شێلادزێ چەند لە١٧ی شوباتەوە نزیکە

Thursday, 31/01/2019, 18:14

12099 بینراوە


ئێمە نابێت تەنیا شەڕ بکەین، پێویستە شەڕەکە ببەینەوە، وەک چۆن پێویستە بمرین، ئاواش هەندێک جار شەڕیش پێوستە ببینە ناو ماڵی دوژمنەوە، بەڵام لەکاتی گونجاوی خۆیدا.
 ڕاپەڕینی خەڵکی شێلادزێ وهێرشیان بۆ سەر سەربازگە و مۆڵکەکانی تورکە فاشییەکان زۆر مانادارە و یەکێکە لەهەڵوێستە جوامێرەکانی خەڵکی باشور و بۆ هەموومان جێگەی شانازییە.بەڵام کاتێک شەڕێک کە پلانێک و ئەنجامەکەی دیار نەبێت، دەبێت چۆن لەگەڵییدا بەرخورد بکەین؟ ئێمە دەبێت هەڵچون لەگەڵ هێرش کردندا جوداکەینەوە، گەرچی گەنجانی شێلادزێ سەلماندیان کە لەگەڵ ئەو داگیرکاریەی تورکا نین و دەیانەوێت ئەو هۆردوە لە نیشتمانیان دەربکەن و دوریان بخەنەوە، ئەو دومەڵە پیسانەی ناو لەشی گەلەکەمان بتەقێنن، بەڵام حیزب و لایەنەکانی دیکە و زۆربەی خەڵکەکە تەنها سەیر دەکەن، لێرەو لەوێ دەنگێک یان نوزەیەک دێت، بەڵام تەنها نوزەیەکە و هیچی تر، وەک چۆن لە سلێمانی لە١٧ی شوباتدا ڕاپەڕینێک دژی ستەم و بەدڕەوشتی دەسەڵات ڕووی دا، خەڵکی لە بەشەکانی تردا ژیانیان دەکرد و بێدەنگیان گەیشتە ئاستێک کە ١٧ی شوبات بوو بەڕووداوێکی بچوک و پشت گوێ خراو تەنیا دیمەنە تراژیدیاکەی ما و قوربانییەکان بوونە بێکەس.
ئەمە یەکەمین جار نییە کە ڕووداوێک لە جێگەیەک ڕوو دەدات شوێنەکانی تر بێدەنگی هەڵدەبژێرن، تەنها ڕووداوەکە بۆ خەڵکی ناوچەکە جێدەهێڵن.لەدوای ساڵی ١٩٩٦ وە سوپای تورک بە یارمەتی پارتیی و بنەماڵەی بارزانی لە باشوردا هەواریان هەڵداوە، سەرەتا وەک سوپایەک بۆ شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتی تورکیایان هێنا، دوایی پارەیان بە لێشاو وەرگرت تاڵەبانی و بارزانی و تا شەڕی پارتی کرێکاریان دەستپێکرد.
 هیچ جێگەیەک بەقەدەر ئەو هەرێمە ئەتک کراوەی ئێمە کەناڵی ڕاگەیاندنی تێدا نییە، بەڵام هیچ جێگەیەک لەسەر ئەم ئەستێرەیە بەقەدەر ئەو هەرێمەی ئێمە هەرچی بابەت و بەرنامەی پوچ و بێناوەڕۆک و فاسید بڵاو ناکاتەوە.چونکە هەموویان سەر بەدەسەڵاتن هەر ناوێک و بەرگێکیان هەبێت و ناویان لەخۆیان نابێت، دەکرێ لێرە و لەوێ کەسێک شتێک بڵێت، بەڵام چونکە کارێکی ڕێخراوەیی نییە، هیچ جێگەیەک ناگرێت، ئێمە٢٧ساڵە بەمێتودێکی سەقەت و دووبارە سەنگەرمان لە دەسەڵاتێکی خۆفرۆش و نیشتمان رۆش و فاسید گرتوە، کە بەقەدەر دان لەقبوونێک نایان جوڵێنێت.ئێمە قەت هێزێکمان نەبووە بگەینە ئامانجەکەمان، دەسەڵات و داگیرکەرانیش ئەوەیان چاک زانیوە، کاتێکیش ڕێدەکەوێت کەسێکی کورد بەرپرسێکی ئەوروپی ئەمەریکی ببینێت، یان زەمی بەرامبەرەکەی کردووە، یان کڕوزاوەتەوە بۆ پارە و دەسەڵات.سەیربکەن لەماوەی ئەم ٢٧ساڵەدا هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی دوای دەیدەنەوە بەچاوماندا بەرپرسەکان یان سیاسیە پوچەکان چیان بە ئەوروپی و ئەمەریکییەکان ووتوە، یان سیخوڕیان بەسەر یەکەوە کردوە، یان داوای سواڵیان کردوە بۆ خۆیان.جگە لەوەش نەگبەتیەکی تریش کە کورد لە باشوردا توشی بووە هەڵوێستی پارتی کرێکارانە بەرامبەر بەدەسەلات.ئەگەر سەیربکەن لە ڕۆژەکانی ١٧ی شوبات، ڕاپەڕینەکەی پیرەمەگروون، ڕانیە، قەڵادزێ، هەموو ئەو ڕوودانەی کە مامۆستایانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و کۆیە هاتنەسەر شەقام، پارتی کرێکاران هیچیان نەوت گوێی خۆیان کەڕکرد، ئێستا هاتوونەتە دەنگ، بەڵام هەر بەشەرمنانە، ئەی فەرموو هێز بنێرن با هەر ١٩ سەربازگەکەی تورک بگیرێن و تەفرو تونای بکەن، ئێوە وەرن ببنە حاکمان و سیستەمێکمان بۆ دابنێن کە کەرامەت بۆ تاک بەتاکمان بگەڕێتەوە.
 بەهیوام شێلادزە نەبێتە ئەوەی تەنها سەیر بکەین، چ شەرمەزارییەکە تورک و دەسەڵاتی کوردیی وامان لێبکەن ئێمەش ماستی تورکی زەهربکەین چای تورکی بکەین بەسەردا و نێرگەلەی تورکی بکێشین و سەیری درامای تورکی بکەین.
چ میللەتێک لەسەر ئەم ئەستێرەیەدا وەکو کورد هێندە عاشقی دوژمنەکەیەتی؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە