ھەر لەگەڵ ماڵئاوایی زانا و بیرمەندی گەورە جەمال نەبەزدا، گوتەیەکی مامۆستا« ئازادی لە سەربەخۆیی بەنرخترە» بووە جێی باسێکی گەرمی میدیا و گەلێ لە دۆستان و نەیارانی مامۆستا. ھەندێک لەمانە لێکدانەوەی نادروستیان بۆ ئەم گوتەیە کرد و بۆ مەبەستی سیاسی بەکاریان ھێنا. گەلێکیش وەک بەرپەرچدانەوەیەک بەرامبەر بەم قسەیە کەوتنە خۆ. بەشێکی زۆریش لە خوێنەران لە مانا و دەلالەتی ئەم دروشمە و ناوەڕۆکەکەی حاڵی نەبوون، بڕەکیشیان بۆ چەواشەکاریی و دیماگۆگی پەنایان بردە بەر ئەم قسەیە.
ئەگەرچی مێژووی تێکۆشان و ھەوڵی مرۆڤ بۆ بەدەستھێنانی ئازادی زۆر دوورودرێژە، گەلێ زانا و ھزرڤانی گەورەی جیھانی وەک ئەبرەھام لینکۆلن و ژان ژاک رۆسۆ و ئەلبرێت شڤایسەر و... هتد قسەیان لەسەر ئازادی کردووە و بەرز نرخاندوویانە. لەوەش زیاتر ھەر یەک لە ئێمە ئەم قسە بەناوبانگەی بیستووە: مرۆڤ بە ئازادی لەدایک بووە. ھەڵبەت لەم دەرفەتە تەسکەدا جێی ئەوە نابێتەوە خۆمان بە قوڵایی مێژوودا شۆڕ بکەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی سەرھەڵدانی بەھای « ئازادی» لای مرۆڤ. بەڵام بۆ ئەوەی دەسپێکێکی نووسراو و دیاری بکەینە وەک سەرەتایەک تا بچینە نێو باسەکەوە، ئاماژە بە شۆرشی فەرەنسی بەر لە دوو سەدە لەمەوبەر دەدەین. بە دروشمەکانی" ئازادی، یەکسانی برایەتی" بەرپا بوو. ئەم شۆرشە و گەلێ لە بزاڤ و شۆرشەکانی تریش لەمێژووی مرۆڤایەتی دا، لە پێناوی ئازادی دا بوون، یاخود دروشمی ئازادی کرۆک و گەوهەری داواکارییە سەرەکییەکانی بووە. ئازادی دوا وێستگەی حەسانەوە و ئاسوودەیی مرۆڤە. ئازادی ئەو ھەوار و مەنزڵگایەیە، کە کۆتایی بە چەوسانەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە دێنێت. ئەمە مانای بەرز و گەوهەری بەهاداری ئازادییە. ئازادی ئەو ژینگەیە و سەکۆیەیە، مرۆڤ بێ کۆت و زنجیر دەتوانێ، گوزارشت لە ھەبوونی خۆیی و خەون و ئاواتەکانی بکات.
لە باشووری کوردستانیش لەناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابووردوودا، بزاڤ و ڕێبازێکی نوێ سەری ھەڵدا،کە بە دید و تێڕوانینێکی نوێوە بۆ پرسی نەتەوەیی کورد هاتە کایەوە و لە ڕوانگەیەکی گەشەوە، بایەخی دا بە «چەمکی ئازادی» لە چوارچێوەی مانیفێستێکی سیاسی فەلسەفی دا. ئەم چەمک و جیهانیبینییە، سەرەتا لەچوارچێوەی قەوارەیەکی وەک کاژیک « کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد» لە ١٤/٤/١٩٥٩ ،ئازادی دروشمی سەرەکیییەتی و دواتر لە دامەزراندنی پارتی سۆسیالیستی کوردـ پاسۆک دا لە ١١/٩/١٩٧٥ دا، بە دروشمی « کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان » خۆی بەرجەستە دەکات.
دروشم و ئامانجی ئازادی چ بۆ کاژیک چ بۆ پاسۆک شاکۆڵەکە و شاڕێ و شائامانجی هەرە بەرز و ستراتیژی گرنگ و پیرۆزی، بیروباوەڕ و ڕێبازی خەبات و تێکۆشان بووە و لە ئایندەش دا هەروا دەمێنێتەوە، تاوەکو نەتەوەی کورد بە باڵاترین و پیرۆزترین مافی سروشتی خۆی لە ئازادی دا شاد دەبێت. ھاوبیرانی نەتەوەیی بەدرێژایی خەباتی ھزریی و سیاسیی و ڕۆشنبیریی، تێکۆشاون بۆ بەدەستھێنانی ئازادی و لە ھیچ کات و سەردەمێک دا، دەستبەرداری ئەم پرنسیپ و دروشمە ناوەندییەی بیرکردنەوەی نەبوون و هەرگیزاو و هەرگیزیش نابن. دیارە لە ڕوانگەی هاوبیرانەوە، ئازادی بێ یەکسانی، جگە لەوەی مەحاڵە بێتە دی، هاوکات ناتەواویشە و نابێتە هۆکارێکی کاریگەر بۆ بەختەوەری مرۆڤ و ژینگەیەکی لەبار بۆ پێڕەوکردنی حەز و خواستەکانی مرۆڤ. کەواتە بیری نەتەوایەتی ، بەچاوێکی بەنرخ و ھێژاوە لە چەمکی " ئازادی و یەکسانی" ڕوانیوە و کردوویەتە پێڕەووپڕۆگرام و ئەگێندای ژیانی ھزریی و سیاسی و رۆشنبیریی و دادپەروەریی خۆی و بژێوی بەنرخ و گرنگی پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد.
ئەم کورتە پێشەکییە بۆ ئەوە بوو، وەک پاشخانێکی مێژوویی و ھزریی و سیاسی بیکەینە دەروازەیەک بۆ چوونەوە بۆ لای گووتەکەی مامۆستا نەبەز " ئازادی لەسەربەخۆیی بەنرخترە ". جەمال نەبەز، ھاوبیرێکی ئەم قوتابخانە ھزرییە و بەم بیروباوەڕە گۆشت بووە و سەرچاوەی بیرکردنەوە و هێز و وزەی چالاکی لە دروشمی ئازادی و یەکسانییەوە وەرگرتووە. دواتریش خۆی وەک بیرمەندێک دەستی بەکارکردن لەم کایەدا کردووە، بە ئامانجی دەوڵەمەندکردنی ئەم چەمکانە بەشدارییەکی چالاکانەی بەپێزی لەڕێی نووسینەکانییەوە کردووە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی تێگەیشتنیان.
مامۆستا نەبەز لە بیرکردنەوەیەکی قووڵ و کۆنتێکسێکی ھزریی و فەلسەفی دا، دێت و دەیەوێ شیکار و شرۆڤەی زیاتر بۆ چەمکی ئازادی و یەکسانی بکات و ڕەھەندی دیکەش بەم چەمک و دروشمانە ببەخشێ و لە دروشمێکی سیاسییەوە بیگوێزێتەوە بۆ قاڵبێکی تیۆریزەکردن. ھەر بۆیە دەبینین باسێکی سەربەخۆ بۆ ئازادی تەرخان دەکات و پێی وایە: " یەکسانی لەئامی خستنەکاری، واتە کارپێکردنی تایبەتکاریی ئازادیی لە کۆمەڵ / نەتەوە دا دێتە دی.