ده‌ك ده‌ستخۆش کاکه‌ بروسك

Wednesday, 04.30.2008, 1:46

4226 بینراوە


دوێنێ چاوێکم به‌ سایته‌کاندا خشاند، بابه‌تێك له‌ کوردستان پۆستدا که‌ له‌سه‌ر کاکه‌ بروسکی نووری شاوه‌یس نووسرابوو سه‌رنجی راکێشام، بێگومان من ناوی نووسه‌ره‌که‌ی ناهێنم چونکه‌‌ ئه‌زانم ئه‌و نووسه‌ره‌ ئه‌وه‌نده‌ بوێر نیه‌، ناوی راستی خۆی بنووسێت. 
کابرای نووسه‌ر، کاکه‌ بروسك به‌ دز ناوزه‌د ئه‌کات و گوایه‌ زیاد له‌ 500 ملیۆن دۆلاری دزیوه‌، له‌ ته‌ک چه‌ند ئۆتۆمبێلێکی گولله‌ نه‌بڕ و 120 ده‌مانچه‌و ...... ‌هتد. ئه‌شزانێت ئه‌و پاره‌یه‌ی دزیوێتی له‌توێی ئه‌و ملیار و نیوه‌یه‌، که‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق داوێتی به‌ کاکه‌ بروسك چه‌ك بۆ سوپانوێکه‌ی (عیراق) بکڕێت.
ئه‌رێ کابرا تۆ به‌ هه‌موو ئاوه‌زێکته‌وه‌ ئه‌وانه‌ت نووسیوه‌؟! باشه‌ عه‌قڵت به‌وه‌ ناشکێت ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌کانه‌ بۆ سوپای عێراق بکڕدرایه‌، له‌کوێ به‌کار ئه‌هێنرا؟ ئه‌ی نازانی ئه‌گه‌ر سوپای عیراق پڕ چه‌ك و به‌هێز بکرێت، سبه‌ینێ کوێره‌وه‌ری بۆ کێ ئه‌ڕه‌خسێنێت؟
ئه‌ی باشه‌ من لێره‌دا پرسیارێك له‌ تۆی دڵسۆز ئه‌که‌م: ئه‌ڵێم ئه‌گه‌ر خوا نه‌خواسته، تۆ له‌ جیاتی کاکه‌ بروسك بوویتایه‌، ئه‌و چه‌کانه‌ت بۆ سووپا نازداره‌که‌ی عیراق ئه‌کڕی؟‌ هه‌ر له‌ جیاتی تۆش وه‌ڵام ئه‌ده‌مه‌وه‌ ئه‌ڵێم به‌ڵێ ئه‌تکڕی. چونکه‌ به‌ ده‌ست خۆت نیه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بڕ ئه‌که‌یت، هه‌ر ئه‌و ئه‌قڵه‌ نیوه‌ ناته‌واوانه‌ی وه‌ک تۆش بوو که‌ له‌ رابووردوو و ئێستاو داهاتووشدا، که‌سانێک هه‌ن به‌ ئاگاوه‌ به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌وه‌ بۆ عێراق ئه‌گرین و بێ ئاگاش به‌دوای خۆیاندا ئه‌جاشێنن.

ئه‌وه‌ی کاکه‌ برووسك کردوویه‌تی کوردایه‌تییه‌,، نەک دزیی دەزانی بۆ؟

ئه‌زانی ئه‌وه‌ی کاکه‌ بروسك کردوویه‌تی دزی نیه‌؟ ئه‌زانی ئه‌وه‌ی کاکه‌ برووسك کردوویه‌تی کوردایه‌تییه‌؟ ئه‌زانی ئه‌وه‌ی کاکه‌ بروسك کردوویه‌تی وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ نه‌به‌ردێکا 100 تانکی دوژمنی په‌له‌خاندبێت؟ نه‌گبه‌ت تۆ ئه‌گه‌ر کوردێکی دڵسۆزیت، ئه‌بێت ئه‌وه‌ت پێ خۆشبێت، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ک جاشێکیش بۆ سوپای عێراق بگریت و په‌له‌ی ئه‌وه‌ت بێت زوو بۆ گیانی کورد بکه‌وێته‌وه‌ سه‌رپێ‌ و ئێوه‌ی گوناحیش ببن به‌ پاشکۆیان بۆ کورد کوشتن، ئه‌وا لێره‌دا رووی ده‌مم له‌ تۆ ناکه‌م رووی ده‌مم ئه‌که‌مه‌ به‌ڕێز که‌مال جه‌مال موختاری کۆنه‌ هاوبیرم و ئه‌ڵێم: که‌مال گیان خۆ تۆ هه‌نگت له‌ دارا نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، وا ئه‌و نووسینه‌ وێرانه‌ت دابه‌زاندووه‌، ماڵتم ئاوا کرد تۆزێک به‌رچاوی خۆت روونکه‌ره‌وه‌ بزانه‌ چی دائه‌به‌زێنیت، ئه‌رێ به‌ڕاست تۆ ئه‌و نووسینانه‌ پێش بڵاوکردنه‌وه‌، ئه‌خوێنیته‌وه‌؟ ده‌ له‌مه‌ودوا باشیان وه‌خوێنه‌، خۆ دزی کردن له‌ عێراق وه‌ک دزی کردن له‌ کوردوستان نیه‌، خۆزگه‌ ئه‌و دزییانه‌ی له‌ کوردوستان ئه‌کرێت له‌ عێراقه‌ دوابڕاوه‌که‌ بکرایه‌ که‌ ئه‌وه‌تی درووست بووه‌ دزیی له‌ کورد ئه‌که‌ن و ئه‌یده‌ن به‌چه‌ك بۆ سه‌روپۆته‌ڵاکی خۆمان.
له‌ کۆتاییدا ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ له‌لایه‌ن کاکه‌ برووسکه‌وه‌ خورابێت ده‌ك ده‌ستی خۆشبێت و نۆشی گیانی بێت رووی ده‌مم ئه‌که‌مه‌ بروسکی برام و ئه‌ڵێم: ئه‌بوایه‌ وه‌ك هاوڕێیه‌ک منیشت بیر بوایه‌ و رێژه‌یه‌کی ئەو‌ پاره‌یه‌م به‌ر که‌وتایه‌ هه‌ر بۆ موفه‌ڕك لێم وه‌ر ئه‌گرتیت. له‌ کۆتاییدا بیرۆکه‌ی ئه‌م نووسینه‌م بۆ دکتۆر ئه‌حمه‌د میراوده‌لی گێڕایه‌وه‌ ئه‌ویش وتی منیش به‌ سیله‌ی ره‌حم و سیله‌ی براده‌ریی به‌شم تێی ئه‌که‌وێت، هه‌روه‌ها به‌ڕیز شه‌وکه‌ت خه‌زنه‌دار و نووسه‌ری هێژا کارزان خانه‌قینیش هه‌مان بیروڕای منیان هه‌بوو ده‌ بروسك گیان له‌و غه‌نیمه‌ پیرۆزه‌ به‌شدارمان بکه‌، که‌ هه‌ر دۆلارێکی جێگه‌ی شانازییه‌، دیسانه‌وه‌ ده‌ستخۆش و ده‌ستی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌ستدا بێت.
 حه‌مه‌ره‌شی هه‌ره‌س - که‌نه‌دا


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر