کورتە نامەیەک بۆ دادوەرێکی قەللاجی داداگای نێودەولەتی لاهای

Wednesday, 23/01/2019, 1:09

8958 بینراوە


ئەوڕۆ لە سایتی روداو، نووسین و راگەیاندنی دادوەرێک، بە ناو نێودەولەتی – لاهای، زۆر عەنتیکە کەوتە بەرچاوم، کە ناچاریکردم هەلوێستەی لەسەر بکەم، وەک مشتێک لە خەرواری ئەو دەسەلات و سیستەمە گەندەلکارەی باشور دوو قسە بکەم.
-----------------------------------
ئێستا کە ئەو ووشانە دەنووسم "هێلنج"م دێت، لە جیاتی بابەتێک یتر، بە رای خۆم باشتر، دەبێ باسی دادوەرێکی گەوچ و نەزان بەلام گەندەل و مشەخۆر بکەم.
لە سایتی رووداو کەسێک بە ناوی دادبڕ سامان سەید عەتار لەسەر داخوازی بافل تالەبانی هەلساوە بۆ هەولدان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی گەنجێکی کوردی باشور بە ناوی "هەلکەوت محەممەد"ی 21 سالان، لە دایکبووی سلێمانی کە رۆژی 10 ئەم مانگە لە کەنارەکانی ئیتالیا نووقم بوو بوو و 20 ئەم مانگە تەرمەکەی، بە خۆی، سەر ئاو کەوت و دۆزراوەتەوە.
ئەم دادبڕە، دەلێ دادوەری نێوەدەولەتیە لە لاهای، واتە دادوەرە لە داگای دادی نێودەولەتی…. !
ئەو دادبڕە دەلێ لەسەر پێشنیازو داواکاری "بەڕێز" بافل تالەبانی پەیوەندیم بە دادگای بالای ئیتالیا و ئینتەرپۆلەوە کرد، هێنامانە سەرخەت و 3 ژێردەریا بە قوللایی 500 م بەدوای تەرمەکە بگەرێن…… کاک بافل خەرجی گەڕانەوەی تەرمەکە لە ئەستۆ دەگرێت… هتد.
ئێمە نیگەران و خەمگینین بۆ گیان لەدەستدانی ئەو گەنجە خێر لە خۆ نەدیووە کە وەکو هەزاران دانیشتوانی هەرێێم کە 27 سالە لەدەستی مافیاو چەتە و بەلتچیەکان کۆچ دەکەن و رێگەی هات و نەهات دەگرنە بەر، خوای میهرەبان سەبوری دایک و باوک و کەسوکارەکەی بدات.
ئەم دادوەررە بۆ تاکو ئێستا، بۆ مەرگی رۆژانەی دەیان و سەدان کورد، نەهاتۆتە سەر خەت کەچی، وەک و کاسە لێس و مشەخۆرەک، بە فیتەی بافل تەلابەنی خۆی دەکات عەنتەر و مرۆڤ دۆست؟
دادەوەر سامان سەید عەتار، وەک خۆی دەلێ یان بۆی نووسراوە، ئەندامی دادگای لاهایە بەبی ئەوەی بزانێت ئەرک و چالاکی داگا و ئەخلاقی ئەندامەکانی چیە؟ شانی خۆی لە بابەتێکی تراژیدی دەدات بەبێ ئەوەی لێ تێبگات. .
دادگای لاهای ئۆرگانێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە دامەزراوەو رێکخراوە نێودەولەتیەکان زۆرجار وا رێک دەکەوێت کەسانی بوودەلەو نا پسپۆر نەفس نزم وەک نوینەری وولاتەکەیان (دەولەت) پۆست و پلە و پایە وەردەگرن. لە کاتی رژێمی سەدام حوسێن عێێراق، زیاد لە جارێ، بوو بە ئەندامی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ، سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان…… ئەم نموونانە زۆرن، ئێستا سعودیا ئەندامی "کۆمیتەی مافی مرۆڤ"ە، هەمان شت ئێران و تورکیا و زۆریتر. ئەمە بەو مانایە نایەت و مەبەست و نیەتی منیش نیە تەڕو وشک بەیەکەوە بسووتێنم بەلام بە داخەوە لە دامەزراوە نێودەولەتیەکان بە زۆری کەسی شیاو لە پۆست و شوێنی شیاو نیە، لێرەش هەڕەشە و فشاری گەندەلی زۆرە.
دادگای دادی نێودەولەتی لاهای تەنها بەم کار و چالاکیانە هەلدەستێ کە لە کارنامەکەی نووسراوە، یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەت و سکالایانەی لە لایەن دەولەتەکان دەخرێتە بەردەمیان کە پێویستە پێشوەختە رەزامەندیان لەسەر دابێت و قەبولی بڕیاری دادگاکەش بکەن، یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی – رێکەوتن و پەیماننامە نێودەولەتیەکان، دەربڕینی پرس و را لەسەر داوای ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەلەی گشتی.
دادگای لاهای لە 15 ئەندام پێک هاتووە، ماوەی ئەندامەتی 9 سالە و دەکرێت بۆ خولێکیتریش هەلبژڕدرێنەوە، لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەلەی گشتی، بە زۆرینەی رەهای دەنگەکان، هەلدەبژێردرێن، وەک چەرخ و فەلەک بە تێپەربوونی کات نۆرەی هەموو دەولەتەکان دێت نوێنەری خۆیان دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەی ببنە ئەندام، دادوەرەکان پارێزبەندی دیپلۆماسیان هەیە. بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی دادگا سەربەخۆ و بێلایەنە لە دەولەت و حکومەتی ئەندامەکان و هەر لایەنێکیتر، دادوەرەکان دەبێت:
ئەو کەسانە بن کە دەستپاک و ناوبەناگ و خاوەن مۆرالێکی بەرزبن لە وولاتەکەیان، ماوەیەکی زۆر لە ئاستی بالا دادەور بووبن یان پۆستی راوێژکاریان لە وولاتەکەیان ئەنجام دابێت و پسپۆری یاسای نێودەولەتیبن.
نابێت هێچ پۆست و پلەی سیاسی و ئیداری و پێشەییان هەبێت لە کاتی ئەندامێتی.
نابێت هێچ پۆستی راوێژاکاری ، پارێزەر یان ئەکادیمیان هەبێت.
ئەندامانی دادگا نابیت ئەو سکالا و بابەتانە بگرنە دەست کە پێش بە ئەندامبوونیان بە هەر شێوەیەک ببوبێت خۆیان پێوە خەریک کردووە، وەک نوێنەر و پارێزەر و راوێژکاری وولاتەکەیان یان وولاتێکیتر یان کۆپانیا و رێکخراو و گروپی هەمەجۆر.
پێش دەست بەکار بوون دەبێ سوێندی سەربەخۆی و بێلایەنی و بە ویژدانی بخۆن.
دادوەر سامان سەید عەتار نە دەبوایە بە قسەو داوای بافل تالەبان خۆی لەم کارەساتە هەلقورتێنێ، تۆ بلێی پرسیار لە خۆی و تالەبانی کردبێ ئاخۆ بۆ ئەو خەلک و حەشامەتە لە "شاری خەونەکان" را دەکەن و خۆیان دەکەنە خۆراکی ناهەنگ و ماسی؟
باشە بۆ بافل تالەبانی کە هیچ پۆست و پلەیەکی حکومی و ئیداری و تەنانەت حیزبیشی نیە ئەوەندە پەشۆکاو خەمگین بووە و هەستی مرۆڤانەی جولاوە و مەرگی ناوادەی هەلکەوت محەممەد کاریلێکردوەو پەنا بۆ دادوەرێکی نێودەولەتی لاهای، کۆنە کاسە لێسیکی بەر دیوەخانەکەی، ببات.
من نازانم ئاخۆ ئەم کابرایە بە راستیی دادوەرە یان قاچاخچیە؟ چونکە من بە پەلە گەڕام و چاوم بە لیستی دادوەرەکانی لاهایدا خشاند ناوی "سامان سەید عەتار"م نە دۆزیەوە، لەو 15 ئەندامەی ئێستا ئەم ولاتانە ناویان هاتووە: سۆمال، چین، سلۆڤاکیا، مەغریب، فەرەنسا، برازیل، وولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئیتالیا، ئۆغەندا، هیندستان، ئوسترالیا، روسیا، جامایکا، لوبنان و ژاپۆن".
عەبدول قاوی ئەحمەد یوسف – سۆمال سەرۆکی دادگای لاهایە.
کلیکی خوارەوە بکە بۆ بینینی ناوی دادوەرەکانی لاهای

بافل تالەبانی، کە بۆتە یەکێک لە دەولەتمەدارەکانی هەرێم بەلام سنور و هەنگاوەکانی خۆی دەبەزێنی، وەک بێ سەوادێک رەفتار دەکات، نازانێ لە ئیتالیا سەفارەتی عێراق هەیە سەفیرەکەشی د. ئەحمەد بامەڕنیە و لە پشکی یەکیتیە، زۆر ئاسانتربوو پەیوەندی بەوەوە بکات و بە دلنیایەوە شتێکی لە دەست دەهات و ئێستاش نەچووە بچێت.
لە ئیتالیا حکومەتی هەرێمیش هەیە، کار و ئەرکی مەکتەب چیە؟
دادوەر سامان سەید عەتار وادەزانی دادگای نیودەولەتی دوکانی عەتاری هەیە و بە ئارەزوی خۆی چی دەیەوێت تێی بکات……
لە رۆژی 10 جانیوەری 2019 بەلەمێکی پلاستیکی لە بارودۆخێکی دژواری دەریا، لە پارێزگای کڕۆتۆنی، ئیتالیا، بە دووری 300م لە کەنارەکانی شارۆچکەی "تۆڕێ مێلیسە (ژمارەی دانیشتوانی سی هەزار کەسە) گیرسایەوە. .. بە پێی هەوالی میدیاکان دانیشتوانی شارۆچکەکە دەمودەست بە هانایان چوون و رزگاریانکردن، بە داخەوە گەنجێکی شاری سلێمانی، بە ناوی هەلکەوت محەممەدی 21 سال نوقم بوو، 20 ئەم مانگە، لە هەمان شوێن، تەرمەکەی سەر ئاو کەوت.
دیارە هەلکەوت لەگەل خزم و کەس و ناسیاوەکانی بووە بۆیە یەکسەر ناوی ئەم بلاو کرایەوە، 2 رۆژ دوای کارەساتەکە پشتیوان جاف، وەک رۆژنامەنوسێک لە یۆنان پەیوەندی بە رۆژنامەی کڕۆتۆنی دەکات و زانیاری و وێنەیەکی هەلکەوتیان پێدەدات.
دوو لە خزمە نزیکەکانی هەلکەوتی جوانەمەرگ لە بەریتانیا و ئەلمانیا رۆژانی دوای کارەساتەکە گەیشتەنە شارەکە، بە هیوای ئەوە بوون تەرمەکەی بدۆزرێتەوەو هەولی گەڕانەوەی بدەن بەلام رۆژی شەممە، 19 ئەم مانگە، شارەکەیان جێ هێ هێشت و بە بەدلێکی پڕ لە ئاگو کەسەر گەڕانەوە…. لەگەل دۆزینەوەی تەرمەکە خزمە نزیکەکانی قەرارە بگەرینەوە بۆ ناسینەوەی فەرمی و هەولدان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکە بەلام کارەکە ئاسان نیە. جگە لەوەی پێویستی بە توێکاری پزیشکی هەیە دادگآش لێکۆلینەوە دەکات و دوو قاچاخچی روسی گیراون و بە مردنی هەلکەوتیش تۆمتبار دەکرێن … هتد.
بە پێی هەوالەکانی ئیتالیا هێشتا توێکاری بۆ نەکراوەو کەیسەکەش دەستی لێ نەدراوە.
ئەم دادوەرە قەللاجە، لەوانەشە وەک کارمەند، یان وەک شاندی عێراق لە دادگای دادی نێو دەولەتی کار بکات بەلام ئەندامی دادگا نیە و لە کارو دەسەلاتی ئەویش نیە داوا لە دادگای بالای ئیتالیا و ئینتەرپۆل بکات …. زۆر نا پڕۆفیشنالانە دەلێت " وەکو دادوەرێکی نێودەوڵەتی و ئەندامی دادگای لاهای، لەسەر داوای کاک بافڵ و کەسوکاری گەنجەکە رێکارە یاساییەکانمان بۆ تەرمی گەنجەکە تەواوکردوون. کاری توێکاری تەواوبووە. لە چەند رۆژی داهاتوودا لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بێت یان سلێمانی تەرمی ئەو گەنجە دەهێنینەوە کوردستان".
دەک رووت رەش بێت ئەوە چۆن چۆنی رێکارە یاساییەکانت تەواو کرد؟
ئەم دادوەرە لە سایەی ئەم دەسەلاتە تالانچی و نیشتمان فرۆش و ژن کوژ یاسا شکێن یاسای خوێندووەو بۆتە دادوەر و تازە بە تازە لە خەو هەلساوەو بەتەنگ هێنانەوەی تەرمی گەنجێکی خێر لە خۆ نە دیو و راکردووی دەستی ئەم دەسەلاتەیە.
لە خوارەوە کلیک لەسەر وێنەی ئەم دادوەرە بکە

 لەلایەن سەرباز سیامەند دوێنێ کاژێر 11:52
رووداو- هەولێر
تەرمی گەنجێکی کورد بەناوی "هەڵکەوت محەممەد" دانیشتووی سلێمانی، دوای 10 رۆژ لە ونبوونی رۆژی یەکشەممە 20-1-2019 لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دۆزرایەوە.
دادوەر سامان سەید عەتار، دادوەری نێودەوڵەتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بافڵ تاڵەبانی سوورە لەسەر هێنانەوەی تەرمی گەنجەکە و خەرجی هێنانەوەکەی لەئەستۆگرتووە".
دادوەر سامان سەید عەتار گوتیشی "وەکو دادوەرێکی نێودەوڵەتی و ئەندامی دادگای لاهای، لەسەر داوای کاک بافڵ و کەسوکاری گەنجەکە رێکارە یاساییەکانمان بۆ تەرمی گەنجەکە تەواوکردوون. کاری توێکاری تەواوبووە. لە چەند رۆژی داهاتوودا لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بێت یان سلێمانی تەرمی ئەو گەنجە دەهێنینەوە کوردستان".
رۆژی 10-1-2019 یەختێکی پەنابەران بە 51 سەرنشینەوە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ژێرئاوکەوت، تەنیا تەرمی هەڵکەوت محەممەد نەدۆزرایەوە.
دادوەر سامان دەڵێت "دوای ئەوەی دادگای باڵای ئیتاڵیا و ئینتەرپووڵمان هێنایە سەر هێڵ و توانیمان لەڕێگەی سێ ژێردەریاوە بە قووڵایی 500 مەتر لەنێو ئاوەکە بەدوای تەرمی ئەو گەنجە کوردەدا بگەڕێن، بەڵام نەدۆزرایەوە، بەڵام 20ی ئەم مانگە تەرمەکەی لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا سەرئاوکەوت".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە