هێلکۆپتەرێکی تورکی ئەمڕۆ هاتە دهۆک و زیندانییەکی لە پاراستنەوە بەرەو تورکیا برد

Thursday, 31/01/2019, 22:31

24494 بینراوە


ئەمڕۆ 31 / 01 / 2019 کاتژمێر ٤ی پاش نیوەڕۆ لە فەرماندەی دهۆک کە دەکەوێتە نزیک ئاسایشی دهۆک، فرۆکەیەکی میتی تورک دابەزیی، هەر لەو کاتەدا هامەرێکی رەش لە ئاسایشی دهۆکەوە بە رێکەوت بەرەو فەرماندە، لەوێ دوو سەربازی میتی تورک، بە جلی مەدەنییەوە لە فڕۆکە بەرەو پیری هامەرنشینەکە رۆیشتن، لەناو هامەرەکەی پاراستندا چوار کەس دابەزین لەگەڵ خۆیاندا، کە دیاربوو زیندانییەک بوو، دەستی لە پشتەوە بەسترابوو، تەسلیمی ئەو دوو میتەی تورکیان کرد، کەسە گیراوەکە سەریشی بە تورەکەیەکی سەوز داپۆشرابوو، تا نەناسرێتەوە، هەروەها جلوبەرگێکی سپی لە شێوەی زیندانیەک لەبەر کرابوو، دوو کەسی ناو هامەرکەی پاراستن دیاربوو ئەوانیش میت بوون کە لەناو سەیارەکە دابەزین و ئەوانیش هاتنە لای دوو تورکەکە و لەگەڵ خۆیاندا زیندانییەکەیان برد و سواری فڕۆکەکەیان کرد، پاش کەمێک فڕۆکەکە هەڵسا و کەوتە رێ بە ئاڕاستەی زاخۆ.
دوای ئەمە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو پێی راگەیاندم کەوا پێدەچێت ئەو کەسەی پاراستنی پارتی گرتوویەتی رەنگە تاکور زەردەشتی بووبێت، کە پێش چەند رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ کۆمەڵێک چالەکەواندا چوونە دهۆک و یەکسەر لە خاڵی پشکنینی دهۆک لەلایەن ئاسایشەوە گیران.
شایانی باسە ساڵی پاریش پاراستنی پارتیی هەفتەیەک تاکور زەردەشتییان بۆ ماوەی هەفتەیەک گرت، هەروەها پێش دوو هەفتەش دیسان لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی نیشتیمانییەوە گیرا و دواجار بەرەڵایان کرد.
لێرەدا دەمەوێت ئەو زانیارییەش بۆ خوێنەرانی کوردستانپۆست بنووسم، کە دوای رووداوەکەی شێرادزێ و گرتنی زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی ئەو دەڤەرە، لەناو ئەوانەدا شیروان شیروانی و رێکان رەشیدیش دەستگیرکراون، هەروەک کوردستانپۆست ژمارەی گیراوەکانی بڵاوکردەوە، بە دوایدا سایتێکی حکومەتی عێراقیش بەناوی (بغداد الیوم) پشتراستی کردەوە.
بەڵی ... دوای ئەوە حکومەتی تورکیا دەزگای میتی سەرپشک کرد، تا لێژنەیەک پێک بهێنرێت و بە هاریکاری پاراستنی پارتی لە دهۆک لێکۆڵینەوە لەگەڵ گیراوەکاندا بکەن، سەرچاوەکە پێێ راگەیاندم، کە ئەو دوو تورکەی لەناو سەیرە هامەرەکەی پاراستندا بوون پێدەچێت ئەندامی ئەو لیژنەیە بووبێتن، کە دوایی بە فڕۆکەکە گەڕاونەتەوە بۆ ئەنقەرە.
لە کۆتاییدا داوا دەکەم کە بەدواداچوون لە سەر چارەنووسی  تاکور زەردەشتی بکرێت، ئەگەر لە هیچ شوێنەکەوە سۆراخی نەبوو، ئەوا بۆچوونەکەمان راستە، کە ئەو کەسە تەسلیم بە تورکیا کراوە

هەواڵەکەی کوردستانپۆست:

هەواڵە عەرەبییەکە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە