یەکێتى و ئاو کردنە ئاشى دوژمن

Sunday, 13/01/2019, 20:16

6508 بینراوە


  بەهۆى کارى چەواشەو ناپاکى و ململانێى نێو خۆیان تا دێت یەکێتى بەرەو لاوازى و پوکانەوە ولێک ترازان ئەچێت. پێشتر خەڵکى وەها شیمانەیان ئەکرد کە گوایە یەکێتى لەچاو پارتیدا زیاتر و زۆرتر لەسەرهێڵى نیشتمانى ئەڕوات و، تا هەنووکەش لە رێباز و ئایدیاى شۆڕشگێڕى لاى نەداوە.کە ئەمەش بۆچونێکى زۆر سەقەت  هەڵەبوو، چونکە یەکێتیش پێ بەپێى  رۆژگار گەر خیانەت و ناپاکى و تاوانى لە پارتى زیاتر نەبوبێت بەدڵنیاییەوە کەمتر نییە.
گەر بیرمان بێت ساڵانى هەشتاکان یەکێتى هەڵگرى دروشمى ئازادى بوو. لەسەر ئەوە چەندین ئەندامى لە مەیدانى شەڕدا شەهید کران ،لە ناوشاردا  لەسێدارە دران و زیندانى کران و ماڵ و حاڵیان بەتاڵان برا. یەکێتیش بۆ ئەوەى زیاتر رەوایى بدات بە خەبات و کارى  و هەست و سۆزى خەڵکى زیاتر بجوڵێنێت ئەیگوت ، ئازادى لەسەر و هەموو شتێکەوەیە ئەبێت هەموان گیانى بۆ بەخت بکەین. سەیرە لەپاش ئەو رۆژگار و کارەساتە تازە بەتازە دێت سنورى ئازادى نەک تەسک دەکاتەوە بگرە نایهێڵێت ، ئەخوازێت بۆ رازیکردنى دڵى دوژمن  هێرش و پەلامار بکاتە سەر ئازادیخوازان و ، بارەگا دادەخات، رێگرى لە نمایشى فیلم دەکات و، نوسراو وکتێبەکانى ئۆجەلان یاساغ دەکات، بەوەشەوە ناوەستێت ئەکەوێتە گرتن و راونانى دۆستان و لایەنگرانى پەکەکە، کە ئەمەش کارێکى نەزۆک و سواوە، جگە لە شەرمەزارى و روو زەردى بۆخۆى و ،خۆ خستانە ریزى دوژمن و ناپاکانەوە هیچ ئەنجامێکى دیکە ناپێکێت. لەبەر ئەوەى پەکەکە لەوە دەرچووە کە تۆ بتوانیت کار و چالاکى سنوردارکەیت و ببیتە بەربەست و رێگر. تورکیایەک بەو هەموو زل و زەبەلاحى و خاوەن مۆدرێنترین چەک و تەکنیکى سەربازى و ملیۆنان جەندرمە و سەرباز و جاش وپۆلیس و میت، لەبەر دەم چالاکى  وگیانبازى دەستەوەستانە. کەچى یەکێتى لەرێگەى وەستا حەسەن و پێرە نەخوێنەوارەکەیەوە ئەیەوێت پەکەکە سڕ بکات و بیخاتە قاوغەکەى خۆى. هەموو مەبەست و مەرامى یەکێتیش لەوکارە چى یە. تەنها و تەنها بۆ خاترى ئەوەیە کە حکومەتى تورکیا رازى بکات تا گەشتە ئاسمانییەکانى بۆ فرۆکەخانەى سلێمانى دەست پێ بکاتەوە.کە ئەوەش بەهانەو بیانوییەکى نەفامانەیە ،لەبەر ئەوەى فرۆکەخانەى سلێمانى لەژێر کۆنترۆڵى حکومەتى بەغدادایە و هەموو جوڵەو ئەملا و لایەک بە فەرمایشت و رەزامەندى ئەوە نەک یەکێتى.ئەم تاوانەش زادەى ململانێ و شەڕى تەکەتولەکانى ناو یەکێتى یە. ئەخوازن لەسەرێک بەهۆى ئەم کارە چەپەلەیانەوە شەڕى تەکەتول و پۆست و ناکۆکیەکانى ناو خۆیان بشارنەوە، لەسەرێکیشەوە ئەوبەرپرسانەى کە لەژێرەوە بازرگانى و بەرژەوەندیان لەگەڵ تورکیادا هەیە هاندەر و رێ خۆشکەربن بۆ ئەوەى کار و چالاکى پەکەکە لەباشور قەدەغە بکەن.
  یەکێتى نەفام و ساویلکە وبێ سەرو بەرە، گەر نا یەک تۆز عەقڵى بخاتە کار، ئەتوانێت ئەو داشى خۆى بەسەر تورکیادا زاڵ بکات و، وا لەتورکیا بکات مل کەچ و رەزامەندى داواو خواستى دەسەڵاتى باشووربێت. تۆ تەماشا  گوزەرێک بەناو باشووردا بکە، تەماشاى هەر ماڵێک دەکەیت تەواوى کەلو پەلى ناو ماڵەکەى بەرهەمى تورکییە. جل و بەرگى هەر تاکێکى کورد دەگریت هەمووى تورکییە، سەردەکەیت بەهەر مارکێتێکدا تەژى لە کاڵاو خۆراکى تورکییە ، بەدەرلەوەش بەسەدان کۆمپانیاى تورکى لەباشوور وەبەرهێنان دەکەن، بە هەزاران کارگەو پیشەگەرى تورک هەن لەباشوور پارە دەچننەوە، مانگانە ملیۆنان دۆلار قازانج دەکەن ، خۆ ئەگەر بێت و دەسەڵاتى باشوور بەتایبەت یەکێتى ،بۆ یەک مانگ رێگرى لە جموجوڵى بازرگانى و ئیش وکارى کۆمپانیا تورکییەکان بکات، ئەوا لێتان مەعلوم بێت کە تورکیا تا سەر ئێسقان زیان دەکات و دێتە سەرچۆک و، سازش و مەرایى بۆ هەرێم دەکات بە هەموو مەرجێکى دەسەڵاتى باشوور رەزمەند دەبێت. بەڵام چونکە دەسەڵاتى باشوور نانى خیانەتیان بە شیرى مناڵیەوە خواردوە، تۆوى  ناپاکى لە هزر و بیریاندا چێنراوە، هەمیشە خۆیان بەکەم و سوک و بێ نرخ لەبەرامبەر دوژمن ئەبینن و، پێیان خۆشە هەموودەم دەسەڵاتى بێگانە بەسەریاندا زاڵبێت.
     بەدیوێکى تر هەقە یەکێتى ئەو راستییە باش بزانێت کە پەکەکە نێچیرێکى بچووک لاواز ونەرمە قوت نى یە. بەسانایى  و شێنەیى لەبن نایەت. پەکەکە لە سەرانسەرى کوردستان هیواو ئاوات و ئومێدى ملیۆنان کوردە ، گەر رۆشنایى و بەر چاو روونییەک مابێت هەر ئەوانن ،تاکە  پشتیوان و پشتگیرى کوردستان بەگشتى و باکوور و رۆژئاوا بەتایبەتى تەنها و تەنها هەر پەکەکەیە. پەکەکە زۆر لەوە گەورەترە تۆ بتەوێت بە داخستنى بارەگاو سنوردارکردنى جموجوڵى  پەراوێزى بخەیت. ئەوێک بە گرتنى رێبەرەکەى ئۆجەلان ساردنەبۆوە و کۆڵى نەدا ، بەزەبرى فڕۆکەى  ئێف شانزە و ئۆپەراسیۆنى بەرفراوانى سوپاکەى  هیچى نەچنیەوە، ئێستا یەکێتى ئەخوازێت بەداخستنى بارەگا و  گرتنى ئەندامانى بەرهەمیًکى هەبێت. 
  با یەکێتى باش بزانێت کە ئەو کارەى کە خیانەتێکى روونە، زیاتر و زۆرتر خۆى ریسوا وسوک و بێ نرخ دەکات، بەملیۆنان لە خەڵکى ئازادى خوازى کورد و جیهان دەکاتە دوژمنى خۆى. لەولاشەوە تورکیا هیچ منەتێکى پێ نابێت.. پتر لەوەش مێژوو سەلماندویەتى کە تا زەبر و زەنگ و زیندان  و بەرتەسکردنەوەى  ئازادى و زیندان و ئەشکەنجە زۆرتربێت،  رق و قین و غەزەبى خەڵکیش  دەبێتە لافاو و رایاندەماڵێت ، بیریشتان نەچێت مێژووى پەکەکە پڕە لەداستان و بەرخودانى قارەمانیەتى ،زیندان و خۆتەقاندنەوە، خۆ ئەگەر بێت و یەکێتى سوور بێت لەسەر ئەو کارەى و زیاتر بچێتە باوەشى تورکیاوە، ئەوا بیرى بێت کە مانەوە وسەنگى یەکێتى لەلاى دوژمن بەهۆى ئەوانەوەیە ،گەر پەکەکە نەبێت  ئەوا تورکیا بە پولێکى قەڵب  کەسیان ناکرێت.  ئەوەش بزانن کە ئەگەر یەکێتى کەشو فش ئەکات کە خاوەنى دژە تیرۆرو ئاسایش و هێَزەکانى حەفتایە. ئەوا پەکەکە خاوەنى هەزاران گیان بازى وەک موساى کۆبانى و زیلانى گیان باز و بێریتان ومەعسومە. بۆیە واچاکترە خۆ لەو کار وتاوانە  چەپەڵانە بەدوور بگرێت و بەدەستى خۆى گۆڕ بۆخۆى هەڵنەکەنێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە