هەر تەنێک، کە ڕەشەبا بردی مەرج نییە باسی ڕەشەبامان بۆ بکات

Tuesday, 01.29.2019, 2:59

2385 بینراوە


پرۆژەی ڕەشەبا بۆ شاخی گۆیژە. شۆڕش ئەمین
دوای پەیکەری خۆشەویستی کە وتارێکی دورودرێژم لەسەر نووسی کەچۆن ئەم پەیکەرە فکری سەلەفی تێنەپەڕاندووە، پاش پەیکەری خواوەندی نیکێ کە وەک  خەنجەرێکی خیانەت دراوە لە پشتی کچە شەرەڤانان ( کچانی ڕۆئاڤا)، لەبەر ئەوەی کە پێچەوانەی بیرو بۆچونی ئەوانە، پاش شێرە کچانی کۆبانی کە کچانی كۆبانی وەک بوکەڵەیەکی باربی لەسەر شیرێک دانراوە، ئینجا نۆرەی پرۆژەی ڕەشەبای سلێمانیە لەلایەن کاک شۆڕش ئەمینەوە بۆ شاخی گۆیژەی سلێمانی هەتاوەکو شاخی گۆیژەشمان لەبەرچاو بخەن.
لەوانەیە ئەم هونەرمەدانە خۆیان لە پشت ئەو قەلایەوە بشارنەوە کە گوایە لە رابوردوشدا کەسانێک هەبون دژی پرۆژی هونەری، بەڵام  لە کۆتاییدا مێژوو سەلماندی کە ئەوان راستیان کرد، بۆ نمونە کاتێک زۆر لە پیاوانی ئەنتەلەکتوێلی فەرەنسی دژی پرۆژەی بورجی ئیفل وەستانەوە، بەڵام ئەمڕۆ بورجی ئیفڵ لەهەموو جیهانەوە خەڵکی دێن بۆ سەیرکردنی، زۆر نمونەی تریش. نەخێر جیهان گۆڕاوە و ئەو سەردەمە بەسەر چوو کە مرۆڤ نەتوانێت کارێکی هونەری نوێ قبوڵ نەکات و نەشزانێت جیاوازی لەنێوان کارێکی هونەری و کاڕێکی بازرگانیدا بکات.  هەرچەندە لێرەدا  باسی هونەرێکیش ناکەین لە ئاستێکی بالادا چونکە ئەو کارە هونەریانەی لە جادە و کۆڵانانی شاردا دائەنرێن بەکاری هونەری سادە ناودەبرێن، لەبەر  ئەوەی کە بۆ بینەرێکی هەمەجۆر کراون، بەپێچەوانەی کاری هونەری مۆزەخانەکانەوە بۆیە هەر لەو رووەشەوە شرۆڤەی بۆ دەکەین، بەڵام دەبێت هەرچۆنێک بێت بە  زمانی هونەرو زمانی سەردەم کرابن، هەڵقولاوی هزرێکی پڕ لە ئەزمون بن. هەروەها کاتێک خەڵکی دژی پرۆژەی بورجی ئیفل وەستانەوە، گوستاف ئیڤڵ هەرخێرا بەرگری لە خۆی کرد و وتی  کە کارەکەی ئەو پەیوەسەتە بە هونەری ئارشیتەکتورەوە بۆیە ئەو لە بورجی ئیفلدا هەموو هونەری بیناسازی لەسەرەدەمی پێش زاینەوە هەتا ئەمڕۆ تیایدا خستۆتە گەڕەوە، منیش رووی دەمم دەکەمە هونەرمەندانی کوردستان و دەڵێم ئەی ئێوە وەڵامتان چییە کاتێک من دەتان دەمە بەر ڕەخنە ؟
١- پەیکەری خۆشەویستی ٢- پەیکەری خواوەندی نیکی بۆ شەرەڤانان ٣- پەیکەری شێرە کچانی کۆبانێ
چی دەبینین لەم پەیکەرە زەبەلاحەدا ؟
 کابرایەکە بە پشتا کەوتوە، وا دەردەکەوێت کە بەرامبەر بە هێزێک بەرگری بکات، سەرچەفێکی گەورە بەشی سەرەوەی لەشی  پیاوەکەی داپۆشیوە، سەرچەفەکە لە جوڵەدایە و بە سەدان  چرچی تێکەوتوە  کە ئارەستەی ڕەشەبا و بەهێزی ڕەشەباکەمان بۆ دیاری دەکات،  بەهۆی ئەم سەرچەفەوە هەر خێرا دەزانین هۆکاری ڕەشەبایە، کە ئەو کابرایە بە پشتا کەوتوە. ران و قاچی کاباراکە بە ماسولکەی ئێجگار بەهێزەوە دەبینرێن، بەڵام  بۆ ئەوەی هیزێکی زیاتر بدات بەو مرۆڤە، قاچ و رانی مرۆڤەکە لە شکڵی ڕیالیستی چوونەتە دەرەوە و شیوەیەکی کاریکاتۆری وەرگرتوە ، سەر و چاوی ئەم کابرایە بە چەرچەفەکە داپۆشراوە نازانین کێیە، سەرچەفەکە یارمەتی داپۆشینی سێکسی مرۆڤەکەشی داوە کە هونەرمەندی ڕزگار کردوە لەو بەڵایە، بەڵام  دەزانین کە مرۆڤێکی نێرینەیە، زیاتر شکڵی خێوێکی کەمێک ترسناکی پێ بەخشیوە.
ئەم پەیکەرە لە هزری بینەردا هیچ باسێکی تر ناهروژێنێت، جگە لەوەی کە مرۆڤێک دەبینێت بە هێزی ماسولکەی نێرینەی خۆیەوە بەرامبەر بە ڕەشابەیەکی بەهێز وەستاوە . 
باسەکە ڕشەبایە، باسێکی گرنگە و جێگای دەستخۆشیە، کە هونەرمەند فکری بۆی چووە، کە شاری سلێمانی بەو ڕەشەبایە بەناوبانگە، لە پرۆگرامی زمانی کوردیشدا لە ئاستی ناوەندیدا، یەکێک لەو ڕستانەی وەک نمونە دانرابون بریتی بوو لە (ڕەشەبای سلێمانی بەهێزە). هەندێ باس لە هونەردا بوونەتە باسی ئونیڤێرسێلو هەر هونەرمەندە و بە هزری خۆی دەری دەبڕێت، بۆ نمونە چەمکی مرۆڤێک لەبەردەم پەنجەرەیەکدا، یان پیاوێک لەژێر باراندا، یان پیاوێک بە ڕێگادا....تاد، زۆر لە هونەرمەندان بە پێی دیدی خۆیان ئەو چەمکە دەکەن بە کاری هونەری .
١- پیاوێک لە رۆیشتندا، هونەرمەند ژیاکۆمیتی ١٩٦١. ٢/ مرۆڤ لە جوڵانەوەدا، ئومبێرتی ١٩١٣. ٣- کەمانچەژەنێک لەبەر پەنجەرەکەدا، هێنری ماتیس ١٩١٧

کاتێک مرۆڤێک پیشان ئەدەین بەڕێگادا دەڕوات باسی چەمکی مرۆڤ دەکەین لە ڕەو ڕەوەی ژیاندا؛ بەو پێیەی هونەرمەند لە دەرئەنجامی ئۆقیانوسێک لە پرسیارو وەڵام و لە لێکۆڵینەوە پێی گەیشتووە، ئەزمون و بۆچونی خۆیمان پیشان ئەدات لەو ململانێیەدا، ئەوسا پرسیار لە خۆی دەکات، کە چ شکڵێک ئەدات بەو مرۆڤە ؛  ئەم مرۆڤە چۆن هەنگاو دەنێت ؟  جۆری شکڵ و تێڕوانینی خۆیمان بۆ نمایش دەکات، هەروەها کە چۆن چەمکی مرۆڤ دەبینێت لە رەوڕەرەوەی ژیاندا.
کاتێک مرۆڤ دەگاتە نەک راستیەک، بەڵکو جۆرێک لە ئاوات، یان هەر بێ ئومێدییەک، یان هاوارێک بەرامبەر بە بێ مانایی ژیان، یان هەر نیمچە فەلسەفەیەک بۆ ژیان، ئەوسا  هەموو شکڵەکان دەهێنێتەوە بەرەو ئەو هزرەی کە دایتاشیوە لەدەرئەنجانی ئەزمونی خۆیدا، هەموو شکڵیک دەگەڕینێتەوە بەرەو ئەو سەرچاوەیە.  بۆنمونە کاتێک ژیاکۆمێتی مرۆڤێکمان بۆدەکات کە دەڕوات بەڕێگادا پاشان هەر هەمان ژیاکۆمێتی پەیکەری سەگێکمان بۆدەکات، دەبینین هەر هەمان هزرە، هەر هەمان تێروانینە، هەردووکیان لە یەک جیهانن، یەک باسمان بۆ شیکار دەکەنەوە.
پەیەکەری سەگێک ؛ ژیاکۆمێتی 1959
  
 کاتێکیش مرۆڤێک لەبەردەم پەنجەرەیەکدا دەوەستێت، پەنجەرەیەک وەک دەروازەیەک کە روناکی دەخاتە ناو ژورێکی تاریکەوە، یان پەنجەرەیەک کە خەو و نیگای مرۆڤێکی لێوە دەرباز دەبێت وەک هیوایەک، چی لەو دیو پەنجەرەکەوەیە، چی لە ژوورەکەدایە، هەموو شکڵەکان لەلایەن هونەرمەندەوە بەو مەبەستە بڕیار دراون، ئەگەریش هەندێک جار هەندێک شکڵ لەلایەن هونەرمەندەوە ڕاستەو خۆ بڕیاری نەدرابن  ئەوا هەر دەچنەوە سەر هەمان گەنجینەی هونەرمەند، لەبەر ئەوەی ئەو هونەرمەندە جیهانێکی بڕیاردراوە و هۆشمەنەدە، نەک دارتاشیک کاتێک میزراحێکمان بۆ دروست دەکات یان پەنجەرەیەک. 
بۆیە هەر خێرا، ڕەشەبا و مرۆڤ دەبنە چەمکی ململانێی نێوان دوو هێز؛ سروشت و مرۆڤ، کە ئەمەش باسێکی ئونیڤێرسێلە و هەموو هەڵسوکەوتی ئەو مرۆڤە دەبێت ببێتە تەرجومەی بیر و هۆشی سەردەمەکەمان بۆ ئەو چەمکە، دەبێت ببێتە تەرجومەی فکری هونەرمەندیش کە پێمان بڵێت ئەو چۆن ئەو ململانێیە دەبینێت، ئەوسا کاتێک نەوەی داهاتوو سەیری ئەم پەیکەرە دەکەن وەک چۆن پەڕەی میژوی باو و باپیرانیان دەخوێننەوە هەر ئاواش تێروانینی کەسێک یان سەردەمێک دەخوێننەوە کە چۆن  بیریان کردۆتەوە، ئەمەیە رۆڵی هونەر، ئەگەر نا دەچنە تەنەکەی خۆڵی مێژوەوە .
 کاتێک ئەم پەیکەرە دەبینین، هەر خێرا هێزێکی نێرینە دەبینین بە ماسولکەیەکی بەهێزەوە بەرامبەر بەڕەشەبا، ماسولکەکانی هی خۆشی نین، ماسولکەکانی کۆپیەکی ناشرینی سەردەمێکی رابوردوی شارستانیەتێکی ترە، کۆپیەکی ناشرینی ماسولکەی سەردەمی رۆمانەکانە ئەو سەردەمەی کە قەڵغان وەک بەرگری بەکار دەهێنرا و ماسولکە وەک هیزێکی باڵا. ئەو چەرچەفەش هەر هی رۆمانەکانە، چی دەکات لە سەر شاخی گۆیژە ؟  بۆچی هونەرمەند ‌لەم چەمکەدا هەر هێزی ماسولکەمان بۆ دەستنیشان دەکات بەرامبەر بە ڕەشەبا ؟ لەبەر ئەوەی ئەو هەتاوەکو ئێستاکە وەک زۆرێک لەکەسانی ڕۆژهەلاتی هێشتا هێزی ماسولکە وەک چەکێکی کاریگەر دەبینن، خۆ هونەرمەند باش ئاشنایە، کە ستیڤ هۆکین؛ گەورەترین بیرمەندی زانستی، ماسولکە لەگیانیدا لەکار کەوتبون لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جیهان گوێ رایەڵی بوون، بێ شک ستیڤ هۆکین لە گۆڕەپانی زۆرانبازی لەگەڵ ئاژەلاندا هیچ شانسێکی نەدەبوو کە خۆی دەرباز بکات، وەک زۆران بازەکانی ڕۆم. خۆ ئەگەر هونەرمەند خۆی خاوەنی  ماسولکەکانیشی بوایە ئەوا دەمان وت پێ دەچێت شتێکی نوێمان بۆ باس بکات، بەڵام نەخێر ماسولکەی سواو و کۆپی کراون . 
جگە لەوەی کە لەم سەردەمەدا لەکاتێکدا دەبینین کە کچە شەرەڤانەکانی ڕۆژاڤا دەوری مێینەیان خستۆتە بەردەم شانۆی جیهانیەوە، دەبوایە ئەو وەک هونەرمەندێک  ئەو هێزەی بە تەنیا نەدایەتە  دەست  مرۆڤێکی نێرینە بەرامبەر بە ڕەشەبا،  بۆیە ئەگەر کاتێک کچوڵەیەک لەگەڵ براکەیدا بەتەنیشت ئەم پەیکەرەوە بڕوات، نابێت لۆمەی بکەین ئەگەر شەپازلەیەک بدات لە خوشکەکەی، هەتاوەکو ئەویش ئەزمونی هێزی ماسولکەی خۆی  تاقی بکاتەوە وەک هونەرمەندی ناهۆشمەند .
 خۆ ئەگەر هونەرمەند لە توانایدا نەبێت چەمکی ململانێی سروشت و مرۆڤمان پیشان بدات لە باسی ڕەشەبادا ئەوا دەیتوانی بە کارێکی ساکار وەک زۆر لە کارە هونەرییەکانی هونەری سەرجادە و باخچە،  ئەیتوانی ئەو چەمکی ڕەشەبایەمان بەجۆرێکی تر بۆ باس بکات،  کە بتوانێت زۆرترین جەماوەر لەخۆ بگرێت، ئەوا  دەیتوانی چەند فڕفڕۆکەیەکی ڕەنگاو ڕەنگی ئێجگار گەورە دابنێت، بەڕەنگی ئالای کوردستان یان بەڕەنگی پەلکە زێڕینە، یان ئەو پەروانانەی، کە کارەبا وەبەرهەم دەهێنن بە ڕەشەبا، نەک بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا بەڵکو وەک کارێکی هونەری، کە هونەرمەند خۆی پێوانەیەکی  دابنایە بۆ هێزی ڕەشەبا، زۆر باشتر دەبو، سودی زیاتر دەبوو لەوەی مرۆڤێک ببینین بە ماسولکەوە بەرامبەر بە ڕەشەبا، بە ماسولکەوە، کە هیچ سودێکی نیە و هیچ پەیامێکی گرنگمان پێ نادات جگە لە فکرێکی دواکەوتووی سواوی سەردەمێکی رابوردوو نەبێت.
کاری ئێمە لەسەر ئەم زەویە ئەوەیە بە هەموو زمانێک باسی باری ژیانی مرۆڤ بکەین، بەڵکو بەم هۆیەوە بتوانین کۆڵی ژیانی  کەمێک سوک بکەین، ئاسودەی بکەین، بە پێکەنین بێت یان بەگریان یان بە بیرکردنەوە و قوڵبونەو، یان هەر بەکارێکی بۆش و بێ ماناش، دەبێت باسی ئەو بکەین لە دیدی خۆمانەوە، ئەو دیدەی کە وەک هونەرمەند کارێک و تێکۆشانێکی زۆرم بۆ کردووە هەتا بیگەمێ، بە ئاگر و بە دۆزەخدا تێپەڕیوم ، سەفەرێکی دوور و درێژم کردووە بۆ ئێوە وەک گلگامێشو دەمەوێت باسی سەفەرەکەتان بۆ بکەم هەتاوەکو پەیامێکی نوێ بدەم بە دەوروبەرەکەم؛ ئەوانەی نەیان توانیوە، یان نەیانویستوە یان بەهەر هۆکارێکی ترەوە بێت ئەو ڕیگایەی من بگرنە بەر، لەبەر ئەوەی هەر مرۆڤێک بۆ خۆی کەسێکی تایبەتە و تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە، بۆیە دەیەوێت پەیوەندییمان پێوە بکات، گۆرانیمان بۆ بڵێت، فلیمان بۆ ساز بکات یان تابلۆیەک بنەخشێنێت، یان پەیکەرێک، یان شمشاڵمان بۆ بژەنێت.
بەڵێ وتم شمشاڵمان بۆ بژەنێت، شمشاڵەکەی قالە مەڕە بە نمونە، کاتێک دەمبۆلەی بوک و خەسوی دەکرد بە ئاواز. خۆ ئەگەر قالە مەڕە گوێی لە سەمفۆنیایەکی مۆزارتیش بگرتایە، ئەوا هەر خێرا دەیتوانی لە ڕۆحی ئەو تێبگات و بشتوانێت لەسەر ئاوازێکی ئەو بە شمشاڵەکەی ئاوازێکی نوێمان بۆ بژەنێت، پێویستی بەوەش نەدەبوو وەک بەختیار عەلی بچێت بەدوای فلوتێکدا بگەریت هەتاوەکو هەستی پێشمەرگەیەکمان بۆ بهروژێنێت، نەخێر هەر بە شمشاڵەکەی خۆی و بەس، لەبەر ئەوەی، کە قالە مەڕە هونەرمەند بو هەموو چەمکێکی دەهێنایە ناو جیهانی خۆیەوە و بەزمانی خۆی بۆی باس دەکردین، قالە مەڕە ئاشق بوو،  زمانی ئەشق فێربووبوو، ئاشقی قژی زەرد و چاوی شینو خاڵی سەر گۆناو سمتی خڕ نا، چونکە لە ڕۆژهەلات خەڵکی کاتێک باسی ئەشق دەکەن، ئەم ئەشقە هەر لە جوانی کچێکدا دەبیننەوە لەبەر ئەوەی کە لێیان زەوتکراوە، نەخێر ئێمە باسی ئەشقی مرۆڤ دەکەین بە دوای وەڵامی پرسیارەکانادا بۆگەیشتن بە هەقیقەتێک ، نەک لێدانەوەی ئاوازی سواو، پەیکەری دووبارەکراوی سەردەمانێکی بەسەرچوو.
هەرکەسێ هاتو ووتی من ئاشقم باوەر مەکەن
تا لەسەر گۆنای، زەخمی ماران دی نەکەی
***
ئەگەر لە ڕابوردوودا ماوسولکە و حیلەی ئەسپ و قەڵغان دەبونە هیمای هێز و بەرگری ئەوا ئەمڕۆ هیماکان لەگەڵ ژیانی مۆدێرندا گۆڕاون، گەڕەکی بازرگانی لەپاریس کە بۆتە جێگای شەریکە بەناوبانگەکانی فەرەنسا و فەرەنسا شانازی پێوە دەکات ناوی گەڕەکی بەرگرییە، ، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ ئەو شەریکانە بەرگری لە بەرژەوەندی فەرەنسا دەکەن، نەک شازادەکان کە دەبونە سەرلەشکر لە شەڕی خاچەکاندا، بۆیە هونەریش بەهەمان شیوە؛ ناتوانین بە ماسولکە و بە بۆکس و بە خۆ ڕاوەشاندن و خۆ نمایشکردن باسی هزری خۆیمان بۆ بکات، ئەوانە  سەردەمیان بەسەرچون و تاقی کراونەتەوە.
بە بەهەرمەندی بەس نییە بۆ ئەوەی ببیتە هونەرمەند وەک کاک  شۆڕش دەڵیت ؛ ( تاراوگە هونەر دروست ناکات، هونەر شتێکی ڕۆحیە و لەگەڵتا لە دایک دەبێت). بەڵام لەبەر ئەوە نییە کە دەنگمان خۆشە کەواتە ئێمە گۆرانی بێژین، دەبێت کاری بۆ بکەین کە ئەم دەنگە بکەین بە زمانی مۆسیقا، هەروەها لەبەر ئەوە نیە کە دەست ڕەنگینی کەواتە تۆ دەتوانیت ببیتە هونەرمەندێکی پەیکەر ساز، دەبێت نەک کاری تەکنیکی بۆ بکەیت بەڵکو دەبێت بە جەهەنما تێپەڕیت.  ئەوەی لەگەل مرۆڤدا دیتە دنیاوە بەهرە و دەستڕەنگینە، ئیتر ئەوی تری دەکەویت سەر هەوڵو کۆششی هونەرمەند هەتا چەند ئەتوانێت لەم ریگایەدا خۆی بکاتە قوربانی. وەک پیکاسۆ دەڵیت ؛ هونەر وەک زمانی چینی وایە دىیت فێری بیت.
کاتێکیش لە میدیاکانەوە بەرنامە لەسەر کارەکانی کاک شۆڕش دەکەن، باسی قورسایی پەیکەرەکە دەکەن ؛ چەند تەنە، درێژی بەرزی و پانی، کە چۆن بەرگەی سەرمای زستانو گەرمای هاوین دەگرێت، وەک ئەوەی باسی بارە تەماتەو شوتی بکەن، هیج پرسیارێک لە هونەرمەند ناکەن کە ئەم کارەی بۆچی کردوە و بە چ مانایەک .
پەیکەری فوارە بۆ شاری هەولێر
  
پەیکەری مامۆستا گۆرانی شاعیر
 کاتێک پەیکەری مامۆستا گۆرانمان بۆدەکات، دەلیم دەست خۆش، نەک لەبەر ئەوەی کە سەروچاوی لە مامۆستا گۆران دەچیت، یان بەدڵی منە، نەخێر، لەبەر ئەوەی کە هەرچەندە کە پەیکەرێکی کلاسیکیە بەڵام پەیوەندیەکی راستەخۆ دەبینین لە نێوان هۆنراوەکانی مامۆستا گۆرانو ئەو پەیکەرەدا، لەگەڵ هەندێک کوموکوڕیدا بەڵام لێرەدا باسی ناکەین. پرسیار ئەوەیە کە چۆن هونەرمەندیك دوای ئەم کارە هونەریە کلاسیکیانە کتوپڕ بازی داوە  بۆ کارێکی هونەری لە ستایلی هونەری مینیمالیستی سالانی شەست، وەک لە پرۆژەی فوارەدا دەبینرێت بۆ شاری هەولێر ؟  چۆن ڕیی تێ دەچێت  ؟  بۆئەوەی کە خوێندەر تێ بگات، نمونەیەک دەهێنمەوە ؛ ئەگەر شێرکۆ بێکەس هۆنراوەیەکی بنوسیایە و ەک ئەمەی خوارەوە ؛
ماڵی مام حاجی پەنجەرە پەڕۆ
کچەکەتمان بەنێ هەتا نیوەڕۆ
هەر خێرا خەڵکی دەیان کرد بەهەراو دەیان وت؛ پێ دەچیت کە شێرکۆ بێکەس تێک چوبێت یان توشی نەخۆشی ئەلزایمەر بوبێت، نەک لەبەر ئەوەی کە ئەم دێرە فۆلکلۆریانە گرنگی خۆیان نەبێت، نەخێر، لەبەر ئەوەیە کە بەو جۆرەی شێرکۆ بێکەس هەستو سۆزی خۆی دەردەبڕی لە هۆنراوەکانیدا جیاوازە لە ستایلی هۆنراوەیەکی فۆلکلۆری، دو جیهانی جیاوازن ناتوانین ڕۆژێک وەک شێرکۆ بێکەس بدوێین و ڕۆژێک وەک سۆزی کابرایەکی  کوێرە دێهاتێکی کوردوستان، دو چەمکی تەواو جیاوازن ناتوانن لە هونەرمەندێکا جێیان ببێتەوە، دو ستایلیو دو سەردەمی چیاوازن، بۆیە ئەم دو جۆرە ستایلە نابنە کاری هونەرمەندێک ئەگەر کۆپیەکەی ناشرینی ئەو کارانە نەبن کەلەم لاو لەو لای مۆزەخانەکانی ئەوروپادا دەبینرێن. بۆ سەلماندنی ئەمەش ئەگەر سەیری پەیکەری خۆشەویستی بکەین  کە بۆ ڤیلاکانی پیاوانی عەرەبی سعودی کردویەتی، گوایە پەیکەری خۆشەویستیە، بەڵام زیاتر لە  پرۆژەی بازرگانێک دەچیت بۆ کچی شازادەیەکی عەرەبی سعودی هەتاوەکو پەیکەرێک کەباسی خۆشەویستیمان بۆ بکات، بێگومان من دژی کاری بازرگانی نیمو هونەرمەند ئازادە ئەگەر بیەوێت کاری بازرگانی بکات بۆ بژێوی ژیانی، بەڵام با بە هونەر بە ئێمەی نەفرۆشێتەوە تکایە. 
پەیکەری خۆشەویستی
کاتێکیش کاک شوان پەیکەری ئەسپێکمان بۆ دەکات، هەرخێرا دەبینین کە ئەسپێکی مردوە، ئەسپێکی بەسەر چوە، لەو ئەسپانە دەچیت کە لە سالانی هەفتادای قەرەجەکان لە ئێرانەوە بۆیان دەهێناین بۆ رازاندنەوەی مالەکانمان کرابون بەمەبستی دیکۆرو بازرگانی. پێویستی بەوە نەدەکرد کە کاک شوان بچێت خۆی هیلاک بکات، دەبوایە تەنها ئەو پەیکەرە کۆنانەی بکردایە بە برۆنزو هیچی تر،  خۆ من دژی دیکۆریش نیم،  بەڵام لێرەدا تەنانەت وەک دیکۆریش دیکۆرێکی بەسەر چوە، ئەگر سەیری ئەو ئەسپە بکەین کە مرۆڤی کۆکەرەوە و راوکەر کردویەتی 35 هەزار سال لەمەوبەر ئەوا تێڕوانینی مرڤی ئەو سەدەمەمان بۆ دەردەخات بۆ ئەسپ، بێ شک تێرروانینیان زۆر چیازابوە لە ئیمە،  ئێمەی سەردەمی مۆدێرن هەمان تێرونیمنمان نیە بۆ ئەو ئاژەڵە لەبەر ئەوەی لە ژیانێکی تردا دەژین جگە لەوەی کە لە ژیانی رۆژانەماندا بۆ هەمان مەبەست  ئەسپ بەکار ناهێنین،  پیویستیەکی ترمان بەو ئەسپە هەیە بۆیە تێروانینمان دەبێت لەسەردەمی مۆدێرندا بێ شک چیاواز بێت، هەر بەو پێیەش ئەم جیاوازیە دەبێت لەو شکڵەدا بەدی بکرێت. 
نەخشی ئەسپێک 35 هەزار سال لەمەوبەر لە ئەشکەوت لاسکۆ لە فەرەنسا
نمونەی کارێکی هونەری سەردەمی مۆدێرن بۆ ئەسپ
پەیکەری ئەسپەکەی کاک شۆڕش ئەمین

کارەکانی کاک شوان وەک زۆر لە هونەرمەندانی کوردوستان، پەرژو بڵاون گوزارشت لە  کاری هونەرمەندێک ناکەن، بەڵکو وەک کرێکارێکی دەست ڕەنگین کۆپیەکی ناشرینی شکلەکانی رابوردو دەکات، سەرنجیشم داوە کە زۆر لەو کارە هونەریانەی دەیان بینم لە کوردوستان، هونەرمەندانی کوردوستان هیچیان لەهەگبەدا نیە، هونەرەکەیان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، کارەکانیان گوزارشت لە هونەری سەردەم ناکات، جگە لە کۆپیەکی ناشرینی شکڵە رابوردوەکان، یان هەر هێزی ماسولکەو خۆنمایش کردن دەبینرێت لە شکڵە هونەریەکانیاندا.  بۆیە ئەم وتارەش دەنوسم هەتاوەکو ڕێگری لەم پرۆژەیە بکرێت کە هونەرمەند وای نیازە لەسەر شاخی گۆیژە دایبنێت. نەمان توانی ڕێگری لە پرۆژەی خواوەندی نیکێ بکەین، بۆیە دەمەوێت هەر لەئێستەوە دژی ئەم پرۆژەیە بوەستینەوە نەوەکا بە پرۆژەیەکی ئاوا بێ مانا دیمەنی ئەو شارە ناشرین بکەین .

سەردار حەمەڕەش،
دیپلۆمی هونەرە جوانەکان لە فەرەنسا




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 3.5/5)