ئایا کۆسرەت رەسوڵ کۆنترۆڵی ماوە؟

Saturday, 02/02/2019, 12:56

3233 بینراوە


ئەو بەسەرهاتەی کە بەسەر من هات، مانایەکی زۆر راستەوخۆی هەبوو، کە پێگەی کۆسرەت لە ناو کوردستاندا بە گشتیی و لەناو یەکێتیی بە تایبەت زۆر لەقا و ئەگەری نەمانی زۆر نزیکە، چونکە شوێنی کۆسرەت رەسوڵ زۆر کەمترە لە پێگەی سەدام حسێن پێش کەوتنی.
با خاڵەکان دانە بەدانە دەست پێ بکەین. لە کارەساتەکەی بەسەر من هات، تا پێگەی گشتی ئەم کەسە:
جارێ هەر لە بیرۆکەی لێدانی من و ئایا ویستی بمکوژێت، یان نا؟ لە راستییدا  بۆچوونێکی زۆر ناسیاسییانەی گەوجانە بوو، ئەو ئەبوایە لە بەر بوونی ئەو هەموو رقە زۆرەی، کە بەرامبەر ئەو هەیە بە گشتی نەئەبوو بەو کارە هەڵستێت و پتەوکردنی موعارەزەی خۆی دەربەدەرکردنی سیاسەتێکی تری گەوجانەی ئەو پیاوە بوو.
من ئەو ئێوارەیە دوای  پێنج دەقیقە بۆ دە دەقیقە تەلەفونم کرد بۆ نزیکترین کەسی و پێمڕاگەیاند، کە ئەو پیاوانە وادەکەن بەرامبەرم و ئەو وتی ئیستا تەلەفونم بۆ خودی خۆی کردەوە دوای چەند خولەکێک وتی:: (ئەڵی ئەوانە حەرەسەکانی شاڵاوی کوڕمن)،  ئیتر هیچ وەڵام نەبوو. من نزیکەی بۆ یەک سەعات لەسەر ئەو جادەیە مامەوە و دوای ئەو کاتە توانیم بگەمە خەستەخانە، ئەو شەوە کە ئەو کەسە نزیکەی کۆسرەتم لابوو و خۆی و خێزانی زۆر بە ئاسانی ئەیتوانی تەلەفونم بۆ بکات و بارە ناهەموارەکە هێور بکاتەوە بە سیاسەت، بەڵام هیچ رووی نەدا و هیچ نەبوو، منیش پەیوەندییم  زوو بە (NRT) کرد، هەواڵەکەم بۆ سەلامەتی ژیانی خۆم  لە خەستەخانەوە بڵاوکردەوە. 
مانای سیاسیی ئەم کارەساتە وا دەگەیەنێت:
یەکەم،  ئەگەر ئەو کەسە پێی راگەیاندبێت، بە راستی کۆسرەت کاری لەسەر کردبێت، مانای وایە خۆی هیچ دەسەڵاتێکی نییە و کوڕەکانی کە وەکو عودەی کوڕی سەدام شیتانە کار دەکەن و ئەوانە بڕیاردەرن و تەنیا باوەڕیانە بە تۆقاندن و کاری مافیاگەری، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو کەسە کۆسرەتی ئاگادار نەکردبێتەوە، لە بری ئەو بە کوڕەکانی کۆسرەتی وتبێت، کەواتە ئەمەش کارەساتێکی ترە و کە کەسە نزیکەکانی خۆی چاڵی بۆ هەڵدەکەنن.
بەڵی خوێنەری ئازیز، ئەم کارەساتە وا دەگەیەنێت، کە کۆسرەت هیچ دووربینییەکی نییە بۆ کارەکانی و دوای چوار رۆژ دەڵێت: من ئامادەم سوڵح بکەم و تەعویزی ماددی بدەمەوە و مەوزوعەکە چاک بکەم، دوای ئەوەی کار لە کار ترازا و  لە دەست دەرچوو!
ئایا کۆسرەت رەسوڵ چ قازانجێکی سیاسیی لەم کارەدا کرد، تەنیا گەوجێتی و زیاتر ناو زڕاندنی خۆی و خێزانەکەی نەبێت لەبەر دەم خەڵکیدا و هەوڵێکی دۆنکیشۆتانە بوو!
ئایا کۆسرەت رەسوڵ وەکو سکرتێری حیزبێک پێویستی بەم کارە هەبوو، پێویست بوو ئەو لەو پێگە سیاسییە بەرزەدا شەڕی خۆتڕاندن بکات؟
ئینجا با بێینە سەر پێگەی راستیی ئەم پیاوە لە ناو کۆمەڵگادا!
لەناو سلێمانی، ئەم کەسە وا بۆ نزیکەی  30 ساڵ  دەچێت هەرچی هێڵی سوورە لە شاری سلێمانی بەزاندوویەتی و هیچ حسابێکی بۆ قیەم و ئەخلاق نەکردووە، بە راست و چەپدا خۆی و پیاوەکانی بەربوونەتە رزق و رەوشتی ئەو خەڵکە، بۆتە مایەی نوکتە و گاڵتەجاڕی. ئەگەر وەکو دەرمان بۆ کەسێک بگەڕێیت، کەسێک نابینیتەوە خۆشی بوێت و دانێکی خێری پێدا بنێت! نییە! هەر ئەمەش بوو کە من دوای سێ 3 رۆژ لە مەڵبەند حاکم قادر و شێخ جەعفەرم بینی و قسەمان کرد، هیچ نکوڵییان نەبوو لەوەی کە کۆسرەت و پیاوەکانی گاڵتەجاڕی بە خەڵکی سلێمانی ئەکەن و ئەیانزانی، کە پیاوەکانی کۆسرەت ئەو شەوە جنێوی زۆریان بە خەڵکی سلێمانی داوە.
جا ئایا ئەم دوو کەسە (حاکم قادر و شێخ جەعفەر)، کە لە دواییدا لە پەیمانی ئەو شەوەیان پەشیمان بوونەوە، کە  هەر دوای دانیشتنەکە یەکسەر چوونە لای کۆسرەت، ئایا ئەوان جدیی بوون لەوەی کە هەموو لایەکمان هێور بکەنەوە و کارەکە چارەسەر دەکرێت؟
من ئەو شەوە و رۆژی دواییش دەستم کرد بە هەموو هەڵمەتێکی راگەیاند و میدیایی، کارەکەم لە ملی یەکێتی لابرد، وەکو لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەی خۆمدا نووسیم  و خۆم بێ بەریی کرد لە هەموو لایەنێک و هەقێکی سیاسیی، کە خۆی لە راستییدا هەر دام، بەڵام ئەمانە لەسەر ئەو پەیمانەی کە دابوویان لایان دا، کە دەبوو بەیانییەکەی کاتژمێر 11 یەکتر ببینین، بە پێچەوانەوە وەڵامیان بۆ ناردم کە (رابکە ئەتکوژن)، لە کاتژمێری چواردا قوڕەکەیان بۆ کۆسرەت خەستر کردەوە. 
ئەمە ئەوە دەگەینێت، کە کۆسرەت رەسوڵ کەوتە هەڵەی سێیەمەوە، واتە لە خودی کارەساتەکە و دەستدرێژی کردنی کە هەڵەی یەکەم بوو بۆ دەستپێشکەری لە رۆژانی یەکەم کە هەڵەی دووەمی بوو، هات و هەڵەی سێیەمی کرد.
کۆسرەت ئەوەبوو کە متمانەی کردە سەر کەسانێک، کە قوڕەکەیان بۆ  خەست کردەوە و درامای ئەو فلیمەیان بۆ دراماتر کرد.
پێگەی کۆسرەت لای ماڵی مام جەلال زۆر لاوازە و  هەر  لەهەوڵی کودەتان لە ساڵی 2004ەوە  کە زەنگی سوور بۆ زۆر گرژیی تر، هەتا کارەساتی کەرکوک ساڵی رابردوو، کە بە رطکەوت توانی رابکات لە دەستیان و پەلکێش نەکرێت.
هەر ئەمەش بوو ماڵی مام جەلال لەوەی کە بەسەر من هات لێی بێدەنگ بوون، زۆر بە خۆشییەوە سەیری ئەم دراما تازەیەی کۆسرەت رەسوڵیان دەکرد و نەبوونە ناوبژیکەر، هەرچەندە رێزێکی زۆریان لێگرتووم وەکو دکتۆرێکی سەرکەوتوو بووم لە لایان، ئەمەش وەڵامە بۆ ئەوانەی کە دەپرسن ئەی هەڵوێستی ماڵی مام چی بوو؟!
کەواتە پێگەی کۆسرەت رەسوڵ زۆر لاوازە، چ بە گشتی لە ناو سلێمانی بە زۆری و لەلای بەرەی مام جەلالیش لە ناو یەکێتی..
جا با بێینەوە سەر پێگەی کۆسرەت لە هەولێر، کە هەموو دەزانین، کە دەسەلاتی پارتی لە هەولێر زۆر روون و ئاشکرایە دژیانە، بەرامبەر بەرامبەر بەمان لە هەولێر تۆزێک پۆست و پلەیەکی فەخریان پێ دەدات، پارەیان دەداتێ، دوایی وەکو مۆم دەتکوژێنێتەوە، بە کورتیی سواری کەرت دەکات و خۆڵەمێس دەکات بە سەرتا. ئەمەش زیرەکی ئەوانە و گەوجێتی بەرامبەرکەیان. هەروەکو  لەگەڵ کەسنێکی زۆری تری پارتەکان کردی بەتایبەت یەکێتی.
بەڵی هەر پارتی زەوتت و خەستەخانە و موڵکی دا بە کۆسرەت، تا قێزەوەندتری بکات، بۆیە کۆسرەت لە هەولێر تەنیا یەک کورسی هێنا، هەرچەندە دەیانگوت تەزویرە، بەڵام من دەڵێم سیاسەی گەوجانەی کۆسرەت رەسوڵ بوو.
مەنوو دەزانین کە مرۆڤ کاتێک لە پێناوی مادەیا سازش و تەنازل دەکات، حورمەتی خۆی لەبەر دەم دوژمنەکەیدا ئەدۆڕێنێت.، هەر بۆیە کۆسرەت بۆ ماوەیەک لە کاتی ریفراندۆمەکەدا و لە هەولێر خۆی حەشاردا  و  دوایی بە ڕێکەوتن (صلح) هاتەوە سلێمانی.
کۆسرەت ویستی پێگەی نێودەوڵەتی دروست بکات و پارەیەکی زۆری  بەصسییەوە و لە لا کۆڵانێکی ئیتاڵیا نازناوی سەفیری ئاشتی پێدرا و جارێکی تر درامایەکی گاڵتەجاڕی تری بۆ خۆی دروست کرد. خەڵکی دەڵێن: کۆسرەت لە کوێ و ئاشتی لە کوێ!؟
خوێنەری ئازیز..!
بە کورتی پێگەی کۆسرەت رەسوڵ لە سلێمانی زۆر لاوازە، وەکو باسمان کرد، سەرباری ئەو هەموو نەخۆشییەی کە هەیەتی و منداڵەکانی هیچ لەبار نیین بۆ جێگرتنەوەی، کە شوێنی گاڵتەجاڕی بەرپرسەکانن، نازناوی زۆریان لە کوڕەکانی ناوە. کۆسرەت خۆی لە گۆڕەپانەکە وەستاوە لەگەڵ چوار هەزار لە بۆدی گاردەکەی. بۆدی گاردیش بریتییە لە کۆمەڵێک نەخوێنەوار و کەسانی هەڵەشە و پەڵەشە، هەروەکو من  ئەو شەوە دیمن، لەو جۆرە کەسانە بە ئاسانی دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن و مامەڵەیان پیوە دەکرێت، هەروەکو پاسەوانەکانی سەدام دەبن. لەوانە باشتر نابن، کە چۆن لە کاتی گرتنی بەغدادا بە دەرپێی سپییەوە لە کۆشکی کۆماری رایان دەکرد.
من وەکو دکتۆرێک زۆر بەزەییم بە کۆسرەتدا دێتەوە، ئەو کەسە هەقە بخرێتە خەستەخانەیەکی بەشی پیرانە و نەخۆشی ئەلزهایمەر چارەسەر بکرێت، تا لەو هەموو دراما و شەڕەشەق و هەڵەشەیی و مافیاگەرییە رزگاری ببێت،  تا کۆتایی ژیانی چەند ساتێکی ئاسودە و بێدەنگی بۆ دروست بکرێت و دروور بخرێتەوە.
بە رای من کۆتایی کۆسرەت رەسوڵ لە کۆتایی شاوشیسکۆی رۆمانیا باشتر نابێت و لە کارەساتی کەرکوکدا یەک بستی مابوو وای لێبێت.
جارێکی تر دیسان وەکو دکتۆرێکی مرۆڤدۆست و نوێنەری ئاشتی داوا دەکەم کە کۆسرەت خۆی، هەروەها  بنەماڵەکەی کۆسرەت دوور بخەنەوە لەم گاڵتەجاڕییە چونکە ئەم پیاوە زۆر نەخۆشە، واز لەم عەقڵییەتە بهێنن کە عەقڵییەتی دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە هەتا بۆدییەکەی بمێنێ لەسەر کورسی لاناچێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە