لە ماوەی دروستبوونی هەرێمی کوردستانەوە ژمارەیەکی ئەوەندە بەرچاو لە رێکخراو و حیزبی سیاسی دروستبووە بەشێکیان حیزبی سێبەرو بەشێکیان حیزبی بەشداربوو لە دەسەلات و بەشێکیش ئۆپۆزیسیۆن بەلام تا ئێستە بێکاریگەر لەسەر گۆڕەپانە سیاسیەکە. لەبەر ڕۆشنایی ئەزمون و واقیع و مێژوە سیاسیەکە ئەم پڕۆژەیەم ئامادە کردوە ، تا ئەم بارودۆخەش بەم جۆرە بمێنێتەوە بیرۆکەی هەمە چەشنە دروست دەبێت وەک ئالتەرناتیڤ بۆ ئەو بارودۆخە سیاسی و کۆمەلایەتیە چەقبەستو و ناهەموارەی دەسەلات و کۆمەلگەی کوردیی لە باشور تێی کەوتوە. .
لە کاتێکدا کایەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان توانایەکی ڕاستەقینە ناداتە ئۆپۆزیسیۆن بۆ کارکردنی سیاسی ، چ جای بینینی ڕۆلێک. کار بۆ لەیەکتر ترازاندن و دابەش کردنی ئۆپۆزیسیۆن دەکات ، ئیتر هی ناو پەڕلەمان یان ئەوەی شەقام بێت ، بەم میتۆدە دەسەلات کار بۆ سەقامگیر کردنی دەسەلاتەکەی دەکات. دەسەلات دەیەوێ بەناوی ئازادی و دیموکراسیەوە ئازادی و دیموکراسی لەناو بەرێت. هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆن بوون بۆ باشوری کوردستان وەک هەوا وایە بۆ ژیان ، بەلام کام ئۆپۆزیسیۆن؟
ئەو مرۆڤەی بڕوای وابێت سروشتی ئەو دەسەلاتەی هەرێم ، دەسەلاتی خێڵ و خێزان و دەسەلاتی تەقلیدیی و کۆنەپارێزو ستەمکار هی چاکسازی و دەستاودەست کردنی دەسەلات و خۆگۆڕین و گوێگرتن بێت لە داواکاریەکانی گەل و پەیڕەویی پڕەنسیپە دیموکراتیەکان و رێفۆرم کردنی ڕاستەقینە بکات ، ئەوا لە بازنەیەکی داخراوی بۆش و خەیالاویدا دەخولێتەوەو هیچ لە سیاسەت و ئەزمونە سیاسیەکان و مێژووی سیاسی و لە سروشتی پێکهاتە کۆمەلایەتیەکەی خێڵ تێنەگەیشتوە سەبارەت بە جیهانبینی بۆ دەسەلات و کۆمەلگە.