی ونبوو بەو هەڵکۆڵدراوەیە دەگوترێت کە بە قۆناغی تێپەڕبوون دادەنرێ لە نێوان دوو جۆری جیاوازی لێک نێزیک، ئەوانەی چەندان تایبەتمەندی و نیشانەی هاوبەش لە نێوانیاندا هەن. بە شێوەیەکی گشتی هەموو ئەو مرۆڤانەی ئەمڕۆکە هەن، بە ئەڵقەی ونبوو هەژمار دەکرێن، لە نێوان ئەوانەی پێشتر هەبوون و ئەوانەی لەدوایانەوە دێن. بەم پێیە مرۆڤی ئایندە ئەو ئەڵقە ونبووە نییە، تەواو هاوشێوەی ئەوەی پێش خۆیان و پاش خۆیان بێت، چونکە مرۆڤەکانی پێش ١٠٠ هەزار ساڵ، لەگەڵ مرۆڤەکانی پێش ٥٠ هەزار ساڵ، یاخۆ ئەوانەی ئێستە جیاوازن، گەرچی ئەو لێکنەچوونانە زۆر کەمیش بن، ئەمەش ئەو واتەیە دەبەخشێت کە هەر زیندەوەرێک بەندەکێکە لە نێوان زیندەوەری پێشی و پاشی خۆی. پێشینە هاوبەش و ئەو ئەڵقانەی تا ئێستە نەدۆزراونەتەوە، ئەو مەبەستە ناگەیێنێت کە بوونیان نییە، چونکە ژیان هەر لە یەکەمین ساتی پەیدابوونی بوونەوەری زیندووەوە هەتا ئەم چرکەساتە، وەک شانەیەکە لەو زیندەوەرانەی بەرەبەرە و پلە بەپلە پەرە دەسێنن، ئەڵقە ونبووەکانیش ئەو خاڵە دۆزراوانەن کە دەکەونە نێوان جۆرە جیاجیاکان، ئەوانەی بە وێستگە دادەنرێن، لەڕێی گۆڕانەکانی زیندەوەراندا.
ئێستە بواری ئەوە نەماوە ئەم خاڵەی ئەلقەی ونبوو بکرێتە هۆکار بۆ ڕەخنەگرتن لەم تیۆرە، ڕاستە لەسەردەمی داروین بۆشایییەکان لە تۆمارگەی زەویناسیدا کێشەیەکی مەزن بوو، هەڵکۆڵدراوەکانیش چەند دانەیەکی کەمیان نەبێ هیچیان لەو کاتەدا نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ ئەو هەڵکۆڵدراوانە گەلێک زۆرن، هەرچەندە ئاشکرایە ئەم ژمارەیەی کە هەیە (نێزیکەی ٢٥٠ هەزار)، بەگوێرەی ئەو زیندەوەرانەی کە بنەبڕ بوونە یەکجار کەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێستە ئەوەندەن، تا ڕادەیەک کە چی دیکە نابێ بگوترێ ئەڵقەی ونبوو.
شێوە نێوانەکییەکان
هەڵە: ژمارەی زیندەوەرە نێوانەکییەکان هێندە کەمن کە نەتوانن ڕاستی تیۆری پەرەسەندن بسەلمێنن.
وەڵام: ئەمەشیان وەک بابەتی ئەڵقە ونبووەکانە، بیرۆکەی ئەوەش کە پێویستە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هەڵکۆڵدراوی زیندەوەرە نێوانەکییەکان هەبێت، بنچینەی باوەڕە چەوتەکانە لە هەنگاوەکانی پەرەسەندندا. ئەوانەی ئەم ڕەخنەیە دەگرن وا دەزانن کە:
١ – هەموو جۆرێکی نوێ، لە گۆڕان و پەرەسەندنی پێشینەکەی خۆی پەیدا دەبێت.
٢ – گۆڕان هەموو، یان زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵەی پێشینە دەگرێتەوە.
٣ – گۆڕان گشت ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە پێشینەکەی لێیە.
٤ – گۆڕان بەڕێکوپێکی و لەسەرەخۆ ڕوو دەدات.
هەموو ئەو هەنگاوانە ناڕاستن، هیچ پێوەندیشیان بە پەرەسەندنەوە نییە، تەنیا خاڵی یەکەم نەبێت، بەڵام ئەویش بەردەوام بەو شێوەیە ڕوو نادات. جۆرە نوێیەکان وا پەیدا نابن، چونکە تۆژینەوە هاوسەردەمەکان دەڵێن، پەرەسەندن ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە کۆمەڵەیەکی بچووکی جۆرێک لە زیندەوەران، لە کۆمەڵە بنەڕەتییەکەی خۆی دادەبڕێت. پاشان بە ڕوودانی بازدانە جینەکییەکان، چەند نیشانە و تایبەتمەندییەکی نوێ دێتە کایەوە و بڵاو دەبێتەوە، بەمەش ئەو کۆمەڵە بچووکە پەرە دەسێنێ، تا لەئاکامدا جۆرێکی دیکەی نوێ لە شوێنە نوێیەکەدا پەیدا دەبێت.
بڵاوبوونەوەی بازدانە جینەکییەکان دەبنە هۆی پەرەسەندن و پەیدابوونی جۆرە نوێیەکان، ئەو بڵاوبوونەوەیەش لە کۆمەڵە بچووکەکاندا بەپێچەوانەی کۆمەڵە گەورەکان، تا ڕادەیەک خێرایە، بە شێوەیەک کۆمەڵەی جۆر چەندە گەورەتر بێت، بەرگری بەرانبەر بە گۆڕانەکان پتر دەبێت. ئەمە کاتێ بەدەر دەکەوێ کە بچین بۆ شوێنەکەی پێشوو، واتە ئەو شوێنەی کۆمەڵە بنەڕەتییەکەی لێیە، دەبینین ئەمەیان گۆڕانێکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیووە پێوەی دیار بێت، بەمەش دەگەینە ئەوەی کە ئەم جۆرە نوێیە، زیندەوەرە گۆڕاوەکانی کۆمەڵە بنەڕەتییەکە نین. لەبەرئەوەی ئەو پەرەسەندنانە لە ڕووبەرێکی تەسکدا ڕوو دەدەن، بۆیە دۆزینەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هەڵکۆڵدراوی شێوە نێوانەکییەکان کارێکی سادە و ئاسان نییە. هەروەها دەرکەوتنی کتوپڕی هەڵکۆڵدراوی جۆرێک لە جێیەکی دیارکراودا، واتەی ئەوە دەگەینێ کە ئەمانە لە شوێنێکی دییەوە بەرەو ئێرە کۆچیان کردووە، نەک ڕاستەوخۆ لێرە پەیدا بووبن.
خاڵێکی گرینگی دیکە ئەوەیە، پەرەسەندن گشت کاتێک و لە هەموو جۆرێکدا چوونیەک و لەسەرەخۆ نییە. تۆژینەوەکان دەبێژن، ئەو کاتەی جۆرێک بەرانبەر بە ژینگەیەکی تایبەتی دەسازێ، هەڵبژاردنی سروشتی پەسندی دەکا و لەو ئاستەدا دەی هێڵێتەوە، ئیدی ئەگەر بارودۆخی ژینگە لەپڕێکدا (بە ماوەیەکی تا ڕادەیەک خێرا) گۆڕا، ئەوا ئەوانەی خاوەنی جۆرە بازدانێک بن کە بۆ ژینگە نوێیەکە بگونجێ، لە نەمان دەرباز دەبن، نەگونجاوەکانیش لەوانەیە بنەبڕ ببن. کەواتە لێرەدا جۆرێک پەیدا بوو، لەگەڵ کۆمەڵە گشتییەکە جیاواز بێت، ئەمە شێوازێکی دیکەیە لە پەرەسەندندا کە بە هاوسەنگی دەنکەدەنکەیی، یاخۆ پچڕپچڕی پەرەسەندن دەناسرێت، کە لەڕێی بازدانەکانەوە ڕوو دەدەن، لەبری پەرەسەندنە پلەپلەیییە باوەکان.
سەبارەت بە کەمی ژمارەی زیندەوەرەر نێوانەکییەکان، زاناکان و شارەزایانی هەڵکۆڵدراوەکان، چەندان نموونەی ئاشکرایان دەستنیشان کردووە وەک:
١ – لە ماسییەکانەوە بۆ چوارپەلەکان:
* ماسییەکان زۆربەیان کونەلووتی دەرەکی پێشەوە و پشتەوەیان هەیە، بەڵام لە چوارپەلەکاندا کونەلووتی پشتەوە گۆڕاوە بە کونەلووتی ناوەکی کە لە بنەبانی دەمدایە. هەڵکۆڵدراوێک لە (چین) دۆزراوەتەوە تەمەنی ٣٩٥ ملیۆن ساڵە کە بوونەوەرێکمان پێ نیشان دەدات، پڕاوپڕ لە نێوان ئەو دووانەیە.
* هەڵکۆڵدراوی ماسییەکی لۆدار دۆزراوەتەوە، هەشت پەنجەی ئێسکەدار لە پەڕکەی پێشەوەیدا هەیە، ئەمەش بەڵگەی پەرەسەندنی پەنجەکانی ئەو چوارپەلانەیە، پێش ئەوەی بێنە سەر وشکانی.
* ئێسکەباسکێکی چاخی دێڤۆنی دۆزراوەتەوە، هی زیندەورێکە کە سەربە چوارپەلە ئاوەکییەکان بووە، ئەمەیان دەیتوانی بە پەلەکانی پێشەوە، خۆی پێ بەرەوژوور ببات، کەچی توانی ئەوەی نەبووە، ئەو پەلانەی پێشەوەی بە شێوەیەکی وا بۆ پێش بۆ پاش بجووڵێنێ کە بۆ ڕۆیین بشێن.
* ئە‌کانتۆستیگا: هەڵکۆڵدراوێکی چاخی دێڤۆنییە، درێژییەکەی نێزیکەی ٦٠ سم دەبێت، زاناکان وای بۆ دەچن لە ڕووباردا ژیا بێت. ژمارەی پەنجەکانی زێتر بووە لە ژمارەی ئاسایی، مەچەک و پاژنەی هەبووە، وەک ماسییەکانیش خاوەنی کەوانەی ڕیشەداری ناوەکی بووە، پەلەکانی و بڕبڕەی پشتی بەرگەی کێشی زۆریان دەگرت، تەواویش وەک ماسییەکان ئێسکی گوێی ناوەڕاست و لە لاتەنیشتەکانیدا کۆئەندامی هەستەکی هەبووە، جۆری ئەمانە گەر هەمووشیان نەبێت، ئەوا زۆربەیان ئاوەکی بوون.
* ئیکتیۆستیگا (Ichthyostega): ئەمەش چوارپەلێکی ڕووبارەکانی چاخی دێڤۆنییە، درێژییەکەی نێزیکەی مەتر و نیوێک دەبێت، زاناکان وای بۆ دەچن وشکاوەکی بووبێ. حەفت پەنجە لە پەلەکانی دواوەیدا هەبوون، بڕبڕەی پشتی و پەلەکانی لەوەی ئەکانتۆستیگا بەهێزتر بوون، دەفەی سنگی زل بوو، کلکێکی دڕکاوی وەک ماسییەکان هەبووە، بەڵام بچووکتر بووە لەوەی ئەکانتۆستیگا، کاسەسەریشی لە چەندان پێکهاتەدا هاوشێوەی ماسییەکانە، وا دیارە کە کەوانەی ڕیشەداری ناوەکی نەبووبێ.
هەڵکۆڵدراوێکی دیکە هەیە کە دۆزەوەی ناو نیشتەی ڕێژگەی ڕووبارە، هاوتەمەنی ئەکانتۆستیگا و ئیکتیۆستیگایە، شەش پەنجەی لە پەلەکانی پێشەوە، حەفتیشی لە پەلەکانی دواوەیدا هەبوون، ئێسکی شانەکانی گەلێک لەوەی ئەکانتۆستیگا بەهێزتر بوون. ئەم تایبەتمەندییانە بەڵگەی ئەوەمان پێ دەدەن کە بەتەواوی ئاوەکی نەبووە، بە کاسەسەریشییەوە دیارە لە وشکاوەکییەکانی دواسەردەمی چاخی (کاربۆن - ئاسن)ی نێزیکتر بووبێ وەک لە ئەکانتۆستیگا و ئیکتیۆستیگا.
٢ - لە خشۆکەکانەوە بۆ شیردەرەکان: قۆناغەکانی ئەو تێپەڕبوونە لە چەندان هەڵکۆڵدراوەدا بەچاکی بەرچاو دەکەون، کە زۆربەیان لە گۆڕانی پێکهاتەی جومگەکانی شەویلگەی جۆرێکیان بۆ یەکێکی دیکە دیار دەکرێن. خشۆکەکان یەک ئێسکیان لە گوێی ناوەڕاست و چەند ئێسکێکیان هەیە لە شەویلگەی ژێروودا، بەڵام شیردەرەکان سێ دانە ئێسک لە گوێی ناوەڕاست، یەکێکیش لە شەویلگەی ژێروویاندا هەیە، ئەم جۆرە گۆڕانانە قۆناغەکانی تێپەڕبوون، لە شەویلگەوە بەرەو گوێ ڕوون دەکەنەوە. چەند دۆزەوەیەک کە سەربە چاخە دێرینەکانن و دوابەدوای یەکەوە دێن، زۆر شێوە و پێکهاتەی ئەندامەکانی وەک، کاسەسەر، بڕبڕەکان، پەلەکان و پەنجەی پێیەکان لە قۆناغەکانی تێپەڕبوونیاندا، پلە بەپلە بەدەر دەخەن.
٣ - هەڵکۆڵدراوی نێوانەکی خشۆکەکان و باڵندەکان: ئارکیۆپتریکس، کە یەکەمین باڵندەشی پێ دەڵێن، یەکێکە لە ناسراوترین هەڵکۆڵدراو (لە ساڵی ١٨٦٠ دۆزرایەوە) کە هەڵگری کۆمەڵێک پێکهاتەی وەک، باڵ، دەنووک، ئێسکەپەیکەری باڵندەکانی ئەمڕۆ و پێکهاتەی ئێسکی دایناسۆرەکانە، کلکی وەک هی خشۆکەکان ئێسکدار بووە، دەنووکی هەبووە (باڵندە)، بەڵام لەناو ئەم دەنووکەیدا ددانی هەبووە (خشۆک)، لەگەڵ بوونی باڵ چڕنووکیشی هەبووە، واتە لە ڕواڵەت و نیشانەکانیدا پتر لە دایناسۆرەکان نێزیکترە وەک لە باڵندەکان، هەر بۆیە زاناکان پێیان وایە، کە ئەمەیان گەر توانی فڕینشی هەبوو بێت، ئەوا فڕینەکەی وەک باڵندەیەکی ڕاسەقینە بەڕێکوپێکی نەبووە. پاش نێزیکەی ١٠٠ ساڵ لە دۆزەوەی ئارکیۆپتریکس خۆشبەختانە چەند هەڵکۆڵدراوێکی گەلێک گرینگ دۆزراونەتەوە (لە وڵاتی چین)، کە گۆڕانی تایبەتمەندی و پەرەسەندنیان لە دایناسۆرەکانەوە بەرەو باڵندەکان پلە بەپلە پێوە دیارە. جگە لەمانە زۆر نموونەی دیکە هەن، لە نێوان دایناسۆرەکانی بنەچەی باڵندەکان و باڵندە نوێباوەکان.
٤ - پێشینەی نەهەنگەکانی ئەمڕۆ، بە ئەڵقە نێوانەکییەکان و گوێزانەوەی ژیانی شیردەرەکان بەرەو زەریاکان دادەنرێن، زنجیرەیەکی تەواو پێک دەهێنن لە ‌قۆناغەکانی پەرەسەندنی نەهەنگدا، وەک (Ambulocetus)، (Rodhocetus)، (Dalanistes) و چەندانی دیکە.
٥ - زنجیرەیەک هەڵکۆڵدراوی یەک لەدوای یەک، بەچاکی پەرەسەندنی ئیۆهیپس (Eohippus)، بەر لە ٥٤ ملیۆن ساڵ بۆ ئەسپەکانی ئەم سەردەمە دەردەخەن. ئیۆهیپس کە (ئەسپە نزمە)شی پێ دەگوترێ، بەرزی نێزیکەی ٢٠ سم و درێژی ٦٠ سم دەبوو.
٦ - پتر لە ٢٠ شێوە لە جۆری مرۆیییەکان دۆزراونەتەوە، کە بۆشایییەکانی نێوان لوسی (ئە‌سترە‌لۆپیتکس) و مرۆڤی هاوسەردەم پڕ دەکەنەوە.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بکرێ، جگە لەمانە ژمارەیەکی زۆر هەڵکۆڵدراو هەن، لە ماسییەکانەوە بۆ چوارپەلەکان، وشکاوەکییەکان بۆ خشۆکەکان، دیناسۆرەکان بۆ باڵندەکان، خشۆکەکان بۆ شیردەرەکان، مەیموونە باڵاکان بۆ مرۆڤی هاوچەرخ. ئەمانە هەموویان تۆمار کراون، هەریەکێک لەمانە ناوێکی زانستیی تایبەتیی هەیە، لێرەدا بە پێویستی نازانین هەموو ناوەکان ڕیز بکەین، خوێنەر گەر بیەوێ دەتوانێ بڕوانێتە سەرچاوەکان.
ئەوەی پێویستی بە ئاماژەپێکردنە، زانای ناودار نیڵ شیبن کە لە ساڵی ٢٠٠٤ تیکتالیکی دۆزییەوە، پێش ئەوەی چاخەکەی دیار بکات، لە پێکهاتەیدا پێشبینی ئەوەی کرد کە تەمەنەکەی لە نێوان دەرکەوتنی ماسییەکان و یەکەمین چوارپەلەکانی وشکانی بێت، واش دەرچوو کە تەمەنی نێزیکەی ٣٧٥ ملیۆن ساڵ بوو، واتە تەواو نێوانەکی ئەو دووانە. لێرەدا چۆن دەتوانین پاش ئەوە دیسانەوە بڵێین، باوەڕمان بە پەرەسەندن نییە؟ ڕیزبوونیان لە چینگەلەکانی زەوی و تەمەنی هەڵکۆڵدراوەکان بەهێزترین بەڵگەی پەرەسەندنن، تەواو ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت لەلایەن زاناکانەوە پڕاوپڕ وا دەردەچێت، ئاخۆ ناشێ لەخۆمان بپرسین، بۆ تاکە یەک جار ئەو پێشبینییانە هەڵە نەبوون؟
پەیدابوونی ژیان
* هەڵە: پەرەسەندن ناتوانێ پەیدابوونی ژیان ڕاڤە بکات.
وەڵام: چەمکی پەیدابوونی ژیان، بەبەردەوامی مشتومڕی دێنێتە ئاراوە و گەلێک پرسیار دەوروژێنێ، بووەتە بنچینەیەکیش بۆ دژایەتی و ڕەخنەگرتن لە تیۆری پەرەسەندن. بەڵام پێش ئەوەی وەڵامی ئەو ڕەخنانە بدرێنەوە پێویستە دیسانەوە بڵێین، کە تیۆری پەیدابوونی ژیان ڕاست بێت، یان هەڵە، ژیان چۆن سەری هەڵدا بێت، هیچیان لە ڕاستی بوونی پەرەسەندن کەم ناکەنەوە، کە پشت دەبەستێ بە ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگە سەلمێندراوەکان.
تیۆری پەرەسەندن لە بوونی هەمەجۆری و هۆکار و میکانیزمەکانی پەرەسەندنی زیندەوەران لە یەکدی دەکۆڵێتەوە، پەیدابوونی ژیانیش، وێڕای ئەوەی پێوەندی بە تیۆری پەرەسەندنەوە هەیە، بەڵام بابەتێکی جیاوازە، بیرۆکەکەشی خاوەنی تیۆرێکی سەربەخۆیە. هەر بۆیە داروین شاکارەکەی ناو نابوو بە (بنەچەی جۆرەکان)، نەک بنەچەی ژیان.
هەتا ئێستە زۆر بەش و لایەن لە تیۆری پەیدابوونی ژیاندا هەن، بەتەواوی ڕوون نەبوونەتەوە، لەبەرئەوەی کە ژیان لەسەر زەوی لەو ماوە دوورودرێژەیدا (نێزیکەی ٣،٨ ملیار ساڵ)، گۆڕانێکی گەلێک مەزن و چەندان کارەسات و ڕووداوی سروشتی بەخۆوە بینیووە، بەمەش ئەگەری ئەوە زۆرە کە بووبنە هۆی داڕووتانەوە، توانەوە و لەناوبردنی کۆمەڵێک بەڵگەی گرینگ. هاوکات هیچ هەڵکۆڵدراوێک نییە، یەکەمین خانەمان نیشان بدات، چونکە ئەو خانە سەرەتایییانە هیچ جۆرە پێکهاتەیەکی ڕەقی وایان نەبووە، بەبەرد بن و ببنە هەڵکۆڵدراو.
نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێ کە زانست خۆی ڕەوتێکە لە پشکنین و لێکۆڵینەوە، بۆ گەیشتن بە زانیاری لەبارەی دیاردە نەناسراوکان. زانستمەندان ئەگەر ئەمڕۆ نەتوانن بابەتێک بەتەواوی ڕوون بکەنەوە، یاخۆ وەڵامی شیاو و گونجاویان بۆ نەبێت، مەبەست ئەوە ناگەینێ، ئەو بابەتە هیچ ڕاڤینێکی نییە، دەبێ کۆڵ بدرێت. بەر لە ٣٠٠ ساڵ، فڕین خەونێک بوو بۆ مرۆڤ، کەچی زانستی هاوچەرخ نەک تەنیا فڕۆکە، بگرە کەشتیی بۆشاییشی (گالیسکە) داهێنا.
* هەڵە: ڕاستییەکی بەڵگەنەویستە لە زانستدا کە ژیان هەرگیز لە ماددەی نازیندوو پەیدا نابێت.
وەڵام: ئەوەی پێوەندی بە هاتنەکایەی ژیانە لە ماددەی نازیندوو، تا ئێستە هیچ تۆژینەوەیەکی زانستی نییە کە بڵێ، بە هیچ شێوەیەک ناکرێ ژیان لە کارلەیەکە کیمیایییەکان پەیدا ببێت. بەپێچەوانەوە زۆرینەی تۆژینەوەکان، هەر لە سەردەمی داروینەوە بگرە هەتا ئەمڕۆ، بەرەو ئەو بیروڕایە هەنگاو دەنێن کە ژیان لە ئاوێتەی زیندەتوخمەکانەوە لە شوێنێکی ئەم جیهانە، وەک چاوگە گەرمەکانی بنەبانی زەریا و دەریاکان سەری هەڵدا بێت، چونکە ئێستەش بنەبانی زەریاکان پڕن لەو وردەزیندەوەرە سەرەتایییانەی کە لە پێکهاتەیاندا لە بەکتریاکانیش سادەترن.
بەڵگەی ئەو بۆچوونانە (ئەزموونی یوری – میلەر)ە، کە توانی لە کۆی ٢٠ ترشی ئەمینی، ١٧ دانەیان بەبەرهەم بهێنێ. لەبەرئەوەی سێیەکەی دی بۆ ڕۆنانیان، پێویستییان بە ماوەیەکی یەکجار درێژە، بۆیە لە توانادا نەبوو، ئەو دەرفەتە لە ئەزموونگە زانستییەکاندا دابین بکرێت. لە لایەکی دیکەوە تۆژەرەکانی پەیمانگەی (MIT) پێیان کرا، بوونەوەرێک بەدی بهێنن کە توانی زێدەبوونی هەبێ، هەرچەندە بەتەواوی وەک ئەو زیندەوەرە ئاڵۆزانە نەبوو کە هەن، بەڵام بێگومان یەکێک بوو لەو هەموو هەنگاوە بەردەوامانەی، لەم بوارەدا ئەنجام دەدرێن.
ئەو بۆچوونە زانستییەی دەبێژێت، ژیان هەرگیز لە ماددەی نازیندوو نایەتە کایەوە، بۆ ئەو یاسایە دەگەڕێتەوە کە ئەزموونەکانی لویس پاستۆر (١٨٢٢ - ١٨٩٥)، بەدەریان خست. ئەم زانایە سەلماندی کە هیچ زیندەوەرێکی تەواو و پێگەیشتووی وەک، مشک و کرم، تەنانەت بەکتریاش لە ماددەی نازیندوو پەیدا نابێت. نیاز و مەبەستی سەرەکیی ئەم زانایە ئەوە بوو، ناڕاستی ئەو تێڕوانینانە دەربخا کە لەو سەردەمەدا باو بوون، ئەوانەی وایان دەزانی ئەو زیندەوەرانەی لە پارچە نانێکی گەنیودا دەبینرێن، لەخۆوە پەیدا دەبن! ئەزموونەکانی پاستۆر هیچیان بۆ ئەوە نەبوون کە بسەلمێنێ، ناشێ ژیان لە کەرەستە زیندەکییە ئاڵۆزەکان سەرهەڵ بدات، پاشان بە پەرەسەندنێکی پلەپلەیی بڕوا و بگاتە ئەو هەمەجۆرییەی کە ئێستە هەیە لە زیندەوەراندا.
سەرباری ئەمانە ئێستە شوێنەواری ئەو تێپەڕبوونەی کە لە نێوان بێژیانی و ژیاندا هەیە، لە جۆرە بوونەوەرێکی گەلێک ورددا دەبینرێت. ڤایرۆس بە‌ زیندە‌وە‌رێکی ڕاستەقینە و تە‌واو دانانرێ، بگرە پێکهاتە‌یە‌کە‌ لە نێوان زیندە‌وە‌ر و پێکهاتە نازیندووە‌کان، چونکە‌ ڤایرۆس ناتوانێ خۆبەخۆ گە‌شە‌ بکا و زۆر ببێت، ئە‌گە‌ر لە‌ناو خانە‌یە‌کی زیندوودا نە‌بێت. تیۆری پەرەسەندن لە بواری خۆیدا کە پەرەسەندنە (نەک پەیدابوونی ژیان) ناڵێ زیندەوەرەکان بەبێ بوونی پێشینە، لە ناکاو و ڕاستەوخۆ دێنە کایەوە، بگرە هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پەیدابوونیان لە پەرەسەندنی زیندەوەرانی دیکەوەیە، لەڕێی کردارێکی بەرەبەرەیی و دوورودرێژ.
* هەڵە: ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی ژیان، ئێستەش هەن، ئەی بۆچی ئەمڕۆ نابینین ژیانێکی نوێ پەیدا ببێت؟
وەڵام: هەرچەندە دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ئەمە پرسیارێکی زۆر بەجێیە، بەڵام دیسانەوە ئەو واتایە نابەخشێت کە زاناکان وەڵامی گونجاویان بۆی نییە. شارەزایانی ئەم بوارە پێیان وایە، ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو سەردەمە دێرینەدا، لە دوو لایەنی زۆر گرینگەوە جیاوازە. یەکێکیان ئەوەیە کە لەو سەردەمەی ژیان دەستی پێ کرد، هیچ ئۆکسیجنێک نەبوو، یان یەکجار کەم بوو لە بەرگی کژەکی و لەناو زەریاکاندا، بێگومان ئۆکسیجنی بەرەڵا گەلێک چالاک و کارایە لە کارلەیەکە کیمیایییەکان، بۆیە لەوانەیە ئەمڕۆ ببێتە بەربەستێک بۆ پێکەوەنانێکی تایبەتیی یەکە زیندەکییە ئاڵۆزەکان کە بشێ ژیانی لێ پەیدا ببێت. دووەمیشیان کە لەوەی یەکەم بایەخدار و کاریگەری پترە ئەوەیە، لەو کاتەدا هیچ ژیانێکی دیکە پێش سەرهەڵدانی ژیان (ئەم ژیانە) نەبووە، چونکە ئەو ژیانەی ئەمڕۆ هەیە، کرداری ڕاماڵین و هەڵلووشینی هەموو ئەو گەردیلە و ئاوێتە ئاڵۆزانە ئەنجام دەدات، پێش ئەوەی ببن بە شتێک کە پێی بگوترێ، ژیانێکی نوێ. پێویستە ئەوەش بڵیین کە ڕەخنە و بۆچوونەکان لەبارەی پەیدابوونی ژیان گەلێک زۆرن، بەڵام لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوە تەنیا ئاماژەمان بەو چەند دانەیە کرد.
پێکهاتە ئاڵۆزەکان و ڕێکەوت
هەڵە: پەرەسەندن کردارێکی هەڕەمەکییە و پشت بە ڕێکەوت دەبەستێت، بەڵام ئەو پێکهاتە یەکجار ئاڵۆزانەی لە زیندەوەراندا هەن، هەرگیز لە خۆوە و بە ڕێکەوت پەیدا نابن.
وەڵام: سەبارەت بە بڕگەی یەکەمی ئەو بۆچوونە دەڵێین، پەرەسەندن کردارێکی هەڕەمەکی نییە، دەشێ ئەو گۆڕانانەی لەڕێی بازدانەکانەوە بەسەر جینەکاندا دێن، بە ڕێکەوت و هەڕەمەکی بن، بەڵام هەڵبژاردنی سروشتی کە گرینگترین میکانیزمی پەرەسەندنە، هەرگیز بەو شێوەیە نییە. دەربازبوونی هەر جۆرێکی زیندەوەران لە بنەبڕبوون، هەروەها زاوزێکردن و زۆربوونیان، ڕاستەوخۆ بەندە بەو نیشانە و ئاکارانەی لە پێشینەکانیانەوە بۆیان گواستراونەتەوە. جۆریش لە ژیان و گوزەرانیدا پشت دەبەستێ بەو تایبەتمەندییانەی کە لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریدا دەگونجێن، بەمەش هەڵبژاردنی سروشتی ئاکارە پەسندکراوەکان دەهێڵێتەوە، ئەوانەشی بۆ ئەو ژینگەیە نەسازاون لایان دەبات. بێگومان ئەمەش کردارێکی هەڕەمەکی نییە، چونکە هەڵبژاردنی سروشتی تەنیا تایبەتمەندییە چاکەکان هەڵدەبژێرێ، ئاشکرایە ئەگەر هەڕەمەکی بێت، دەبووایە جیاوازی نەکردبایە لە نێوان تایبەتمەندی چاک و خەراپ.
لەبارەی بڕگەکەی دیکە، بوونی ئەو پێکهاتە ئاڵۆزانەی لە زیندەوەراندا هەن بەگشتی، ئەوانەشی لە لەشی مرۆڤدا هەن، بەتایبەتی چاو و مێشک، بنچینەی ئەو ڕەخنانەن لە تیۆری پەرەسەندن دەگیرێن، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە هەتا ئەمڕۆکە.
لە ساڵی ١٨٠٢ ویلیەم پێلی، شارەزا لە بواری خواناسی دەڵێت: "ئەگەر یەکێک لە کێڵگەیەکدا کاتژمێرێکی دۆزییەوە، شتێکی بەڵگەنەویستە کە دەبێ لە کەسێک کەوتبێت، چونکە ئەم کاتژمێرە دەستکردی سروشت نییە!" داروین لە کتێبی بنەچەی جۆرەکان وەڵامی پێلی دەداتەوە، هەروەها چۆنەتی کارکردنی سروشت لەڕێی هەڵبژاردن و پلە بەپلەی هاتنەکایەی پێکهاتەی ئەندامەکانی لەشی زیندەوەران ڕاڤە دەکات. ڕەخنەگرەکانی داروین پێکهاتەی چاوی مرۆڤیان کردبووە نموونە، لەو باوەڕەشدا بوون کە چاو بەهیچ جۆرێک بە پەرەسەندن پەیدا نابێت، بگرە ڕاستەوخۆ بە ئاڵۆزی پەیدا بووە، چونکە توانی چاو بۆ بینین بەندە بە پێکەوەنانێکی لەبار و گونجاوی هەموو پێکهاتە و بەشەکان، بەبێ بوونی خەوش و کەموکوڕی.
ئەم تێزە لە گەلێک بواردا هەیە و پێی دەگوترێت (ئاڵۆزی کەمکردنەوە هەڵنەگر). واتە ئەگەر پارچەیەک، یاخۆ بەشێک کە زۆر بچووکیش بێت، لە ئامێرێک، یان لە پێکهاتەیەکی ئاڵۆز دەربکەین، ئەوا ئەو ئامێرە بەتەواوی لەکار دەکەوێت. بەمەش پێیان وا بوو، بوونی کەموکوڕی یاخۆ نەبوونی بەشێکی بچووک، وا لە چاو دەکا ئەندامێکی بێکەڵک بێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەوانە لە داروینیان دەپرسی، پێمان بڵێ نیوە چاوێک چ سوودێکی هەیە؟ وەڵامی داروین ئەوە بوو، گەر چاوێک کەم ببینێت، یان تەواویش نەبێت، چەند سوودێکی هەر دەبێت، وەک ئەوەی یارمەتی هەندێ زیندەوەر دەدات، بۆ بینین و هەستکردن بە ڕووناکی لە شوێنە تاریکەکان کە دەبێتە هۆکارێکی گرینگ بۆ مانەوەیان لە ژیاندا. هەموومانیش دەزانین کە بۆ نموونە، لە مرۆڤدا بۆ نابینایەک نەک نیوە چاوێک، بگرە چارەکە چاوێکیش، چەندە بەسوود و پڕبایەخە!
پێکهاتەی چاو لەسەرجەم زیندەوەراندا وەک یەک نییە، ئەگەر سەرنج بدەینە کۆمەڵەی ئاژەڵان، دەبینین لە هەندێکیاندا سادەیە، بەوەی کە تەنیا هەستدارییەکی زۆر کەمی هەیە بۆ ڕووناکی، لە بەشێکی دیکەدا تۆزێک پەرەسەندووترە، تا وای لێ دێ بەرەبەرە ئالۆزتر ببێ، کرداری بینینیش باشتر ببێت. هەموو ئەو قۆناغانەی پەرەسەندنی چاو زۆر بەچاکی دەبینرێن، بەتایبەتی لە زیندەوەرە ئاوییەکانی وەک نەرمۆڵەکان، بە شێوەیەک کە ئاستی بینینیان ١ لە ١٠٠٠ی چاوی مرۆڤە، تا دەگاتە ڕادەی چاوی مرۆڤ لە زیندەوەری دیکە، لە هەندێکیشدا گەلێک بەهێزترە لە چاوی مرۆڤ، لە لای گشت ئەو زیندەوەرانە ئەگەر کزیش بن، کاری خۆیان دەکەن و زۆر سوودیشیان هەیە. بەرەبەریی و گۆڕانە لەسەرەخۆیەکان گەلێک جار بەچاکی دیارن، ئەو پەرەسەندنانەی چاو، لەپڕێکا و لە خۆوە یەکسەر ڕوو نادەن، بگرە کاتێکی یەکجار زۆری ویستووە کە خۆی لە سەدان ملیۆن ساڵ دەدات. لەبەرئەوەی چاو وەک ئەندامەکانی دی نییە، بەبەرد ببێت، بۆیە ناتوانین بەتەواوی ڕێچکە و کاتی خایەنراوی پەرەسەندنی چاو لە هیچەوە، یان لە ئەندامێکی سادەی هەستدار بە ڕووناکی، تا گەیشتووەتە ئەم چاوەی کە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی هەیە ببینین.
بەهەمان شێوە مێشک هەنگاو بەهەنگاو پەرەی سەندووە، ئەو پلەپلەییەش لە قەبارە و ئاڵۆزیدا لە چەندان جۆرە زیندەوەردا بەدەر دەکەوێت. ژمارەیەکی زۆر نموونە هەن، لە نێوان مرۆڤ و ئەو ئاژەڵانەی مێشکێکی زۆر سادەیان هەیە، بەوەی کە ئاژەڵی دەریایی وا هەیە، تەنیا چەند خانەیەکی هەستی هەیە و هیچی دی، هەندێ جۆرە نابڕبڕەداریش هەن، خاوەنی چەند دەمارەخانەیەکن کە نەتوانرێ بە مێشک ناو بنرێت. هەرچەندە بوون و پەیدابوونی ئاڵۆزی لە هەر پێکهاتەیەکی لەش لە زیندەوەراندا، لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سروشتییەوەیە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە هەڵبژاردنی کەڵەکەبوو جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنەی بە یەک هەنگاو ئەنجام دەدرێ، چونکە هەر هەڵبژاردنێکی سروشتی، هەنگاوێکی نوێیە لە کرداری پەرەسەندن، ئاشکراشە کە تاکە هەڵبژاردنێک، هیچ شتێکی گرینگ ناهێنیتە دی.
مەبەستمان لەو چەند دێڕە ئەوەیە، کە چاو و مێشک وەک دوو ئەندام نین، تەنیا لە مرۆڤدا هەبن، تا وامان لێ بکات بڵێین، پەیدابوونیان شتێکی ئەستەم و ناوازەیە. هەر بۆیە پێشتر گوتمان، گەر بێو ئەندامێکی ئاڵۆز لە یەکێک لە ئاژەڵە باڵاکاندا هەبێت و شێوەیەکی سادە و ساکاری لە زیندەوەرانی دیکەدا نەبێ، بێگومان ئەو کاتە هەموومان مافی بەلاوەنانی ئەو تیۆرەمان دەبێت. 
لەبەر گرینگیی ئەو بابەتە و ڕوونکردنەوەی زیاتر، نموونەیەکی گەلێک ناسراو هەیە، بەبەردەوامی وەک ڕەخنەیەک بەکار دەهێنرێ دژی پەرەسەندن، لە بواری ئەوەی کە ئەگەری سەرهەڵدانی زیندەوەرێکی پێگەیشتوو، یاخۆ پێکهاتە ئاڵۆزەکان، نەک یەکجار کەم، بگرە هەر نییە. ئەم تێزە پێی دەگوترێ، تیۆری چاپکردنی بێکۆتای مەیموون (Infinite monkey theorem)، کە دەڵێت: گریمان ئامێرێکی چاپکردنمان دایە دەست مەیموونێک، ئاخۆ چەند ساڵی گەرەکە تا ئەو مەیموونە شانۆگەرییەکانی شکسپیر دەنووسێت؟ سەرەتا وەڵامی ئەم پرسیارە پێوەندی بە (تیۆری شیمانەکان)ی ماتماتیکەوە هەیە، ئەویش کە بێگومان کاتێکی وای دەوێ، چەندان جار لە تەمەنی گەردوون زیاتر بێت! بەڵام ئەوی ئەوانە مەبەستیانە بەو پرسیارەیان پێی بگەن، هەرگیز لە پەرەسەندندا بەو شێوەیە نییە.
بۆ سەلماندنی ئەمە با پێشەکی شتێکی سادە هەڵبژێرین، بە نموونە بڵێین: چۆن دەتوانین لە چەند پیتێکی لەپاڵیەکی وەک: (TOBEORNOTTOBE)، ڕستەیەکی تەواو پێک بهێنین.
بۆ ئەو مەبەستە لە هەشتاکانی سەدەی پێشوو، ڕیچارد هاردیسۆن، لە کۆلێژی گلێندل، بەرنامەیەکی (کۆمپیوتەر) دانا کە کۆکردنەوەی پیتی وشەی ڕستەکان بەهەڕەمەکی (وەک مەیموونەکە) ئەنجام بدات، بەڵام بە هێشتنەوە و پەسندکردنی ئەو پیتانەی کە دەکەونە شوێنی ڕاستی خۆیان. واتە ئەگەر وشەیەک ڕاست بوو ئەوا دەمێنێتەوە، ئەوەشی هەڵەیە فەرامۆش دەکرێ، ئەمەش کتومت وەک کەڵەکەبوونی هەڵبژاردنی سروشتییە. ئەم ئەزموونە لەسەر چەندان ڕستەی هاوشێوەی (TO BE OR NOT TO BE)، کە لە شانۆگەری (هاملێت)ی شکسپیر وەرگیراوە پیادە کرا، بەرەنجامەکەشی ئەوە بوو بە نێزیکەی ٩٠ چرکە، ئەو ڕستەیە پێکەوە نرا. ئەوەی جێی سەرسڕمان بوو، ئەو بەرنامەیە لەو کاتەدا توانی شانۆگەرییەکی تەواوی نووسەری ناوبراو، تەنیا بە چوار ڕۆژ و نیو، بەبەرهەم بهێنێت!
ئامانجی پەرەسەندن
هەڵە: مرۆڤ ئامانجی دوایەکی پەرەسەندنە.
وەڵام: لە ساڵی ١٥٧٩ مژدەدەری فرانسیسکانی، دیداکۆس ڤالادس، وێنەیەکی ئەندێشەیی بۆ پلە و ئاستەکانی زیندەوەران دەکێشێت. ئەم کەشەیە لە وێنەکەیدا کە لە شێوەی پلیکانەیەکە، زیندەوەرە سادە و سەرەتایییەکان لە بەشی خوارەوە دادەنێ، پلە بەپلە سەر دەکەوێ بۆ جۆرەکانی باڵاتر. ئەمڕۆ زۆر کەس وا تێگەیشتوون پەرەسەندن وەک وێنەکەی ئەو کەشەیە وایە، بەو واتایەی پەرەسەندن هەمیشە پێشکەوتن و هەڵکشانێکی بەرەوژوورە، وەک ئەوەی سروشت بەرەبەرە بەرەو ئامانجێکی دیارکراوی بەرز و مەزن بڕوا، لە سادەیییەوە بۆ ئاڵۆزی پتر، تا بە لوتکە دەگات ئەویش کە مرۆڤە. ئەمانە لەو باوەڕەدان مرۆڤ ئامانجی سەرەکیی پەرەسەندنە، هیچ کردار و دیاردەیەکیش لەم گەردوونەدا نییە، ئامانجێک یاخۆ مەبەستێکی دوایەکی نەبێت.
لە ڕاستیدا ئەمانە چەند بیروباوەڕێکی ئاینی و فەلسەفین و پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە زانستەوە نییە، چونکە زاناکان لەڕێی ئەو هەموو تۆژینەوە زانستییانەی کە ئەنجامیان داوە، هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر بوونی ئامانجی پەرەسەندن نەدۆزیووەتەوە، هیچ هۆکارێکیش نییە، وا لە پەرەسەندنی جۆرەکان بکا، بەرەو ئامانجێکی دوایەکی هەڵکشێن. بەڵام لەگەڵ ئەوەش گەر لە زیندەوەران ڕامێنین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە زۆربەی ئەو ڕەفتارانەی ئاژەڵان بۆ گەیشتن بە خۆراک و ململانەی لەپێناو مانەوەیاندا، یاخۆ هەوڵی زاوزێکردنی باڵندەکان و کردنی هێلانە و بەخێوکردنی بێچووەکانیان، نیشانەن بۆ بوونی مەبەست. مرۆڤیش بە مێشکە نایابەکەی و کۆششی بەردەوامی بۆ گەیشتن بە هیواکانی لە ژیاندا، بەڵگەی ئاشکران بۆ بوونی مەبەست و ئامانج. بەڵام ئەمانە هیچیان نابنە بنچینە بۆ بوونی مەبەستی دوایەکی بۆ گەردوون بەگشتی، ژیانیش بەتایبەتی، چونکە بوونی ئامانج و مەبەست چەمکێکی ڕێژەیییە، ئەو کاتەش هاتە ئاراوە کە ژیان و زیندەوەران پەیدا بوون و هەڵبژاردنی سروشتی دەستی پێ کرد.
ئەو کردارە زیندەکییانەی کە هەن لە گشت زیندەوەرەکاندا ڕوو دەدەن، لە مرۆڤیشدا دەبینرێن، هۆکارەکانی پەرەسەندنیش هەمان کاریگەرییان هەیە لەسەر تێکڕای بوونەوەرە زیندووەکان. ئەمڕۆ هیچ شێوەیەکی ژیان نییە، پێی بگوترێ شێوەی باڵا، یان شێوەی نزم، هەر هەموو شێوەکان لەگەڵ ژینگەکەیاندا گونجاو و سازاون، بۆیە ئێمە هەر زیندەوەرێک بگرین، دەکارین بڵێین، ئەمە ئامانجی دوایەکی پەرەسەندنە. پەرەسەندن و ژیان تەواوکەری یەکدین، لە هەر کات و شوێنێک ژیان هەبێت و دووچاری گۆڕانکارییەکان ببێتەوە، پەرەسەندن دەبێ و هەرگیز ناوەستێت.
جوانترین ڕوونکردنەوە بۆ بوونی مەبەست و پلانی پەرەسەندن، زانای فەڕەنسی خاوەن نۆبڵ، فرانسوا جاکۆب (١٩٢٠ – ٢٠١٣) کردوویەتی کە دەڵێت، "پەرەسەندن کاری تەنەکەچییە نەک ئەندازیار. ئەندازیارەکان چاک دەزانن بە کوێ دەگەن، لەبەرئەوەی خاوەنی پلان و مەبەستن، بەڵام تەنەکەچییەکان ئیشیان تەنیا ئەوەیە کە پارچەکان لێک گرێ بدەن، ئەمانە بەردەوام ئەم پارچەیە لەوەی دیکە دەبەستن، بە هیوای ئەوەی جارێک کارەکەیان سەر بگرێت و شتێکی باش پەیدا ببێت، بەبێ ئەوەی مەبەستێکی دیارکراویان هەبێت."
بازدانە  جینەکییەکان

* هەڵە: بازدانە جینەکییەکان گشتیان زیاندەرن، زۆربەشیان کوشندەن.
وەڵام: زۆرینەی بازدانەکان بێلایەنن نەک زیاندەر. زاناکان لە تۆژینەوەیەکدا گەیشتنە ئەو بەرەنجامەی کە نێزیکەی سێ بازدان لە مرۆڤدا زیاندەرن، لە کۆی ١٧٥ بازدان لە هەر بەرەیەکدا (پشتێک). بازدانە زیاندەرەکان، بەتایبەتی ئەوانەی گەورەن زۆر درێژە ناکێشن، چونکە زیندەوەری هەڵگری ئەمانە، ناتوانن لەگەل ژینگەکانیاندا بسازێن و لە ئاکامدا لەناو دەچن. بەپێچەوانەوە بازدانە سووددەرەکان پلەی شیاوی مانەوە پتر دەکەن، بە گوێزانەوەشیان وەچە لەدوای وەچە زێتر بڵاو دەبنەوە. کەواتە بە ڕێژە بازدانە سووددەرەکان لەوانی دیکە زۆرتر بەدەر دەکەونەوە، لەبەرئەوەشە دەبینین چەند بازدانێک هەن وایان لە مرۆڤ کردووە، بەرگری هەبێت بەرانبەر بە هەندێ نەخۆشی وەک، ئایدز و نەخۆشییەکانی دڵ. بازدانە گەورەکان جیاوازن لەگەڵ بازدانە بچووکەکان، کەچی ڕەخنەگرانی پەرەسەندن، گەلێک جار ئەم دوو شێوە بازدانانە تێکەڵ بەیەکدی دەکەن. زۆربەی بازدانە گەورەکان زیاندەرن، بە جۆرێک هەتا بازدان گەورەتر بێت، ئەگەری ئەوە پترە کە لە زیاندەرەکانە. تیۆری پەرەسەندن بە گۆڕانە بەرەبەریی و پلەپلەیییەکان ناسراوە، نەک بە تیۆری گۆڕانە مەزنەکانی وەک ئەوانەی لە ئاکامی بازدانە گەورەکاندا ڕوو دەدەن.
لەبەرئەوەی ئەم بابەتە کڕۆکی تیۆری پەرەسەندنە، بۆیە بۆ ڕوونکردنەوەی پتر دووبارە دەبێ بڵێین، بازدان و گونجانی زیندەوەران بەرانبەر بە ژینگە کاریگەرییان لەسەر یەکدی لە هەردوو لاوە وەک یەکە. واتە ئەگەر گۆڕانی ژینگە مەزن و خێرا بێت، بوار بۆ گونجان کەم دەبێ، ئەمەش وا دەکات زۆربەی جۆرەکان لەناو بچن. ئەگەر گۆڕانەکانیش لەسەرخۆ بن، ئەوا زیندەوەران بەرانبەر بەوە بەرەبەرە بەهۆی بازدانەکانەوە پەرە دەسێنن و دەسازێن. ئەم جارە با بێینە سەر زیندەوەران، ئەگەر بازدان گەورە بێ، ئەوا سازان بەرانبەر بە ژینگە سەخت دەبێت، بەمەش گەلێک جار ئەو زیندەوەرە دەمرێت. لێرەش ئەگەر بازدانەکان بچووک و لەسەرەخۆ بن، بواری سازان و ئەگەری مانەوەی زیندەوەرەکان زۆرتر دەبێت. 
گوتوومانە کە زۆربەی ئەو ڕەخنانەی لە پەرەسەندن دەگیرێن لە بەهەڵە تێگەیشتنەوە سەرهەڵ دەدەن، بەتایبەتی ئەوانەی وا تێ دەگەن، بازدانێکی جینەکی ڕاستەوخۆ دەتوانێ وا لە گورگێک بکا بەرخێک بزێ! هەر ئەو تێگەیشتنانەشە وایان لێ دەکا بپرسن، ئەو زیندەوەرەی یەکەم جار تووشی بازدان بوو، چۆن توانی بمێنێتەوە؟ یان ئەو مرۆڤەی لە مەیموونێکەوە پەرەی سەند، چۆن توانی بژی؟ لە وەڵامدا جارێکی دیکە دەبێژین کە پەرسەندن لە هیچ بابەتێکیدا باسی تاکەکان ناکات، بگرە هەمیشە لە جۆرەکان دەدوێ، ئەوەی پەرە دەسێنێ کۆمەڵەی جۆرەکانە، نەک تاکەکان، تاکەکان تەنیا تووشی بازدان دەبن، ئەمەش هیچ کاتێک نابێتە هۆی ئەوەی لە جۆرەکەیان جیا ببنەوە.
* هەڵە: بازدانەکان تەنیا دەتوانن هەندێ تایبەتمەندی لاببەن، بەڵام ناتوانن تایبەتمەندی نوێ بەبەرهەم بهێنن.
وەڵام: لە جۆرێکی مێشی میوەدا بازدانێک هەیە پێی دەگوترێ (Antennapedia)، کە دەبێتە هۆی گەشەکردنی پێیەکان لەو شوێنانەی کە پێویستە تاڵەکانی هەستکردن (ئەنتێناکان) بڕوێن. هەرچەندە ئەو ئەندامە گەشەکردووانە نائاسایین و وەک پێیە سروشتییەکان چالاک نین، بەڵام بوونیان ئەوە دەگەینێ کە هەڵە جینەکییەکان ڕەنگە هەندێ جار ببنە هۆی پەیدابوونی پێکهاتەی گەلێک ئاڵۆز کە لە پاشاندا نۆرەی پەسندکردن، یان لابردنی دێت، لەلایەن هەڵبژاردنی سروشتییەوە، بۆ زانینی لایەنی چاک و خراپی ئەو شتە. لەوانەیە ئەو تایبەتمەندییە باش بێت و سوود بەو مێرووە بگەیێنێ و وای لێ بکا لەڕێی زاوزێوە جینەکانی پتر بڵاو ببنەوە، یانیش زیاندەر بێت و ببێتە ئاستەنگێک بۆ مانەوەی لە ژیاندا، بەمەش پێش ئەوەی جینەکانی بڵاو بکاتەوە، لەناو بچێ و ئەو بازدانە نەمێنێت.
ئەو پێکهاتانەی جینەکان جاری وا هەیە بەڕێی نائاسایی دابەش دەبن، لەوانەشە بەتەواوی بەهەڵە خۆیان لەبەربگرنەوە، کەواتە بە دووبارەبوونەوەی جینێک، دەشێ جینێکی نوێی شێوە ئاڵۆز بەبەرهەم بێت. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بازدانەکان و هەڵبژاردنی سروشتی پێکەوە و بەتەریبی، دەتوانن ئاکارێکی نوێی سووددەر بهێننە کایەوە. تۆژینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە زۆربەی ئەو فرمانە نوێیانەی لە ئەندامێکی لەش دێنە کایەوە، لە بازدانەکانەوە دەست پێ دەکەن. زاناکان لە ئەزموونگەکاندا، چەندان بازدانیان تۆمار کردووە کە بوونەتە هۆی پەیدابوونی تایبەتمەندی نوێ. توانی هەرسکردنی نایلۆن لە هەندێ جۆرە بەکتریادا، فرەخانەییبوونی قەوزە کەسکە یەکخانەیییەکان، هەروەها سەرهەڵدانی چەندان جۆرە پڕۆتینی نوێ لە گەلێک کۆمەڵەی زیندەوەراندا، نموونەی ئەم بازدانانەن.
* هەڵە: ئەو گۆڕانانەی لە ئاکامی بازدانەکان پەیدا دەبن، پێشتر لەو زیندەوەرانەدا هەن.
وەڵام: توانی بەرگریکردن بەرانبەر بە ماددە لەناوبەرەکان، لە زۆر جۆرە مێروودا پەرەی سەندووە کە پێشتر نەیان بووە. ئاشکرایە کە ئەم ماددە لەناوبەرانە زۆربەیان دەستکردن و وەک هیچ شتێکی سروشتی نین، بۆیە هەرگیز ڕێی تێ ناچێت، هەموو مێرووەکان هەر لەگەڵ پەیدابوونیان، توانی بەرگرییان بەرانبەر بە گشت جۆرە ماددەیەکی لەناوبەر هەبووبێ. بازدانی جینەکی تاکە کردارێکی سروشتییە کە گۆڕان و هەمەجۆری لە کۆمەڵەی زیندەوەران دێنێتە کایەوە، بەوەی ئەگەر بازدان نەبێت، ئەوا ئەو گۆڕانانە نابن، ئەو کاتە سروشتیش ناتوانێ هەڵیان ببژێرێت.
بەجۆربوون، یان لک لێبوونەوەی جۆرەکان

هەڵە: هەتا ئێستە هیچ لک لێبوونەوەیەک تۆمار نەکراوە، واتە لکی جۆرێکی بنەڕەتی بووبێتە جۆرێکی نوێ.
وەڵام: لک لێبوونەوە، یان بەجۆربوون، بە چەندان شێواز لە گشت جۆرەکانی زیندەوەراندا دەبینرێن، نموونەکانیش گەلێک زۆرن. هەرچەندە کاتێک لە شێوازەکانی بەجۆربوون دواین، چەند دانەیەکمان لەمانەی خوارەوە دەستنیشان کرد، بەڵام لێرەدا دیسانەوە لەبەر گرینگیی چەمکی بەجۆربوون، هەندێک لەوانە و چەندانێکی دیکە ڕیز دەکەین:
١ - سەرهەڵدانی جۆرە نوێیەکان لە سەردەمە جیاجیاکاندا:
* بەم دوایییانە بەهۆی دابڕان لە کۆمەڵەکانیانەوە، جۆرێکی نوێ لە مێشوولەکان، لە ناوچەیەکی تونێڵەکانی میترۆی لەندەن پەیدا دەبێت، ئەمەش لکی ئەو جۆرە سەرەکییەیە کە بە ناوی زانستی (Culex pipiens) ناسراوە.
* (HeLa): ناوی کورتکراوەی یەکەم جۆرە زیندەوەرە، کە لە مرۆڤەوە پەرەی سەندووە. ئەو زیندەوەرانە نەمرن، مەبەست لە نەمریش ئەوەیە کە بەهۆی درێژبوونی تەمەنیان نامرن و دەتوانن بێسنوور لە دابەشبوون بەردەوام بن. ئەمانە سەرەتا لە شێرپەنجەی زارکی منداڵدانی مرۆڤەوە پەرەیان سەند، پاشانیش بڵاو بوونەوە.
لە ڕوەکەکانیشدا چەندان جۆرە ڕوەکی نوێ لە ڕابردووە نێزیکەکان، لە ئەنجامی چەندجارەبوونەوەی پێکهاتەی جینەکانیان، واتە پتربوونی ژمارەی کرۆسۆمەکان سەریان هەڵداوە.
٢ - بەڵگەیەکی دیکەی پەیدابوونی جۆری نوێ، ئەو زیندەوەرانەن، تەنیا لە ژینگە نوێیەکاندا هەن، ئەو ژینگانەی کە پێش دەیان، یان سەدان هەزار ساڵ نەبوون:
* چەند دەریاچەیەک لە کەندا لەدوای تەواوبوونی چاخی سەهۆڵین، واتە نێزیکەی ١٠ هەزار ساڵێکە پەیدا بوونە، لەو دەریاچانەدا دەبینین گەلێک جۆرە ماسی بووەتە چەندان جۆری جیاجیا.
* گوڵی (Mimulus): جۆرێک لە کۆمەڵە گشتییەکەی ئەم گوڵە، دەتوانێ لە خاکێکدا بڕوێ کە ڕێژەیەکی زۆر مسی تێدایە. ئەم جۆرە ڕوەکە تەنیا لە لێواری کانەکانی مسدا دەژی، کە پێش ساڵی ١٨٥٩ (ساڵی کتێبەکەی داروین) لە هیچ شوێنێکدا نەبیندراوە.
* بەڵگەی ئەوە هەیە کە هەندێ جار، جۆری نوێ لە ئەنجامی پێکەوەژیان و هاوگوزەرانی دێتە کایەوە. پێکەوەژیان چەشنە پێوەندییەکە لە نێوان دوو جۆرە زیندەوەر کە یەکێکیان سوود وەردەگرێ، ئەوەی دیکە لەو پێوەندییە هیچ زیانێکی پێ ناگات، ئەمەش جیایە لەگەڵ مشەخۆری کە زیانی هەیە بۆ زیندەوەرەکەی دی. بەکتریاکانی جۆری وڵباچیا ( Wolbachia) بە مشەخۆریان بەسەر هەندێک مێرووەوە، دەبنە هۆی نەهێشتنی ئاڵوگۆڕکردنی جینەکانی دوو کۆمەڵە، یان پتری جۆرێک لەگەڵ یەکدیدا، بەمەش لێکدابڕانی جینەکان دێتە کایەوە کە لەوانەیە بەبوونی هەندێ هەلومەرجی تایبەتی، جۆرێکی نوێ بەبەرهەم بێت. نموونەی ئەمانەش ئەو هەنگانەن کە ناوی زانستی (giraulti .N) و (Nasonia vitripen)یان لێ نراوە.
٣ - جۆرە ئەڵقەکییەکان: زنجیرەیەک جۆری هاوبەندن، بەو شێوەیەی کە ئەو کۆمەڵانەی لە سەرەتاکانی ئەو زنجیرەیەدا بە تەنیشت یەکەوەن، زاوزێ لەگەڵ یەکدیدا دەکەن، ئەوانەشی لە کۆتادان، لێک دوورن (دووربوونی جینەکییان، نەک دووری شوێنیان)، ناتوانن لەگەڵ یەکدیدا زاوزێ بکەن.
* سەمەندەری جۆری (Ensatina)، حەفت لکەجۆر (لکەکانی یەک جۆر) دەگرێتەوە کە لە شێوەی ئەڵقەیەکن لە لێواری خۆراوای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، ئەوانەی دەکەونە کۆتای ئەم ئەلقەیە کە دەکەوێتە باشووری ئەم لێوارە، لەگەڵ یەکدیدا زاوزێ ناکەن.
* باڵندەی (Phylloscopus trochiloides)، چەند جۆرە چۆلەکەیەکن ڕەنگیان کەسکە، جۆرەکانیان لە ناوچەیەکی سیبیریای ناوەڕاستەوە دەست پێ دەکەن، پاشان دەبنە ئەڵقەیەک بە چێوەی چیاکانی هیمالایا کە ڕەفتار و تایبەتمەندییە جینەکییەکانیان بەرەبەرە دەگۆڕێن. دەبینین دوو شێوە لەو باڵندانە کە وێڕای ئەوەی پێکەوە دەژین و سەربە هەمان ئەڵقەن، کەچی لەگەڵ یەکدیدا زاوزێ ناکەن.
* مشکی جۆری (Peromyces maniculatus)، پتر لە ٥٠ لکەجۆری هەن لە ئەمەریکای باکوردا.
٤ - لک لێبوونەوە سەرەتایییەکان، ئەوانەی کە جاری وا هەیە دووڕەگاندن کەمتر دەکەنەوە لە نێوان دوو لکەجۆری هەمان جۆردا.
* مێشی میوە (کرمۆکەی میوە) کێویلەکان، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم کۆمەڵەیەکی نوێ لەوانە، لە جۆرە سێوێکی دیکەی خۆماڵیدا پەیدا بوو.
* دەرکەوتن و لک لێبوونەوەی سەرەتایی لە چەند جۆرە ماسییەکی دڕکاوی، ئەوانەی کە هەندێکیان لە ڕووبار و دەریاچەکان دەژین، بەشێکی دیکەیان دەریایین، وەک ماسییە لازیویییەکان (Silverside fish).
مان  و بوون بۆ کێیە؟

* هەڵە: ئەگەر هەرمان بۆ بەهێزترینەکانە، بۆچی مێروولەکان هەن؟
وەڵام: هەرمان بۆ بەهێزترینەکان، وەرگێڕانێکی بەهەڵەی زاراوەی (survival of the fittest)یە، کە پێویستە بگوترێ، هەرمان بۆ سازاوترین، یان گونجاوترین، وەک چۆن پێشتریش ئاماژەمان پێ کرد. خەڵک بەگشتی لەبەر بوونی چەند هۆکارێک، دەڕواننە سروشت و ژیانی زیندەوەران، وەک جیهانێکی دڕندەی پڕ لە تێکبەربوون و شەڕی خوێناوی. ڕۆژانە لە شاشەی تەلەفزیۆناکان دەبینین، چۆن شێرێک ئاسکێک ڕاو دەنێ و پەلاماری دەدا، یاخۆ ئاژەڵەکان بە چ شێوەیەک شەڕ دەکەن، کاتێک نێچیرێک دەگرن. جگە لەمانە ئەو توندوتیژی و جەنگانەی لە وڵاتانی جیهاندا ڕوویان داوە و ڕوو دەدەن، وامان لێ دەکەن، ژیان لە گۆشەنیگایەکی تەسکی وا ببینین کە تەنیا هێزە بتوانێ کێشەکان یەکلایی بکاتەوە، هەرمان بۆ بەهێزترینیش تاکە یاسایەک بێت لەم جیهانەدا.
ئەگەر بەوردی سەرنج بدەینە سروشت و ژیانی زیندەوەران دەبینین کە لەگەڵ بوونی چەند ڕەفتارێکی دڕندە، زۆر جاریش گەلێک دوورە لە کوشتن و بڕین. بگرە جیهانێکە پڕە لە هاریکاری و پێوەندی سووددەر، وەک ئەوەی لە نێوان ڕوەک و ئاژەڵاندا هەیە کە هیچ زەبروزەنگییەکی تێدا بەرچاو ناکەوێ، هەروەها زۆربەی ئاژەڵەکان بەدەگمەن نەبێت، پەلاماری یەکدی نادەن، بەتایبەتیش ئەگەر لە خۆراک و بژیویاندا جیاواز بن. هێز تەنیا ئامرازێکی کێبەرکێ و ململانەیە، لە هەر زیندەوەرێکیش لەلایەن و بوارێکی دیارکراودا خۆی دەنوێنێت. بەڵام ئەوی گرینگە بۆ مانەوەی گشت زیندەوەرێک، سازانە لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر و زیندەوەرەکانی دی، ئەمەش لە هەموو هۆکارەکان کاراترە.
دووپشکێکی بچووک، هەرچەندە بە زیندەوەرێکی بێهێزیش دابنرێ، دەبینین دەیان جار لە مرۆڤ سازاوترە بۆ ژینگەکەی، ئەگەر بارودۆخ گۆڕا و ژیان لەسەر زەوی سەخت و ناهەموار بوو، ئەو کاتە شتێکی سەیر نییە، دووپشک بمێنێ، مرۆڤیش بنەبڕ بێت! مێروولەکان و وردەزیندەوەرەکانی دی لە زۆر ڕووەوە ساز و گونجاون، بۆیە دەبینین ئەوانە لە زۆربەی بنەبڕییە مەزنەکانیشدا دەرباز بوونە، کەچی ئاژەڵە زل و بەهێزەکان (دایناسۆرەکان) لەناو چوونە.
خۆ ئەگەر مەبەستیش لە بچووکیی مێروولە بێت، ئەوا لێرەدا دەڵێین، مرۆڤ یەکێکە لەو بوونەوەرانەی کە بەخێرایی پەرەی سەندووە لە کاتێکدا کە بەراوردی بکەین لەگەڵ هەندێ ئاژەڵی دیکە. هەروەها نەهەنگیش بە هەمان شێوە لە ماوەیەکی کورتی مێژووی پەرەسەندندا گۆڕانی مەزنی بەخۆوە بینیووە، ئەمە ئەوە دەگەینێت کە خێرایی پەرەسەندن لە زیندەوەراندا زۆر جیاوازە. ئەوەش وا لە هەندێک دەکا بڵێن، بۆ مێروولە بە سەدان ملیۆن ساڵ پێش ئێستە هەبووە کەچی ئەمڕۆش هەر هەیە، ئەی بۆ پەرەی نەسەندووە؟ هەرچەندە مێروولەش بەشی خۆی پەرەی سەندووە، بەڵام وا دیارە ئەوان مەبەستیان ئەوەیە، بۆ نەبووە بە ئاژەڵێکی گەورە؟ وەک ئەوەی پەرەسەندن لە بچووکییەوە بێت بۆ گەورەیی.
* هەڵە: پەرەسەندن وا لە زیندەوەران دەکا باشتر بن.
وەڵام: پەرەسەندن وا لە زیندەوەران دەکا کە پێکهاتەی لەشیان لەگەڵ ژینگەکەیاندا سازتر و گونجاوتر بن، ئەمەش هەندێ جار بەرەو ئاڵۆزی زیاتریان دەبات، وەک هێزی چاوی هەڵۆ کە وای لێ دەکات لە دوورییەکی زۆرەوە نێچیرەکانی ببینێت. بەڵام دەبێت بزانین کە ئەمانە هەموو کاتێک بەو شێوەیە نییە، چونکە ئەگەر نەمانی تایبەتمەندییەک، بتوانێ هەلی مانەوەی جۆرێک زێدەتر بکا، ئەوا ئەو تایبەتمەندییە بەرەبەرە بزر دەبێت. ئەگەر بوونی ئەندامێکیش لە لەشی جۆرێک لە زیندەوەراندا، پێویستی بە وزەیەکی زۆر هەبێت بۆ ئەوەی گەشە بکا و هیچ کردار و فرمانێکی گرینگ بەجێ نەگەینێ، پەرەسەندن وای لێ دەکا، تووشی داهێزان بێ، پاشانیش وردەوردە سست ببێت و بپووکێتەوە، لەدواییشدا نەمێنێ.
نموونەی ئەمانە، ئەو زیندەوەرانەن کە توانی بینینیان لەدەست داوە، کاتێک گوێزراونەتەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکان. هەروەها ونبوونی پێیەکانی ئەو ئاژەڵانەی لەسەر وشکانییەوە چوونەتە ناو ئاو کە چیتر سوود لە بوونی پێیەکانیان نابینن، وەک پێشینەی نەهەنگەکان، یاخۆ گۆڕانی باڵەکانی پەنگوین (پێشینەکانیان باڵندە بوون)، بۆ پەلی وا کە بگونجێن بۆ مەلەکردن.
تەقینەوەی کامبری
هەڵە: لە تەقینەوەی کامبریدا کتوپڕ ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە شێوە ئاڵۆزەکانی ژیان پەیدا بوون، بەبێ ئەوەی هیچ پێشینەیەکیان هەبێت.
وەڵام: وا بەدەر دەکەوێ کە تەقینەوەی کامبری (بەر لە نێزیکەی ٥٤٠ ملیۆن ساڵ)، سەرهەڵدانێکی بەکۆمەڵی زیندەوەرە ئاڵۆزەکان بێت. زۆرینەی زانستمەندانی ئەم بوارە دەبێژن، هەرچەندە تەقینەوەی کامبری لە یەکەم دەرکەوتنی سێ لۆدارەکانەوە دەست پێ دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەمانە بە بنەچەی ژیان دانانرێن، چونکە ژیان پێش و پاشی چاخی کامبری هەر هەبووە، بەتایبەتی چاخی ئۆردۆڤیشی کە ئەویش هەمەجۆرییەکی زۆری بەخۆوە بینیووە.
دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ژیانی پێش چاخی کامبری کێشەیەکی گەورە بوو بۆ داروین، لەبەرئەوەی وەک چەندین جار گوتومانە، ئەو تۆژینەوە و دۆزەوانەی کە لەسەر زیندەوەرە وردەکان و پێکهاتە بەچاو نەبینراوەکان کران، لەو سەردەمانەدا نەبوون. بەڵام ئەوەی ئێستە دۆزراوەتەوە بەڵگەن نەک تەنیا بۆ ماوەیەکی کەمی بەر لە چاخی کامبری، بگرە بۆ سەدان ملیۆن ساڵیش پێش ئەو چاخە.  
هەندێ زانا و شارەزا هەن لەگەڵ هاوەڵەکانیاندا، لە ئاکامی پشکنینەکانیان چەندان هەڵکۆڵدراویان دۆزیووەتەوە کە گشتیان بەڵگەی بەهێزن بۆ بوونی ژیان پێش تەقینەوەی کامبری. لێرەدا هەندێکیان ڕیز دەکەین بەگوێرەی، تەمەنی هەڵکۆڵدراوەکان، دەستنیشان کردنی ناوی زاناکان، هەروەها ساڵی دۆزینەوەیان:
* ٥٥٥ ملیۆن ساڵ، چەندان هەڵکۆڵدراوی زیندەوەری جۆراوجۆر (مارتن ٢٠٠٠)
* ٥٦٠ تا ٥٩٠ ملیۆن ساڵ، زیندەوەری فرەخانەی پێکهاتەکانی (دوشانتو)ی وڵاتی چین (چن ٢٠٠٠ - ٢٠٠٤)
* ٧٥٠ ملیۆن ساڵ، ئەمیبا لەپکەدارەکان (پۆرتەر و نۆل ٢٠٠٠)
* ١٢٠٠ ملیۆن ساڵ، هەندێ هەڵکۆڵدراوی چیاکانی ستیرلینگی ئوسترالیا (ڕاسموسن ٢٠٠٢)
* ٢٧٠٠ ملیۆن ساڵ، چەند هەڵکۆڵدراوێک، بەگوێرەی بەڵگە کیمیایییەکان وا بەدەر دەکەوێت، ئەو زیندەوەرانە خاوەنی ناوکۆکەیەکی ڕاستەقینە بووبن (بڕۆکس ١٩٩٩)
* ٣٤٣٠ ملیۆن ساڵ، نیشتەکانی سترۆمێتۆڵایت، بەڵگەی بوونی وردەزیندەوەرەکانن (ئالوود ٢٠٠٦)
* ٣٤٦٥ ملیۆن ساڵ، چەند هەڵکۆڵدراوێکی زیندەوەرە یەکجار وردەکان (شۆپف ١٩٩٣)
* ٣٤٧٠ ملیۆن ساڵ، هاوتاکانی چەند توخمێکی کیمیایی جۆرە بەکتریایەک (شین ٢٠٠١)
* ٣٤٨٠ ملیۆن ساڵ، جێماوی نەخشە میکرۆبییەکانی سەر شووشەی گڕکانی (فورنس ٢٠٠٤)
لەبارەی ژیانی دوای چاخی کامبریش، گەلێک بەڵگەی دیکە هەن، چونکە زانراوە کە زۆربەی ڕوەکەکان لەدوای چاخی کامبرییەوە سەریان هەڵداوە. ڕوەکە گوڵدارەکان شێوەی باوی ژیانی سەر وشکانی ئەمڕۆ نیشان دەدەن، مێژووی پەیدابوونیان لە ١٤٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر تێ ناپەڕێت. بە هەمان شێوە ئاژەڵانیش هەموویان لەو چاخە پەیدا نەبوونە، سەرچاوە زانستییەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە زۆربەی ئەو کۆمەڵە ئاژەڵانەی ئێستە دەبینرێن، ئەو کاتە نەبوون، وەک شیردەرەکان، خشۆکەکان، باڵندەکان، مێرووەکان و جاڵجاڵۆکەکان، هەروەها ئەو ماسییانەی لە چاخی کامبریدا هەبوون لە شێوەی ئەو ماسییانە نین، کە ئەمڕۆکە هەن.
سەبارەت بەکتوپڕی سەرهەڵدانی زیندەوەران لە چاخی کامبریدا، زانستمەندانی ئەو بوارە وای بۆ دەچن کە ئەو چاخە ٥ هەتا ١٠ ملیۆن ساڵێکی خایاند بێت، هەندێکیش لەو باوەڕەن خۆی لە ٤٠ ملیۆن ساڵ، یان زیاتریش دەدا. هەرچەندە ژمارەی ساڵەکانی ئەو تەقینەوەیە تا ئێستە بەتەواوی یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام ئێمە ئەگەر کەمترینیشیان وەربگرین کە دەکاتە ٥ ملیۆن ساڵ، ناشێ پێی بگوترێت، ڕووداوێکی کتوپڕ. لەبارەی هۆکاری پەیدابوونی ئەو هەمەجۆرییە بەربڵاوەش، چەند ڕاڤینێکی لەبار و گونجاو هەن، لەلایەن کۆمەڵێک زانا و لێزانانەوە پاڵپشتییان لێ دەکرێت، وەک:
- زۆربوونی ئۆکسیجن لە بەرگی کژەکی زەوی، گۆڕانکارییە مەزنەکانی نێو زەریاکان و نیشتنی فۆسفاتێکی گەلێک زۆر لە بنەبانی دەریاکان. زاناکان لەو باوەڕەن کە ئەمانە لە سەرەتای چاخی کامبری ڕوویان دابێت.
- لە سەرەتای چاخی کامبری، زەوی تازە چاخێکی سەهۆڵینی یەکجار سەخت و نالەباری بڕیی بوو کە ببووە بەربەسێکی گەورە لە بەردەم زێدەبوونی ژمارەی زیندەوەران و ئاستی ئاڵۆزییان، بەڵام بە کۆتایی هاتنی ئەو چاخە و ڕەخسانی ژینگەیەکی گونجاو، چەندان دەروازە بەڕووی بووژاندنەوە و پەرەسەندنی ژیاندا کرانەوە.
- لەبەرئەوەی زیندەوەرە ئاڵۆزە سەرەتایییەکان بە قەبارە گەلێک ورد و بچووکن، بۆیە ناتوانرێ زۆربەی ئەو پەرەسەندنانەی لەو چاخە یەکجار کۆنانە ڕوویان داوە، لە هەڵکۆڵدراوەکانیاندا بەچاکی ببینرێن.
- جینەکانی Hox، نەخشەی بەشێکی گرینگ دەکێشن لە لەشی ئاژەڵاندا وەک، سەر، سنگ و پێیەکان. کە دەشێ یەکەمین پێکهاتە بن لەو سەردەمەدا پەرەیان سەند بێت، ڕێخۆشکەریش بووبن بۆ وەرگرتنی ئەو شێوەیەی کە لە ئاژەڵانەدا هەیە.
- لەدوا سەردەمەکانی پێش چاخی کامبریدا، کۆمەڵە زیندەوەرێکی دڕندە و چالاک دەرکەوتن، بە پەرەسەندن لە لەشیاندا چەند پێکهاتە و ئەندامێکی ڕەق پەیدا بوو، ئاشکراشە ئەو ئەندامە ڕەقانە زۆر ئاسانتر دەپارێزرێن و دەبن بە هەڵکۆڵدراو، بە بەراوردکردن لەگەڵ ئاژەڵە لەش نەرمکانی پێشوو، ئەمەش وای کرد ژمارەی هەڵکۆڵدراوەکان پتر ببێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێ بزانین کە زۆری ژمارەی هەڵکۆڵدراوەکان، هەرگیز زۆری ژمارەی زیندەوەران ناگەینێت.
پەرەسەندن و تاوانکاریی
هەڵە: باوەڕهێنان بە تیۆری پەرەسەندن، کۆمەڵگە بەرەو بێئاینی، ڕەگەزپەرستی، بەدڕەوشتی، گەندەڵی کۆمەڵایەتی و زێدەبوونی تاوان دەبات.
وەڵام: ئاشکرایە کە لە وڵاتانی خۆراوادا بێئاینان، چەند کەسانێکی ڕەگەزپەرست، تا ڕادەیەکیش تاوانی تێدایە، بەڵام زۆربەمان دەزانین کە ئەمانە بە ڕێژەی جیاجیا لە گشت کۆمەڵگەکانی جیهاندا هەن. تاوان و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان لە تیۆری زانستییەوە پەیدا نابن، بەرەنگاربوونەوە و چارەسەرکردنیشیان بە دژایەتیکردنی زانست ناکرێن. جیهان بەر لە هاتنی تیۆری پەرەسەندن، هەرگیز بەبێ کێشە و تاوان نەبووە، هیچ ئامارێکیش نییە، زێدەبوونی ڕێژەی تاوانکاری، بە خوێندنی تیۆرێکی زانستی ببەستێتەوە. وڵاتانی ئەسکەندەنافی، هیچ گرفتێکیان لە خوێندنی تیۆری پەرەسەندن نییە، ژمارەی لایەنگرانیشی زۆر لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پترە، کەچی ڕێژەی تاوانکردن لای ئەوانە، گەلێک کەمترە لەوەی کە لە ئەمەریکادا هەیە.
هەندێ بنەما و چەمکی تیۆری پەرەسەندن، بەتایبەتیش ئەوەی پێی دەگوترێ (داروینایەتی کۆمەڵایەتی)، کراوەتە ئایدیۆلۆژیا و ڕێبازێک بۆ خراپەکاری، بێگومان ئەمەش هیچ پێوەندییەکی بە داروینەوە نییە. ئەم چەمکە لەلایەن چەندان بیروبڕوا بۆ مە‌بە‌ستی جۆراوجۆر بە‌کار هێندراوە‌ وەک، کۆمۆ‌نیستی، سە‌رمایە‌داری و ڕە‌گە‌زپە‌رستی. کۆمەنیستەکان بەناوی سیاسەت و دانانی کۆمەڵگەیەکی بێئاین، بێخوایەتییان کردە ئامرازێک بۆ دژایەتیکردنی ئاینداران و کوشتنی هەزاران کەس و سووتاندنی چەندان پەرستگە و کڵێسا. سەرمایەدارەکان بنەمای (ململانە لەپێناو مانەوە)یان کردە بەهانە، بۆ دەوڵەمەندبوونی بێسنوور و سڵ نەکردنەوە لە چەوساندنەوە و خواردنی مافی هەژاران. بەهەمان شێوە نازییەکانیش تیۆری پەرەسەندنیان بۆ مەبەستی نەتەوەپەرستی بەکار هێنا، بەوەی کە خۆیان لە نەتەوەکانی دی بە چاکتر و پاکتر دادەنا، وای بۆ دەچوون کە ئەڵمانەکان و ئارییەکانی باکور، نەژادیان خاوێنە و ڕەگەزە مرۆڤێکی جیاواز و تایبەتین. دواجار پرسیار ئەوەیە ئایە ئەمانە تاوانی داروین و تیۆری پەرسەندنە، یان هۆکاری دیکەیان هەیە، گەر بمانەوێت بەچاکی بەدوای زانیارییەکاندا بگەڕێین؟
-------------------------------------------------
ئەمەی سەرەوە بابەتێکە لە کتێبێکی ئامادەکراو بەناوی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن) کە لە ئایندەدا بڵاو دەکرێتەوە.

سەرچاوەی وێنەکان یەک لەدوای یەک:

http://www.cosmicme.com/nature/ecosystem.html
https://mensensamenleving.me/2015/12/24/
https://www.pioneeringminds.com/einstein-darwin/
https://www.freepik.com/free-vector/science-icon-collection_764934.htm#term=science&page=1&position=3
https://nl.pinterest.com/pin/37647346863720500/
http://www.0095.info/nl/index_stellingen_thesennl_nl01.html
https://nl.wikipedia.org/wiki/Evolutietheorie#/media/File:Ape_skeletons.png
https://nl.wikipedia.org/wiki/Evolutie_(biologie)#/media/File:Tiktaalik_roseae_life_restor.jpg
http://magspace.ru/blog/science/319792.html
http://www.natuurinformatie.nl/nnm.dossiers/natuurdatabase.nl/i004326.html
https://blogs.ucl.ac.uk/researchers-in-museums/2014/03/10/taxonomies-of-bones-and-pots-the-petrie-pops-up-at-the-grant-museum/
https://sideeffectanswers.com/genetic-mutations-fight-heart-disease/
http://eplumer.blogspot.com/2014/09/camping-at-goose-island-state-park.html
https://livre.fnac.com/a2700651/Vincent-Trybou-Methode-anti-phobies-animales-et-vegetales
http://earthlearningidea.blogspot.com/2011/11/curious-creatures-cambrian-explosion-of.html
http://www.6millionandcounting.com/index.ph

سەرچاوە:
بڕوانە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرەیە.... (بۆ ئەمە  کلیک لە سەر ناوی نووسەر، یان وێنەیەکی بکە)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە