لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن و کێڵانی باسگەلی بیر و هزر، گێڕانەوەی مێژوو، قسە لەسەر ئەدەب و ئایین، پرس و چیرۆکی نەتەوە و حیکایەتی سەربەخۆیی و بوونە دەوڵەت و ئابڕووی کوردبوون، ئەم ھەموو بابەتگەلە، کرۆکی باسە ھەمیشەیی و بێ بڕانەوەکانت بوون. تۆش وەک بابەگوڕگوڕ ئاگر و دوکەڵت لێ بەرز دەبۆوە. هاوبیرەکەم، باش دەرکت پێ دەکرا،کە خەمت قووڵ و ئازارت فرە بوو، چونکە تەواو تەواو لە ژان و ستەمی بندەستی گەشتبوویت، هەربۆیەکا بێ پەردەی شەرم و کۆسپی زمانن گرتن نەعرەتەی سەربەخۆییت دەچڕاند و نەفرەتت لە داگیرکەر و داگیرکاریی و ناپاکان و گێرەشێوێنان دەکرد. حەز و خواست و باوەڕی بنجیت، لە ژیانێکی پڕ لە ئابڕووی سەربڵندانە، لە" کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان" دا خۆی دەدییەوە.
ژانی کەرکووکت، وەک بەشێک لە پرسە نەتەوەییەکە، کوانووی بیرکردنەوەت بوو. کوردایەتیکردن ئامانجی ژیانت بوو. بۆ کوردبوون سووتاو و برژاو و ھەڵقرچایت و بوویتە پێناسەی خەم و ئازاری یەک نەتەوەی ٦٠ ملیۆنی و ئەم پرسە خەمۆکییەت، وەک کەشکۆڵ دابوو بە کۆڵت دا و بە جیهان دا دەتگێڕا. ئازاری بندەستی نەتەوەیەکت لە پریاسکەیەک دا جێی کردبۆوە و دۆزی کوردیشت کردبووە بنێشتەخۆشەی بن ددان و وێردی زمانت. بەچوارپەل و تێکڕای ئۆرگانەکانی دڵ و مێشک و دەروون و ھەستی ناوەکی و دەرەکییەوە بۆ کوردبوون و کوردایەتیکردن تێدەکۆشایت، تاوەکو بیر و قەڵەم و هەڵوێستت، وەک نووسەری ستەمدیدەیی و بەشمەینەتی نەتەوەکەت سەپاندیتی و ناساندیتی و مەدالیای ئەم ڕووسوورییەت بەدەست هێنا.
هاوبیر حەکیم عەشقی توانەوەی لە کوردبوون دا، پەڕوباڵی ھەڵپرووکاند بوو، کوردبوون گرفتاری دەردەکوردی کردبوو ھەڵسان و دانیشتن و ڕازانی، لە جۆلانەی خەم و ئازاردا ڕادەژینی و مۆسیقای بۆ ئاواتەکانی ئەو دیو سنوور و دیوارە بەردینەکان لێ دەدا و گۆرانی بۆ ژیانی تژی لە ئابڕوو و سەرفرازی و خەون و هیوا نەهاتووە دی و بێبڕانەوەکانی دەچڕیی!! .
ھاوبیر حکیم! باش دەیزانی کوردبوون چەند سەختە، باجی بانگاشەکردنی قورس و گرانە، داکۆکردن لێی ئاسان نییە، بەڕێوەبردنی دژوارە، گەیاندنی بە ئامانج سات و وەخت و پشوودرێژیی خۆی گەرەکە. ئا لەم سۆنگەیەوە بوو، کاکەوەیس ھەرگیز لەژیان نائومێد نەدەبوو، زۆر ھێمنانە لێ بەردەوام، بورکانێکی ڕک و کینی خەستی بەسەر داگیرکەران و ستەمکارانی ناوخۆدا، لای خۆی مۆل گل دەدایەوە و لەدەرفەتدا پێداهەڵدەڕشتن. بیر و ویژدان و قەڵەمی بوێری ڕێگەی نەدەدا ڕاستییەکانی لێ بگۆڕدرێ و ناھەق بکاتە ھەق و یاخود بەپێچەوانەوە.
ئای لە کاک حەکیم، ئەو پیاوەی هەموو مێژووی کوردی، وەک بەروانکەی ناندینەکەی لەبەر کردبوو. ئەو چ مرۆڤێک بوو!؟، لەناو دڵێکی زامداری نەخۆشی دا، عەشقی نەتەوەیەکی داڵدە و حەشاردا بوو. ڕووبەری نیشتمانێکی ٥٠٠هەزار کیلۆمەتری خێرا لە ڕوخساریدا شەوقی دەدایەوە. هاوبیر حەکیم، نا هەر لەبەرئەوەی کوردیزانێکی کەمهاوتا بوو، بەڵکو دڵسۆزێکی کەوێنەش بوو، بەعەرەبکردن و ڕاگوێزان چززەی لە جەرگ و هەناوی هەڵساندبوو، هەربۆیەکا لای ئەم چیرۆکی ئازارەکانی هەرگیزاو و هەرگیز بە کۆتایی نەدەگەیشت. کاتێ دەکەوتە گێڕانەوەی، هەر حەزت دەکرد لە دیوەخانی نیشتمان دا،چەشنی حیکایەخوانەکان،فوو لە ژیلەمۆی جەرگ و هەناوی خۆی و کورد بکات و جارجارە دەست و پەنجەیەکی نەرم بە ڕیشی ماشی برنجیشیدا بهێنێ و لە سیرەوە هەتا پیاز هەموو شتێکت بۆ بگێڕێتەوە. کاکەوەیس نەک لە جەهەنەم بەڵکو دۆزەخی ڕاستەقینەی جەهەنەمیش بگیرسێتەوە، ئەوا لەوێش ئامادەم ببمە هاوبیر و هاوڕێ و هاوچارەنووسی، ئاخر لەم بوارانەدا و لەتەک ئەودا، چ زیانێکم پێ نەگەیشت. مرۆیەکی تەواو سادە و ڕاستگۆ، پاک، دڵسۆز، یەکڕوو، بێنیاز و دوور لەبەرژەوەندیخوازی بوو. چاوچنۆکی دنیایی نەبوو، بێگەرد بوو بە عەشقەوە وەک خواپەرستی کوردایەتی دەکرد و هەڵوێستەکانی ئەوپەڕی بوێرییان لەخۆگرتبوو.
هاوبیرەکەم! بۆیە جوان و ئیسسکسووک و خۆشەویستی هەمووان بوو، چونکە هیچ هیزێک نەبوو کوردبوونی لا ناشیرین کات و لێی داگیر کات و قەڵەمەکەی لێ بکڕێت و بەهیچ نرخێکی نەدەدا ، لەو هەموو نرخانەی کە بۆی دانرابوو. تۆ بوویت بەر لەهەر کەسێکی تر و چەند دەیەیەک لەمەوپێش، ڕۆمانی تەونی جاڵجاڵۆکەت بە باسەکانی، گەندەڵی و فایلداری ئەهریمەنەکان سیخناخ کرد. بە مرواری وشە جوانەکانت، قاوی نادادی و پۆخڵەواتی دەسەڵاتی خۆییتان کرد. هەر تۆش بوویت دەستبەرداری بیر و ئاواتەکان نەبوویت و وەک چیای پیرەمەگروون خۆڕاگریت کرد و وانە و پەندێکت نیشانداین و فێرکردین، هەرگیزاووهەرگیز لەبیر نەچێتەوە.
لە کۆنگرە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەکانی پاسۆک و سۆکسەدا پێک دەگەشتینەوە. من زۆر لێی نزیک بووم و بەسەرنجە ورد و قووڵەکانی سەرسام بووم. بێ خۆهەڵدانەوە ئەویش لەتەکم دا، ئەوپەڕی خۆشحاڵی نیشان دەدا. سەردەمانێک لە دەرکردنی (گۆڤاری خوێندکاری کورد)دا، پێکەوە کارمان دەکرد و زیاتر لێک نزیکتر بووینەوە. من هەر بەم دیوە سیاسی و هاوبیرییەی قنیاتم نەکرد، بەڵکو خرۆشانم و خۆشم بە بەختیار دەزانم چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژم بەناوی ( پرسیارەکان هێشتا تینووی وەڵامن) لەتەک دا ئەنجام داو بڵاوکرایەوە. گفتمان وابوو، نەخۆشی وازی لێ بێنێت، درێژە بەکاروانی چاوپێکەوتنەکە بدەن،تا وەڵامی لۆژیکدار بۆ پرسیارەکان فۆرمەلە دەبن. دواتر لەگەڵ چەند برا و هاوبیرێکی تردا لە دەرکردنی (گۆڤاری قەقنەس)دا، دیسان دەستبەکاربووینەوە و ژمارەکی کەوتە بەردەست و بەرەنجی تاقانەی خۆی ژمارە دووشی ئامادە کرد،ئیدی فاکتە دەرەکییەکانی نەداریی و سەختی کار و تەنها باڵی ئەو پرۆژەیەشی ڕاگرت. کارێکی ترم لەتەک هاوبیر حەکیم دا، خوێندنەوە و ناساندنی کتێبەکەی بوو لەسەر عەلی باپیر.
هێژایان... ئەم فرە وێستگەیی و فرە لایەنییەیە، رێگرە لەبەردەم ئەوەی بەرجەستەکردنی کوردبوون و خزمەتەکانی هاوبیر حەکیم، نەک لە توانای وتارێک دا نەبێت، بەڵکو لە ڕۆمانێکیش دا جێی نەبێتەوە.
دەبوو بیناسی و تێکەڵی بوو بێتی و لێی حاڵی بووبیت و بەچاوی خۆت حەسرەت و ماندوونەکەی کوردبوون لە هەناو و بە سیمایەوە ببیننی، ئەوجا دەزانی ئێمە باس لە چ مرۆڤێک دەکەین!. هاوبیر حەکیم، یەکە و نابێتە دوو، کوردێک بوو،وەک نیشتمانە داگیرکراو و چەوساوەکەی، جەرگ و دڵ و هەناوی هەلاهەلا بوو. ڕۆشنبیرێکی سەراسویی بەپەرۆشی کوردبوون و قەڵەمیکی ڕەنگین بوو، بەنووسین و وەرگێڕانەکانی چەشنی ڕووبارێک، هەرگیز هاژەی لێ نابڕێ و تاڤگەیەکە بیر و بۆچوونەکانی لە قەڵبەزە ناکەون.