بەجۆربوون و نەمانی جۆرەکان

Tuesday, 22/01/2019, 21:37

15405 بینراوە


بەجۆربوون
کۆمەڵەی گشتی بوونەوەری زیندوو چ یەکخانەیی بێت، یان فرەخانە، بە هەردوو بەشە سەرەکییەکەیەوە کە بە ناوکۆکەسەرەتایی و ناوکۆکەڕاستەقینەکان دەناسرێن، سەرلەبەری ئاژەڵ، ڕوەک، کەڕووبابەت، بەکتریا و ڤایرۆسەکان دەگرێتەوە. هەموو ئەمانە جارێکی دیکە دەکرێنە چەندان کۆمەڵە و لکی جیاجیا، هەریەکەشیان ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە جۆرەکانی زیندەوەران پێک دەهێنێت. بۆیە بۆ ناسین و پۆلێنکردنی هەر تاکێک لە زیندەوەران، پێویستە پێش هەموو شتێک جۆرەکەی دیار بکرێت.
لەبەرئەوەش لەم نووسینەدا گەلێک جار وشەی جۆر (Species) بەکار هێنراوە، دەشێ لێرەدا بپرسین، مە‌بە‌ست لە‌ جۆر چییە؟‌
هەتا‌ ئێستە‌ پێناسە‌یە‌کی چە‌سپاوی‌ وا بۆ جۆر نییە، گشت لێزان و زانستمەندانی زیندە‌وە‌رزانی لێیە‌وە‌ کۆک و هاودە‌نگ بن. بەڵام بە‌ شێوە‌یە‌کی گشتی دەکارین بێژین، جۆر لە‌ زانستی پۆلێنسازیدا، بە‌ کۆی تاکە‌کانی ئە‌و زیندە‌وە‌رانە‌ دە‌گوترێ کە لە‌ پێکهاتە ‌و شێوە‌ چوونیە‌کن و‌ لە‌ چە‌ندان نیشانەشدا هاوبە‌شن، هەروەها دە‌توانن لە‌گە‌ڵ یە‌کدیدا زاوزێ بکە‌ن و وە‌چە‌یە‌ک بهێنن نە‌زۆک، یان بێبەر نە‌بێت، واتە نەوەکەش دەبێ بتوانێ زاوزێ بکات. بۆ نموونە، کاتێك نێرەکەر لەگەڵ مایندا جووت دەبێت، ئێستر دێتە بەرهەم، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمانەیان دوو جۆری جیاوازن، دەبینین کە نەوەیەک دێتە بەرهەم نەزۆکە و ناتوانێ زاوزێ بکات.
هەرچەندە ئەم پێناسەیە بۆ جۆر، تا ڕادەیەک ئەو واتەیە بەدەستەوە دەدات کە لە زیندەوەرزانیدا مەبەستە، بەڵام هێشتا بەتەواوی پێناسەیەکی بەبێ کێشە و گرفت نییە. چونکە ئەگەر شێوەی دەرەکی بکەینە بنچینە دەبینین، جۆری وا هەیە پڕاوپڕ لەگەڵ یەکێکی دیکەدا هاوشێوەیە، کەچی لە لایەنی ناوەکییەوە زۆر لێک دوورن. جگە لەمە ئەم شێوازە بۆ وردەزیندەوەرانی خاوەن ناوکۆکەسەرەتایییەکان ناگونجێت، بۆیەش زاناکان هەندێ جار پەنا دەبەنە بەر شێوازەکانی دیکەی وەک، لێکچوونی (دنا)، بوونی پێشینەی هاوبەش، ژینگەکەیان و چەندان تایبەتمەندی دی کە لە نێوان زیندەوەراندا هەن.
خۆ ئەگەر توانی زاوزێکردن لەگەڵ یەکدیدا بنچینە بێت، ئەوا دیسانەوە پێڕەو ناکرێت لەسەر وردەزیندەوەران و زیندەوەرە بنەبڕبووەکان، یان ئەوانەی کە لەڕێی هەڵکۆڵدراوەکانەوە دەستنیشان دەکرێن، یاخۆ ئەوانەی کە بە دووڕەگاندن دێنە بەرهەم، بەتایبەتیش لە ڕوەکەکاندا، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە ڕوەکەکان هەن کە سەربە جۆری جیاوازن، بەڵام دەتوانن یەکدی بپیتێنن.
ئەوەی لە چەشن و شێوەکانی جۆر دەکۆڵێتەوە، زانستێکە پێی دەگوترێت، شێوەناسی، یاخۆ شێوەزانی (Morphology)، ئەم زانستە لە گەلێک بواری هەمەجۆردا بەرچاو دەکەوێت، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەو زانستەیە کە لە زیندەوەرزانیدا، بایەخ دەدات بە شێوە و پێکهاتەی زیندەوەران، یان لە ئەندامەکانی لەشیان، لە لایەنی شێوەی دەرەکی و ناوەکییەوە (خانەیی). لە ڕووی خانەیییەوەش مەبەست جۆری خانەکان و ئەو پێکهاتانەیە کە لەناو خانەکانن، هەروەها هەموو ئەو جۆرە شانانەی کە لەشی زیندەوەرانی لێ پێک هاتووە.
ئەگەر بشمانەوەێ ژمارەی جۆرەکان بزانین، ئەوا یەکێک لە گرینگترین ئەو تۆژینەوانەی لەم دوایییانەدا ئەنجام دراون، ئەوە بەدەر دەخات کە ژمارەی جۆرە بنەبڕبووەکان نێزیکەی ٤ ملیار دەبێت. ئەو جۆرە زیندووانەش کە ئێستە لە جیهاندا هەن، زۆربەی هەرەزۆریان لە لای مرۆڤەوە نەناسراون و پۆلێن نەکراون. دەستنیشان کردنی ژمارەی جۆرەکان شتێکی ئاسان نییە، لەبەرئەوەی هەرگیز ناتوانرێت گشت زەریاکان و هەموو ناوچەکانی جیهان بپشکنرێت، بۆیە هەر لایەنێکی شارەزا لەم بوارەدا ژمارەیەکمان پێ دەڵێت. بە گوێرەی بۆچوونەکانی پێشتر، ژمارەی جۆرەکانی زیندەوەران، هەندێک بە نێزیکەی ٣ ملیۆنی دادەنا، کەچی هی وا هەبوو لەو باوەڕەدا بوو کە خۆی لە ١٠٠ ملیۆن جۆر دەدا، بێگومان ئەمەش بەچاکی بەڵگەی بوونی بیروڕا زۆر لێک جیاکان بەدیار دەخات.
ئەمڕۆکە زاناکان دەڵێن، هەرچەندە ٨٦%ی جۆری وشکانییەکان و ٩١%ی جۆرە ئاوییەکان پۆلێن نەکراون، بەڵام دەکرێت ژمارەی جۆری ئاژەڵان بە نێزیکەی ٨،٧ ملیۆن، جۆرە ڕوەکییەکان ٢٩٨ هەزار، کەڕوبابەتەکان ٦١١ هەزار، ئاژەڵە سەرەتایییەکان ٣٧ هەزار، ئەوانەی بە زیندەوەرە خاوەن ناوکۆکەسەرەتایییەکان دەناسرێن ٢٨ هەزار جۆر دابنێین، گەلێک زۆر جۆرە بەکتریا و ڤایرۆسیش هەن کە ناتوانرێت ژمارەیان بەتەواوی دیار بکرێن. ئەوی لێرەدا لێی دواین، ژمارەی جۆری زیندەوەرانە، لەبەرئەوەی گەر بمانەوێت ژمارەی تاکاکانی زیندەوەران بزانین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەمەیان کارێکی یەکجار سەختە. بۆ نموونە، تەنیا ژمارەی تاکەکانی مێروو، خۆی لە ملیۆن ملیۆن ملیۆن دەدات!
ئەوەی شایەنی گوتنە، هەندێ جار پەرەسەندن و سازان لەگەڵ ژینگەدا، وا لە جۆرەکان دەکەن کە بکەونە ژێر فشارێکی گەلێک تووند، دەرەنجام چەند تایبەتمەندییەکی سەیروسەمەرە لە لایاندا پەیدا ببێت، بەمەش زاناکان نەتوانن بەئاسانی جۆرەکەیان دیار بکەن و پاشان پۆلینیان بکەن. 
بۆ نموونە شیردەرەکان سێ بەشن: وێڵداشدارەکان زۆربەی ئاژەڵەکان دەگرێتەوە، توورەگەدارەکان (ئەوانەی ئوسترالیا)، هێلکەکەرەکان، واتە هێلکە دەکەن و شیریش بە بێچووەکانیان دەدەن. ئەمانەی دوایی تەنیا دوو جۆرن، یەکیان مێروولەخۆرە شەوکییەکانن کە چوار لکەجۆریان هەیە، ئەوەی دیکەیان شیردەرێکی وشکاوەکی زۆر سەیرە، تەنیا یەک جۆرە و هاوشێوەی نییە، لەناو ئاژەڵاندا، پێی دەگوترێ پلاتیپوس(Platypus)، واتە تەختەپێ، بەڵام لەبەر شێوە ناوازەکەی، گەلێک ناوی دیکەی لێ نراوە*. ئەم بوونەوەرە دەنووکی هاوشێوەی دەنووکی مراوییە، بەڵام گۆشتییە، موودارە و پەڕی نییە، کەچی لە دواوەیدا یەک کوونی هەیە وەک باڵندە، پێیەکانی پانن و بە پێستە داپۆشراون کە بگونجێن بۆ مەلەکردن، هاوکات چڕنووکی هەیە بۆ چاڵ هەڵکەندن، هەروەها نێرینەکانیان لە پێیەکانی پشتەوەیاندا دڕکی ژاراوییان هەیە. کاتێک کە بۆ یەکەمین جار دانەیەکی مۆمیاکراویان بۆ ئینگلستان برد، زاناکانیان باوڕیان نەدەکرد کە ئاژەڵێکی ڕاستەقینە بێ، وایان زانی پێکەوەنانێکە لە چەند ئەندامێکی لەشی ژمارەیەک ئاژەڵی جۆراوجۆر.

پێناسەی بەجۆربوون و شێوازەکانی

بەجۆربوون (Speciation)، یان بوون بە جۆر، کردارێکی پەرەسەندنە کە بەهۆیەوە جۆرە نوێیەکانی زیندەوەران پەیدا دەبن. زاراوەی بەجۆربوون بۆ یەکەمین جار لەلایەن زانای زیندەوەرزانی، ئۆراتۆر فولەر کووک، بەکارهێنرا، وەک پێناسەیەک بۆ پەلوپۆبوونی وەچەکانی جۆری زیندەوەران، یاخۆ ئەوەی پێی دەگوترێت، لک لێبوونەوە زیندەکییەکان (Cladogenesis).
سەرەتا پێویستە بەچاکی چەمکی بەجۆربوون وەک کردارێکی پەرەسەندن، لە پەرەسەندنی ئاسایی جیا بکەینەوە. بۆ ئەمەش دەبێت بزانین، ئەوەی یەکەمیان کە بەجۆربوونە وەک دەرەنجامێکی پەرەسەندن، ئەو کاتە دێتە ئاراوە کە چەند زیندەوەرێکی جۆرێک (لکێک)، لەڕێی بوونی هەندێ هۆکار و هەلومەرجەوە لە کۆمەڵەی جۆرێکی دیارکراو (بنەڕەتی) جیا دەبێتەوە، پاشان بە گۆڕانی ژینگە، یان خۆراک، پەرە دەسێنێت و جۆرێکی دیکەی نوێ پێک دەهێنێت کە نەتوانێت لەگەڵ جۆرە بنەڕەتییەکەیدا زاوزێ بکات. ناسراوترین نموونە بۆ ئەمەیان چۆلەکەکانی داروینن.
بەڵام ئەوەی دووەمیان پەرسەندنێکی ئاسایییە، ئەوەی کە لەنوێوە پەیدابوونی (Anagenesis) جۆرەکانی پێ دەگوترێت، جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوەی پێشوو، چونکە لێرەدا پەرسەندن لە جۆرێکدا دێتە کایەوە کە هەیە. بەو واتایەی پاش ئەوەی کۆمەڵێک بازدان ڕوو دەدات و بڵاو دەبێتەوە، بەرەبەرە و بە تێپەڕبوونی ماوەیەکی درێژ وای لێ دێت، ئەو جۆرە گۆڕانی بەسەردا بێت و پەرە بسێنێت، بە شێوەیەک کە زیندەوەرەکانی ئەو دەمەیان، زۆر جیا بن لەگەڵ پێشینەکانیان (ئەوانەی کۆن). مەبەست لێرە ئەوەیە کە هەموو کۆمەڵەکە پەرە دەسێنێت و دەبێتە جۆرێکی جیاواز، ئەو کاتە ئەو جۆرە نوێیەی پەیدا دەبێ، بە وەچەیەکی پەرەسەندوو دەناسرێت.
ئەگەر پرسیار بکەین: بۆچی هەموو جۆرەکان لە گشت شوێنکدا نیین؟ وەڵامەکەی، لەبەر بوونی دابڕانی کۆمەڵەیەکە لە کۆمەڵەگشتییەکەیان. پرسیارێکی دیکە، بۆچی شوێنی لێکچوو هەمان زیندەوەری لێ نییە؟ ئەمەشیان هەمان وەڵامی هەیە کە دابڕانە، لە ئەنجامی گرتنەبەری ڕێ و شوێنی پەرەسەندنی جیاواز دێتە کایەوە. واتاکەی ئەوەیە، ئەگەر هەمان کەشوهەواش هەبێت لە دوو ناوچەدا، ئەوە ناگەینێت کە دەبێ هەمان گۆڕان بەسەر جۆرەکانیاندا بێت، چونکە هۆکاری بنەڕەتیی پەرەسەندنەکان، بازدانە جینەکییەکانن، ئەمانەش لەبەرئەوەی هەڕەمەکی ڕوو دەدەن، هەرگیز ڕێی تێ ناچێ، لە هەردوو شوێندا وەک یەک بن.
دابڕان، هۆیەکی گەلێک گرینگە بۆ گۆڕان و پەرەسەندن. چونکە کاتێک کۆمەڵێک دادەبڕێت، دەکەوێتە بەر کاریگەری ژینگەکەی. وامان دانا جۆرێک لە ئاژەڵان، ئەگەر ناوچەکەیان گۆشتی لێ نەبوو، ئەوا ناچار دەبن پەرەبسێنن و ببنە ڕوەکخۆر، یان گیاخۆر، گەر ئەوش نەکرا، ئەو دەمە دەبێت بنەبڕبن. لێرەدا بەشەکەی کە دابڕاوە، ئەگەر بووە گۆشتخۆر، دەبینین بە ماوەیەکی درێژ چەندین جیاوازی دیکە لەگەڵ جۆرە گشتییەکەی کە لێیەوە هاتوون، سەرهەڵ دەدەن. لەبەرئەوەی کە جیاوازی لە نێوان گۆشتخۆر و گیاخۆر، گەلێک جیاکاریی دیکە دێنێتە ئاراوە لە شێوەی: سەر، دەم، ددان، کۆئەنامی هەرس، پێکهاتەی ڕیخۆڵەکان و چەندان تایبەتمەنی دیکە. دەرەنجام وای لێ دێت کە ئەمانە هەرچەندە یەک بنەچەیان هەبووە، کەچی جارێکی دیکە نەتوانن زاوزێ لەگەڵ یەکدا بکەن، بەمەش بوون بە دوو جۆری جیا.
بەجۆربوونە ناسراوەکان لە سروشتدا، لە چوار شێوازی دیارکراوی جوگرافیاییدا خۆیان دەنوێنن کە بەندن بە ئاستی دابڕان و دوورەپارێزی کۆمەڵە جۆراوجۆرەکانی زیندەوەران لە یەکدی. ئەمانیش: بەجۆربوونی وێک نەچوویی، بەجۆربوونی دەرەکی، بەجۆربوونی بەتەنیشت یەکەوەیی و بەجۆربوونی هاویەکین. جگە لەمانە دەشێت بەجۆربوون بە شێوازێکی دەسکرد بەڕێوە بچێت، وەک ئەوەی لە بەخێوکردنی ئاژەڵان و بواری کشتوکاڵیدا دەبینرێن. هەرچەندە زاناکان دەزانن کە بەجۆربوون، یان بە شێوەیەکی گشتی بەجۆربوونی سروشتی، لە مێژوودا بەرەنجامی بوونی چەندان میکانیزمی جیاجیای پەرەسەندنە، کەچی تاکو ئێستە نەیان توانیووە، گرینگیی و پلەی هەریەک لەم میکانیزمانە لە بزواندنی جۆراوجۆری زیندەوەران، بەتەواوی دیار بکەن.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زاناکان گەلێک نموونەی زەقیان لەسەر بەجۆربوونی سروشتی دەستنیشان کردووە، ناسراوترینیشیان ئەو ماسییە دڕکاویانەن کە سێ پشتەدڕکیان هەیە*. ئەمانە جۆرێکن لەو ماسییە دەریاییانەی کە پاش چاخی سەهۆڵین، بە کرداری بەجۆربوون تێ پەڕیوون و بوونەتە ماسییەکانی ئاوی سازگاری ناو ڕووبار و دەریاچەکان. ئەو ماسییانە بە نێزیکەی ١٠ هەزار وەچە، گەلێک نیشانە و تایبەتمەندی وایان لێ دەرکەوت کە زیاتر بن لەو جیاوازییانەی لە نێوان دوو جۆری جیای ماسییەکاندا هەن. گرینگترین ئەو جیاوازییانەش لە هەمەجۆری ڕەنگەکانیان، ژمارەی پەڕکەکان، شێوەی شەویلگە و چەندان پێکهاتەی دیکەیاندا دەبیندرێن.
جگە لە ئاستی کاریگەری میکانیزمەکانی پەرەسەندن بۆ ڕوودانی بەجۆربوون، ڕێژەی ئەو بەجۆربوونەش لە مێژووی پەیدابوونی زیندەوەراندا، بەردەوام جێی مشتومڕییە لە لای زاناکانەوە. بەشێک لە زیندەوەرناسانی پەرەسەندن پێیان وایە کە کرداری بەجۆربوون بە ڕێژەیەکی تا ڕادەیەک نەگۆڕ، لە گشت سات و سەردەمەکاندا بەبەردەوامی ڕوو دەدات. کەچی هەندێکیان بەتایبەتیش زانایانی هەڵکۆڵدراوەکان، بۆچوونێکی دیکەیان هەیە و دەبێژن، بەپێچەوانەوە ژمارەی جۆرەکانی زیندەوەران لە زۆربەی کاتەکان و بە درێژایی ماوەیەکی زۆر وەک خۆی دەمێنێتەوە، ئەو بەجۆربوونانەی کە دێنە ئاراوە، تەنیا هەندێ جار و بۆ ماوەیەکی کورت نەبێت ڕوو نادەن، ئەمانە ناو دەنرێن بە هاوسەنگی دابڕاو، یان پچڕپچڕ.
ئێستە با بێینە سەر چۆنەتی ڕوودان و بەراوردکردنی شێوازەکانی بەجۆربوون;
بەجۆربوونی وێک نەچووەکی:
بەجۆربوونی وێک نەچوو، یاخۆ بەجۆربوونی ئەلۆپاترەیی (allopatric speciation)، ئەلۆپاترەیی واتەی زێدی جیاجیا دەگەینێت، لێرەدا کۆمەڵەی جۆرێک دەبێتە دوو کۆمەڵەی لێک دابڕاوی جوگرافیایی. بۆ نموونە، دابەشکردن، یان لەتکردنی شوێنی ژیانی جۆرێک لەڕێی گۆڕانە جوگرافیایییەکان، وەک بوون و هاتنەکایەی بەربەستە سروشتییەکانی لە شێوەی چیا، ڕووبار و دەریاکان. بەمەش ئەو دوو کۆمەڵە دابڕاوە دوور دەبن لە یەکدی، لە لایەنی تایبەتمەندییە ناوەکییە جینەکییەکان و نیشانە دەرەکییەکانیان.
سەرهەڵدانی ئەم لێک دوورکەوتنەوەیە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە لەوانە:
* هەریەکەیان دووچاری چەند فشارێکی هەڵبژاردنی سروشتی دەبێتەوە کە جیاواز بێت لەوەی دیکە.
* هەریەکەیان سەربەخۆ بە چەند لادانێکی جینەکی تێ دەپەڕێت.
* هەریەکەیان چەند بازدانێک لە لایدا ڕوو دەدات کە ناشێت لە هەردووکیاندا هاوشێوە بن.
هەموو ئەمانەش وا لەو دوو کۆمەڵەیە دەکەن، گەر سەرلەنوێ بە یەکدی بگەنەوە، لەبەر بوونی ئەو جیاوازیانەی سەرەوە، نەتوانن چی دیکە زاوزێ بکەن و ئاڵوگۆڕی جینەکانیان ئەنجام بدەن.
نموونەکانی ئەم شێوازە: کاتێک قەباری کۆمەڵەکان بچووک بێت، وەک لە دوورگەکاندا دەبینرێت، ئەوا بوار بۆ جینەکانی ئەو کۆمەڵە بچووک و دابڕاوە پتر دەڕەخسێت، بۆ ئەوەی نیشانە و تایبەتمەندی نوێ بهێننە کایەوە. ئەمە گەلێک جار و لە چەندان شوێندا لە خشۆک و باڵندەکاندا بینراوە وەک، دوورگەی کۆمۆد (ئیندۆنیسیا) و دوورگەکانی گالاپاگۆس.
پێشتر ئاماژەمان پێ کرد کە ئەمانە کاریگەرییەکی زۆریان هەبووە لەسەر جێگیربوونی بیروڕاکانی داروین. چونکە لە گەشتی دووەمی بیگڵ بۆ ئەم دوورگانە، داروین گەیشتە بۆچوونێکی وا کە دەشێت کیسەڵەکانی گالاپاگۆس بە گوێرەی ئەو دوورگانەی تێدا دەژین بناسرێنەوە، هاوکات سەرنجی چۆلەکەکانی دەدا کە چۆن بەپێی دوورگەکانیان جیاوازیان لەگەڵ یەکدیدا هەیە. سەرەتا داروین بیری لەوە نەکردبووەوە کە هۆکاری بوونی ئەو جۆراوجۆرییە بەندە بە گۆڕان و پەرەسەندنیان، بەڵام کە گەڕایەوە ئینگلستان، شارەزایان پێیان ڕاگەیاند کە ئەو چۆلەکانە نەک تەنیا لە شێوەدا جیاوازن، بگرە هەریەکەیان سەربە جۆرێکی جیا و سەربەخۆیە. ئەمەش لە لای دارویندا بووە هۆی وەرچەخانێکی مەزن لە کار و کردەوەکانی، هەروەها ڕەوتی گەڵاڵەکردن و چەسپاندنی بنەماکانی تیۆری پەرەسەندن. بۆیەش لە تۆژینەوە هاوچەرخەکاندا ئەم چۆلەکانە (چۆلەکەکانی داروین)، بوونەتە نموونەیەکی باو بۆ لک لێبوونەوە و بەجۆربوون، لەسەر بنچینەی سازانی زیندەوەران لە ژینگە جۆراوجۆرەکاندا.
بەجۆربوونی دەرەکی:
بەجۆربوونی دەرەکی، یاخۆ بەجۆربوونی پێریپاترەیی (peripatric speciation)، شێوازێکە لە بەجۆربوونێکی وێک نەچوویی کە تێدا جۆرێکی نوێ پەیدا دەبێت، لەو کۆمەڵە بچووکانەی کە تا ڕادەیەکی وا دابڕاو و دوورەپارێز بوونە، نەتوانن لەگەڵ کۆمەڵە سەرەکییە گەورەکەی کە لێیەوە هاتوون، ئاڵوگۆری جینەکییان بە ئەنجام بگەینن. بەو واتایەی کە ئەو دوو کۆمەڵەیە هەرچەندە لێک نێزیکن، بەڵام لەبەرئەوەی خاڵی بەیەکداچوونیان لە نێواندا نییە، زاوزێ لەگەڵ یەکدیدا ناکەن. پێشتر گوتمان کە زاناکان و شارەزایانی بواری پەرەسەندن پێیان وایە، هەستیاری بۆ گۆڕان لە کۆمەڵە بچووکە دابڕاوەکان، لەڕێی میکانیزمەکانی پەرەسەندنەوە زۆر بەهێزە، بەتایبەتیش لادانە جینەکییەکان کە ڕۆڵێکی گەلێک کاریگەر دەبینن، لە بەجۆربوونی ئەو کۆمەڵە بچووکانە.
نموونەکان:
* چۆلەکەی بەرسنگ سوورەی ئوسترالیایی.
* بەجۆربوونی باڵندەی دوورگەکانی گینیای نوێ، ئەوانەی کە زانای زیندەوەرزانی ئێرنست مایەر، تۆژینەوەی لەسەر کردن.
* دیاردەی دابڕانی زاوزێکردن، لە جۆرەکانی مێشی میوەدا دەبینرێت، کاتێک دووچاری گۆڕانی ژینگەکانیان دەبنەوە.
بەجۆربوونی بەتەنیشت یەکەوەیی:
بەجۆربوونی بەتەنیشت یەکەوەیی، یان بەجۆربوونی پاراپاترەیی (parapatric speciation)، لەمەدا دابڕانێکی جوگرافیایی هەیە لە نێوان ناوچەکانی دوو کۆمەڵەدا، بە شێوەیەک کە ئەمانە هەرچەندە بە تەنیشت یەکەوەن، کەچی تێکەڵبوونیان لەگەڵ یەکدیدا زۆر کەمە، مەگەر لە چەند شوێنێکی بەرتەسکدا نەبێت. بەو مەبەستەی کە دەشێت ناوەناوە تاکەکانی ئەو دوو کۆمەڵەیە لە هەندێ خاڵدا بەیەک بگەن، بەڵام هەڵبژاردنی سروشتی لەبەر بوونی چەند تایبەتمەندی و میکانیزمێکەوە ڕێیان پێ نادا، زاوزێکردن لە نێوانیاندا ڕوو بدات، ئەویش بەهۆی کەمی پلەی هاوشێوەیی لە ئەلیلی نیشانە و ئاکارە تایبەتییەکانی زیندەوەرانی ئەو کۆمەڵانە. بە واتایەکی دیکە، ئەوەی ئەو دوو کۆمەڵەیە لێک دادەبڕێت، بەربەستێکی زاوزێیییە پتر لەوەی جوگرافیایی بێت، چونکە بەجۆربوونی بەتەنیشت یەکەوەیی چەندان گۆڕانکاری یەک لەدوای یەک بەبەرهەم دەهێنێت لەو ژینگانەی لە مانەوەیاندا بەردەوامن، ئەوانەی کە دەبنە سەرچاوەیەکی گرینگ بۆ فشاری هەڵبژاردن. کەواتە ڕۆڵە سەرەکییەکە بۆ هەڵبژاردنی سروشتی دەگەڕێتەوە، نەک بۆ دابڕانی ناوچە و شوێنی ژیانی ئەو دوو کۆمەڵەیە، وەک چۆن لە بەجۆربوونی وێک نەچووەکی و دەرەکیدا دەبینرێت.
 
نموونەکانی ئەم شێوازە:
* جۆرە ئەلقەکییەکان: قاقڵی بازان (نەوڕەس)، باڵندەی سپین و لە نێزیک دەریاکاندا دەژین، جۆرەکەیان ئەڵقەیەک پێک دەهێنێت لە سەهۆڵبەندی باکوور. سەمەندەری جۆری (Ensatina) لە کالیفۆرنیای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چۆلەکەی جۆری (Phylloscopus trochiloides) بە چێوەی چیاکانی هیمالایا.
* جۆرێک لە گیا بەهارییەکان (Anthoxanthum): ئەم گیایە بەوە ناسراوە کە بە بەجۆربوونێکی بەتەنیشت یەکەوەیی تێ دەپەڕێت، گەر دووچاری پیسبوونەوە بێت بە پاشماوەی کانەکان.
بەجۆربوونی هاویەکی:
بەجۆربوونی هاویەکی، یاخۆ بەجۆربوونی سیمپاترەیی (Sympatric speciation)، سیمپاترەییش واتە یەک زێدی، یان هاوزێدی. ئەمەیان شێوازێکە بۆ هاتنەکایەی دوو جۆر (وەچە)، یان زیاتر لە یەک جۆری سەرەکی (پێشینە)، بەبێ بوونی هیچ بەربەستێکی جوگرافیایی لە نێوانیاندا. ئەم جۆرانە هەموویان لە یەک شوێندا دەژین، ئەمەش وا دەکات کە بەتەواوی کۆمەڵەیەکی تێکهەڵکێش و هاویەک پێک بهێنن.
ناسراوترین نموونە کە بەبەردەوامی ئاماژەیان پێ دەکرێت، مێشەکانی میوەن کە دەبنە مشەخۆر بەسەر چەندان میوەی جۆراوجۆری هەمان شوێن. ئەم بەجۆربوونە بایەخێکی زۆری هەیە بۆ لێتۆژانی ئەم بوارە، چونکە بنەمایەکی دیکەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، بەوەی کە گۆڕانی خۆراکیش دەکرێ ببێتە هۆکارێکی گرینگ بۆ پەرەسەندن. ئەم مێشانە لەپێناو خۆراکیان و بۆ زاڵبوونیان بەسەر میکانیزمەکانی بەرگریکردنی ئەو جۆرە ڕوەکانە، ناچار دەبن خۆیان بگونجێنن، بەرەبەرەش وایان لێ بێت، چەند نیشانە و ئاکارێکی تایبەتی لە لایاندا سەرهەڵ بدات کە دەرەنجام پتر لە جۆرە بنەڕەتییەکانیان دوور بکەونەوە، بەمەش دابڕێنێکی جینەکی بێتە کایەوە.
ئەوەی پێویستە بگوترێت کە بەجۆربوونی هاویەکی وەک میکانیزمێکی کاریگەر بۆ پەیدابوونی جۆری نوێ، هەتا ئەمڕۆکەش جێی کێشە و مشتومڕێکی زۆرە. لەبەرئەوەی کە هەرچەندە لە ڕووی تیۆرییەوە دەشێت ئەم بەجۆربوونە ڕوو بدات، بەڵام ئاستی بوون و بڵاوبوونەوەی ئەم شێوازە بەکردارەکیی لە سروشتدا ئاشکرا نییە. بۆیە هەندێک لە زانا و شارەزایان وای بۆ دەچن، ئەو بەڵگانەی لەسەر بەجۆربوونی هاویەک هەن، لە ڕاستیدا نموونەن بۆ بەجۆربوونێکی وێک نەچووەکی بچووک، ئەوانەی کە تەنیا لە بوارێکی بەرتەسکدا بەدەر دەکەون، یاخۆ سەربە شێوازێکی دیکەن کە پێی دەگوترێت، بەجۆربوونی جیاواز.
ئەو بەجۆربوونە هاویەکییەی کە هۆکارەکانی ژینگە دەیان بزوێنێت، دەکرێ ببێتە بەڵگە و نموونەیەکی زەق بۆ هەمەجۆرییەکی مەزنی توێکدارەکان، ئەوانەی لە قووڵایی دەریاچەی بایکاڵدا (ڕوسیا) دەژین.

بەجۆربوونی دەستکرد
ئاشکرایە کە ژمارەیەکی زۆر لە زیندەوەران بە دەستی مرۆڤ لەڕێی بەماڵیکردنیانەوە بەبەرهەم هاتوون، بەڵام چۆنەتی و مێژووی پەیدابوونیان هەتا ئێستە بەتەواوی دەستنیشان نەکراون. بۆ نموونە، بەجۆربوونێک لە ئەنجامی دووڕەگاندنەوە لە (مەڕ)دا وەک ئاژەڵێکی ماڵی بەدەر دەکەوێت، بە شێوەیەک گەر بمانەوێت زاوزێی پێ بکەین لەگەڵ بەرانەکێویدا کە ئەو مەڕە خۆی لێیەوە هاتووە، دەبینین کە ناکرێت وەچەیەکی وامان بکەوێتە دەست، توانای مانەوەی هەبێت لە ژیاندا. کەچی ئەوەی جێی سەرنجە، مانگای ماڵی بەچاکی زاوزێ دەکات و وەچەیەکی بەپیت دەهێنێت، لەگەڵ زۆربەی ئەو جۆرە گاکێوییانەی کە بە هاوجۆری کۆنی ئەو دەژمێردرێن.
نموونەکان لەسەر بەجۆربوونی دەسکرد گەلێک زۆرن، بەتایبەتیش ئەو بەجۆربوونانەی کە لە ئەزموونگەکاندا دەکرێن. یەکێکیش لەمانە ئەوە بوو کە ویلیام ڕایس و جۆرج سوڵت، لەسەر مێشی میوە ئەنجامیان دا. ئەمانە چەند دانەیەک لەو مێشانەیان لە جێیەکدا بەخێو کرد کە لە شێوەی ڕێگومکەیەک بوو، سێ چاوەی جیاجیای لە ڕێژەی شێداری و وشکی، ڕووناکی وتاریکییدا هەبوو. سەرەتا نەوە نوێیەکان دەخرانە ناویەوە، کاتێکیش کە کۆمەڵە مێشەکان دەهاتنە دەرەوە، لەو هەشت دەروازانەی کە ڕێگومکەکە هەیبوو، هەر جارەی دوو کۆمەڵەیان لەوانی دیکە جیا دەکردەوە و پێکەوەیان دادەنان، بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکدیدا زاوزێ بکەن. پاش ٣٥ بەرە بینییان کە دابڕانێک دروست بووە، لە نێوان ئەو دوو کۆمەڵە مێشە و شەش کۆمەڵەکەی دیکە. هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە ئەم دووانە وایان لێهات، تەنیا ئەو شوێنانەیان پێ باش بێت کە چەند هەلومەرجێکی تایبەتیی هەبێت، بەمەش تەنیا لەگەڵ ئەوانەدا زاوزێ بکەن کە لە هەڵبژاردنی ژینگەدا هاوشێوەی یەکن. ئەمەی کە ئاماژەمان پێ کرد یەکێک بوو لەو هەوڵانەی کە لەم ڕووەوە دراون، چونکە جگە لەمە چەندان ئەزموونی دیکە هەن، بۆ سەلماندنی ئەو شێوازەی بەجۆربوون بە کاریگەری جیاوازییەکانی ژینگە.
لە لایەکی دییەوە، بۆ دیارکردنی دابڕانی زاوزێکردن لە مێشی میوەدا، دیان دۆد، لەڕێی ئەزموونێکەوە توانی ئەوەمان نیشان بدات کە چۆن تەنیا بە هەشت بەرە، دوو کۆمەڵەی نوێ پەیدا دەبێت، بەڵام ئەم جارەیان بەهۆی بوونی جیاوازیی لە خۆراکدا، ئەویش کە نیشاستە و شەکری جۆری مالتۆز بوو. لەبەرئەوەی ئەزموونەکەی دۆد ئاسان بوو، بۆیە چەندانی دیکە ئەم شێوازەیان ئەنجام داوە لە بەکارهێنانیان بۆ، شوێنی بەخێوکردن، خۆراکی جۆراوجۆر و مێشی مێوەی جیاجیادا. ئەوەی شایانی گوتنە، لە ساڵی ٢٠٠٥ تۆژینەوەیەک دەری خست کە ئەو پەرەسەندنە خێرایەی دابڕانی زاوزێکردن، هۆیەکی سەرەکی بووە بۆ سەرهەڵدانی ئەو نەخۆشییەی کە لە بەکتریای جۆری (وڵباچیا) بڵاو دەبێتەوە.
بەجۆربوونی دووڕەگاندنەکی
ئەوکاتەی تاکێک بە کرداری دووڕەگی لە دوو جۆری جیاوازدا دێتە کایەوە، زۆر جار نیشانە و تایبەتمەندی نوێی تێدا سەرهەڵ دەدات، بە شێوەیەک ئەو تایبەتمەندییانە چاکتر بن لەوانەی کە پێشینەکانیان هەیانە. بەمەش هەڵبژاردنی سروشتی وا لەو دووڕەگییانە دەکات، پەسندتر و گونجاوتر بن و هەلی مانەوەیان لە ژیاندا پتر بێت، لە دواییشدا پەرەسەندنی دابڕانی زاوزێکردن بەرەو ئەوەیان ببات کە جۆرێکی نوێیان لێ پەیدا ببێت. بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە ڕوودانی دابڕانی زاوزێکردن لە نێوان ئەو دووڕەگییانە و باوانەکانیان کارێکی سەختە، هەر بۆیە بەجۆربوونی دووڕەگاندنەکی ڕووداوێکی دەگمەن و ناوازەیە. نموونەش بۆ ئەمە، جۆرە مراوییەکی کێوی (Mariana Mallard) هەیە، بەوە ناسراوە کە لە بەجۆربوونی دووڕەگاندنەکییەوە پەیدا بووە.
بەجۆربوونی مرۆڤ
هەرچەندە لەم نووسینەدا، بەتایبەتیش لە بابەتی پەرەسەندن و پەیدابوونی مرۆڤ بەدرێژی لە جۆری مرۆڤ دەدوێین. بەڵام لێرەدا بەکورتی دەتوانین بڵێین، لە نێوان مرۆڤ و شیمپانزی، مرۆڤ و مەیمونە باڵاکانی دیکە کە نێزیکترین ئاژەڵن لە مرۆڤ، چەند هاوشێوەیییەکی جینەکی لە ڕەوتی بەجۆربوونیاندا هەیە، دەبنە بەڵگەی ئاشکرا بۆ بوونی پێشینەی هاوبەشیان. ئەمەش لەوەدا بەدەر دەکەوێت کاتێک لە شیکردنەوەکانی ڕاماڵینی جینەکی و تێکەڵبوونەوەی جینەکان، وەک دوو میکانیزمی سەرەکیی پەرەسەندن دەڕوانین، دەبینین بە پشت بەستنمان بەو زانیارییانەی کە ئێستە لەبەر دەستماندا هەن، بە ڕەچاوکردنی ڕێبازێکی تایبەتیی (مارکۆڤ) ، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە مرۆڤ و شیمپانزی نێزیکەی ٤،١ ملیۆن ساڵێک دەبێت، بوونەتە دوو جۆری جیاواز لە یەکدی.
پاشان چەندین لکەجۆری مرۆڤ سەریان هەڵدا، وەک: هۆمۆ هابیلس (Homo habilis)، هۆمۆ ڕودۆلفینسیس (Homo rudolfensis)، هۆمۆ ئیڕەکتس (Homo erectus)، مرۆڤی گورجستان (Homo georgicus). ئەگەر سەرنجیش بدەینە لکەجۆرەکانی دیکە، بۆ نموونە بەرلە سەد هەزار ساڵ، دەبینین کە چەند لکەجۆرێک لە یەک سەردەمدا، لە دەڤەرە جیاجیاکانی جیهان بڵاو ببوونەوە، وەک هۆمۆ ساپیەنسەکان (Homo sapiens) ی ئەفریکا، لە ئاسیادا هۆمۆ ئیڕەکتس هەبوون، لە ئەوروپاشدا بەشێکی دیکە لەو لکەجۆرەی مرۆڤ دەژیان کە ناودەنرێن بە هۆمۆ نیاندەرتاڵ ( Homo neanderthalnsis). دواجار پێش نێزیکەی ٣٠ هەزار ساڵێک، هەموو لکەجۆرەکان بنەبڕ بوون، مرۆڤی نوێ پەرەی سەندوو و مایەوە، بەمەش هۆمۆ ساپیەنس بوو بە تاکە جۆرێ مرۆڤ، ئەوەی کە ئێستە بەو شێوە توێکارییە و تایبەتمەندییەی کە هەیەتی دەناسرێت.
بنە‌بڕبوون
بنە‌بڕی (Extinction)، بە‌ڵگە‌یە‌کی دیکەی بەهێزی پە‌رە‌سە‌ندنە، پێناسە دەکرێ بە‌، نە‌مانی یەکجارەکی جۆرێک، یان کۆمە‌ڵە‌ جۆرێک و کە‌مبوونە‌وە‌ی هە‌مە‌جۆری لە‌ زیندە‌وە‌راندا. مێژووە‌کە‌شی بە‌و کاتە‌ دە‌گوترێ کە دوا تاکی ئە‌و جۆرە‌ دە‌مرێت، هە‌رچە‌ندە‌ نە‌مانی توانی زاوزێکردن و زۆربوون لە‌ زۆربە‌ی کاتە‌کاندا، بەپێش مردنی دوا تاکی ئە‌و جۆرانە‌ دە‌کە‌وێت. بنە‌بڕی‌ لە‌ناوچوونێکی هە‌میشە‌یییە‌، واتە ئە‌و جۆرە‌‌ هە‌رگیز جارێکی دیکە وەک خۆی و بە شێوەی پێشووی سەرهەڵ ناداتەوە. هە‌ر لە‌ بە‌رە‌بە‌یانی مێژووی پە‌یدابوونی زیندە‌وە‌رانە‌وە‌ بنەبڕی ڕوو دە‌دات، هەتا ئێستە‌ بە‌ردە‌وامە‌ و هە‌موو جۆرێکیش دەگرێتەوە، لە‌ وردە‌زیندە‌وە‌رانە‌وە‌ بگرە‌ تا دەگاتە باڵاترین ئاژەڵ. ژمارە‌ی ئە‌و جۆرانە‌ی بنە‌بڕ بوونە‌ گەلێک زۆرترن لە‌وانە‌ی ئە‌مڕۆکە هە‌ن، زاناکان ڕێژە‌ی بنە‌بڕبووە‌کان بە‌ نێزیکە‌ی ٩٨% ئە‌و زیندە‌وە‌رانە‌ دادە‌نێن کە لە‌سە‌ر زە‌ویدا ژیاون. پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە ڕێژە و خێرایی ئە‌و بنە‌بڕییانە،‌ لە‌ جۆرێک بۆ جۆرێکی دیکە و لە‌ ڕۆژگارێک بۆ یە‌کێکی دی جیاوازن.
دوو جۆرە‌ بنە‌بڕی هە‌یە، بنە‌بڕی ئاسایی و بنە‌بڕی بە‌کۆمە‌ڵ. بنە‌بڕی ئاسایی، ئاستێکی بە‌رزی پە‌رە‌سە‌ندنی جۆری زیندە‌وە‌رانە، پێویستی بە کاتێکی زۆرە، بە شێوەیەکی سروشتیش ڕوو دەدات. ئاشکرایە ئە‌و ژینگە‌یە‌ی زیندە‌وە‌ران تێدا دە‌ژین بە‌ردە‌وام لە‌ گۆڕاندایە، لەبەرئەوەی کە هە‌موو زیندە‌وە‌رێک بە‌رگە‌ی ئە‌و گۆڕانکارییانە‌ ناگرێ، بۆیە ئە‌گە‌ر ژینگە‌ی لە‌بار و ڕەخساو تا ڕادەیەک جێگیر بێت، ئە‌وا ئە‌و جۆرە‌ دە‌توانێ لە‌ ژیاندا بە‌ردە‌وام ببێت، بە‌ڵام کە ژینگە‌ گۆڕانی بە‌سە‌ردا دێت، لە کاتێکیشدا ئە‌و زیندە‌وە‌رانە‌ تایبە‌تمە‌ندییە‌کی وەهایان نە‌بێت، بەرەنگاری ئە‌و گۆڕانە‌ ببنە‌وە ئە‌وا بنە‌بڕ دە‌بن. بنەبڕی ئاسایی بەرەبەرە‌ ڕوو دە‌دات و لە‌ ماوە‌یە‌کی کورتدا هە‌ستی پێ ناکرێت، هەروەها دە‌بێتە‌ هۆی پەرەسەندن و پەیدابوونی جۆری نوێ و هاوسە‌نگی لە‌ سروشتدا. بنە‌بڕی خشۆکە‌ گە‌ورە‌کان بووە‌ هۆی سە‌رهە‌ڵدانی شیردە‌رە‌کان، بە‌ نە‌مانی ئە‌مانە‌ زە‌مینە‌ ڕەخسا بۆ هاتنەکایەی شیردە‌رە‌ هاوچە‌رخە‌کان (باڵاکان)، لەمانەوەش کۆمەڵە مرۆیییەکان پەیدا بوون.
بە‌ڵام بنە‌بڕی مە‌زن (بە‌کۆمە‌ڵ)، لە‌ ئە‌نجامی ئەو گۆڕانکارییە‌ ‌گە‌ورانەیە کە لە‌ ژینگە‌دا ڕوو دە‌دە‌ن و دە‌بنە‌ هۆی لە‌ناوچوونی تێکڕای جۆرێک، یان ژمارە‌یە‌کی زۆر لە جۆری زیندە‌وە‌ران. ئە‌و ژمارە‌ کە‌مە‌ی دەمێنێتەوە ئەو جۆرانەن کە دەرباز دە‌بن، دوای ماوەیەک لە ژینگە تازەکەدا نە‌وە‌ دە‌نێنە‌وە‌ و زۆر دەبن، پاشان پەرە دەسێنن، دەرەنجام جۆری دیکەی نوێی زیندەوەران دێنە کایەوە.
هۆکارە‌کانی بنە‌بڕی
بۆ ڕوودانی بنەبڕییەکان گەلێک هۆکار هەن، بۆ بنەبڕییە بەکۆمەڵەکان لە‌مانە، کارە‌ساتە‌ سروشتییە‌کانی وەک، خۆپێدادانی تە‌نە‌ ئاسمانییە‌کان بە‌ زە‌وی، گڕکانە‌کان (بە‌رە‌ڵابوونی گازە‌ زیاندە‌رە‌کان)، کارتێکردنەکانی تیشکاوە‌ری، گۆڕانکارییە‌ مە‌زنە‌کانی کە‌شوهە‌وا و بە‌رزی و نزمی پلە‌ی گە‌رمی (چاخە‌ سەهۆڵینەکان)، ‌هەروەها بڵاوبوونە‌وە‌ی نە‌خۆشی، تێکچوون و پیسبوونە جینەکییەکان. گۆڕانی لەسەرەخۆی ژینگە، نەبوونی تایبەتمەندی پێویست بۆ سازان، کە‌می خۆراک، کێبەرکێی نێوان جۆرە‌کان و چەندان ڕووداوی دیکە، هۆکاری بنەبڕبوونە ئاسایییەکانن.
لەبارەی بنەبڕبوونی دایناسۆرە‌کان، جگە لەوانەی خۆپێدادانی تەنێکی ئاسمانی گەورە بە هۆکاری لەناوچوونیان دادەنێن، هەندێک لەو باوەڕەن کە ئە‌مانە‌ قە‌بارە‌یان زۆر گەورە‌ ببوو، بە‌مە‌ش بڕی خۆراکی پێویستییان چنگ نە‌دە‌کە‌وت، نە‌شیان دە‌توانی بە‌ئاسانی زاوزێ بکە‌ن. وێڕای ئەمانە بچووکیی مێشکیان بە‌ بە‌راوردکردن لە‌گە‌ڵ زلی لە‌شیان، وای لێیان کرد توانێکی چاکیان نە‌بێت، بۆ گرتنە‌بە‌ری ڕێیەکی لەبار و گونجاو، بۆ دەربازبوون و بەرەوڕووبوونە‌وە‌ لە‌ بەرانبەر ڕووداو و دوژمنە‌ سروشتییە‌کانیاندا.
لە لایەکی دیکەوە جاری وا هەیە بنە‌بڕی جۆرێک، جۆرێکی دی بە‌رە‌و بنە‌بڕی دە‌بات، بەو واتایەی ‌گە‌ر ڕوە‌کێک بژیوی سە‌رە‌کی بێت بۆ جۆرە‌ چۆلە‌کە‌یە‌ک، ئەو کاتە نە‌مانی ئە‌و ڕوە‌کە،‌ ژیانی ئە‌و جۆرە باڵندە‌یە‌ دە‌خاتە‌ مە‌ترسییە‌وە، بە‌پێچە‌وانە‌وە‌ش ئە‌گە‌ر ئە‌و چۆلە‌کە‌یە‌ بڵاوکە‌رە‌وە‌ی هە‌ڵاڵە،‌ یان تۆوی ئە‌و ڕوە‌کە‌ بێت، ئە‌وا بە‌ لە‌ناوچوونی ئە‌مە‌یان، ڕوە‌کە‌کە‌ش لەوانەیە بنە‌بڕ ببێت.‌
 
گە‌ورە‌ترین پێنج بنە‌بڕییە‌ بە‌کۆمە‌ڵە‌کان:
مێژووی زیندەوەران گەلێک بنەبڕی بەکۆمەڵی لە چاخ و سەردەمە جیاجیاکاندا بەخۆوە بینیووە، بەڵام لێرەدا تەنیا ئەو پێنج بنەبڕییە بەکۆمەڵە مەزنانەی کە لە کۆتاکانی ئەم چاخانەی خوارەوە ڕوویان داوە، دەخینە بەردەست:
یەکەم: چاخی ئۆردۆڤیشی (پێش ٤٨٨ - ٤٤٣ ملیۆن ساڵ)، لە‌و سە‌ردە‌مە‌دا زۆرینە‌ی زیندە‌وە‌رە‌ فرە‌خانە‌کان لە ‌دە‌ریادا دە‌ژیان وەک، ڕوە‌کە‌ سە‌رە‌تایییە‌کان، لە‌پکە‌دارە‌کان، ئە‌ستێرە‌ماسییە‌کان، شیلانییە‌کان، مە‌رجان و چەندان جۆری دیکە لە‌ زیندە‌وە‌رە‌ سە‌رە‌تایییە‌کان. ئە‌و بنە‌بڕییە‌‌ بووە‌ هۆی لە‌ناوچوونی نێزیکە‌ی ٦٠%ی زیندە‌وە‌رە ‌ئاوییە‌کان.
دووەم: چاخی دێڤۆنی (پێش ٤١٦ - ٣٥٩ ملیۆن ساڵ)، لەناوچوونی ژمارە‌یە‌کی زۆر‌ی زیندە‌وە‌ران و چە‌ند جۆرێکی دی کە لە‌م چە‌رخە‌دا پە‌یدا بوون وەک، چەندان جۆرە‌ ماسییە‌ وشکاوە‌کییە‌کان و‌ درە‌ختە‌ گە‌ورە‌کان. ئە‌مە‌ کاریگە‌رییە‌کی زۆری هە‌بووە لە‌سە‌ر زیندە‌وە‌رە‌ ئاوییە‌کان، نێزیکە‌ی ٥٥%ی هەموو ئەو زیندە‌وە‌رانەی لەو دەمەدا هەبوون بنە‌بڕ بوون.
سێیەم: چاخی پێرمی (پێش ٢٩٩ - ٢٥١ ملیۆن ساڵ)، بە‌ (مە‌رگی مە‌زن) دەناسرێت، چونکە‌ گە‌ورە‌ترین بنە‌بڕییە لە‌ مێژووی ژیانی زیندە‌وە‌راندا. بووە‌ هۆی نە‌مانی پتر لە‌ ٩٠%ی گشت زیندە‌وە‌رە‌ ئاوییە‌کان و ٧٠%ی سە‌ر وشکانییە‌کان، بە‌ تاکە‌ بنە‌بڕی دادە‌نرێ کە مێرووە‌کانیشی گرتە‌وە‌ (نێزیکە‌ی ٣٥%). لەبەرئەوەی ئەمەیان ژمارە‌ی جۆرەکانی زیندە‌وە‌رانی گەلێک کە‌م کردە‌وە،‌ بۆیە‌ ماوە‌یە‌کی درێژی دە‌ویست هەتا جارێکی دی، هە‌مە‌جۆری لە‌ زیندە‌وە‌راندا بێتە‌ کایە‌وە‌. زاناکان وای بۆ دە‌چن ئە‌و بنەبڕییە‌ بە‌ چە‌ند قۆناغێک ڕووی دابێت، چەندان هۆکاری جیاجیاشی هە‌بووبێ. ئەوەی شایەنی گوتنە، بەگوێرەی نوێترین تۆژینەوە کە لەم بارەیەوە کراوە، شارەزایان چەند بەڵگەیەکیان بەدەست کەوتووە لەسەر ئەوەی کە بوونی گڕکانەکان وای کرد بێت، ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرز ببێتەوە، دەرەنجام ترشییەتی زەریاکان گەلێک پتر بێت لە ئاستی سروشی، ئەمەش پاشان بووبێتە هۆی ئەو بنەبڕییە مەزنە.
چوارەم: چاخی تریاسی (پێش ٢٥٠ - ٢٠٠ ملیۆن ساڵ)، نێزیکە‌ی ٥٠%ی زیندە‌وە‌رە‌ ئاوییە‌کان، ژمارە‌یە‌کی زۆر لە‌ وشکاوە‌کییە‌کان و خشۆکە‌کان بنە‌بڕ بوون. لە‌پاش ئە‌م ڕووداوە‌ ژمارە‌ی دیناسۆرە‌کان لە زۆربەی لایەکانی زەویدا ڕووی لە‌ زێدەبوون کرد.
پێنجەم: چاخی کریتاسی (گە‌چین) (پێش ١٤٥ - ٦٥ ملیۆن ساڵ)، بنە‌بڕی دایناسۆرە‌کانیشی پێ دەگوترێت. ئە‌مە‌ش یە‌کێکە‌ لە‌ بنە‌بڕییە‌ مە‌زنە‌کانی مێژوو، لەبەرئەوەی لە‌ نیوە‌ی زیاتری (نێزیکە‌ی ٦٠%) گشت زیندە‌وە‌ران لە‌ناو چوون، سە‌رباری دیناسۆرە‌کان، خشۆکەکان، پترۆسۆریاکان (باڵندە‌ مە‌زنە‌کان) و چەندان جۆرە‌ ڕوە‌ک و ئاژەڵی دیکەی گرتەوە، بە‌ڵام ئەوەی زانراوە کە ئە‌مە‌یان کاریگە‌رییە‌کی ئە‌وتۆی نە‌بوو لە‌سە‌ر مێرووە‌کان. زاناکان بەڵگەی زۆریان دەست کەوتووە لەسەر ئەوەی، خۆپێدادانی تەنێکی ئاسمانی مەزن، هۆکاری سەرەکی بووبێ بۆ ڕوودانی ئەم بنەبڕییە.
لە‌وە‌تە‌ی مرۆڤیش پە‌یدا بووە، بووەتە‌ هۆکارێکی دیکەی کاریگەر بۆ لە‌ناوبردن و بنە‌بڕکردنێکی خێرای گەلێک جۆر لە‌ ڕوە‌ک و ئاژەڵان. ئەمەش بە‌‌ پیسکردنی ژینگە،‌ تێکدانی و وێرانکردنی پانتایییەکی زۆر لە‌ دارستانە‌کان، ڕاوکردنێکی بێسنووری ئاژەڵە‌ ئاوی و وشکانییە‌کان و چەندان شێوازی دیکەی جیاجیا. بنە‌بڕە کۆنینەکان بە هە‌زاران، یاخۆ بە‌ ملیۆنان ساڵیان دەخایاند، کە‌چی ئە‌و‌انە‌ی ئێستە‌ زۆر خێران، گە‌ر سە‌رنج بدینە‌ تە‌نیا ئە‌و پە‌نجا ساڵە‌ی ڕابردوو، دە‌بینین بە ‌سە‌دان هە‌زار جۆر لە‌ زیندە‌وە‌ران بە‌یە‌کجارە‌کی لە‌ناو چوونە، ژمارە‌یە‌کی زۆریش لە‌سە‌ر لێواری بنەبڕبوونن.
زانستمەند و ژینگەپارێزەکان خاوەنی لیستەیەکی بەرفرەوان و دوورودرێژن، لە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو زیندەوەرانەی کە لەژێر هەڕەشەی بنەبڕبوونن. بۆیەش لە هەوڵ و تێکۆشان بەردەوامن، گشت وڵاتێکیش ئاگەدار دەکەنەوە لە مەترسییە مەزنەکانی ئەو کردارانە، ئەوانەی کە بێگومان دەبنە هۆی شێواندنی ژیان لەسەر زەوی و تێکدانی هاوسەنگی لە سروشتدا. ئەم زانایانە دەڵێن، ئەگەر ئە‌و ڕێژە‌یە بەم شێوەیەی بە‌ردە‌وام بێت، ئە‌وا لە‌ سە‌دە‌ی داهاتوودا، نیوە‌ی هە‌موو ئە‌و جۆرانە‌ی ئە‌مڕۆکە هە‌ن لە‌دە‌ست دە‌دە‌ین. هە‌ر بۆیە‌ش ئەمەیان ناویان ناوە بە‌ شە‌شە‌مین بنە‌بڕی بە‌کۆمە‌ڵ!
----------------------------------------------------------
ئەمەی سەرەوە بابەتێکە لە کتێبێکی ئامادەکراو بەناوی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن) کە لە ئایندەدا بڵاو دەکرێتەوە.

سەرچاوەی وێنەکان یەک لەدوای یەک:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە