جیاوازیی نێوان سیخوڕ و خائین!

Monday, 21/01/2019, 1:05

7292 بینراوە


 سیخوڕ: واتە ئەو کەسەی کە وەک فەرمانبەرێک کار بۆ دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی خۆی دەکات، بە شێوەیەکی نادیار زانیاریی پێویست کۆدەکاتەوە و دەیدات بەو دەزگایە یان حکومەتی وڵاتەکەی خۆی. زانیارییەکان بریتیین  لە زانیاریی سەربازیی، ئابووری، تەکنەلۆژی و بازرگانیی و ... هتد، ئەو زانیارییانە کە ئەو سیخوڕە  لە لای دوژمن بەدەستی دەهێنێت گرنگ و پێویستە، تا لەبەرامبەردا وڵاتەکەی، کاری لەسەر بکات و لە کاتی نەخوازراودا دژی نەیارەکەی بەرەنگار بێتەوە، خۆی بەهێز بکات، یان توانا و پێشکەوتوویی خۆی تێیدا بەراورد بکات، هەوڵی ئەوە بدات هەمان توانا بەدەست بهێنێت و بەرگریی بکات، بەڵانسی هێزی خۆی لە بەرامبەردا رابگرێت.
ئەو کەسەی لە دەرەوەی وڵات و نیشتیمانی خۆی کار دەکات، وەک سیخوڕ دەناسرێت و کارەکەی بە سیخوڕی پێناسە دەکرێت، بەڵام لە وڵاتی خۆیدا وەکو فەرمانبەر و پاڵەوانێک چاوی لێدەکرێت، چونکە لای ئەو دەزگا هەواڵگرییەی کە ئەرکەکەی پێسپاردووە، بە ئەرکێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی هەڵدەستێت و کارەکەی بەرز دەنرخێنرێت. (ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە هاولاتی سڤیل بەرەو رووی کوشتن دەکاتەوە و کاری تێکدەرانەی تیرۆریستیی بکات).
خائین: ئەوەی کە سیخوڕی بەسەر  وڵاتی خۆیەوە دەکات و زانیاریی بە دوژمن و نەیار دەدات پێی ناگوترێت سیخوڕ، چونکە ئەو ئەرکەی پێی هەڵدەستێت جیاوازترە لەوەی سەرەوە، بۆ بەرژەوەندی وڵات و گەلەکەی خۆی نییە، بەڵکو بۆ تێکدان و بێهێزکردنی گەل و نیشتیمان و حکومەتەکەی خۆیەتی، پێی دەگوترێت: خائین و ناپاک. چونکە چاوساغی بۆ دوژمن دەکات، وەکو ئەوەی کە لەناو کورددا باوە و بۆتە کەلتوری حیزبەکان، بۆ دوژمن و داگیرکەران کار دەکەن. مێژووی کورد تەژیی و پڕە لەم نمونانە، هەمیشە ئێمە لە کاتی لێدوان و قسەکردن و نووسینەکانماندا، ئەو وشانەمان جیا نەکردوونەتەوە، هەرچەندە لە خراپترین حاڵەتدا ئەگەر بوێرین تەنیا وا راهاتووین پێیان دەڵێین سیخوڕ.
بەڵام راستییەکەی ئەمەیە، کە کورد سیخوڕی تێدا نییە، بەڵکو بەپێی ئەو لێکدان و قسە لەسەرکردنە، بە تەنیا وشەیەک دەبێت بەو شێوەیە پێناسە بکرێت، ئەویش  (ناپاک) یان (خائین)ــە.
بۆچی کورد سیخوڕی نییە؟ ئەمە دەبێتە پرسیارێکی شیاو بۆ دیاردەیەکی نەشیاو!
لەبەر ئەوەی گەلی کوردستان خاوەنی خاک، وڵات و حکومەتی سەر(بەخۆ)ی خۆی نییە. حکومەتێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی لە باشوور بەڕێوەی نابات، تا لەناو ئەو سیستەمە ئیدارییەدا دەزگایەکی هەواڵگری هەبێت بە شێوەیەکی یاسایی دروستبووبێت و بەڕێوە ببرێت.
لە کوردستاندا، بەتایبەتی لە باشووری وڵات، چەند دەزگایەکی هەواڵگریی بوونیان هەیە، وەکو (دەزگای زانیاریی) و (دەزگای پاراستن)، هەروەها هەردوو پارتیی و یەکێتیی دوو دەزگای دژە تیروری سەر بە(خۆ)یان هەیە، سیما و خەسڵەتی (دەزگای دژە تیرۆر) وەک هەمان دەزگای زانیاریی و پاراستنە، تێکڕای ئەم دەزگایانە، حیزبی و بنەماڵەیین، نەک دەزگای حکومیی، تا سیستەمە ئیدارییەکە ئەرکەانی هەر یەکەیانی دیاریی کردبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان و خەڵکەکەی ئەرکی نیشتیمانی پێسپێدرابێت. ئەوانەی لە ناو ئەو دەزگایانەدا کار دەکەن، چونکە هاوڵاتی ناو نیشتیمانی خۆیانن، هی وڵاتێکی دیکە نیین، بە فەرمی ناسنامەی هاوڵاتییبوونیان لەو وڵاتانەی دیکە نییە، تا خەسڵەتی سیخوڕییان پێبدرێت، ئەمەش مافی ئەوەیان لێدەسەنێتەوە، کە فەرمانبەر بن و بە ئەرکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی هەڵبستن. بەڵکو بۆ ئەوە دروستبوون و کاردەکەن، کە زیان بە نیشتیمان و گەلی خۆیان دەگەیەنن، واتا ناپاکی دەکەن، ئەمانە خائینن، نەک سیخوڕ. ناپاکن، نەک دڵسۆز، سزای دادگای گەل بەرامبەر بە خائین لە سیخوڕ سەخترە.
هیوادارم وەکو پێویست تیشکی کەمم خستبێتە سەر ئەم باسە، هەر کەس بۆ ئەم باسە لەسەر  پێناسەی سیخوڕ و خائین و ناپاک زانیاریی زیاتری پێیە، ئەو ئەرکە بکێشێت و فەرهەنگی سیاسیی کوردیی پێ دەوڵەمەند بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە