كابوسی كۆنگرە

Tuesday, 08/01/2019, 15:18

3758 بینراوە


لەدواخستنی كۆنگرەی حزبەوە (كادر) فێری درێژكردنەوەی دەستەڵاتی ناو حكومەت دەبێت.
ھەرحزبێك بەھەر بیانوویەك كۆنگرەی ناوخۆیی دوابخات ھیچ گومانێك نامێنێ كەنیەتی تەندروست و دروستی نیە لەحوكمڕانیدا.
دواخستنی كۆنگرەی حزب ھەمووكات وابووە كەمەبەست لێی تەسفیەی نەیارانی سوڵتەی ڕەھای بەشێكیانە، (ئەو بەشەی كەدژایەتی دەرچوون لەپرەنسیپەكانی حزب دەكەن).
دواخستنی كۆنگرە بەشێك بووە لەتێكچوونی پەیوەندی نێوان كادرانی حزبەكان، بۆیە ھیچ حزبێكی كوردی بەبێ لەتبوون و انشقاق تێنەپەڕیوە.
ھەمیشەش (ماوەكان) ڕۆیشتووەكانیان بەخائین تۆمەتبار كردووە، گەرچی لەبنەڕەتدا ڕۆیشتووەكان ڕازی بەئەدای خراپی ئەوانیتر نەبوونە.
باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی لە ٦٤ لەبارزانی نەمر پەست بوون بۆیە دوای تاڵەبانی كەوتن، باڵی ڕێفۆرمیش لە تاڵەبانی پەست بوون بۆیە ئەوانیش دوای نەوشیروان مستەفا كەوتن.
ئێستاش خودی نەوشیروان مستەفا نەماوە تا لێی پەست بن، وەلێ لەپاشماوەكانی پەستن، بەشێكی زۆری كادرانی گۆڕان لەھەردوو میراتگرەكە و سوڵتەدارە ناشەرعی و ماوە بەسەرچووەكانی ناو حزب پەست و وەڕەسن.
بۆیەش كۆنگرە دوادەخرێت و دوادەخرێت و ھەر دوادەخرێت تاكو پەست و وەڕەسەكان تەریك بن ئینجا كۆنگرەیەكی تەشریفاتی ببەستن، بەچەشنی كۆنگرەكانی یەكێتی و پارتی چەپڵەی دەربارەكان دەنگ لەھۆڵی كۆنگرە ببڕێت.
ھەركامێكیش توندتر چەپڵە لێبدات، دەنگی ھەر چەپڵەیەكیش زیاتر بێت ئەویان كاری گەورەترین پێدەسپێردرێت، لەمەوقیعی باڵاتر دادەنرێت، بەڵام بەوەزیفەیەكی گوێڕایەڵ و دەستەمۆ.
دەستەمۆ بۆ ئەوانەی كە مومتەلەكات و قەراری حزبیان بەدەستە.
دیسان دواخرا، بەجۆرێك كە ھیچ یەكێ لەوانەی پێیان دەڵێن بڕیار بەدەست وادەكەی نازانن، نازانن كەی و لەكوێ و چۆن كۆنگرە دەبەستن، دەی حەقیشە نەزانن چونكە ھیچیان شەرعیەتی قەراردانیان نەماوە.
بێ قەراریەك ڕووی تێكردوون كەناتوانن باسی ناشەرعی بوونی دەزگاكانی حوكمڕانی بكەن.
ناتوانن باسی قەراربڵاوی ھیچ حزب و ڕێكخراوێكیتر بكەن.
دەی ئا ئە لێرەوە فێری بێشەرعی بوون دەبن، ھێندە بەناشەرعی دەمێننەوە كە ئەگەر بچنە حوكمڕانیەوە ھەمیشە كار بۆ دواخستنی نوێبوونەوەی حكومەت و دەزگا ئیداریەكان دەكەن، دوای دەخەن چونكە مەنفەحەتی شەخسی لەدواخستن وەرەگرن، لەئیدارەشدا ھەرچەند دوابخرێت ئەوەندە سود لەموچەی زۆری موچەخۆری وەرەگرن.
لێرە بەدواوە لەمەیدانی سیاسی ھەرێمی كوردستان ئەگەر ھەر ھێزێك یا حزب و ڕێكخراوێكیتر دابمەزرێت دەبێ وەعدی شەرەفی لانەدان لە پرێنسیپە چەسپاوەكانی بڕیار لێدراوی یەكەمین كۆنگرە بدرێت.
وە گشت مومتەلەكاتی حزبیش لەسەر ناوی حزب یا ڕێكخراو تۆمار بكرێت بۆ ئەوەی ھیچ كەسێك یان میراتگری سەرۆكی یەكەم زاتی دەست بەسەرداگرتن نەكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە