بۆچی نەبووین بە هێزی سێیەم؟

Friday, 18/01/2019, 1:03

4017 بینراوە


دیارە هۆکار زۆرە بۆ نەبوونی کورد بە هێزی سێیەم، بەڵام هۆکاری بنەڕەتی بە پێی بەڵگەی مێژووی گۆڕینی کێشەی نەتەوەییە بە کێشەی ئاینی و دژایەتیکردنی پیرۆزییە ئاینییەکانە لەلایەن خودی کورد خۆیەوە، کە لەم توێژیینەوەیەدا هەوڵدەدەین بە شێوازێکی زانستی و بەپێی بەڵگەی مێژووی شرۆڤەی ئەم هۆکارە بکەین.
کورد بە درێژایی مێژووی لە دوای نەمانی ئیمپڕاتۆریەتی ماددەوە (553 - 700 پێش لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا) هەم بەکارهێنراوە، هەم خۆیشی بە ناوی ئاینەوە لایەنەنگری دەسەڵات و ئیمڕاتۆریەتێکی کردووە، دواجاریش وەڵاتەکەی بۆتە مەیدانی ململانێ و جەنگە کاولکارەکان، هەمیشە نەیوویستووە یان نەیتوانیوە بوون و وجودی خۆی بسەلمێنت و ببێتە هێزێک گەر یەکەم یان دووەم نەبێت ببێتە هێزی سێیەم لە سەر خاک و زەوی خۆی. لەڕاستیدا کێشەی نەتەوەیی و ڕاستەینەی خۆی گۆڕیوە بە کێشەی ئاینی، و کێشمەکێشمی ئاین و دەسەڵات و فراوانخۆزی بۆ ئیمپڕاتۆریەتەکان یەکلایکردۆتەوە، بەو مانایەی کورد لەگەڵ هەر بەرەیەک بوو بێت ئەو بەرەیە زۆرینەی جار سەرکەوتوو بووە.
کورد لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی و بێزەنتی دا بە ناوی ئاینی زەردەشتییەوە زۆرینەی و زۆربەی کات پاڵپشت و لایەنگر و ژێردەستەی ساسانییەکان بووە لە دژی بێزەنتەکان، و بوونی خۆی لە بیرکردووە و جەنگاوە بۆ ساسانییەکان تا ململانێکانیان لەگەڵ بێزەنتەکان یەکلایی بکەنەوە، تەنانەت کاتێک داگیرکار عارەبی ئیسلامیش ڕووی لە ناوچەکە کرد دژی ساسانییەکان، زۆرینەی شەڕکارانی جەنگی (نەهاوەند ساڵی‌ 21کۆچی بەرامبەر بە 642 عیسایی) کورد بوون کە بۆ عارەبەکان سەخت و دژوار بوو.
ئەمە بۆ سەردەمی وەرگرتنی ئاینی ئیسلام لەلایەن کورد و سەردەمی عەباسییەکان و سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی(1137 - 1194 عیسایی)(589کۆچی)ش ڕاستە، ئەو کاتەی خاچ دروشمەکان هێرشیان کردە سەر ئیمپڕاتۆریەتی عەباسی، دەسەڵاتداریەتی عارەبی عەباسی نوقمی ڕابواردن و گەندەڵی ئیدار و ئابوری و سیاسی و ئاینی ببوون، نەیاندەتوانی سنوری دەسەڵاتەکەیان بپارێزن، بەڵام کورد و سەڵاحەدینی ئەیوبی نەک توانیان ئیمپڕاتۆریەتەکە لەو هەڵمەتانە بپارێزن بەڵکو (قودس)یشیان ڕزگارکرد. دواتر سەڵاحەدین نامەیەک بۆ خەلیفە دەنێرێت، دەڵێت توانیمان قودس ڕزگار بکەین و بیخەینە ژێر دەسەڵاتی مسوڵمانانەوە. خەلیفەش لە وەڵامدا دەڵێت: سەڵاحەدین دەیەوێت فەزڵمان بەسەردا بکات لەکاتێکدا ئەوە سوپای عارەب و عەباسییەکانە قودسیان ڕزگار کردووە. کورد دەچێت بۆ میسڕ و فەلەستین، لە میسڕ دەوڵەتی فاتمی شیعی لە ناو دەبات، لە فەلەستینیش قودس ڕزگار دەکات، سەروەری بۆ عارەب دەبێت و کوشتار و برا بچوکی و ژێر دەستەیش بۆ کورد! ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی کورد سەرقاڵی کێشەی ئاینی بووە لە بری کێشەی نەتەوایەتی.
لەکاتێکدا عارەب بە هۆی گەندەڵی ئیداری و ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئاینییەوە، ئیمپڕاتۆریەتی عەباسی بەرەو نەمان برد، تەنانەت کۆتا خەلیفە و زۆربەی والی و کاربەدەستەکان نوقمی بەرتیل دەر و بەرتیل خۆری، و ململانێ لەسەر دەسەڵات ببوون، خراپی باری کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی ڕۆچوون لە خۆشگوزەرانی و کەوتنە خواردنەوە، لەگەڵ بەکارهێنانی بێ سنوری پێناوەکانی ئارەزووبازی و دەستبڵاوی. هاودەم لەگەڵ (حریم و خصیان) و ڕاگرتنی کۆیلە و کەنیزەک و زۆربوونی (کوڕ و کچ)ی منداڵی لە دایکبووی دایکە جیاوازەکانی نێو کۆشکی خەلافەت، هەروەها بەرپابوونی ئاژاوە و بڵاوبوونەوەی خراپە و گەندەڵی لە پەیکەری ئەو ئیمپڕاتۆریەتیەدا.
تەنانەت خەلیفە (مستعصم باللە (640 - 656) (1242 - 1258) زۆربەی کاتەکانی لە گوێ گرتن لە گۆرانی و گاڵتە جاڕیدا بەسەر دەبرد. دەگێڕنەوە خەلیفە نامەیەک بۆ (بدرالدین لولو) خاوەنی موسڵ دەنێرێت و تێیدا داوای لێکرد بوو کۆمەڵێ تەپڵ و مۆسیقا ژەنی بۆ بنێرێت. 
خاڵێکی دیکەی لە ناوچوونی عەباسییەکان قوڵبوونەوەی ململانێ بوو لە نێوان سونە و شیعە دا، لە ناکۆکی بەردەوامدا بوون لەمەڕ باس و خواسە ئایینییەکان، هەروەکو لە بابەتە سیاسییەکانیشدا جیاواز بوون. لە کۆتاییەکانی سەردەمی مستعصم دا کوشتارێک لە نێوان سونە و شیعە لە بەغداد ڕوویدا، لەبەرئەوە خەلیفە (ئەبوبکری) کوڕی ڕاسپارد تا ئەو ململانێییە بێدەنگ و سەرکوت بکات. ئەبوبەکریش هەڵی کوتایە سەر مەڵبەندی شیعە لە کەرخ و چەند کارێکی دڕندانەی لێوەشایەوە، پیاوەکانی کوشت و ئافرەتەکانیشی بەدیل گرت و کردیانی بە کەنیزە و خوێنی شیعەکانی ڕژاند و نامووسی شکاندن و حەرامکراوەکانی حەڵاڵ کردن. جا ئەو هەڵوێستە خراپترین کاریگەری خستە دەروونی شیعەوە. لەبەرئەوە ڕقیان لە خەلیفە و کوڕەکەی هەڵگرت و دانیان پێدا نەدەنان، ئەم ڕووداوە بووە هۆی بێزاری شیعەکان و خوازیار بوون ئیمپڕاتۆریەتی عەباسی لە ناو بچێت.
هۆکارێکی دیکەی لە ناوچوونی عەباسییەکان، هۆکاری ئابوری بوو، کە خەراجی بارگران و نەخشەی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکان لە بەرژەوەندی چینی فەرمانڕەوادا بوو، کە بوو بە هۆی دابەزینی ژیانی کشتوکاڵی و پیشەسازی. هەر کە فەرمانڕەوەکان دەوڵەمەندتر بوونایە ، هەژارەکان زیاتر هەژارتر دەبوون. کاتێ کە ئیمپڕاتۆریەت دابەش ببوو بۆ چەند دەوڵەتۆکەیەک، هەریەک لە کاربەدەستەکان هەستان بە زۆر کۆکردنەوەی ماڵ و سامانی ژێر دەستەکانیان و بە کەمبوونەوەی ژمارەی ئیشکەران، جەنگەکان بەردەوام دەبوون، کە بەزۆری زەوییە کشتوکاڵییەکان کاول و وێران دەبوو. ئەمانە و چەند هۆکارێکی دیکە بوونە هۆی لە ناوچوونی ئیمپڕاتۆریەتی عەباسییەکان.
ئەوەی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەوەی سەڵاحەدینی کوردی لە بواری ئاین دا کردی شانازییەکی گەورەیە بۆ نەتەوە مسوڵمانەکان، بەڵام هەندێک پێیان وایە گەر ڕەخنە لە سەڵاحەدین بگیرێت بەوەی کاری نەتەوایەتی نەکردووە، ئەوە لە خانەی ئیمان و ئیسلامەتی دەچیتە دەرەوە و مسوڵمانییەتی قبوڵیان ناکات، لەبەرئەوە بۆ ڕزگاربوون لەم گرێ دەروونییە یەکسەر وەڵامە ئامادەکراوەکەیان دەخەنە ڕوو و دەڵێن: لەو سەردەم و ڕۆژگارەدا هەست و کاری نەتەوایەتی بوونی نەبووە.
بەڵام ئەگەر هەستی نەتەوایەتی بوونی نەبووە، بۆچی هەموو خەلیفەکانی عەباسی عارەب بوون؟ و خزمەتی کەلتور و نەتەوە و فراوانخوازی عارەب کراوە و هیچ نەتەوەیەکی دیکە بۆیان نەبوو ببنە خەلیفە. ئەگەر عارەبچێتی بوونی نەبووە بۆ خەلیفەکان هەموویان لە نەوەی عارەب بوون؟ ئەگەر تورکچێتی و نەتەوایەتی بوونی نەبووە بۆچی هەموو سوڵتانەکانی سەلجوقی تورک بوون؟ هەندێک دەڵێن: ئەگەر سەڵاحەدین دەسەڵات و هێزی لە پێناو بەرژەوەندی کورد دا بەکاربهێنایە، ئەوە عارەب و تورک لێیان قبوڵنەدەکرد و دژایەتیان دەکرد، هەر دژایەتیکردنی سەڵاحەدین لەلایەن عارەب و تورکەوە لەسەر ئەم بابەتە، نیشانە بوونی هەستی نەتەوایەتییە لای ئەو نەتەوانە، هێمای عارەبچێتی و تورکچێتییە.
عارەب لە ڕووی ناسیۆنالیستی و عارەبچێتییەوە کۆمەڵێ زاراوەیان داناوە بۆ نەتەوە غەیرە عارەبەکان، وەکو:
یەکەم. موعەڕەب: واتە ئەو کەسەیە کە عارەب نییە، بەڵام عارەبی خۆش دەوێ و بە گەورەی خۆی دەزانێ.
دووەم. موستەعرەب: واتە ئەو کەسە ناعارەبەیە کە بووبێتە عارەب.
سێیەم. موالی: واتە ئەو ناعارەبەیە بووبێتە موسڵمان و ژێردەستەیی عارەب قەبووڵە.
چوارەم. شعوبی: واتە ئەو ناعارەبە موسڵمانەیە کە عارەب بە گەورەی میللەتان نازانێت. 
عارەب نەتەوە غەیرە عارەباکانی لە سێ چوارچێوەدا قبوڵە، ئەوانیش میللەتەکان موعەرەب بن و عارەبیان خۆش بوێت و کۆیلە بن و شەڕی دنیایان بۆ بکەن. یان موستەعرەب بن و خۆیان لە بیر بکەن. یان موالی بن و ژێردەستە بن و سەرانە بدەنە عارەب و عارەب بە گەورەی خۆیان بزانن. بەڵام شعوبی تاوانێکی گەورەیە و تۆمەتی کوشتنی لەسەرە! چۆن عارەب بە گەورەی خۆیان نازانن! (سەڵاحەدین)ش لەو سێ چوارچێوەیە دەرنەچووە، عارەبی خۆشویستووە، لە ناو عارەب دا تواوەتەوە، عارەبی بە گەورەی خۆی زانیوە، شەڕی خاچدروشمەکانی بۆکردن، ژێردەستەیی عارەبی قبوڵ بووە. لەڕاستیدا تەنیا سەڵاحەدین وا نەبووە، کۆی کورد لەو ڕۆژگارەدا وابووە. نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کاتێ سەڵاحەدین هەڵکەوت و بووە بە سەرکردەیەکی شەڕکاری ئیسلامی، دەمێ بوو هەستی موالێتی و کەمایەتی کوردی وێران کردبوو و خەڵکی کوردبوونیان بە ناوی ئاینەوە لا تاڵ بوو، کورد موسڵمان بوو بەڵام بە موالی ناودەبرا و دەبوو باجی ساڵانە و سەرانە بدات. هەستی کەمایەتی و موالێتی و کۆیلایەتی کورد زۆر لە هەستی ئیسلامەتییەکەی بەهێزتر بوو، لەبەرئەوە لە ڕووی دەروونییەوە ئامادە نەبووە هیچ شتێک بۆ خۆی بکات بە بەراورد بە عارەب و تورک و فارس. ڕاستیدا تەنیا ڕەخنەکردنی سەڵاحەدین ڕەوا نییە، چونکە ئەم هەستی موالێتی و کەمایەتییەی کورد زۆر پێش ئەوە، بۆ نموونە (ئەبو موسلیم)ی خوراسانی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئیمپڕاتۆریەتی عەباسی، زوڵمی ئەمەوییەکان بێزاری کردبوو. لە ڕووی ئازایەتییەوە بووە ڕێبەری بزووتنەوەیەکی زۆر مەزن و زۆر لە زەردەشتییەکان کە تا ئەو ڕۆژگارە نەبووبوونە موسڵمان، بە هۆی ئەوەوە بوونە موسڵمان، بەڵام کە عەباسییەکانی هێنایە سەر دەسەڵات لە ناویان برد. لەبەرئەوە هەستی کەمایەتی و کۆیلایەتی و موالێتی مێژوویەکی دێرینی هەیە.
هەندێک دەڵێن ئەگەر سەڵاحەدینی ئەیوبی هیچ بۆ کێشە نەتەواییەکان نەکرد بێت، ئەی سەرکردە و هێزەکانی مێژووی نوێ و هاوچەرخی کورد چیان بۆ کێشەی نەتەوەیی کردووە، ئێمەش دەڵێین بەپێی بەڵگەی مێژوویی ڕەخنەی ئەوانیش دەکەین لەم توێژینەوەیەدا.
ئەگەر بێینە سەر مێژووی سەردەمی هەر دوو ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی، ئەوە زۆرینەی کورد بە بیانووی سونی بوون، بوونە پاڵپش و یارمەتیدەری عوسمانییەکان، و ململانێی سونە و شیعەی لە بەرژەوەندی سونە بۆ عوسمانییەکان یەکلایی دەکردەوە، و سەرئەنجامیش ووڵاتی کوردستان هەم دەبووە مەیدانی جەنگ و کاولکاری هەم داگیردەکراو عوسمانییەکانیش فراوانخوازی و تورکچێتیان دەکرد. تەنانەت جەنگی چاڵدێران لە ساڵی 1514 عوسمانییەکان بە پاڵپشتی کورد سەرکەوتن و گەیشتنە تەبرێزی پایتەختی سەفەوییەکان و (شاه عەباس)یش بە برینداری لە مەیدانی جەنگ هەڵهات. سەفەوی فارس و عوسمانی تورک بە ناوی مەزهەبی سونە و شیعەوە سەرقاڵی فراوانخوازی و فارسچێتی و تورکچێتی و گەورە بوون و بنیاتنای شارستانیەت بوون، کوردیش کێشە نەتەوایەتیەکەی و خاکەکەیی و مێژووی بنەڕەت و ڕەگەزی خۆی فەرامۆش کردبوو، گۆڕی بوو بە کێشەی ئاینی، کە دواجاریش دوژمنان سوودی گەورەیان لەم مامەڵەیەی کورد دەبینی، کورد بۆ پاراستنی عوسمانییەکان ببووە دیوارێک لە گۆشت و ئێسقان، بۆ خۆشی ببووە ئاردی ناو دڕک و وێرانەیی. 
کاتێک سوڵتان سلێمانی قانوونی لەشکرکێش دەکاتە سەر سەفەویەکان و بە پاڵپشتی کورد سەردەکەوێت، دوەتر خۆی دەگەڕێتەوە بۆ پایتەختی عوسمانییەکان، دایکی لێی دەپرسێت: بۆچی وا زوو گەڕایتەوە و سنورەکانت نەپاراست؟ ئەویش دەڵێت: لە سەر سنور دیوارێکم دروست کردووە کە هیچ هێزێک ناتوانێت بیبەزێنێت، دایکی لە وەڵامدا دەڵێت چەند بەو کاتە کەمە ئەو دیوارە دوور و درێژەت تەواو کرد؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: دیوارەکەم لە گۆشت و ئێسقان دروستکردووە، دایکی دەڵێت: مەبەستت لە گۆشت و ئێسقان چییە؟ سوڵتان سلێمان دەڵێت: مەبەستم لەوەیە پاراستنی سنورەکانم بە کوردەکان سپاردووە و وەکو دیوار وان هیچ هێزێک ناتوانێت بیانشکێنێت. کورد بۆ ئەوان بە ناوی ئیسلام و سونە بوونەوە بببووبە دیوار، بۆ خۆیشی وێرانە ماڵ، عوسمانییەکان خەریکی فراوانخوازی و بە کەنیزەکردنی ژن و کچی نەتەوەکانی دیکە بوو لە حەرام سەرا دا، کوردیش ببووە شمشێری فراوانخوازی و تورکچێتی عوسمانییەکان.
هەروەها کاتێک سوڵتان سەلیمی یەکەم بە مەلا ئیدریسی بەدلیسی دەڵێت ئێوە لە ناو میرەکانی خۆتاندا کەسێک هەڵبژێرن تا فەرمانڕەوایەتیتان بکات، بەڵام مەلا ئیدریسی بەدلیسی بە سوڵتان سەلیمی یەکەم دەڵێت هەر ئێوە سوڵتان و فەرمانڕەوای ئێمە بە و ئێمەش لە چوارچێوەی ئەم ئیمپڕاتۆریەتە عوسمانییە سونییە ئیسلامیەدا دەبین، بەڵام هەر ئیمپڕاتۆریەتە عوسمانییە بوو کە چەندیجار کاولکاری و داگیرکاری لە کوردسستاندا ئەنجامدا و ئەمارەت و میرنشینە کوردییەکانی لەناوبرد، هەر ئەم ئیمپڕاتۆریەتە بوو لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دا بوو سوارەی حەمیدی لە کورد دروستکرد و بە ناوی ئاینەوە کومەڵکوژی و جینۆسایدی ئەرمەنەکانی ئەنجامدا، کورد نەوەتەوە بوونی خۆی کردە قوربانی ئاینی عوسمانییەکان و کۆمەڵکوژیشی لەو پێناوەدا ئەنجامدا، ئەگەرچی بەرپرسیارێتی کۆمەڵکوژیەکە لە ئەستۆی تورکی عوسمانیدایە. 
لە جەنگی یەکەمی جیهانیش دا عوسمانییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا ڕێکەوتن و هاوپەیمانێتیان هەبوو، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی گەلانی مسوڵمان بە گشتی و کورد بە تایبەتی فەتوای جیهادی دا دژی بەرەی هاوپەیمانی. ئەوە بوو لە باکوری کوردستان تەواوی کورد و کەسایەتییە ئاینییەکانی بوونە چەکدار و پاڵپشتی گەورەی عوسمانییەکان، لە باشوری کوردستانیش شێخ مەحمود شەڕی شوعەیبەی لە باشوری شاری بەسڕە لە ساڵی 1915
لە دژی بەریتانییەکان بۆ عوسمانییەکان کرد لە ژێر ناوی ئاینی ئیسلام دا، شەڕی ڕووسەکانیشی ئەنجامدا لەبەرژەوەندی تورکەکاندا، کە دەکرا ئەو بارودۆخە و لاوازبوون و دواتر لە ناوچوونی عوسمانییەکان لە بەرژەوەندی کورد دا قازانج بکات، چۆن دواتر تورکەکان بەڕابەرایەتی ئەتاتورک دەوڵەت نەتەوەیی تورکی دامەزراندەوە.
ئەتاتورك بە گوتاری ئاینی هاتە مەیدان، بەو هۆیەوە كورد بووە پاڵپشتی، یەكەم هەنگاوی بۆ دروست بوونی دەوڵەتی توركیای نوێ دوو كۆنفرانسی دامەزراندنی لە كوردستان بەست، یەكەمیان لە ئەرزەرۆم لە 23/7/1919 و دووەمیان لە 4 ـ 11/9/1919 لە سیواس. پاشان كوردەكانی ئەوروپا یارمەتیان كۆكردۆتەوەو بۆ ئەتاتورك ، مانگانە یارمەتی60.000$ یان بۆ دەنارد. زانایانی ئاینی كوردستان بەسەرۆكایەتی (شیخ سعید نورسی )لەگەڵ 76 موفتی و 25 زاناو 11 نائیب فتوایان دا بۆ پاڵپشتی ئەتاتورك، ئەوانەی ئەنقەرەیان ئازاد كرد زیاتر كورد بوون... ئیحسان نوری پاشاش لە ئەستەمبوڵ زۆرترین ڕۆڵی خۆی بینی…  كەچی ئەتاتورك هەڵسا تەنازولی بۆ ڕوسیا و بەریتانیا و عێراق و هەمولایەك كرد تەنها دژی كورد. شێخ سەعیدی نورسی بەشی زۆری تەمەنی زینداندا لە سایەی دەوڵەتەکەی ئەتاتورکدا بەسەر برد، ئەتاتورک جوڵانەوەی (شێخ سەعید ساڵی 1925)ی لەناوبرد و خۆی و هاوڕێکانی لە سێدارەدا، حەسەنی خەیری لە سێدارە دا، جوڵانەوەکەی (سەید ڕەزای دەرسیم)ی لە ناوبرد وو سەید ڕەزا و هاوڕێکانی لە سێدارە دا، ئەمە و چەندی کۆمەڵکوژی و جینۆساید و داگیرکاری دیکە، سەرەڕای  واژۆکردنی چەندین ڕێکەوتننامە لەگەڵ ووڵاتانی دروسێ دژی کورد. 
تورکیش وەکو عارەب کوردی لە سێ چوارچێوەدا قبوڵە: 
یەکەم. کورد بێت و تورکی خۆش بوێت و تورک بە گەورەی خۆی بزانێت.
دووەم. واز لە کوردبوونی خۆی بێنێت و لە بۆتەی تورک دا بتوێتەوە، و بڵێت چەند بەختەوەرم کە تورکم.
سێیەم. موسڵمان بێت و ژێردەستەیی تورکی قبوڵ بێت و تورک بە گەورەی خۆی بزانێت.
لە فەرهەنگ و عەقڵیەتی تورکیدا کورد بەهیچ جۆرێکی بۆی نییە شعوبی و ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی بێت، شعوبی بوون ڕێگە پێنەدراوە و سزای توندی لەسەرە.
تورک دەیەوێت میللەتی کورد تورکی خۆش بوێت و کۆیلە و خزمەتکاری بێت، و شەڕی دنیای بۆ بکات. یان خۆی لە بیر بکات، تورک خاکی داگیربکات، کورد خاکی خۆی پێشکەش بکات بێ هیچ حساباتێک باج و سەرانەی بداتێ، تورکیش حوکمی بکات، تورک بە گەورەی خۆی بزانێت. بەڵام کورد بوون بڤە و تاوانە، ناسیۆنالیستی و دەسەڵاتداریەتی و دەوڵەتدارێ کوردی تاوانێکی گەورەیە و تۆمەتی تیرۆر و کوشتنی لەسەرە! چۆن تورک بە گەورەی خۆی نازانێت!
لە ساڵی 14 تموزی  1958 دا عبدولکەریم قاسم لە عێراق دا لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازیەوە هاتە سەرحوکم ڕژێمی پاشایەتی گۆڕی بە ڕژێمی کۆماری. ئەگەرچی ئەمە کودەتایەکی سەربازی بوو هیچ باگراوندێکی ئاینی نەبوو، بەڵام مەلا مستەفا کە پیاوێکی خێڵاکی و ئاینی کورد بوو لە یەکێتی سۆڤیەتەوە گەڕایەوە عێراق و هەموو پاڵپشتییەکی سیاسی و سەربازی بۆ عبدولکەریم قاسم دەربڕی. کاتێک عبدولکەریم قاسم و هاوئاوازەکانی دەستوری کۆمارییان بۆ عێراق نووسیوەیەوە نەتەوەی کورد و زمانی کوردی وەکو نەتەوە و زمانی دووەم لە عێراق دا ناساند، و کۆمەڵێک مافی سیاسی و ڕۆشنبیری دیکە بە کورد درا. بەڵام هەر ئەوەندەی جێپێی خۆی قایم کرد لە هەموو ئەو بەڵێنانە پاشگەزبوویەوە کە بە کوردی دابوو، دەستیکرد بە پەلاماردانی سەربازی کوردستان و کاولکردنی شار و دێهاتەکانی کوردستان. مەلا مستەفاش دوای ئەوەی نەیتوانی ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە بە هۆی کودەتاکەوە لە عێراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی دروست ببوو بۆ بەرژەوندی نەتەوایەتی قازانج بکات و لە ڕێگەی سیاسەتکردن و بەرخۆدانەوە خۆبەڕێوەبەری بۆ کوردستان بەدەست بهێنێت، لەبەرامبەر گۆڕانی سیاسەتی عبدولکەریم قاسم دا دەستی دایەوە جوڵانەوەی چەکداری ناڕێکخراوی خێڵاکی بێ ئەنجام.
لە ئێرانیش خومەینی بە گووتاری ئاینی و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لەساڵی 1979 هاتە مەیدان، بەو هۆیەوە کورد بووە پاڵپشتی بۆ کۆتایهێنان بە ڕژێمی شاهانشاهی پەهلەوی، کەسایەتییە ئاینییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەوانە (ئەحمەدی موفتی زادە، شێخ عزەدینی حسێنی) پاڵپشتی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیان کرد و لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی دا بوون. بەڵام هەر لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلام و دامەزراندنی کۆماری ئیسلام کەوتنە پەلاماردانی شار و ناوچەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، و پەراوێزخستن و زیندانیکردنی کەسایەتییە ئاینییەکانی کورد، و ئەنجامدانی چەندین تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی و بڵاوکردنەوەی چەندین نەحۆشی و ماددەی هۆشبەر و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆری و لە سێدارەدانی گەنج و لاوەکانی کورد. کورد لە بری ئەوەی ئەوگۆڕانکارییە مێژوویەی لەناوچوونی ڕژێمی پەهلەوی بە هەل بزانێت بۆ بەدەستهێنانی مافەڕەواکانی بە ناوی ئاینەوە بووە پاڵپشتی شۆڕشی ئیسلامی، وەڵامی ئەو شۆڕشە بۆ پاڵپشتی کردنی کورد لێی، ڕاگەیاندنی جیهاد بوو لە 19/8/1979 بۆ کاولکاری خۆرهەڵاتی کوردستان و لە ناوبردنی کەسایەتی و پارت و ڕێکراوە کوردییەکان، و دواجاریش هەڵگیرساندی شەڕی کورد کوژی و برا کوژی لەنێو حیزبە کوردییەکاندا. هەر لە سایەی ئەو شۆڕشە ئیسلامییەی کورد پشتیوانی کرد (ئەحمەدی موفتی زادە) ساڵی 1983 بۆ ماوەی (10) زیندانیکرا، بەهۆی کاریگەری ئەشکەنجە و ئازار و زیندانی تاکەکەسی تاریک، دەنگۆی ئەوەش هەبوو کە دەرمانخوارد کراوە، دوای فەترەیەکی کەم لە ئازاد بوونی ساڵی 1993 کۆچی دوایی کرد. (شێخ عزەدینی حسێن)یش ڕوویکردە ئەوروپا و هەر لەوێ  ساڵی 2011 کۆچی دوایی کرد. کۆماری ئیسلامی ئێران د. عەبدولڕەحمان قاسملۆ سکرتێری دیموکراتی لە ساڵی 13/7/1989 لەشاری ڤیەننا تیرۆکرد، د. سادق شەرەف، کە دوای تیرۆکردنی قاسملۆ بوو بە سکرتێری گشتی دیموکرات لە ساڵی 17/9/1992 لە بەرلین تیرۆکرد، شەڕی کورد بە کوردی لە نێوان کۆمەڵە و دیموکرات دا هەڵگیرساند.
فارسیش وەکو عارەب و تورک، کوردی لە سێ چوارچێوەدا قبوڵە: 
یەکەم. کورد بێت و فارسی خۆش بوێت و فارس بە گەورەی خۆی بزانێت.
دووەم. واز لە کوردبوونی خۆی بێنێت و لە بۆتەی فارسدا بتوێتەوە.
سێیەم. موسڵمانی شیعە بێت و ژێردەستەیی فارسی شیعەی قبوڵ بێت و فارس بە گەورەی خۆی بزانێت.
لە فەرهەنگ و عەقڵیەتی فارسیدا کورد بەهیچ جۆرێکی بۆی نییە شعوبی و ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی بێت، شعوبی بوون ڕێگە پێنەدراوە و سزای توندی و سێدارەی لەسەرە.
فارس دەیەوێت میللەتی کورد فارسی خۆش بوێت و کۆیلە و خزمەتکاری بێت، و شەڕی دنیای بۆ بکات. یان خۆی لە بیر بکات، فارس خاکی داگیربکات، کورد خاکی خۆی پێشکەش بکات بێ هیچ حساباتێک باج و سەرانەی بداتێ، فارسیش حوکمی بکات، فارس بە گەورەی خۆی بزانێت. بەڵام کورد بوون بڤە و تاوانە، ناسیۆنالیستی و دەسەڵاتداریەتی و دەوڵەتدارێ کوردی تاوانێکی گەورەیە و تۆمەتی محارەبەی خودا و دەوڵەتی لەسەرە! چۆن فارس بە گەورەی خۆی نازانێت!
ئەو کاتەی لە دوو هەزارەکاندا ئاکەپە و ئەردۆغان لە تورکیا بە باگراوندێکی ئاینی سونییەوە هاتنە سەر حوکم، بە تایبەتی ئەردۆغان باسی چارەسەرەی کێشەی کوردی دەکرد لە باکوری کوردستان، کۆمەڵێ مافی ڕۆشنبیری بە کورد درا، لەبەرئەوە تەواوی پارت و ڕێخراوە ئیسلام و تەنانەت عەلمانییەکانیش پاڵپشتی ئەو دەست پێشخەری و هەڵوێستەی ئاکە و ئەردۆغانین کرد. لە ڕاگەیاندنەکانەوە بانگەشەی بۆ دەکرا، لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی بۆ کۆدەکرایەوە لە باکوری کوردستان داوا لە کورد دەکرا کە دەنگ بە ئاکەپە بدەن. بەڵام هەرئەوەندەی ئەردۆغان شوێنی پێی خۆی قایمکرد و هەندێک گۆڕانکاری لە دەستوردا کرد، و سوپای کۆنتڕۆڵکرد، ئیدی کەوتە تەنازولکردن بۆ ئەمریکا و ڕووسیا و ئەوروپا بۆ دژایەتیکردنی کورد، کەوتە پەلاماردانی کوردی باکوری کوردستان و دژایەتیکردنی خۆرئاوا و باشوری کوردستان، جینۆسایدی ڕۆبۆسکی و سلۆپی و شڕناخ و جزیرەی ئەنجامدا. دوای ئەوەی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا بە ناوی لیست و پارتی (هەدەپە)وە بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی کرد و توانی بەربەستی (٪10) تێپەڕێنێت و وەکو نەتەوە و لیست بچێتە پەڕەمانەوە، زەڵام ئەردۆغان دەیان ئەندام پەڕلەمان و چاکی سیاسی و سیاسەتمەداری کوردی زیندانیکرد و سزای قورسیانی دا، شکستی بە پڕۆسەی ئاشتی هێنا، گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانی توند کرد، چەندین سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی لە کارەکانیان دوورخستەوە، ساختەکاری گەورەی لە هەڵبژاردنەکاندا لە باکوری کوردستان ئەنجامدا، چەند پارتێکی کوردی داخران، سەڵاحەدینی دەمیرتاش و هاوسەرکانی هەدەپە و گۆڵتان کشناکی زیندانیکرد و سزا دا، بە بەردەوامیش چیاکانی باکور و باشوری کوردستان کیمیاباران و بۆردوماندەکات، دانیشتوانی گوندەکان بێ ماڵ و حاڵ بوون و ژمارەکی زۆریش هاووڵاتی شەهید بوون، زمان و فەرهەنگ و کەلتوری کوردی قەدەغەکرد، تیرۆری سپی لە ڕێی مادەی هۆشبەر و نەخۆشیەوە لە باکوری کوردستان بڵاوکردۆتەوە، دوای سەرهەڵدانی جەنگی سوریا ساڵی 2011  پاڵپشتی گەورەی داعش و گروپە تیرۆرستییە سونییەکانی دەکرد بۆ هێرش کردنە سەر گرێ سپی و سەرێکانی و کۆبانی و قامیشلۆ و ناوچەکانی دیکە و جینۆسایدی‌ گەورەی ئەنجامدا. لە دوای ڕیفراندۆمەکەی 25/9/2017 دژایەتیەکی گەورەی باشوری کوردستانی و بە هاوکاری عێراق و ئێران ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەیان پووچەڵکردەوە. لە ساڵی 2018 دا لەگەڵ گروپە تیرۆرستییەکان هێرشێکی وەحشیانەی کردە سەر کانتۆنی عەفرین و کۆمەڵکوژ و کاولکاری و داگیرکاری گەورەی ئەنجامدا، ئەمە جگە لەوەی تەنازولاتی گەورەی بۆ ڕووسیا و ئەمریکا و ئێران و دواتر سوریا کرد دژی خۆرئاوای کوردستان.
لەگەڵ بوونی ئەو هێڵەی کە کێشەی نەتەوایەتی گۆڕیوەتەوە بە کێشەی ئاینی، هێڵێکی ناسیۆلیستی و عەلمانی و چەپ و کۆمۆنیستی دیکەش لە ناو کورد دا هەبووە بە تایبەتی لە حەفتاکان و هەشتاکان و نوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دا کە دژایەتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و تەواوی پیرۆزییە ئاینییەکانیان کردوە، لەوانە پەکەکە لە باکور، و یەکێتی و پارتی و کۆمەڵەی مارکسی - لینین و حزبی شیوعی و حیزبی سۆشیالیست و کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و چەند هێز و پارتێکی دیکە لە باشور، و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و حیزبی دیموکرات لە خۆرهەڵات، (پەکەکە - پەیەدە) و ئەنەکەسە لە خۆرئاوای کوردستان. 
ئەم پارت و ڕێخراو هێزانە بە بیانووی کۆنەپەرستی و ئاینی ئیسلام هۆکاری جینۆساید و داگیرکاری و پاکتاوی ڕەگەز و نکۆڵیکردن لە بوونی کوردن، لە تێکۆشانیاندا سوکایەتی گەورەیان بە هەستی ئاینی نەتەوەکەیان دەکرد کە لە پێناو ئەو گەلە ئایندارە چەوساوەیەدا خەباتیان دەکرد، سوکایەتی گەورەیان بە مزگەوت و بنەماکانی ئاینی ئیسلام و پیرۆزییە ئاینییەکان دەکرد. زۆرجار کاری ناڕەوای سێکسی و دەستدرێژی جنسیان دەکردە سەر نامووس و کەرامەتی خەڵکەکە. ئەمە لە کاتێکدا ئەوان لە پێناو ئەو میللەتە دیندارەدا خەباتیان دەکرد، کە لەلایەکەوە دوژمنان بە ناوی ئاینەوە دەیانچەوساندەوە و هێزە کوردییەکانیش بە دژایەتیکردنی هەستی ئاینییان سوکایەتیان پێدەکردن.
ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی کۆی میللەت بە دەم خەبات و تێکۆشانەکەیانەوە نەچن و درزێکی گەورەش لە نێوان خەڵکە چەوساوەکە و پارت و جوڵانەکاندا دروست ببوو، ئەمەش دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ داگیرکەران و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان کە ڕێگەی ئاینەوە، لە ڕێگەی حیزب الله و گروپی نور و خزمەت و مەدرەسەی ئاینی لە باکوری کوردستان، شۆڕشی ئیسلامی لە خۆرهەڵات، پاڵپشتیکردن و دەستەمۆکردنی پیاوانی ئایینی و دروستکردنی مەدرەسەی ئاینی بە بەرگێکی عارەبچێتی لە باشور و خۆرئاوای کوردستان، بێنەوە ناو کورد و لە پارت و پێشمەرگە و گەریلا و هێزە کوردییەکانیان دووربخەنەوە و درێژە بە پاکتاوی ڕەگەز و داگیرکاری سەر کورد و کوردستان بدەن. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی هەر پارت و هێزێک بە بەرگی ئاینی ئیسلامەوە لە هەر یەک لەم چوار ووڵاتەدا دەرکەوێت کورد بەرەو ڕووی بچێت و پاڵپشتی لێبکات، ئەو پارت و هێزانەش هەر ئەوەندەی جێپێی خۆیان قایمکرد، دەچوونەوە سەر ڕێچکەی بەعارەبکردن و فارسکردن و تورکاندن و جینۆساید و سەرکوتکردنی کوردیان درێژە پێدەدایەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستێوەردانی دەرەکی و ململانێی سونە و شیعە لە ساڵی 2011 دا، بەشێکی زۆری پارت و کەسایەتییە ئاینی و ئیسلامییەکانی کورد داوایان دەکرد کە پێویستە کورد پاڵپشتی موجاهدینە سونەکانی (ئەحرار شام، جەبهەتولنوسڕە، داعش، کەتیبەکانی سوڵتان موڕاد .....هتد) بکەن کە تورکیا پاڵپشتی دەکرد، واتە کورد بچێتە بەرەی سونە لە دژی بەرەی شیعە، دواتر کورد دوای گۆڕانکاری لە دەسەڵات لە سوریا داوای مافەکانی لەم گروپە تیرۆرستییە سوونانە بکات. بەڵام بۆ یەکەمجار لە مێژوو دا کورد لە خۆرئاوای کوردستان هێزی دروست کرد بۆ پاراستنی نەتەوە و خاکی. بۆ پاراستنی خۆی هێڵی سێیەمی هەڵبژارد، نەبوو بە دۆستی نەیارەکانی ئەسەد لە بەرژەوەندی نەیارەکانی ئەسەد، نەبوو بە هاوپەیمانی ئەسەد دژی نەیارەکانی ئەسەد و ڕژێمەکەی. واتا نەبووە دەردەستی هیچ کام لە بەرە نەیارەکان. بەڵکو بەپێی بەرژەوەندی نەتەوەیی هەنگاوی هەڵناو توانی بەرخۆدان بکات و خۆبەڕێوەبەری بنیاد بنێت سیستمێکی جوانی دیموکراتی و پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئاین و ڕەگەزە جیاوازەکان ئاوابکات، سەرەڕای هەموو پیلانگێڕییەکانی تورکیا و هێڵی خیانەتی ناو کورد و لایەنی نێودەوڵەتی توانیویەتی بمێنێتەوە. ئەم مانەوەیەش مانای ئەوەیە کورد کێشە نەتەوەییەکەی خۆی نەکردە قوربانی کێشەی ئاینی، و نەبووە بەشێک لە ململانێی سونە و شیعە لە بەرژەوەندی تورک و عارەب و فارس. ئەو گروپە موجاهدینانەش کە پارت و کەسایەتییە ئیسلامییەکانی کوردستان پاڵپشتیان دەکرد، ئەو گروپە تیرۆرستی و دژە کوردانە بوون کە هێرشیان کردە سەر گرێ سپی و شەنگال و گوڵاڵە و کەرکوک و کۆبانی و عەفرین و .......تاد هەموو پاڵپشتییەکیان لە تورکیاوە وەردەگرت بۆ لە ناوبردنی کورد و چەندینی جینۆساید و تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا.
بەڵام ئەوەی سەیرە جینۆسایدی کوردی غەیرە مسوڵمانەکان بە دەستی تورک و عارەب و فارس لە کوردستانی گەورەدا، کەسە دینییەکانی کوردی کردووە بە دوو گروپەوە: گروپی یەکەم بە ناوی دینەوە ئەم جینۆسایدە بە ڕەوا دەبینن، دەڵێن ئەمانە خوداپەرست نین و ئیمانداری ڕاستەقینە نین، وەکو بڵێیت مسوڵمانان خودای پەیڕەوکارانی ئاینەکانی دیکە بن و ژیان و بوونیان بە دەستی ئەوانە نەک خودا. گروپەکەی دیکه ئەو جینۆسایدانە بە ناوی خوداوە بە ڕەوا نازانن، و دژی ئەو کوشتار و وێرانکاریانە کە بە ناوی ئاینی و خوداوە دەکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەمانە کەمینەن و کاریگەری گەورەیان نییە و  لەلایەن گروپی یەکەمەوە بە مورتەد و زەندیق و لەڕێگە دەرچوو ئەژماردەکرێن، ئەوەی کارەساتە ئەوەیە تا ئێستاش گروپی یەکەم زۆرینەی کۆمەڵگان کە بە ناوی ئاینەوە ڕەوایەتی بە جینۆسادی غەیرە مسوڵمانەکان دەدەن بە دەستی نەتەوە مسوڵمانەکان. وەکو بڵێت ئیدی مسوڵمانان هەمووی ئیمانداری عەیارە بیست و چوار بن و مردن و ژیانی غەیرە خۆیان بە دەست مسوڵمانان بێت، لە بیریان چۆتەوە کە بەم ڕەفتارەیان دەبنە کائینێکی مەرگدۆست نەک مرۆڤدۆست، چەندین کاری ناڕەوا و درۆ و کوشتار بە ناوی خوداوە ئەنجامدەدەن. لەڕاستیدا کۆی ووڵاتە ئیسلامیەکانیش بەم ڕەفتارەیان جوگرافیایەک نین بۆ ژیانی مسوڵمانانیش نەک پەیڕەوەکارانی دینەکانی دیکە.
ئێمەی کورد چەندە دوژمن نکۆڵی لە بوونمان دەکات، خۆمان زیاتر خۆمان بچوکدەکەینەوە و لە شکۆی نەتەوەیمان کەمدەکەینەوە زیاتر نکۆڵی لە بوونی خۆمان دەکەین، ڕەوای زیاتر بە جینۆسایدی سەر خۆمان دەدەین بەناوی ئایینەوە، خاوەندار لە خۆمان دەردەکەوین، کێشەی کورد کێشەی نەوەییە نەک دینی، بەڵام دوژمن چەند نکۆڵی لە بوونمان دەکات، ئێمە ئەوەندە زیاتر بەناوی ئاینەوە خۆمان بچوکدەکەینەوە و نکۆڵی لە خۆمان دەکەین.
بەپێی ئەو بەڵگانەی خستمانە ڕوو تەنیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و گروپە تیرۆستییەکانی تورکیا دا، کورد توانی هێڵی سێیەم هەڵبژێرێت، واتە نەبووە بەشێک لە ململانێی سونە و شیعە، نەبووە هاوپەیمانی سونە دژی شیعە، نەبووە هاوپەیمانی شیعە دژی سونە، ئەگەرچی سونە و شیعەش هێرشیان کردە سەری و پەلاماری کوردستانیاندا، بەڵام کورد توانی بە هەڵبژاردنی هێڵی سێیەم بەرگری بکات و سەرکەوتنی گەورە لە باشور و خۆرئاوای کوردستان لەسەر دەستی شەڕڤانان و پێشمەرگە بەدەست بێنێت، و بتوانێت بمێنێتەوە و کێشە نەتەوایەتیەکەی نەکاتە قوربانی ململانێی سونەو شیعە لە بەرژەوەندی تورک و فارس و عارەب دا، بەڵکو خۆی وا دەبێتە هێزی سێیەم و ژمارەیەکی قورس لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان.
لەکۆتایدا دەڵێن: گۆڕینەوەی کێشە نەتەوایەتییەکان بە کێشەی ئاینی، و سوکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئاینییەکان لەلایەن هێزە کوردیییەکانەوە لە هەر دوو بارەکەدا زیانی گەورە لە کێشەی نەتەوایەتی دەدات و پڕۆسەی داگیرکار و دابەشکاری و بەهێزی و ڕێکەوتنی دوژمنان درێژە پێدەدات چونکە کێشەی کورد کێشەیەکی نەتەوایەتییە نەک کێشەی ئایینی. ئەوە کارێکی زۆر ئاساییە میللەت چ دینێک هەڵدەبژێرێت، و سروشتییە کە ووڵات پڕ بێت لە مزگەوت و کەنیسە و لالش و ئاتەشگە و ئیمانداری ئاینە جیاوازەکان، دەبێت ئازادی ئاینی بۆ هەموو ئاینەکان فەراهەم بکرێت، بەڵام نابێت شعوبیەت و ناسیۆنالیستی هەرگیز فەرامۆش بکرێت، چونکە کاتێک کورد جینۆساید دەکرێت، واتە پەیڕەوکارە کوردەکانی ئەم ئاینانە جینۆساید دەکرێن، کێشەی نکۆڵیکردن لە کورد بە ناوی ئاینی ئیسلامەوە ئەوەیە کە کوردە نەک ئەوەی کە ئیماندارە یان بێ ئیمانە.
پێویستە کورد لەلایەک ئایندارییەکی کوردانە بکات، لەلایەکی دیکەوە خەبات و تێکۆشان بکات دژی دوژمنەکانی، ئیدی دوژمنەکانی سەر بە هەر ڕەوت و ئاین و ئایدۆلۆژیا و ڕەنگێک بێت، ئایندارییەکی کوردانە، و پارت و هێز و دەسەڵاتێکی کوردی هەڵقوڵاوی مەینەتییەکانی کوردی دەنگ و ڕەنگ جیاواز زامنی سەرکەوتنە، نەک گرێدراوی دەرەکی بە ناوی ئاین و ئایدۆلۆژیای جیاواز لەلایەک و سوکایەتیکردن بە بنەما و پیرۆزی ئاینە جیاوازەکان لەلایەن هێز و دەسەڵاتە کوردییەکانەوە لەلایەکی دیکە. پێویستە کورد کورد بێت، دژایەتی تاکۆتایی (موعەرەب و موستەعرەب و موالی) بکات، و کورد کوردی خۆش بوێت و کورد نەبێتە عارەب و تورک و فارس و ژێردەستەیی هیچ میللەتێک قبوڵ نەکات و هیچ میللەتێکیش بە گەورەی خۆی نەزانێت لە ژێر هیچ ناوێک دا. 
لێرەدا دەمەوێت چەند خاڵ و شرۆڤەیەکی دیکە بخەمە ڕوو سەبارەت بەوەی بۆچی نەبووین بەهێزی سێیەم؟ یان بەزاراوەی سەدەی بیستەم، بۆچی نەبووین بە دەوڵەت نەتەوە؟
گوتەیەکی تاتاری هەیە دەڵێت: "تەنها ئەو کەسەی کە دایکی نییە دەزانێت بێ دایکی مانای چی، تەنها ئەو کەسەش کە دەوڵەتی نییە دەزانێت بێ دەوڵەتی یانی چی؟"
سەدەی بیستەم، سەدەی دەوڵەت نەتەوە بوو تا ئەمڕۆش ئەم مۆدێلە سیاسیە مۆدێلی دەوڵەتدارییە . "مافی چارەی خۆنووسین " سەرەکیترین مافی سیاسییە کە چەندین نەتەوە لەڕێگای ئەم مافەوە بون‌و دەبن بە‌خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
ئەم قورسایی و کاریگەرییە گەورەیەی دەوڵەتی نەتەوەیی لە‌سەدەی بیستەمدا و  نەبوونی دەوڵەت نەتەوەیی کوردی بۆتە هۆی پاشەکشێیەکی گەورەی شارستانیەت و کلتور کورد لە ناو مێژووی جیهان دا،
هەر ئەم بێ دەوڵەتییەش بۆتە هۆی ڕوودانی تراژیدی و ئیتنۆساید و جینۆسایدی گەورە دژی کورد و هەڕەشەی جۆراوجۆری بەردەوامیش بۆ پاکتاوی ڕەگەزی کورد .
زۆربەی هەرە زۆری پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی ئەمڕۆش لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی و ئابووری دامەزراوە ، ئەو میللەتانەی بێدەوڵەتن ، دەکەونە دەرەوەی ئەو پەیوەندییانەوە ‌و بەزۆر ماناش نابن بە‌بەشێک لە ‌جیهان . هەموو پەیوەندییەکان بە‌توندی بە‌چوارچێوەکانی دەوڵەتی نەتەوەییەوە گرێدراوە و گەلی بێ دەوڵەت لەدەرەوەی ئەو چوارچێوانەدا گەلێکی بێ مافە . بۆ نموونە کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان 2011 بڕیاری دا (جەژنی نەورۆز ) بکاتە چەژنێکی کلتوری نێونەتەوەیی ، بە هیچ جۆرێک باس لە کوردی خاوەن ئەم چەژنە نەکرا چونکە بە هۆی نەبوونی دەوڵەت نەتەوەیی کوردی هیچ نوێنەرێکی لەم ڕێکخراوە دا نەبوو تاکو مافە کلتورییەکانی کورد بکاتە بۆنەیەکی جیهانی و کوردییش ببێتە بەشێک لە جیهان و چوونە ناو مێژووی جیهانەوە .
بەشێکی گەورە لە‌کێشەکانی ئەمڕۆکەی کورد وەک نەتەوە‌ و نیشتیمان، کێشەی بێ دەوڵەتی ‌و بەربەستە ناوخۆی و دەرەکییەکانە لە‌بەردەم دروستکردنی دەسەڵاتدارێتییەکی یاسایی و نەتەوەیی ‌و نیشتیمانی ، واتا دەوڵەت نەتەوە مافێکی سروشتی کوردە وەک هەر گەلێکی دیکە ، بوون بە خاوەن دەوڵەت ڕاستەوخۆ کۆمەڵێک کێشەی نێونەتەوەیی کورد چارەسەر دەکات . بەڵام ئەوەی ئەستەمە ئیرادە و جورئەتی دامەزراندی دەوڵەتە لای کەسایەتیە سیاسییەکان و پارتە کوردییەکانی باشوور.
هەندێک پێیان وایە هۆکاری دروست نەبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی سەڵاحەدینی ئەیوبی و خاچدروشمەکان ، کاتێک سلاحەدینی ئەیوبی ڕێگەی لە هەڵمەتی گەیشتنی خاچ دروشمەکان بە خۆرهەڵات گرت و هەروەها شاری قودسی ڕزگارکرد . لێرەوە ووڵاتانی زلهێزی ئەوروپی و مەسیحی بەردەوام دژایەتی مافی چارەی خۆنووسینی کورد دەکەن .
بەڵام گەر ئەمە ڕاست بێت ئەوە نەدە بوو دوای نەمانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و بەتایبەتیش دوای جەنگی یەکەمی جیهان و دروست بوونی دەوڵەت نەتەوە، تورک ببوایە بە خاوەن دەوڵەتی تورکیا ، چونکە گەر سەلاحەدین شاری قودسی ڕزگارکردبێت و ڕێگەی لە گەیشتن بە خۆرهەڵاتی لە خاچدروشمەکان گرتبێت ، ئەوە تورک لە سەر دەستی محمد فاتیح لە ساڵی(1453 عیسایی) دا ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی بەری خۆرهەڵاتی ئەوروپی مەسیحی بۆ هەمیشە ڕووخاند و شاری بێزەنتی پایتەختی ئیمپراتۆرەکەشی داگیر کردوو کردی بە( ئیسلام پول) ئەستەمبوڵ .
هەندێکی دیکە لە شارەزایان باس لە هۆکاری جوگرافی دەکەن بۆ دروست نەبوونی دەوڵەت نەتەوەیی کوردی ، بەوەی کە جوگرافیای کوردستان شاخاوییە و داخراوە ناڕوانێتە سەر دەریا، لە ڕابردوودا بەهۆی پێشنەکەوتنی تەکنەلۆجیا ئەم سروشتە سەختە ڕێگەی پەیوەندی زۆر سەخت و دژوار کردبوو .
بەڵام ئەمەش تەواوی ڕاستییەکە نییە چونکە لە ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی ووڵات هەیە ووشکانی و جوگرافیایی زۆر نەگونجاوە و پێکهاتە و چوارچێوەی ووڵاتەکەش زۆر نالەبارە ، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن دەوڵەت نەتەوەن ، وەکو ( مەنگۆلیا ، نیپاڵ ، سویسرا ، مەقدۆنیا ، تشاد ، نیجریا، پاراگوای، چەندان ووڵاتی دیکە ).
سەبارەت بە دروست نەبوونی دەوڵەت نەتەوەیی کوردی ڕاو بۆچوونی زۆر هەیە بەڵام ئەوەی دەردێکی کوشندەیە: بێگانە پەرستی و دواکەوتووی و خێڵەکی و عەشایەری و پارچەپارچە بوون و ناکۆکی و ململانێ و شەڕی ناوخۆ و برا کوژی و ململانێ و ناکۆکی سەرکردەکان و نەبوونی توانای دەوڵەتدارییە. (ئەگەرچی هۆکارگەلی بنەڕەتی و بنچینەیی نین، چونکە زۆر ووڵات و نەتەوە هەبوون لەم ڕووانەوە بارودۆخیان زۆر لە کورد خراپتر بووە، وەکو گەل و ووڵاتانی عەرەبی، هندستان و پاکستان و مەنگۆلیا و ئەفخانستان و چەندان ووڵاتی دیکە) ، بەڵام ئێمە لەم کۆڵینەوەیەدا دا بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ئاماژەیەکی خێرامان بەم خاڵانە کرد. هەروەها لە بابەتی (سەرۆک و پێشەنگایەتی نەتەوە)دا شرۆڤەی ڕۆڵ و کاریگەری سەرکردە و نەبوونی سەرکردەی کوردی کرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە