دایە .. هۆ دایە

Tuesday, 22/01/2019, 11:42

8273 بینراوە


دایە .. هۆ دایە
هەرکەس بڵێت :-
مەرگم پێش مەرگت کەوێ
درۆ دەکا
بەڵام. دایك .. نا .

***

خۆشەویستی دانوستانە،
تەنانەت لەنێوان باوك و فرزەنیشا..
وەلێ دایك نا.

***
هەر ژنێک کەزیەی سپی بوو، دایکم نییە
دایکی ئەمن.. کەزیەی زۆر سپی بوو زۆر.

***

چەند زەنگیانەت، پێوەکرد.
بۆ هۆنینەوەی بەرچاوگە
بۆ هۆنینەوەی ژێرچەنە
سەد ئەوەندە
غەریبیت دەکەم
دایە.

***

لە نامۆستان
ئەو شەوانەی، دێیتە خەوم.
بەیانییەکەی
هەست بە ئاسودەیی دەکەم.
خەونەکانت .. سادەن وەك خۆت
خەونامەیان، پێویست نییە.
خەونی فریشتەکان، سادەن
ئەی، دایە گیان.

***

شەو راشکا.. بەربەیانە
دەست هەڵناگرم، لەم رۆمانە.
پاڵەوانی رۆمانەکە
لە تۆ دەچێت .. دایە.

***

لە ئاودا،
لە هەڵمدا
لە بەفردا،
تۆ، دەبینم.
نازانم .. ئەوانە تۆن
یا، تۆ سێبەری ئەوانی.. ؟
دایە.

***

کۆترەکانی منارەی
مزگەوتی گەورە .. هەڵفڕین.
تەنها، کۆترێکیان، نەبێت.
نە، من، نە، ئەو
لەسەیری یەکتر تێرنەبوین.
بڵێی، ئەو کۆترە، تۆ نەبیت؟!
دایە.

***

هەندێك، دەڵێن :
سەیری دەریا، خەمڕەوێنە ..!!
لەسەر دەریام .. وردە شەپۆل
خەمەکانم، دەهۆننەوە! !
دایە

***

گەواڵە هەورەکان، رەوینەوە.
تەنها، پەڵەهەورێک نەبێت
بۆ، بێکەسی، من، دەگریا.
دایە.

**

بێ بوونی ئاو
بێ بوونی خۆر
ئێمە، هیچمان، بوونمان نییە.
من، تۆم، لە ئاو
من، تۆم، لە خۆر
خۆشتر دەوێت
دایە.

***

کللووە بەفری، سەر، پیرەدار
جوانترە
لەلای من، لە گەڵا
چونکە، لەتۆ دەچێت
دایە.

***

لە، نامۆستان، بۆ خۆم، گریام.
بۆ تۆ گریام.
ئەی، کێ بۆ من دەگری .. ؟
بێجگە، لە هەور
دایە.

دانیمارك/ ڤالبی
2013

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە