گۆڕان لە ئامێزى سیمبوڵى خیانەتدا

Tuesday, 05/02/2019, 16:33

10917 بینراوە


پارتى و مەسعود هەمیشە باوەشیان گەرم و دیوەخانى ڕازاوەیان ئاواڵا بووە بۆ: خائین و خۆفرۆش و جاش و مستەشار و تەلدز و نەوتفرۆش و خاکفرۆش، هەروەها لە شفرۆش و ویژدانفرۆش.ئەى بۆ دەرک و دەروازەى ئاوەڵا نەبێت بۆ ئەو ملشۆڕانەى بە چەند نوکە شەقێک بار و بارخانەى وەزیر و گزیر و پەڕلەمانتار...لە هەولێرەوە بۆ دێگەلە تلۆر کردەوە، کەچی ئێستا سەر و بنى زمانیان (برایان)ى پارتییە؟
بزوتنەوەیەک هێشتا ڕێکخەرى گشتیەکەى و لە گۆڕەکەیدا فەرمانى گرتنى هەیە لەلایەن دادگاکانى مەسعودەوە و بە تۆمەتى تێکدانى ئاسایشى نیشتمانى، ئەوەندە وەفاى بۆ دامەزرێنەر و ڕێکخەرى نەبێت، دەبێت چ وەفایەکى بۆ دەنگدەرانى هەبێت ئەو دەنگدەرە داماو و هەناسە ساردانەى کە گۆڕان ڕاپێچیکردن بۆ دەنگدان بە دروشمى: (به‌هیواوه‌ به‌ره‌ و ده‌نگدان - رۆژی نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمان - له‌گه‌ڵ ڕۆحی كاك نه‌وشیروان).

لای پارتی هێشتا کەیسی نەوشیروان  مستەفا نەسڕاوەتەوە و جینائییە

له ‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا كادیرانی خواره‌وه‌ و ده‌نگده‌رانتان ده‌یزانن حیزبه‌كه‌یان داوای چ پۆستێكی كردووه‌؟ عه‌لی حه‌مه‌ سالح به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی دایه‌وه‌ وتی:
(ئه‌وان هه‌ر پێویست نییه‌ بیزانن، چونكه‌ ئه‌مه‌ دانوستانه‌ دواجار ناكرێت هه‌موو وه‌ره‌قه‌كان له‌ڕێگای ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ بخه‌یته‌ڕوو).
ئەمە ئەو حیزبە بوو کە ناڵە و فیغانى بۆ شەفافیەت و دژى دانووسانى ژوورە داخراوەکان و کون و قوژبنەکان ڕۆژە ڕێگایەک ئەڕۆشت، پێدەچێت حیزبەکەى عەلى کاک حەمەساڵح پێشتر قوڕەکەیان باش شێلا بێت، بۆیە ئاوەها لەگەڵ پارتى تامەزرۆى دانیشتنن دەکات، بێزوش بە پۆستەوە ئەکەن هێشتا تام لەزەتى پۆست لەبێخى دانەکانى جەماعەتى گردەکەدایە.
 بزوتنەوەیەک رۆژ بە ڕۆژ سەرشۆرتر ئەبێت و مەرجەکانی پارتى قبوڵ دەکات، ئەو بزووتنەوەیەی، کە لە ڕابوردوو نەدوێت، ڕابردویەک کە هیچ بێحورمەتیەک نەما دەرحەق بەبزوتنەوەکە و ڕێکخەرى گشتىی و ئەندام و هەوادارانى نەکات.هەتا ئێستاش سوربێت لەسەر هەڵوێستەکانى و بە وەفدى گۆڕانى وتوە لە نێوان خراپ و خراپتریندا خراپیان هەڵبژاردووە، واتە خراپترینیشمان هەیە، لانیکەم لە ڕووى سیاسییەوە ئەبوایە داواى لێبوردنى لە گۆڕان بکردایە، ئەوەتا عەلى بە ڕادیۆى دەنگى ئەمریکا بەشى کوردى ئەڵێت: بۆ داوای لێبوردنه‌كه‌ش ڕه‌نگه‌ ئه‌وكاته‌ی داوای گه‌ڕانه‌وی وه‌زیره‌كانمان كرا، كرابێت.واتە گۆڕان شکۆ و ڕێز و ئیرادەى حیزب و دەنگدەرانى مەبەست نییە.
تۆ بڵێیت وەفدەکەى بزوتنەوەى گۆڕان لە ڕێگەى پیرمام خۆڕاگرتربووبێتن و لەگریان و فرمێسک ڕشتندا کاتێک بیرى باوکى هەژارانیان ئەکەوێتەوە کە ماوەیەک بەڕێزیان ڕێبوارى ئەو ڕێگەیە بوون، کە هەتا ئیستا نهێنى ئەو مەتەڵە نازانین بۆ سەردانى سیمبولى خیانەتى لە سەرى ڕەش ئەکرد.
لە وەفدە ڕەنگ پەڕیوەکەى گۆڕان داخوازم: گلەیى لە مەسعود نەکەن ئەوەشى بیر مەهێننەوە کە ڕەوانشادى زەرگەتە دواى ڕاپەڕینى ١٩٩١ مەسعودى لە کەرەجەوە هێنایەوە، گلەیى لێمەکەن کە بەشدارى پرسەى ڕەوانشادى نەکرد، چونکە سەرى زۆر قاڵە شەو و ڕۆژ لە بیرکردنەوەدایە کە چ خیانەتێک هەیە پەى پێنەبردبێت، تکایە پێیبڵێن دەرگاى کاوێژخانەکەى ببورن ڕاوێژ دانەخات چونکى حاجی یەکیتر و زۆریتر بە ڕێگەوەیە بۆ ڕاوێژکارى، پێی بڵێن با گۆڕانخوازان نائومێد نەکات و ڕژد و ڕەزیل نەبێت لە پۆست و ووردە پۆست و پلە و دەستخۆشانە و موچە و خانەنشینى، چونکە لە مارکە و بیچمى حەمڵان قەتارەیان لەلاى سەید عومەر بەستووە بە هەناوى زەردەوە چاوەڕێی پۆستن.ئەوەش بیری ئەبو مەسرور بخەنەوە کە چۆن بە پاکێجى (سەرپشک) گۆڕانخوازانتان بۆ سەر سندوقەکانى ڕیفراندۆم برد و دواتر هەر بە زوڕنا زەردەکەى پارتى باستان لە شانزەى ئۆکتۆبەر ئەکرد، ئەگەر شەرمتان نەکرد، شەرمیش نەکەن باشترە کەپێی بڵێن پاش وەدەرنانى پەڕلەمانتاران لەبەر خاترى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم و یاساى تیرۆر بۆ ناو هۆڵى زەردى پەڕلەمان گەڕانەوە، چییە با یوسف نەبێت مەنتک بێت، هەمووى بەندەى خوایە.بیرتان نەچێت وەکو مامۆستا ساڵح ژاژەڵەیى ئەڵێت داواى گرەنتى بکەن، هەتا لە حکومەتەکەى هەولێر، هەولێر بەدەرنەکرێن، مەهێڵن گرتنى کادێر و ئەندامى جڤات و لایەنگرانتان لە بادینان جەوى ڕۆمانسیانەى دانیشتنەکانتان ئاڵۆزبکات، دڵفراوانبن چونکە ئەوە خولیایە مەسرور مەڵاشوى بەگرتن و کوشتنەوە هەڵدراوەتەوە.
وێستەگەیەکی ترى وەفدى دانووسکارى گۆڕان سەردانى ئومێد خۆشناو بووە، بەمەش گەورەیى خۆیان نواند لەحزوریدا ئەوەندە خەجاڵەت بوون نەیانتوانى ووردە گلەییەکى لێبکەن لەپاى ئەو هەموو جنێو قسەى سوکەى رۆژانە ئاودیوى دێگەڵەیى ئەکرد، وەفدەکە بەئومێدەوە ڕۆیشتون و دەستکەوتەکانى کاک ئومێدیان لەلا خۆشبووە، خراپ نییە سود لە پرۆسەى خەیار دابەشکردن وەرگرن هەرخۆتان خەیارى دەڤەرى نیللى قۆرخ بکەن و ئەو چەکەش لەدەست حەمەى حاجى مەحمود دەربهێنن، ناشێت لەیادیان چووبێت پرۆژەى چاکسازیەکەیان پێشکەش بە ئومێد خۆشناو نەکردبێت هەتا جامانەى سورى بکاتە سەر. 
 
 وەفدەکەى گردى جوت برا ئەبێت، بە پەرۆشەوە بەو پەڕى لەخۆبوردوى و گیانى پرپڕ لە گۆڕان سەردانى سەرۆکى حکومەتى داهاتوو بکات و هەتا تۆزێک شاد و بەکەیف و مەسرور بێنە مەیدان باسى حکومەتە ڕەشیدەکەى بۆ بکەن هەتا قۆستنەوەى (بڕواننە ئەم ووشە داهێنەرەى گۆڕان) * پەیوەندى لەگەڵ بەغدا و متمانە بگەڕێتەوە و سەروەرى یاسا و...ھتد.ئەمە فریشتەیە یان پەرى بۆ گۆڕانخوازان دابەزیوە.سەرۆکى پاراستن دڵخۆشە حکومەتێکى بنکەفراوان دروستبکات هەتا پرتە و بۆڵە ببڕێت و ئێستا بەرهەمى رەنج و ماندوو بوونى خۆى ئەبینێت، کەچەند حیزب و وەزیر و ئەندام پەڕلەمان و جڤات و بەڕێوەبەرى گشتى دەستەمۆ کردووە و کڕیوە.
 وەفدەى دانووسکارى بزوتنەوەى گۆڕان بە دڵنیاییەوە ئەبێت کۆڵ لە دانیشتن و دانوسان و چا هەڵقوڕاندن نەهێنێت، هەتا جامانەى سور بخاتە سەر پرۆژە چاکسازیەکەى و بە گیرفانى پڕ لە پەڕۆى زەردەوە بۆ گردەکەى جوت برا بگەڕێتەوە بۆ سەرچۆپى و ئاهەنگى گواستنەوەى گۆڕان بۆ ناو حکومەت بە دەسڕى زەردەوە...بایدات.
 پیرۆزە.. پیرۆزە
گۆڕان بەردەوامە

 
بۆ گوێبستى تەواویى قسەکانى عەلى حەمەساڵح لە دەنگى ئەمریکا 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە