ڕوسیا عیراق پڕچەک دەکات و باشووریەکانیش فریو دەدا


لە خڕەی ناوزەنگەوە بۆ گردی زەرگەتە (بەشی یەکەم)

Sunday, 01.06.2019, 21:41

11709 بینراوە


سەرەتا بۆ دەستپێکی باسەکە:
ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک نەوشیروان مستەفا لە بەغدا گەڕایەوە بۆ سلێمانی و دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە یەکێتیی راگەیاند، چەند رۆژێک پێشتر لە رێگای ئاسۆی برامەوە، پێی راگەیاندم کەوا بەو نیازە هاتۆتەوە دەیەوێت کاری راگەیاندن بکات و لە سیاسەت دوور بکەوێتەوە. پاش ماوەیەکی کورت بە مۆبایلەکەی ئاسۆی برام هەر خۆی پەیوەندیی پێوەکردم، وتی دەزگایەک بەناوی دەزگای وشەوە دادەنێم، بەڵکو ئێوەش لە کوردستانپۆستدا ئاگاداریی و ریکلامێکمان بۆ بکەن لینکی سایتی (سبەی) دابنێین.
من لە سەرەتاوە ئەمەم بۆ برادەران و ستافی کوردستانپۆست گێڕایەوە، گومانی خۆم لەو بارەیەوە خستەروو، کە نەوشیروان خەریکی گەمەیەکە، چونکە من وەکو کەسێکی سیاسیی و دەسەڵاتدار بۆ ئەو هیچ نییم، بۆ وا لە پێش هەموو کەسێکدا ئەمە بە من رادەگەینێت، دەسەڵاتێکی سیاسییشم نییە، مەبەستی ئەم پەیوەندییە گەرمە چییە بەتایبەتی لە کوردستانیش نییم؟! هەڵبەت ئەو لێکدانەوەیەی کە من بۆ ئەوەم کرد، هەر واش دەرچوو. چونکە لەو سەردەمەدا کوردستانپۆست، جەماوەرێکی زۆری لە خۆی گردکربوویەوە، رەخنەگر و کەسانی ناڕازیی تێ ئاڵابوون، دەسەڵاتی پارتەکان ئەمەیان بە مەترسییەکی گەورە دەبینی، بەتایبەتی لە ئەوروپا و دەرەوەی کوردستان، تا دەهات دەنگە ناڕازییەکان زیاتر دەبوون، نووسەر و روناکبیرە بەهەڵوێستەکان بیرۆکەی ئەوەیان دادەڕشت رێکخراوێکی ئۆپۆزیسین لە دەرەوە رابگەیەنن، نەوشیروان مستەفاش ئەزمونی زۆری لە بارەی کۆمەڵەی رەنجەداران و تەفروتوناکردنی ئەندامان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەدا هەبوو، ئەمەش بۆ دەسەڵاتی کوردی بەتایبەتی بۆ یەکێتیی مەترسییەکی گەورە بوو، بۆیە نەوشیروان دەیویست کلیلی سەرهەڵدانی ئەم بزوتنەوەیە وەربگرێت و لە کوردستانپۆستەوە بۆی دەگەڕا رێگایەک بدۆزێتەوە بۆ چوونە نیو ئەم ئۆپۆزیسیۆنە نوێیە، بۆ ماوەیەک بەردەوام پەیوەندیی لەگەڵمدا گەرم بوو، تا دروستبوونی (رەگ). ئیتر دوایی بە رێگای ئیمەیڵ شۆڕش حاجییش پەیوەندیی پێوەدەکردین، تاکتیک و پلانی ئەوان بوو، تا لە پڕ رەگیان هەڵکێشا و نەما، گۆڕانیان دروست کرد. هەر قسەیەک بە دوای ئەمەدا بکرێت، گوایە نەوشیروان مستەفا بەتەمای دروستکردنی رێکخراوی سیاسیی نەبووە و ناچارکراوە، ناچێتە جێگای بڕوابوون، چونکە ئەزمونی خۆم و ئەو پەیوەندییانە و مێژووی سیاسیی و هەلسوکەوتی نەوشیروان پێچەوانەکەی سەلماند.
 هەرچەندە من لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا خەڵکی شارێک، خەڵکی گەڕەکێک و شەقامێکیشین، لێ ئەو لە تەمەندا لە من گەورەتربوو، لە رێگای گۆڤاری (رزگاری)یەوە زیاتر ئاشنای بووم و ناسیم، پەیوەندییمان بە یەکترەوە نەبوو، من کەسێکی نەتەوەیی و ئەویش مارکسیی و سۆسیالیست و چەپی توند رەو بوو، تا لە ناو جەلالیدا خۆی دۆزییەوە، هەر یەکەمان لە سەر دوو رێگای جیاواز رێکەوتبووین، ساڵی ١٩٨١ کە لە توژەڵە یەکتریمان بینی، ئەو کاتە، لەگەڵ برادەرێکدا چووینە لای، برادەرەکەم کە نایەوێت ناوی بهێنرێت بۆ ئەو مەبەستە چوو تا ئەو بڕیاڕەی یەکێتیی دەریکردبوو بۆ کوشتنی فوئادی مەجید میسری ژیوانی بکاتەوە. برادەرەکەم وای بە نەوشیروان گوت: کە فوئاد مەجید میسری نووسەرێکە، بە قەڵەم لە دژتانە، ئێوەش بە قەلەم وەڵامی بدەنەوە، نەک بە گوللە. (تا ئێرە رێگام پێدراوە قسە لەسەر ئەو باسە بکەم).
ماوەی ئەو چەند مانگەی لە دەریشەوە بووم، پێش ئەوەی نیشتیمان جێبهێڵم، لە زۆر پێشمەرگەم دەبیست، بە تایبەتی لەوانەی دژی خەتی تالەبانی و نەوشیروان بوون، دەیانگوت: کاک نەوشیروان تەنیا رقی لە ئێمە نییە، بەڵکو رقی لە ژنیشە، هەرگیز بیر لەوەش ناکاتەوە ژن بهێنێت، وەکو نوکتە قسەیەکیان لەسەر دەگێڕایەوە، کە گوایە لەو کاتەدا دایکی هاتۆتە دەرێ لای چەند کەسێک وتوییەتی: (من دایکم زۆر خۆش دەوێت، بەڵام خۆزگە ژن نەبوایە).
--------------------
بۆ ئەوەی بچمەوە سەر باسەکە دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە نەوشیروان مستەفا هەرچەندە کەسی دووەمی ناو یەکێتیی بوو، ئەو دەیتوانی لە دوای جەلال تاڵەبانی کاری زۆر لە ناو یەکێتییدا بکات و کاریگەریی لە سەر پاشەڕۆژی یەکێتیش هەبێت، بەلای منەوە وازهێنانی نەوشیروان لە یەکێتیی، بە پلان و رێکەوتنی ژێربەژێر بوو لە نێوان تاڵەبانیی و نەوشیروان، من وای بۆ چووم، ئەمە بۆ هەندێک کەس کەمێک تێگەیشتنی زەحمەتە، هەموو گەمەیەکی سیاسیی و موخابەراتی رێگا پێدراوە، تەنیا کەسی سادە بڕوای بەم جۆرە گەمانە نابێت، ئەگەرئەمە پێشوەخت بە رێکەوتنی هەردوولایان نەبووبێت، خۆ دەتوانین ئەوە بسەلمێنین، کە چۆن بە دروستبوونی گۆڕان، نەوشیروان خزمەتێکی زۆری بە بنەماڵەی تاڵەبانی کرد، ئەگەر گۆڕان نەبوایە بنەماڵەی تالەبانی، ژن و کوڕ و برازاکانی وەک ئەمڕۆ نەدەبوونە خاوەنی ئەم یەکێتییە ئەگەر نەوشیروان لەناو یەکێتییدا بمایاتەوە دەیتوانی ببێتە بەربەستێک و یەکێتیی لە زۆر قەیران رزگار بکات، وەکو ئیستای لێدەرنەچێت.
زۆربەی ئەوانەی لە کۆندا جەلالی بوون، هاتنە ناو گۆڕانەوە و عەمرەیان کرد!
جەلال تالەبانی متمانەی تەواوی بە نەوشیروان بووە، هەروەکو بەرپرسێکی یەکێتیی لە دەرەوە ئەوەی درکاند، کە جەلال تالەبانی، نەوشیروانی لە کوڕەکانی خۆی زیاتر خۆش دەوێت و متمانەی تەواوی پێیەتی، پرسیار لەوەدا بوو، ئەوسا دەیان کەس کە جەلال تالەبانی گومان و ترسی لێیان هەبوو، بۆچی بە جۆرەها پلان و تۆمەت لەناوی بردوون، بەڵام لەسەر نەوشیروان هیچ ترسێکی نەبووە، بەتایبەتی نەوشیروان لە دەیان کەسی دیکە بەتواناتر و زیرەک تربوو، دەبوو تالەبانی ترسی زیاتر لە نەوشیروان بوایە؟
کاتێکیش ئەم دووانە لە یەکتر جیابوونەوە، ئامانجێک لەم جیابوونەوەیە و یەکترازانە، ئەوە بوو، کە لە پاڵەوە سیاسەتیان کردە چالاکی بازرگانی، بیریان لە پاشەڕۆژی منداڵەکانیان کردووە، تا ئەوان تێیدا سودمەندبن، ئەم دوو رێکخراوە (یەکێتیی و گۆڕان) هاو تەریبی یەکتر بوون، هەرچەندە نەوشیروان بووە خاوەنی گرد و حیزبی خۆی، ئامانجێکی دیکەشیان هەبوو، کە ئەو بەرپرسانەی تالەبانی بۆ دوارۆژی بنەماڵەکەی ترسی لێیان هەبوو و خۆشیی پێیان نەدەهات، نەوشیروان هەموویانی لە تالەبانی دوور خستنەوە و هێنانیە ناو بزووتنەوەی گۆڕان، تالەبانیی دڵنیاکردەوە، بەمە هێرۆی خێزانی زیاتر دەستڕۆیشتووتر کرد، بە دوایدا کوڕ و برازاکانی، کە بە بێ رکابەر بوونە باڵادەست.
ئەوانەی تا ئیستا لەسەر ئەم قسانەی من سەرنجێکیان هەیە، با کەمێک مانای (راستیی)یان بۆ لێکبدەینەوە، رووە فەلسەفیی و فیکرییەکەی بگرین، کە چۆن لەگەڵ واقعی رووداوەکانی دوای نەمان و کۆچی دوایی تالەبانی و نەوشیروانیان دەگونجێن، دەتوانین پێناسەی راستیی بەوە بکەین، کە راستیی لە دەرەوەی بڕیاردانی عەقڵ پێویستی بە گومان نییە، جیاوازی راستیی و واقع تەنیا مەدا زەمەنەییەکەیە، واتە ئەگەر راستی قابیلی گفتوگۆگرندن بێت بۆ داهاتوو، دەتوانرێت بگوترێت (ئەمە وا روو دەدات) بەڵام کە بووە واقع ئیدی ئەوەی تێدا نامێنێت و قابیلی گفتوگۆ و قسە لەسەرکردنی نابێت، ناتوانرێت بگوترێت (با ئەمە وا روو بدات)، یان (ئەمە دەبوو وا رووی بدایە).
هەڵبەت ئەوەی سەرەوە کە لە سەر نەوشیروان مستەفا و گۆڕانم باسکرد، ئەوا ئەمڕۆ لەوە دەرچووە بە گومانەوە قسەی لەسەر بکرێت، ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر گۆڕاندا هاتووە و دێت، بەڵگەی راستیی قسەکانە، چونکە راستییەکان بوونەتە واقع، ناتوانرێت پێچەوانەی واقعەکە ناڕاستییەکی تیێدا بدۆزرێتەوە. لێکدانەوەیەکی زانستیانەش لەسەر کەسایەتیی و سەردەمی رووداوەکان تەواوکەریی گەیشتنە بەراستیی.
لێرەدا دەمەوێت نمونەیەکی دیکەش بهێنمەوە، کە رۆژێک کاک سەباحی عەلی قارەمان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دانیشتبوو، هەواڵی من و کوردستانپۆستی لە سەباح لێپرسیبوو، سەباح وتبووی، کەوا (کەمال) نمونەیەکی لەسەر تۆ بۆ هێناومەتەوە، دەڵێت: کاک نەوشیروان لەناو ئۆپۆزیسیۆن و دەنگە ناڕازییەکاندا رۆڵی دکتۆری خەستەخانەی شێتەکان دەبینێت.
(شێتەکان لە شێتخانەیەکدا مان دەگرن، لە هۆڵ و ژوورەکانیان دێنە دەرێ، لە گۆڕەپانی شێتخانەکە وەل دەبن و رادەکەن، هاوار دەکەن، کارمەند و دکتۆرەکانی خەستەخانەکە کۆنترۆڵیان لە دەست دەردەچێت هەرچی دەکەن ناتوانن شێتەکان هێور بکەنەوە، تا لە ناویاندا دکتۆرێک دەڵێت من چارەیان دەکەم. دەچێت جلی پزیشکییەکەی خۆی دادەکەنێت و دەستێک جلی وەکو شێتەکان لەبەر دەکات، دەڕواتە نێو ئاپورەی شێتەکانەوە و لەگەڵیاندا دەست بە راکردن دەکات، ئەوان چی دەکەن، ئەمیش وا دەکات، تا دەبێتە کەسی پێشەوەی شێتەکان و پێشڕەوییان دەکات، ئەمانیش بە دوایدا، پاش چەند خولێک سوڕانەوە، یەکسەر خۆی دەکاتەوە بە ناو هۆڵی ناو شێتخانەکەدا، ئەوانیش بە دوایدا ئیتر دەرگا لەسەر شێتەکان دادەخەن.)
کاک سەباح عەلی قارەمان وتی، کاتێک ئەوەم بۆ کاک نەوشیروان گێڕایەوە، رەنگێکی برد و رەنگێکی هێنا، دەنگی نەکرد.

گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنخۆر
مێژووی کورد، بەتایبەتی لە باشووردا، پڕە لە خیانەت و لە ناپاکیی، پڕە لە ئه‌نفالچیی و جاش، موسته‌شار و کۆنە به‌عسیی، هەرچەندە نووسینەوەی مێژووی کورد لەم بەشەدا ده‌ستی نووسینەوەی پێ ماندوو ده‌بێت، تێیدا زمانیش لەگۆ دەکەوێت، چونکە نەبوونی بەڵگەی تەواو، یان سەرچاوەی لیخنی پڕ لە گومان ناتوانێت ڕاستیی رووداوه‌ مێژوویه‌کان وەک خۆی بگێڕێته‌وه‌، بەتایبەتی زۆربەی کەسە تاوانبارەکان ئەمڕۆ دێن وەکو پاڵەوانی رووداوە مێژووییەکان کەوتوونەتە نووسینەوەی مێژوو، بە ئارەزووی خۆیان چییان بوێت لە ناو ئەو مێژووە گۆمانوییەدا تۆماری دەکەن. نەتەوەیەک شەرمەزاری دیرۆکی خۆی دەکەن، زۆر کەس نەفرەت لە کوردیبوونی خۆشی دەکات. لێرەدا ئەوەی دەگونجێت بۆ ئەو مێژووە قسەی لە سەر بکەم ئەوەیە، کە لە مێژووی ئەم ٨٠ ساڵەدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ته‌حسین شاوه‌یس و جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانییدا نابینم، ئەگەر هەشبێت هێندەی تاڵەموویەک لە یەکەوە دوورن، ئەو جیاوازییەش تەنیا لە بێ عەقڵی تەحسین شاوەیسدا دەیدۆزینەوە، کە ئەو کەسێکی خوێندەوار و زیرەک نەبوو، دەنا دەیتوانی وەکو مەسعود و جەلالی بکردایە، رێکخراو و حیزبی سیاسیی بۆ خۆی دروست بکردایە، وەکو ئەمان دەبووە سەرکردە و دەچووە مێژووەوە، تۆزی جاشایەتیی و خیانەت و پیاوکوژی لە خۆی دەتەکان، کە مردیش گردێکی بۆ خۆی داگیر دەکرد، ناوبانگی دەردەکرد، منداڵەکانی لە دوای خۆی جێگایانی دەگرتەوە، وێنەکەیان بە گەورەیی لە هۆڵی پەرلەمان و لە شوێنە گشتییەکاندا هەڵدەواسرا، ئەوەتا پاش ئەو هەموو مێژووە شاسوار عەبدولواحیدێک پەیدا دەبێت لەو گەمەیە دەگات، زوو بازرگانیی، دزیی و فزیی و دەستبڕینەکانی خۆی لە ژێر پەردەی دروستکردنی کەناڵی تەلەفیزیۆنیی و دروستکردنی رێکخراوێکی سیاسییدا دەشارێتەوە. هەڵبەت ئەمڕۆ هەر رێکخراو و بزووتنەوەیەک لە باشوری کوردستان دروستبێت، دەبێت رەزامەندی پارتی، یەکێتی و داگیرکەرانی لەسەر بێت، دەنا ناتوانێت ببێتە خاوەنی راگەیاندن و کەناڵی تەلەفیزیۆنیی و ئەو هەموو شتانە، بەڵام چونکە حیزبەکەی شاسوار و داد و گەشەپێدانی بەرهەم ساڵح تەواوکەری ئاکەپە بوون، تام و بۆن و لەزەتی میتیان لێدەهات، توانیان دروست ببن، بەو مەرجەش رێگا بەم بازرگان و بەرپرس و سەرکردەی حیزبانە دراوە کەناڵی تەلەفیزیۆنیان هەبێت و رابەرایەتی بکەن.
بۆ نەهێشتنی گومانەکان کە دوایی بوونە یەقین، لەسەر دروستبوونی نەوەی نوێش قسەیەکی دیکەم هەیە، تا بیسەلمێنم هەموو ئەو حیزبانە پێشوەخت بە پلان و رەزامەندی دوژمن و داگیرکەران دروست دەکرێن.
شاسوار و نەوەی نوێ:
دوای ١٧ی شوبات و بە ماوەیەکی کورت لە رێگای دۆستێکەوە شاسوار عەبدولواحید پەیوەندیی پێوەکردم، داوای کرد بمبینێت، بۆ ئەو مەبەستەش هاتە لام بۆ سوید، بە بیانووی ئەوەی گوایە لەلایەن دەسەڵاتەوە فشاری زۆریان بۆ هێناوە، دەیەوێت لە ئەوروپا کەناڵێکی ئاسمانی بەناوی کوردستانپۆست بکاتەوە، بۆ ئەمەش وتی تەنیا متمانەم بە تۆیە، دەمەوێت ئەو کەناڵە چەندی تێبچێت من لە رووی مادییەوە یارمەتییتان بدەم، من هەقی سیاسەت و بەڕێوەبردنی کەناڵەکەم نابێت، وەکو سیاسەتی کوردستانپۆست چۆنی بەڕێوە دەبەن خۆتان سەرپشک بن. ئەوەشی وت، کەوا مەترسیی زۆرە کەناڵی (NRT) دابخەن. (تێبینی: هەڵبەت من تا ئەو کاتە کە سەرەتای گەشەکردنی شاسوار بوو، بەدواداچوونم لەسەری نەکردبوو، نەمدەزانی کەوا کوڕی واحیدی کەبابچییە، تەنیا ئەوەم دەزانی کە بازرگانێکە وەکو عەلی ناجی، عەلی کەمالی سەردەمی پادشایی و بازرگانە خێرخواز و شەریفانە بێت، نەک وەکو ئەم کەسەی کە ئەمڕۆ دەرکەوتووە. چونکە چەند بەڕێزێک لەسەر ئەمە سەرنجیان هەبوو). ئەوەبوو منیش پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ برادەرانی ستاف و چەند نووسەرێک، رەزامەندیم پێشان دا و یەکترمان بینی. ئەوەی لە دواییدا بووە جێگای سەرنج لەلام و لە سەرچاوەیەکەوە ئاگادارکرامەوە، کە بەم هاتنەی شاسوار، نەوشیروان مستەفا و چەند بەرپرسێکی دیکەی یەکێتییش ئاگاداربوون، هەروەها شاسواریش وەکو کەسێتیی لەلام بووە جێگای گومان، چونکە ئەوەم لە شاسواردا بینییەوە، کە کەسێکە توانای هونەریی، ئەدەبی، کاری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی نییە، تەنانەت کەسێکی سیاسییش نەبووە. چۆن ئاوا لە پڕێکدا بووە ئەم بازرگانە دەوڵەمەندە و هەنگاوی گەورەتری نا بۆ کاری راگەیاندن و کردنەوەی کەناڵی تەلەفیزیۆنی، ئەمەش مەسەلەیەکی دیکەیە، بە بەراورد لەگەڵ فاروقی مەلا مستەفا، ئەگەر ئەو ئەمەی بکردایە، گومانێکم لەسەری نەدەبوو، چونکە فاروق پێشتر کەسێکی سیاسیی بووە، دوایی جەلال تالەبانی یارمەتی دا و لەگەڵ دلێری سەید مەجید بوونە گیرفانی پڕی راست و چەپی تالەبانی و بنەماڵەکەی، ئەمە لە فاروقی مەلا مستەفا دەوەشایەوە، کە رێکخراوی سیاسیی هەبێت و دروستی بکات، بەڵام شاسوار بۆ من جێگای گومان بوو، تا ئیستاش هەرچییەک دەکات راسپێردراوە و لایەنێک رێنمایی دەکات، هەرواش دەرچوو، کە پاش ئەو بینینە، تا ماوەی چەند مانگێک لە درۆکردن و درۆکردن، ئیتر دەنگی نەما، تا لە پڕ دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کەوا نەوشیروان مستەفا بەنیازە لە ئەوروپا کەناڵێکی ئاسمانی دەستەخوشکی (KNN) بکاتەوە. ئایا ئەمەی شاسوار و بزووتنەوەی گۆڕان رێکەوت بوو، یان پلانی هەموو لایەنەکان بوو، چ مەبەستێکی دیکەی لە دواوە بوو، ئیتر نە ئێمە پەیوەندییمان پێوەی کردەوە، نە ئەویش دەنگی ما، تا بە تەواویی زانیاریی تەواومان لەسەر شاسوار وەرگرت، بە تایبەتی لەسەر ئەو هەموو دەستبڕین و ساختەچێتیی و زەویداگیرکردنەی سلێمانی، کە بە پاڵپشتی بەرپرسەکان و مستەفای سەید قادری گۆڕان و کەسانی دیکە بۆی دەچێتە سەر و لە ژێرەوە هەموو هاوڕێ و شەریکە دزی یەکترن. گومانەکانی من بەرەو ئەو ئاڕاستەیەش چوون، کە هاتنی شاسوار بۆ لای من، پلانێکی دیکە بوو دەیانویست بمانخەنە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە و ناومان لەکەدار بکەن.
ئەمڕۆش ئەوەی شاسوار عەبدولواحید کەڵکی لێوەرگرتووە، ئەو وانەیە بوو لە تەحسین شاوەیس وەریگرت، نایەوێت وەکو بازرگانێکی دز و ناپاک ناوی بهێنرێت، بەڵکو وەکو سەرۆکی پارتێک خۆی خستە ناو ناوانەوە، لە ریفراندۆمەکەدا کۆمەڵێک میدیاکار و نووسەر و سیاسیی هێنایە پاڵ خۆی، بەناوی (نا لە ئیستادا) دژی پارتیی وەستایەوە، من زوو فریاکەوتم و وشیارییم بە چەند کەسێکی ناو (نەخێر)ەکەی شاسوار دا، کە توخنی شاسوار نەکەون، چونکە شاسوار راسپێردراوە و کاری دیکەی پێسپێردراوە، ئەوەم وت، کە دوای ئەم نەخێرە رێکخراوی سیاسییش رادەگەیەنێت، وا لە ئیستاوە هێدی هێدی بە پلان هەنگاوی بۆ دەنێت، خۆشبەختانە زۆربەیان لێی دوورکەوتنەوە و وازیان لێی هێنا.
دیسان ئەو وانەیەی شاسوار لە تەحسین شاوەیسی وەرگرت، ئەوەش بوو، کە ئەمیش ویستی لەپاڵ نەوەی نوێدا، زیارەتی کابە و حەجی کوردایەتیی بکات بۆ ئەوەی لە تاوانی دزیی و درۆزنی و دەستبڕین خۆی خاوێن بکاتەوە، ئەگەر پێشتر برایم ئەحمەد و جەلال تالەبانی، لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بە سواری ماشینی حیزبایەتی زیارەتی کابەی کوردایەتییان کردبێت و تەحسین شاوەیسەکانیان جێهێشتبێت، نەیانهێشت بە لاپەڕە رەشەکانی مێژوودا گلۆربنەوە ، بەمە توانیان بە گردێکدا هەڵگەڕێن، بوونە کەسانی پیرۆز هەر یەکەیان لە گردێک نێژران، ئەو شوێنانە پێیان ناڵێن گۆڕی فڵانە سەرکردە، بەڵکو دەڵێن مەزاری پیرۆز، خەڵکی دەبێت بچێت زیارەتیان بکەن.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا هەر کەسێک، ئەگەر باسی لە خیانەت و هەڵکێشانی رەگی ناپاکی کرد، با بزووتنەوەی گۆڕانیشی لە بیرنەچێت.
سەرکردەی پارتەکانی باشوور ئەگەر لە هەموو شتێکدا رژد و رەزیل بووبێتن، ئەوا لە خیانەتکردندا دەستبڵاو بوون، لە درۆکردن و کوشتنی کورددا دەستکراوە بوون، بۆیە نووسەر و رووناکبیرکانیشیان وەکو خۆیان فێرکردووە کاتێک لە کەناڵەکاندا قسە دەکەن، یان دەنووسن، شەرم ناکەن لیکاوی زەرد بە لچیاندا دێتە خواری و بە مەسروی کوری مەسعود دەڵێن ئەو بکوژی سەردەشت عوسمان نییە، دەزگای پاراستن دەزگایەکی خێرخوازییە، نەک دەزگایەکی خوێناوی، هەرچەندە کاک مەسرور سەرۆکی ئەو دەزگایە بووە، جارێ ئێمە نایناسین، با بفەرموێت خۆیمان پێ بناسێنێت. ئەمە یەکێکە لە فەرمایشتەکانی کاسەلێسەکانی گردەکە، کە تێێدا رێبین هەردی پەیامی زەرد و نیلی بۆ خەڵکی کوردستان پێیە.
ئەم باسە درێژەی دەبێت، دێینە سەر قوتابییە دەرچووەکانی بزووتنەوەی گۆڕان یەکێک لەوانە رێبین هەردییە، کە هەموو هەفتەیەک ئەم کابرایە لە دیوەخانەکەی نەوشیروان مستەفا حزوری هەبووە. بەردەوام ئەتوار و قسە زەردەکانی، رەنگە نیلییەکەی گۆڕانی کاڵتر کردۆتەوە،
 لەگەڵمدا بن بۆ بەشێکی دیکە




(دەنگدراوە: 26 . زۆرباشە: 4/5)