مەسعود بارزانی زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی سڕکرد


کوبریک: سینەما و مێتافۆر (بەشی یەکەم)

Monday, 02.04.2019, 22:12

3834 بینراوە


لە دەسپێکدا بۆ ماوەی سێ خولەک شاشەکە ڕەشە دەنگی مۆسیقایەکی تاڕادەیەک نەشاز دەبیسترێت، وەک بیەوێت چیرۆکی سەرهەڵدانی گەردوون لەو باکگراوندە ڕەشە و لەو مۆسیقایەدا کورت بکاتەوە –سپیڵبێرگ پێی وایە ئەم فیلمە دەربارەی تەقینەوە گەورەکەیە. پاشان مۆسیقاکە تابێت توندتر و سامناکتر دەبێت. وێناکردنی تەقینەوە گەورەکەیش بەو جۆرە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەکی دیکە وێنای ئەوەی بکردایە نەیدەتوانی قەناعەت بە چاوی بینەر بکات. هەر بۆیە لە ڕێگای باکگراوندێکی ڕەش و مۆسیقایەکی تاڕادەیەک نەشازەوە گەرەکیەتی بینەر لە خەیاڵی خۆیدا بەو جۆرەی دەخوازێت ئەو وێنەیە بکێشێت. ئینجا بێدەنگی باڵ دەکێشێت، وەک بیەوێت بڵێت پاش تەقینەوە گەورەکە گەردوون بەرەو جۆرێک لە دامرکاندنەوە چووە. دواتر لەگەڵ ئاوازێکدا ئەگەرچی درێژکراوەی هەمان ئاوازیش بێت، بەڵام ناسکتر، کامێراکەی کوبریک لە ئاسمانەوە بەشی نیوەگۆی باکووری زەوی پیشان دەدات. هێدیهێدی لەو دیوەوە مانگ دەردەکەوێت و دواجاریش ڕووناکی خۆر لەنێو ئەو گەردوونە تاریکەدا. بەو جۆرە هەر سێکیان دەکەونە سەر یەک هێڵ، ئەمەیش هاوشانە لەگەڵ مۆسیقای (وەهای وت زەردەشت)ی ڕیچارد شتراوس. بەو جۆرە کامێراکە دێتە سەر زەوی و لە کازیوەیەکەوە دەسپێکی دەرکەوتنی مرۆڤمان بۆ باس دەکات. ئەوەی مایەی سەرنجە لە 4 خولەک و 45 چرکە دێتە سەر زەوی و لە 4.50-4.54 چرکە دەنووسرێت دەرکەوتنی مرۆڤ. بڵێیت هەر ملیار ساڵێکی لە خولەکێکدا کورت نەکردبێتەوە؟! بە پێی خەمڵاندنی زانست تەمەنی زەوی 4.5 ملیار ساڵە.
سەرەتای هەموو داهێنانەکان ئێسکێکە، هەر ئەو ئێسکەیە دەبێتە هاڵ –پێشکەوتووترین دروستکراوی مرۆڤ لەسەر زەوی بە پێی خەمڵاندنی فیلمەکە. مرۆڤ لە ڕێگەی ئەو ئێسکەوە بانگەشەی شەڕکردن لەگەڵ ئاسمان دەکات، دواتر لە هاڵدا ئەوە دەبێتە واقیع. کوبریک ساڵی 1968 پێمان دەڵێت ڕۆژێک دێت مرۆڤ لەگەڵ ئامێرەکان دەکەوێتە قسە و گەمەکردن. هەروەها فێڵ و ناپاکییش لە یەکتری دەکەن. ئەڵبەت ئەوە مرۆڤە خووی ئەوانیش شەڕ دەکات و فێری ناپاکییان دەکات. 
لە دەسپێکدا ئەو شێوە سەرەتاییانە[ی مرۆڤ] تەنیا بەرپێی خۆیان دەبینن. بینینیان کورتمەودا و کورتبڕە. تا ئەو کاتەی تەنە ڕەشە شەشپاڵووە نامۆکە دەکەوێتە بەردەمیان، بۆ یەکەمجار سەر هەڵدەبڕن و بە تەواوەتی ئاسمان دەبینن. ئەوەیش دەسپێکی فراوانبوونی دیدگای ئەوانە –ڕووانین بە پانتایی بەرینی ئاسمان. 
لە سەرەتادا شێوە سەرەتاییەکەی مرۆڤ شەڕ لەگەڵ زومرەی خۆیان ناکەن، بەڵکو لەگەڵ دەرەوەی خۆیان دەجەنگن. شاتاڵ بۆ ئەوانە دەبەن کە لە خۆیان لاوازترن، ئەوانەیشی بەهێزترن پەلاماری ئەمان دەدەن. تا ئەو کاتەی پڵنگەکە هێرش دەبات، شاشەکە تاریک دەبێت، دواتر قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات: شەڕی ناوخۆی نێو هەمان ڕەگەز، شەڕ لەسەر ئاو کە سەرچاوەی ژیان و مانەوەیە. بە سەرکەوتنی گروپێکی هەمان ڕەگەزی [مرۆڤ] کۆتایی دێت. جارێکی دیکە شاشەکە تاریک دەبێت و قۆناغێکی نوێتر دەست پێ دەکات. گروپێک لە [مرۆڤ] دەکەوێتە ژێر چەپۆکی گروپێک لە هاوڕەگەزەکەی خۆی و ڕەگەزە باڵادەستەکانی دیکەوە. ئیدی لە پەناگەیەکدا خۆیان قایم دەکەن. تا ئەوەی سروشت [خودا]* پەیامێک [تەنێکی ڕەشی شەشپاڵوو]* یان بۆ دەنێرێت. وەک ئەوەی پێیان بڵێت: سەیری ئاسمان بکەن، بەسەر زەویدا بگەڕێن، دەستەپاچە مەبن و جۆش دامەمێنن .... ڕەنگە هەر ئەو سروشت [خودا]یە ویستی لەسەر زەقکردنەوەی ئەم شەڕە هەبووبێت، شەڕ لە پێناوی ژیان یان کوشتنی گروپێک لەپێناو ژیانی گروپێکی دیکە. لە یەکەم کوشتنی ڕەگەزەکانی دیکەوە مرۆڤ فێری گۆشتخواردن دەبێت. 
لە بیابانێکی ئەفەریقا بەر لە ملیۆنان ساڵ گیانەوەری شێوە مەیمون –ئاماژەکردن بۆ مەیمون مەرج نییە کۆتەیشنێک بێت لە تیۆری پەرەسەندنی داروین، بەڵکو گوزارشتە لە شێوەیەکی سەرەتایی مرۆڤ- پێکەوە دەژین خودان هیچ جۆرێک لە بیرکردنەوە نین، تەنانەت ئاگایان لەو دەوروبەرەی خۆیشیان نییە، جگە لە ئەندامەکانی لەشیان: دەست و قاچ، توانای بەکارهێنانی هیچ شتێکی ئەو دەوربەرەیشیان نییە لە دار و بەرد و هەر شتێکی دیکە. وەک چۆن هەموو شتێکیان لە قۆناغی سەرەتاییدایە، شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاژەڵی بێگانەیش بە هەمان شێوەیە -تەنیا قیژە و هاتوهاوار و ڕاکردن یان لە باشترین حاڵەتدا بەکارهێنانی دەستەکانە. دواتر پڵنگێک پەلاماری دانەیەکیان دەدات. پاشان شاشەکە تاریک دەبێت وەک ئەوەی بگوازێتەوە سەر قۆناغێکی دیکە. لە دیمەنی دواتردا گروپێک لە مەیمونی دیکە دێن و چاو دەبڕنە ئەو سەرچاوە ئاوەی ئەو گروپە مەیمونەی لەو شوێنەدا نیشتەجێن. بەو جۆرە یەکەم شێوەی شەڕی خێڵایەتی دروست دەبێت، بەڵام بێ خوێنڕشتن، تەنیا بە قاووقیژ خاوەن ماڵ دەردەکەن، چونکە وەک لە پێشەوە ئاماژەمان بۆ کرد هیچ کام لەو گروپانە نەیانزانیوە ئامڕازەکانی دەوروبەر بخەنە خزمەتی خۆیانەوە. نە خاوەنماڵ و نە زەوتکەر نەیانزانیوە دار و بەرد و ئێسقان ...تاد بە کار بهێنن بۆ مەرامی خۆیان. لە دیمەنی دواتردا گروپە مەیمونەکەی یەکەمجار وەک دەردەکەوێت ئاوارە بووبن و خۆیان لە بنە بەرد و ئەشکەوتدا حەشار دابێت. کاتێک بۆ بەیانییەکەی خەبەریان دەبێتەوە تەنێکی نامۆ، بەردێکی ڕەشی شەشپاڵوویی (Monolith) هەموویان تووشی ترس و سەرسوڕمان دەکات. دەکەونە قاووقیژ و هەلەکەسەما بە دەوریدا، بە ترسولەرزەوە دەستی بۆ دەبەن. ئەوەیش دەبێتە یەکەمین چرکەساتی هەستکردن بە نامۆبوون و بیرکردنەوە. کاتێکیش بەرەو سەرەوەی ئەو تەنە سەر هەڵدەبڕن خۆر و مانگ بە دی دەکەن. ئیدی بڵاو دەبنەوە و دەکەونە کنە و پشکنین. دانەیەکیان کاتێک پەراسووی گیانەوەرێک دەبینێت شێوەی مانگی دەهێنێتەوە پێش چاو کە پێشتر بەهۆی تەنە نامۆکەوە بینویەتی. دواتر دەست دەبات بە یەکێک لە ئێسکەکانی ئێسکەپەیکەری گیانەوەرەکە تێک دەشکێنێت. لەوەوە بۆی دەردەکەوێت ئەو ئێسکە دەکرێت بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا یان بۆ ڕاوکردنی نێچیر بە کار بهێنرێت. دەکرێت بڵێین ئەو ئێسکە یەکەمین شێوەی ژیریی دەستکرد (artificial intelligent)ە. بەکارهێنانی شتێک کە کارئاسانیت بۆ بکات، بەڵکو لە قۆناغی دواتردا لەبری تۆ بیر بکاتەوە. هەر لە ڕێگەی ئەو ئێسکانەیشەوە دەتوانن زەوی و ئاوی زەوتکراو لە گروپە مەیمونەکەی دیکە بستێننەوە. بەردەڕشەکە وایان لێ دەکات بیر بکەنەوە و ئێسکەکە بە کار بهێنن، بەو جۆرەیش یەکەمین شێوەی فێربوون و زانین سەر هەڵدەدات. دواتر ئەو زانین و زانیارییەیش دەبێتە چەکێکی کاریگەر و مرۆڤ فێری شەڕ و توندوتیژی دەکات کە بە پێی فیلمەکە یەکەمین شێوەی فێربوونە. سەرباری ئەوە فێری گۆشتخواردنیش دەبن. ئەو کاتەی یەکێک لە مەیمونەکان بەوپەڕی غرور و هەستکردن بە سەرکەوتنەوە ئێسکەکەی دەستی هەڵدەدات بەرەو ئاسمان، لە چرکەساتێکدا ملیۆنان ساڵ تێدەپەڕن و ئێسکەکە دەگۆڕێت بۆ زیرەکترین جۆری ئامێر کە کەشتی ئاسمانییە و نەوەکانی ئەو مەیمونە دروستیان کردووە و هاوشێوەی دروستکەرەکەی بیر دەکاتەوە! لە دیمەنی یەکەمدا ئێسکەکە سەرچاوەی پلانگێڕی و توندوتیژییە، لە دیمەنی دووەمدا کەشتییە ئاسمانییەکە هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت. لە دیمەنی یەکەمدا ڕکابەری لەنێوان دوو گروپ لە مەیمونەکاندایە، ئەو گروپەی ئێسقان و بەردەڕەشەکە دەدۆزنەوە سەر دەکەون. لە دیمەنی دووەمدا ڕکابەری لەنێوان ئەمەریکا و ڕووسیادایە، ئەوەی بەردەرەشەکە دەدۆزێتەوە و خاوەنی کەشتییەکەیە –ئەمەریکا- براوەیە و سەر دەکەوێت. 
ئەو ئێسکە پێدەچێت ئێسکی لاق بێت، لاقیش بۆ ڕۆیشتنە و کەشتییە ئاسمانییەکەیش هەمان ئەرکی هەیە. ئێسکی بوونەوەرێکە دەتوانێت پەرە بسەنێت و هەڵگری مادەی خاوی ژیرییە. چۆن مەیمونەکان [یان جۆرێکی سەرەتایی لە مرۆڤ] پەرە دەسەنن و دەبنە مرۆڤ، ئاوایش ئێسکەکە پەرە دەسەنێت و دەبێتە کەشتی ئاسمانی. هەر ئەو ئێسکە، ببوورن! ئەو کەشتییە ئاسمانییە تۆڵەی هەزاران ساڵ بەکارهێنان و ئیستیغلالکردنی دەکاتەوە لە لایەن مرۆڤەوە و دەگاتە ڕادەیەک لە ژیری کە لە دروستکەرەکەی هەڵدەگەڕێتەوە و هەست دەکات ئیدی نۆرەی ئەمە ئەو بە کار بهێنێت. لێرەدا لێکچوونێک لەنێوان ئەم تێڕوانینە و فرانکشتاینی ماری شیلیدا دەبینرێت. لە ڕۆمانی فرانکشتایندا پزیشکەکە هەڵدەستێت بە زیندووکردنەوە یان دروستکردنی "مەسخەکە" کەچی دواتر لێی هەڵدەگەڕێتەوە. ئیدی هەموو کاری دەبێتە ئەوەی چۆن لێی دەرباز ببێت و بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێشوو. هێندەی من ئاگادار بم پرسی هەڵگەڕانەوەی دروستکراو لە دروستکەر نەبووەتە کەرەستەی ڕانانێکی قووڵی فەلسەفی. مرۆڤ لە سروشت یان کردگار، نەوە لە باوان، فێرخواز لە فێرکەر و ئامێرەکان لە مرۆڤ ... ڕەنگە بە لێشاو قسەوباس هەبن بە شێوازی جیاجیا لە بارەی ئەم پرسانەوە، بەڵام هەموو ئەوانە پێکەوە وەک دیاردەیەک تەماشا نەکراون، بە قووڵی لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە نەکراوە. ئەمە کەرەستەی لێکۆڵینەوەیەکی جیاوازە و ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت هەڵی دەگرم بۆ ئایندە. لە سەرەتادا مرۆڤ (مەیمونەکان) ئامێرەکان (ئێسکەکان) بە کار دەهێنن، کەچی دوای پەرەسەندنی مرۆڤ و لەگەڵیشیدا پەرەسەندنی ئامێرەکان، دەگات بە ئامێرێک کە ئیدی بۆ خۆی سەربەخۆ بیر دەکاتەوە. بەو جۆرە ئامێرەکە هالَ 9000 (HAL 9000) ڕێبەرایەتی مرۆڤ دەکات بەرەو هەسارەی موشتەری –لەو کاتەی کە لەسەر مانگن مرۆڤ لەو لەرەلەرە تێناگات کە لە بەردەڕەشەکەوە دێت، بەڵام هاڵ تێيدەگات. ئیدی هاڵ دەبێتە جێگرەوەی مرۆڤ و مرۆڤیش دەبێتە ئێسکەکە و هاڵیش بۆ بەرژەوەندی خۆی بە کاری دەهێنێت. واتە ئاڵوگۆڕی پێگە و ئەرک ڕوو دەدات. وەک دەبینین دواتریش هاڵ فێڵ لە مرۆڤ دەکات. بەڵام ئەوە دواجار مرۆڤە گرەوەکە دەباتەوە. 
کاتێک فیلمەکە دەست پێ دەکات پاش تەقینەوە گەورەکە و پیشاندانی زەوی و مانگ و خۆر ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر پیشاندانی شێوەیەکی سەرەتایی لە مرۆڤ [مەیمونەکان]. لە کۆتاییشدا کۆرپەیەک پیشان دەدات. ئەوەیش ڕوویەکی وجودییانەی فیلمەکەمان پێ دەڵێت کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی تیشک دەخاتە سەر مرۆڤ و بوونی مرۆڤ (دازاینDasein ). 
بەوپێیەی فیلمەکە ڕەهەندێکی وجودی بەسەریدا زاڵە و لە دەوری مرۆڤ دەخولێتەوە، پێمان دەڵێت مرۆڤی نوێ نەگۆڕاوە و هەمان ئەو سیفەتانەی مرۆڤی سەرەتایی هەیە.
کاتێک لە مەیمونەکان [شێوە سەرەتاییەکەی مرۆڤ] ورد دەبیتەوە تەنانەت لە مەیمونی ئەم سەردەمەیش ناچن، لە دۆخێکی تەواو بێئاگاییدان. دەخۆن و دەخۆنەوە و دەخەون و شەڕ دەکەن. دواتریش لەگەڵ یەکەمین شێوەی فێربوون و بیرکردنەوە پلانگێڕی لەیەکتر دەکەن. ئەوەی مایەی سەرنجە کاتێک ملیۆنان ساڵ تێپەڕ دەبێت و دەچینە سەر شێوەیەکی گەشەکردووی ئەم بوونەوەرە (مرۆڤ)، دەبینین کەسێک لە کەشتییەکدا نووستوە، دواتر دەبینین کەسانێک دەخۆن و دەخۆنەوە و شەڕ و پلانگێڕیش وەکو خۆی ماوە، بەڵکو مرۆڤ خووی ئامێرەکانیشی شەڕ کردووە! هەرچەند شێوەکە گۆڕابێت، بەڵام کەرەستە خاوەکە هەمان شتە. 
هەرچەندە بەردەڕەشە شەشپاڵوویی (monolith)ەکە لەنێو ڕۆمانەکەی ئەرسەر سی کلارکدا تەنێکی درەوشاوەی شێوە هەرەمی بووە، بەڵام کوبریک دەیکاتە تەنێکی شێوە لاکێشەیی یان شەشپاڵوویی، کێ دەڵێت بۆ ئەوە نەبووە تا لە شاشە بچێت؟ بە تایبەت شاشەی سینەما! یاخود دەکرێت مەبەست شاشەی تەلەفزیۆن بێت کە ئامڕازێکە بۆ گەیاندن و پێکەوەبەستنەوە. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە دەرکەوتنی ئامێرگەلی هاوشێوەی ئایپاد و تابلێتە، لە کاتێکدا بە دەیان ساڵ دواتر ئەو ئامێرانە دروست دەکرێن و خەڵکی پێیان ئاشنا دەبن! هەروەها پێشبینی چوونە سەر مانگ، ئەگەرچی لە دیدی منەوە زیاتر درۆیەکی سیاسییە وەک لەوەی ڕاستییەکی زانستی بێت. پێشبینی قسەکردن لە ڕێگای ڤیدیۆوە و شتگەلی دیکەیش لەنێو فیلمەکەدا کە لەمڕۆدا لە سکایپ و ڤایبەر و لەنێو تۆڕە کۆمەلایەتییەکانیشدا بە دی دەکرێت ... 
کاتێک دێتە سەر پیشاندانی سەردەمی نوێ و مرۆڤی مۆدێرن کەشتییەکان بە ئاسمانەوە پیشان دەدات و مۆسیقای دانوبی شین دەژەنرێت. مۆسیقا و دەنگ بوونەتە جێگەی ڕامان و توێژینەوە. ئەم فیلمە و فیلمەکانی دیکەی کوبریک کەمدون، کەمترین قسە بە ئەکتەرەکان سپێرراون. کوبریک تا ناچار نەبووبێت لە ڕێگەی ئاخاوتنەوە گوزارشتی نەکردووە. ئەوەیش ڕەنگە ڕەنگدانەوەی کەسایەتی کوبریک خۆی بووبێت کە کەمترین لێدوان و دەرکەوتنی هەبووە لە ژیانیدا.
لە فیلمی ژمارەگەلی شاراوە (hidden figures)*  ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە ژنان لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا مافی ئەوەیان نەبووە بەشداری کۆبوونەوە چارەنووسساز و گرنگەکان بکەن لە ئاژانسی ناسا تا ئەوەی ژنێکی ڕەشپێست بە چابووکی خۆی ئەم بەربەستە تێک دەشکێنێت. لەم فیلمەدا ئاماژە بۆ بەشداری ژنان کراوە لە ئایندەدا [بەوپێیەی فیلمەکە باس لە ئایندە دەکات] لەو پرسانەی پەیوەستن بە فەزاوە، بەڵام بەشدارییەکی ڕوواڵەتی، ڕۆڵی ئەوان تەنیا تەماشاکردنە، کەمترین قسەکردنیشیان پێ دراوە. سەرەنجام پەیامی سەرەکی و ئەرکە مەزنەکە لە ئەستۆی پیاوی سپی (white man)دایە. ئەرکی پیاوی سپی [ئەو بارەی کیپلینگ باسی دەکات The White Man's Burden ]* تەنیا بە زەوییەوە ناوەستێت، دەگاتە گەردوونیش. ئا بەو جۆرە لە سەراپای فیلمەکەدا مرۆڤی ڕەشپێست نابینرێت. ژنی سپیپێستیش هەر زوو ڕێگەکە بۆ پیاوی سپی دەکەنەوە و ئەویش هەر بە تەنیا پەیامەکە دەگەیەنێت. کەواتە لای کوبریکیش ئەمە جیهانی پیاوانە (it is a man's world)*  وەک جەیمس بڕاون لە گۆرانییەکەیدا ئاماژەی بۆ دەکات. کوبریک لە سۆنگەی نێرسالارییەوە ئەم وێنەیەی پیشان نەداوین، بەڵکو دواجار ئەوە شارستانیەتی خۆرئاوایە کە نێرینە ئاڕاستەی دەکات.   
 کەشتییەک لە شێوەی سپێرمی نێرینەی مرۆڤدایە، ڕوو دەکاتە هەسارەیەک لە شێوەی هێلکەی مێینەدایە، لە دیمەنێکی سوریالیدا کۆرپەیەک لەنێو ئەستێرەیەکدا دەخولقێت. ئەم کۆرپەئەستێرەیە چاو دەبڕێتە زەوی وەک ئەوەی مەیلی گەڕانەوە بۆ شوێنی ڕاستەقینەی خۆی بکات. بەڵام لەنێو ئەستێرەیەکدا، وەک ئەوەی پێمان بڵێت ئیدی مرۆڤیش لە دواجاردا بە ئەندازەی ئەستێرەیەک قوورسایی هەیە.
 کاراکتەری سەرەکی ناوی دەیڤد باومانە. وشەی دەیڤد لە زمانی عیبریدا –کوبریک یەهودییە- واتای خۆشەویست دێت، باومان کەسی تیرهاوێژە، واتە ئەوەی حەزی بە تیرهاویژتنە یان ئەوەی نیشانەی لە شتێک گرتووەتەوە. کەشتییە ئاسمانییەکە شێوەی تیریشی هەیە. لە زەوییەوە ئاڕاستەی ئاسمان کراوە. ڕەنگە مەیلی ئەو هاویژتەنەیش بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە مەیمونەکە بە پانتایی زەوی تێری نەخوارد کەڵکەڵەی زەوتکردنی ئاسمانیش کەوتە کەللەیەوە و ئێسکەکەی بۆ هەڵ دەدات. 
 پاش دەرکەوتنی سێیەمین بەردەڕەش، کۆرپەئەستێرە دەردەکەوێت کە تەواو ڕووناکە و دەدرەوشێتەوە، ڕەنگە ئەوە دووایین شێوەی مرۆڤ یان شێوەیەکی تەواو جیاوازتر بێت لەو دووانەی دیکە و بووە بە سوپەرمان یان گەیشتووە بە زاتی ئیلاهی –لە دیدی هەندێکەوە فیلمەکە گەڕانە بە دوای خودادا. مرۆڤیش هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە بگات بە خودا، بەڵکو مەیلی ئەوەیشی هەیە بۆ خۆی ببێت بە خودا. دەستی بە هەموو شت بگات، توانای بەسەر هەموو شتێکدا بشکێت، نەمر بێت ... لەمەدا ڕەنگدانەوەی بەرزەمرۆڤی نیتشەی لەسەرە، بەڵام نەک بەو جۆرەی نیتشە بانگەشەی بۆ دەکات. بەرزەمرۆڤی کوبریک گەوەری هەموو گەردوونە و بە زەوییەوە ناوەستێت. 
ئۆدێسە زیاترە لەوەی هەر تەنیا فیلمێک بێت، زیاترە لەوەی هەر تەنیا ناوەڕۆکێکی خەیاڵی زانستی هەبێت وەک هەندێک ئاماژەی بۆ دەکەن. ئۆدێسە پەیامە. پەیامی بوون و هاتنمان. لە چەندین گۆشەنیگای زانستی، فەلسەفی، ئاینی، سیاسی، سایکۆلۆجی و تەنانەت سەربازی و ئابووریشەوە تیشک دەخاتە سەر ئەو کایەیە. ئۆدێسە پێمان دەڵێت مرۆڤ تەنیایە، بەڵکو تەنیاترین و خۆپەرستترینە. بەتەنیایش دەگاتە سەر هەسارەکانی دیکە. پێیشمان دەڵێت گەردوون و هەموو ئەوەی تیایدایە لە لایەک و مرۆڤ بە تەنیا لە لایەک.  
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێ دەکرێت کە مانای ناوەکی فیلمی کەمدووی ئۆدێسە ڕوون بکاتەوە، کوبریک بەو جۆرە خۆی دەپەڕێنێتەوە: چی ڕووی دەدا؟ گەر بهاتایە و داڤنشی لەژێر تابلۆی مۆنالیزادا بینووسیایە "ئەم خانمە نەرمەبزەیەک دەکات چونکە ددانەکانی کرمۆڵن [تا دەرنەکەون] یاخود ڕەنگە نهێنییەک لە دڵبەرەکەی بشارێتەوە." لە بارێکی لەم چەشنەدا چۆن هەڵسەنگاندنمان بۆ دەکرد. ئەوە دەبووە هۆی داخستنی دیدگای جیاواز و بەستنەوەی بە واقیعەوە وەک لەو [فرەمەبەستییەی] خۆی. منیش نامەوێت ئۆدێسە بەو جۆرە بێت.  
تا ساڵانێک بەر لە ئێستا بەرمەبنای ئەو تێڕوانیینە باوانەی لە ئارادان لای خۆمەوە فیلمگەلی هاوشێوەی: باوکی ڕۆحی (Godfather) و هاوڵاتی کەین (Citizen Kane)م بە جوانترینەکانی مێژووی سینەما دادەنا. بەر لەوەیش تایتانیک (titanic)م گەلێک لا جوان بوو، پێم وانەبوو تێپەڕێنرێت یان تێپەڕێنرابێت. دواتر پەڕیمەوە سەر سایکۆ (psycho) ئینجا وتم نا: باشەکە، خراپەکە و ناشیرینەکە (the good، the bad and the ugly) ناوازەترینی فیلمەکانە ... خواوڕاستان فیلمم زۆر تاقی کردەوە تا ببێتە کاندیدی یەکەمین لام. هەنوکە بەوپەڕی یەقینەوە فیلمە یەکەمینەکەی خۆم دۆزیوەتەوە، بە هەر دە پەنجەکە بۆی مۆر ئەکەم. لەبەر چەندین هۆ دەتوانم بێژم ئۆدێسە زەحمەتە تێپەڕێنرێت، کەس نکوڵی [بۆ وێنە] لە مەزنی باوکی ڕۆحیی کۆپۆلای ئازیز ناکات، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا ئەو فیلمە دەربارەی پنتێکی بچوکی ئەم جیهانەیە: باسی شێوە ژیانی باندەکانی مافیا یان فراوانتر لەوە قێزەونی ناخی مرۆڤ و سیاسەتە ... کەچی ئۆدێسە کەرەستەکەی گەلێک بەرفراوانتر و گشتگیرترە: پرسی بوون! لە گۆشەنیگای زانستی، ئاینی و فەلسەفییەوە و هەڵوەستەی ورد لەمەڕ ئەو پرسە. ئاساییە لە ڕووی تەکنەلۆجییەوە ئۆدێسە جی بهێڵین، بەڵام لەو هەموو ڕووانەوە بەش بە حاڵی خۆم بە ئەستەمی دەبینم. 
پەراوێز: 
  *ئەمەی سەرەوە دەبێتە بەشی یەکەمی پوختەی توێژینەوەیەکی نیوەناچڵ لەبارەی کوبریکەوە کە عەیامێکە و تا هەنوکەیش پێوەی سەرقاڵم. سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵێک لەمەوبەر ئەو کاتەی شوێن ئاڕاستەی چەمێک کەوتبووم، کاتێکم زانی خستمیە قەراغ دەریایەک. وا ئێستا ڕووە و دەریا دەستبەئەژنۆ جۆش داماوم. ئەمەی سەرەوەم لە چەمەکە هەڵگۆزیوە، نازانم ئاخۆ بوێرم خۆم هەڵبدەمە دەریاکەوە ... خوا یار بێت کتێبێکی بە ناوچاوەوەیە. 
*لە چاوپێکەوتنێکدا سکۆرسیزی دەڵێت من وەک کاسۆلیکێک ئەوەی بۆی گەڕام لەم فیلمەدا دۆزیزمەوە. دەکرێت باوەڕدار یان بێباوەڕ بیت و ئیلهامی جیاواز  و دژبەر لە فیلمەکەوە هەڵێنجیت. خودی نووسەرەکەی ئارسەر سی کلارک بێباوەڕ بووە. کوبریکیش لەم ڕووەوە ڕوون نییە. 
 *(monolith) تەنێکی شەشپاڵووە بە بەردی ڕەشیش ناو دەبرێت. شێوەی بارستەی شەشپاڵوویی لەسەر زەویدا بەربڵاون. لە ڕۆمانەکەدا شێوەی قوچەکییە، ڕەنگە لە گەردوونەوە وەرگیرابێت کە هەندێک ئاماژە دەڵێن شێوەکەی بەو جۆرەیە. کوبریک شێوەکەی گۆڕیوە بۆ شەشپاڵوو یان بەردی ڕەشی لاکێشەیی. قسەوقسەڵۆک هەن سەبارەت بەوەی کە ئیلهامی لە بەردە ڕەشەکەی کەعبە وەرگرتووە، بەڵام ئەوە تەواو دوورە لە ڕاستییەوە. ئەو تەنە پەیامێکی خودا یان سرووشتە، پێمان دەڵێت مرۆڤ بێ دەستوەردانی سروشت یان خودا نەکەوتووەتە سەر ڕاستەڕێی بیرکردنەوە. 
 *فیلمێکی سینەماییە ساڵی 2016 بەرهەم هێنراوە، لە لایەن تیۆدۆر مێلفییەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. 
  *"باری پیاوی سپی: ویلایەتە یەکگرتووەکان و دورگەکانی فلیپین" قەسیدەیەکی ڕوودیارد کیپلینگە لە ساڵی 1899 بڵاو کراوەتەوە هەندێک جار وەک پاساوێک بۆ مەرامەکانی ئیمپریالیزم دەهێنرێتەوە. 
  *گۆرانییەکی بەناوبانگی جەیمس بڕاونە لە ساڵی 1966 بڵاو کراوەتەوە.

سەرچاوە:




(دەنگدراوە: 1)