باران بەلێزمە دەبارێت

Saturday, 26/01/2019, 16:51

16136 بینراوە


چاوەوڕوانێکەمان گۆڕا بۆ ئازار
جیهان پڕە لەخەیاڵی دڵشکاو
لەسەر گۆڕێک دەگرین 
هیچ ڵاشەیەکی تیا نی یە 
دواجار
هیچ ڕێگەیەک نی یە ، بۆڕێگرتن
لەهاتنی زریانەکە

،،،،،،
لەم نیشتمانەی ئێمەدا
پێش خۆشبەختی ، فێری ناسۆر دەبین
جیهانە  تەڵخە دزێوەکە
 ئێوە دەبینن ؟
ئەوانەی  ئێمە لەتەنهایدا، دەخنکێنن
بەم ڕۆژەیان بردووین  
 سبەی کە خۆر هەڵدێت 
دەپاڕێنەوە بۆ مانەوەیان
بۆئەوەی لەسەر ئەژنۆکانیان بژین 
ترس ناتوانێ بیان پارێزێت
 پاڕانەوە ،داویان نادات.
 سپێدە
دەنگی شکانی ئێسکەکایان کەڕیان دەکات
ئای لەشریقەی قامچی دەستی خەڵک ....!
ئێمە بەخوێندا تێدەپەڕین
 لەگەڵ باڵندەکان ڕێدەکەین 
لەئاسمانەوە  سەیری زریانی خوێن دەکەین 
خوێن  
،،،،،،
تەمەن تەنها دۆخێکە وەستاوە
مرۆڤ ئەو کاتە پیر دەبێت، کە خۆی دەدات بەدەستەوە
ئەمڕۆ
وێنەی جەنگاوەرەکانم ، سوتاند
کەلەخوانی ئێوارە ی دزاکاندا 
ڕۆنیشتبوون 
ئیتر ناتوانم سەیریان بکەم 
قێز لەبێدەنگیتان دەکەمەوە
جەنگاوەرە ، پیرەکان 
 چیرۆکەکانتان ژەنگی گرتوە
لەناو شەقامەکانی شاردا،  چەکدار جمەی دێ 
بەگیرفانی بەتاڵ و کڕووزانەوەی 
داماویان و سواڵی بەردەرکی مزگەوتەکاندا
 
،،،،،،،،،،،
ئێوە
ببینن  چ سەمەرەیە کە  ، ووڵات  ؟
نەسیم لەبا  ئەترسێت
خۆر لەهەڵهاتن
مانگ  لەپشتی هەورەکانەوە خۆی حەشار دەدات
ئێمەش هەر چاوەڕوانیمان بۆ دەمێنێتەوە
وەک جارانی داییرەی مێژوومان
 ئەوان بۆگەڕانەوەی منداڵەکانیان 
لەسەفەربەلەک 
دەرسیم 
ئەنفال 
شەڕی ناوخۆ 
شەنگال 
ئێمەش وەک ئەوان
تەنها نزا دەکەین
نزا ، بەلەشێکی پیسەوە
 بەچاوێکی تەڕەوە
  کەس نزاکانمان بەهەند وەرناگرێت 
بۆنی کوڕوزانەوەی  لێدێت 
خواش مرۆڤی کۆیلەی خۆشناوێت 
کەشەق لەئازادی خۆی بدات 
،،،،،،،،،،،،،
دەزانی ...؟
لەناو ئەو تاوانبارانەی من ناسیوومن
تۆ لەهەموویان بێتاوانتریت  
 بەسوری  جامادانەکەتا دیارە 
کە لەنوێژ چووی 
 بەدڵۆپی خوێنی گەنجان 
بەدزینی نەوت 
بەدرۆکردن
 بەداخستنی زیندانەکان 
بەهەراجکردنی نیشتمان  
لەنوێژچووی بەدفەڕ....  لەنوێژ
،،،،،،،،،
پەڕینەوە وەک کابووسە ، لێرە
بەخەرەندی ترسناکدا شۆڕدەبمەوە
بواری مانەوەم  بۆژیان  دیارنی یە
هەموومان دەزانین
هیچ کات ،هێزی ئاو پێشبینی ناکرێت 
 
تۆفانەکە  هەمووی ڕا دەماڵێت 
تۆفانەکە 
،،،،،،،،،،
لەچ سەردەمێکدا دەژین ؟
سەرما گازمان لێدەگرێت
خوا زۆر بەخراپی سزای داین
وەک گەڵا هەڵدەوەرین ، هەڵدەلەزین
دەڵێ بەدوایی  لاشەی مردوودا  
بێدەنگ 
  بێدەنگ ،ڕێدەکەین
 بەپێ خۆمان دەچین بۆ گۆڕستان
هەر بەمردووی لەدایک بووین 
،،،،،،،،،،،
ئای لەم نیشتمانە ئەتک کراوە
لافیتەکان بسوتێنن
کەبەدرۆ لەسەری نوسرابوو
ئاشتی
ئازادی
دادپەروەری
گەنم
خۆر
سەرفرازی

ئای لەم نیشتمانە لەنوێژ چووە ..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە