فەیلەسوف فرانسیس بەیکۆن و چوار بتەکەی هۆش

Saturday, 02/02/2019, 22:04

8270 بینراوە


Francis Bacon and the four idols of the mind
تێگەیشتن لە شتەکان ،دیاردەکان، رووداوەکان و سروشت بەگشتی هەمیشە پرسێکی مەعریفی بووە .ئەگەرچی بەکارهێنانی رێبازو راددەی زانستیانەی ئامرازەکان لە چاخێکەوە بۆ چاخێکی دیکە جیاوازن بەڵام مرۆڤ تا ئێستا بە مێتۆدێکی هاوکۆک نەگەیشتووە کە بەدەسهێنانی زانیاری تەواو مسۆگەر بکات بۆ گەیشتن بە راستیگەلێکی رەها سەبارەت بە جەوهەری Essence سروشت وەک یەکەیەکی ئۆنتۆلۆجیانە. Ontological unit.
فەیلەسوفان هەر لە دێرزەمانەوە تەنانەت ئەگەر نەیانتوانیبێت وەڵامی هەموو پرسیارە مەعریفیەکان بەدەست بهێنن بەڵام بێگومان یارمەتیان داوین کە باشترو روونتر وێنای بابەتەکان بکەین و لە پانتاییەکی فراوانترەوە دەست بەکار بین . سنوورداریەتی زانیاریی knowledgeئێمە ئاکامی سنوورداریەتی توانای هۆشمەندی ئێمە و ئاڵۆزی جەوهەری سروشتە کە خۆی لە قووتبوونەوەی پرسیارگەلێکی بێشوماردەبینێتەوە لە هەموو بوارەکاندا . هەبوونی کۆمەڵێک رایەڵەی جۆراوجۆر لەنێوان ئەم بوارانەدا جیهانبینی ئێمەیان خستۆتە ژێر پرسیاری سەختەوە. سەرقاڵبوون بە گریمانەکان یان گەیشتن بە هەندێک وەڵام زۆرجار فەیلەسوفەکانی رووبەرووی پرسیاری نوێ کردۆتەوە.
فەیلەسوفە ئەزمونگەراکان Empiricists و ژیرگەراکان Rationalistics تێڕوانینی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە مێتۆدو ئامرازەکان کە پێویستە بەکاربهێنرێن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری.
فرانسیس بەیکۆن 1561-1626)) فەیلەسوفی ئینگلیز لەبواری بەدەستهێنانی زانیاریدا شوێنپێی دیارە و هەروەک کەسێکی رچەشکێن دەورانی سکولاستیسیزمی تێپەڕاندووە بۆ دەورانی رێنیسانس. بیرمەندانی مەسیحی لە دەورانی سکولاستیسیزمدا Scholastiscism هەوڵیان دەدا کە رەهەندێکی عەقڵانی بە هەموو باوەڕە ئاینیەکانیان ببەخشن .
فرانسیس بەیکۆن میراتی ئەرستۆیی بەلاوەنا بۆ گەیشتن بە زانستێکی دەرەنجامگیر An inductive knowledge
لە کارێکیدا بەناوی ئامرازی نوێی زانست Novum Organum Scientiarum کە بەشێک بوو لە کارێکی گەورەتری بەناوی سازدانەوەی گەورە Instauratio Magna فرانسیس بەیکۆن باس لەو تەگەرانە دەکات کە کۆسپ دەخەنە پێش هۆشیاریمان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری تەواو بۆ تێگەیشتنێکی دروست لە سروشت ، بۆ ئەم مەبەستەش تەگەرەکان دەکات بەچوار بەشەوە کە ناویان لێدەنێت : بتەکانی هۆز، بتەکانی ئەشکەوت ، بتەکانی بازاڕ و بتەکانی شانۆ .
لێرەدا ووشەی بتەکان Idols وەک میتافۆر بەکارهاتووە وەک ئاماژەیەک بە وێنەگەلێک کە لە هۆشماندا هەڵگیراون و هەروەک چۆن بتەکان پایەی پیرۆزیان پێبەخشراوە بێ ئەوەی لەکاکڵدا هەڵگری خەسڵەتی پیرۆزی بن بەهەمان شێوە ئەو وێنەگەلە (بتگەلە ) کە لە هۆشماندا هەڵگیراون و لەراستیدا کۆمەڵێک سەپێنەرن نەک مێتۆدو ئامراز کە ئاگایانە یان نائاگایانە بەکاریان دەهێنین بۆ دەستهێنانی زانیاری سەبارەت بە سروشت ، واتە ئەم بتانە کۆمەڵێک فریودەری شاراوەن کە لە تێگەیشتنی دروست دوورمان دەخەنەوەو چەواشەمان دەکەن . هەریەک لەم بتانە لە سەرچاوەیەکی جیاوازەوە هەڵدەقوڵێن و کۆسپی جیاوازیش دەخەنە بەردەم پرۆسەی تێگەیشتنێکی دروست سەبارەت بە سروشت و پێکهێنەرەکانیەوە .

1- بتەکانی هۆز The idols of the tribe
بریتین لە کۆمەڵێک باوەڕی فریودەرانە کە بەشێوەیەکی زگماک لە هۆشی مرۆڤدا جێگیرن و ئەم بتانە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە بۆیە فرانسیس بەیکۆن ووشەی هۆز Tribe بەکاردەهێنێت وەک ئاماژەیەک بۆ هاوبەشبوونی مرۆڤەکان لەم خەسڵەتە بەشێوەیەکی سروشتیانە.
. فرانسیس بەیکۆن پێیوایە کە ئەم بتانە تێگەیشتنی هەڵە بەرهەم دەهێنن چونکە بونیادی تێگەیشتن لە مرۆڤدا هەروەک ئاوێنەیەکی قۆپاو وایە کە بە شێواوی تیشکدەدەنەوە . ئەم بتانە بەتەواوی بنەبڕ ناکرێن چونکە ئەمانە لە ناخی مرۆڤدان بەڵام دەکرێت دەرکیان پێبکەین و هەمواریان بکەین.
* هەستی مرۆڤەکان جێگەی متمانە نین چونکە دەکرێت فریومان بدەن و ئەو شتانەش دەبینن کە ئارەزووی بینینیان دەکەن .
* تێگەیشتن و وێناکردنی مرۆڤ بۆ چەمکی پایاندار Finite و بێپایان Infinity کارێکی دژوارە.
* خەڵک بەدوای بەڵگەوەن بۆدۆزینەوەی پاڵپشت بۆ دەرەنجامگیرییەکانی Conclusions خۆیان .
* خەڵک حەز لە گشتاندن Generalize یان داماڵین Abstract دەکەن .
* خەڵک ئاسانکاری و ئامادەییان هەیە کە باوەڕ بە هەندێک شت بکەن کە کاریگەری لەسەریان هەیە .
* خەڵک حەز دەکەن کە هەموو شتێک لەناوقالبە ئامادەکانی خۆیاندا بگونجێنن وجووتی بکەن لەگەڵ ئەندازەگیریەکانی خۆیان .
* خەڵک بە گشتی رووکەش دەبینن وحەز ناکەن بە قووڵی بیر بکەنەوە.
* خەڵک ئارەزوویان لە دەرەنجامگیری خێرا هەیە بێ لەبەرچاو گرتنی بەڵگەی پێویست و تەواو بۆ پاڵپشتی بانگەشەکانیان.

2- بتەکانی ئەشکەوت The idols of the cave
سەرچاوەی ئەم بتانە زگماک نییە بەڵکو کولتورە و لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی دیکە جیاوازە .ئەم بتانە رەنگدانەوەی رەوتی ژیانی تایبەتی کەسەکان ، باوەڕەکانیان Beliefs و پێشداوەریەکانیانن Prejudices . هۆکارەکانی جیاوازی ئەم بتانە بریتین لە جیاوازبوونی تاکەکان لە بواری پێشینەی خێزانی ، ئەزموونەکانی منداڵی ، خوێندن ، پەروەردە ، رەگەز، ئاین ، چینایەتی و هتد . ئەم بتانە ئەم تەگەرانەی خوارەوە دروست دەگەن :
* هەندیک کەس نوێخوازن و هەندێک کەس کۆنەخوازن .
* هەندێک کەس گشت پێشدەخەن لەسەر حیسابی بەش ، هەندێک کەس بەش پێشدەخەن لە سەر حیسابی گشت.
* هەندێک کەس بەلای جیاوازیەکاندا دەچن ، هەندێک کەس بەلای لێکچووەکاندا دەچن .
* تاکەکان حەز بەو بیرۆکانە دەکەن کە پاڵپشتی دەرەنجامگیرییەکانی پێشووتریان دەکەن .
* باڵادەستی وپسپۆڕی تاکەکان لە بوارێکدا یان خەسڵەتگەلێکی تایبەت بەخۆیان زۆر جار هەژموون و کاریگەری گەورەی هەیە لە داڕشتنی جیهانبینی ئەواندا.

3- بتەکانی بازاڕ The idols of the marketplace
سەرچاوەی ئەم بتانە ووشە و دەربڕینەکانن کە تەگەرە دەخەنە پێش پرۆسەی تێگەیشتن . لەهەر زمانێکدا هەڵبژاردنی
ووشەکان گرنگی خۆیان هەیە بۆ داڕشتنی دەربڕێنێکی دروست سەبارەت بە بابەتەکان .ئەم بتانە ئەو هەڵانەن کە دەردەکەون بەهۆی ئاماژەگەلێکی هەڵە کە دەکرێت ووشەکان بیهێننە ئاراوە .

* زۆرجار ووشەکان خیانەت لە مەبەستەکان دەکەن یان خودی بیرو بۆچوونەکان لێل دەکەن نەک روونیان بکەنەوە.
* ووشەکان جێگرەوەی هزرەکانن بۆیە لەکاتی گفتوگۆ پێمان وایە ووشەکان توانیویانە مەبەستەکانمان دەربڕن لەئەنجامدا بەهەڵە وادەزانین کە ئارگیومێنتەکانمان بردۆتەوە.
* زۆربەی ووشەکان فرەمانان .
* زۆرجار ووشەکان تێگەیشتنەکانمان ئاراستە دەکەن نەک عەقڵ چونکە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان ووشەکان زاڵترن و بەهێواشی دەخزێنە ناو هٶشیاریمان بەهۆی گرێدانیان لەگەڵ ناوەکاندا .
* خەڵک وێنای هەندێک شت دەکەن و ناوی بۆ دەدۆزنەوە کە لەراستیدا بوونیان نییە.
* هەندێک دەربڕینی هەڵە بۆ وەسفاندنی واقیعێک بەهۆی کاریگەری دیاردەکان لەسەر هەستەکانمان ، بۆ نموونە کە دەڵێین : خۆر لە ئاسۆوە هەڵکشا لەراستیدا خۆر هەڵنەکشاوە بەڵکولەشوێنی خۆیەتی و ئەوا زەوییە کە بەدوریدا دەسووڕێتەوە.

4- بتەکانی شانۆ The idols of the theater
سەرچاوەی ئەم بتانەبریتین لە زانستی فەلسەفە و لاهوت یان دابونەریت.سەرچاوەکانی ئەم بتانە زۆرجار وەک زانستێکی دۆگماییانە Dogmatic بوونەتە هۆکاری فێربوونێکی هەڵەی گشتگیر و درێژخایەن کە وەک حەقیقەتی رەها وەرگیراون لەلایەن خەڵکانێکی زۆرەوە بۆیە دژوارە تانە لە دروستیان بدرێت یان بخرێنە ژێر پرسیارەوە چونکە تەنانەت لەلایەن خەڵکێکی خوێندەواریشەوە بەرگرییان لێدەکرێت .
سەرچاوی بتەکانی شانۆ لە کولتورەوەن نەک لە ناخی مرۆڤەکان . مەبەست لە ووشەی شانۆ لێرەدا شانۆو شانۆگەری ئاسایی نییە بەڵکو وەک میتافۆر بەکار هاتووە.ئەم بتانە لاساییەکی کردنەوەیەکی دەستکردی واقیعە هەروەک چۆن شانۆودراماکان لاساییکردنەوەیەکی هونەریانەی واقیع دەکەنەوە.

فرانسیس بەیکۆن سێ جۆری فەلسەفە دەستنیشان دەکات کە جیهانبینییەکی شێواو بەدیدەهێنن کە ئەمانەن :

* فەلسەفەی سۆفیستانە Sophistical Philosophy
بنچینەی ئەم فەلسفەیە دامەزراوە لە سەر چەند حاڵەتێکی لابەلا و کاتی یان ئارگیومێنتێکی داماڵراوی بێ بەڵگەی ئەزموونگەراییانە .فرانسیس بەیکۆن سکولاستیسیزم وەکو نموونە دەهێنێتەوە.

* فەلسەفەی ئەزموونگەرانە Empirical Philosophy
بنچینەی ئەم فەلسەفە یە دامەزراوە لەسەر یەک ئەزموون یان توێژینەوەیەکی زۆر تەسک لەپاشان مۆدێلێک یان پارادایمێکی لێ داڕێژراوە کە بەکاریدەهێنن بۆ لێکدانەوەی هەموو دیاردە جۆراوجۆرەکان .فرانسیس بەیکۆن نموونەی ولیام گیلبێرتی فیزیکزان دەهێنێتەوە کە رەهەندێکی فەلسەفی دا بە تاقیکردنەوەکانی سەبارەت بە موگناتیس و پێیوابوو کە هێزی موگناتیس لە پشت زۆربەی دیارەدەکانی سەر رووی زەوییە .

* فەلسەفەی خورافیات Superstitious Philosophy
بنچینەی ئەم فەلسەفە دامەزراوە لەسەر تێکەڵکردنی لاهوت و فەلسەفە . فرانسیس بەیکۆن نموونەی پیتاگۆراس و ئەفلاتون دەهێنێتەوە و ئۆباڵی ئەم خورافیاتانە دەخاتە ئەستۆی ئەوان .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە