حکومەتی زەردو سەوز ماناى گوومبون لە دەھالیزەکانەوە

Monday, 11/02/2019, 23:34

3312 بینراوە


وا چەندەھا مانگ تێپەڕی بەسەر ھەڵبژاردن، بەڵام ھێشتا حکومەتەکەی کوردستانی باشوور ھیچی لێ شین نەبوو! تا ئێستاش نە حیزبی براوەی زەرد نە دۆڕاوی سەوز ڕوونکردنەوەیەکی مەنتیقیان بەدەست ڕای گشتی نەداوە چونکە حیسابیان سفرە لەلای ھەردوو لا تەنیا لە کاتی دەنگ دان نەبێ! بەڵام دیارە قوڕ بەسەری میللەت کراوە تا مایە حکومەتێکی ڕاست و دروست سروشتی نابینی بە نمونەی ھەر وڵاتێکی تر کە بە چارەگى ئەوانە ئیدعای دیموکراتیەت و بە ئۆرگانی بوونی نەکردووە!؟ بۆیە پارتی لێرە براوەی ھەڵبژاردن لە ژێر چاودێریەکی زۆرن مێژووش ڕەحمیان پێ ناکات ئەگەر ڕیزی ئەم میللەتە نەگرن! خەڵک چاوەڕوان نین لەژێر سێبەری ئەو ھەموو پڕوپاگەندەی پارتی کردی پێش ھەڵبژاردن و بە بەجێگەیاندنی ڕیفراندۆم و بەڵێنەکانی، تازە بەتازە بگەڕێنەوە بۆ دواوەو بە فیفتی فیفتی حکومەت لەگەڵ کراس سەوزەکان پێکبھێنێ ئەوە مەھزەلەیەکی گەورەیە.
خەڵک وا قناعەتی ھاتووە ئێستا پارتی زۆر سەرقاڵن لیستێکی تۆپ بڕۆفیشناڵ و بەتواناو دەست پاک و خەمخۆری ئەمنی قەومی کورد بۆ ھەرچوار پارچەکەی کوردستان ئامادە دەکەن! دووربینن بەئەندازەیەک بە فیکی ئەم (تورک) و ئەو (ئیران) و کلاو لەسەرەکانی پشت زەریاکان بەمەلە ناکەون! ئەوەندە زیرەک و چاو کراوەن ئەمیبیاش لەناو زەڵکاو دەبینن! ئەوەندە دەست پاکن لە غەیری موچەکەیان نەک دەست بۆ ماڵی گشتی نابەن بەڵکو لە فەرهەنگياندا نىیە! ئەوەندە موخلیس و بەوەفان دادوەریەکی کۆمەڵایەتی وا دروست ئەکەن بۆ خەڵکی کوردستان مەگەر لە ئەوروپاش نمونەی نەبێ! مووچە زەبەلاحەکانی وەزیرو ئەندام پەرلەمانان و پلە باڵاکان بە ھیچ حال ناگاتە دوو ئەوەندەی فەرمانبەرێکی دەرچووی کولێژ! فیلا و دەرزن سەیارەو سەدان پاسەوانیان پێ نادەن! بە ھیچ شێوەیەکی مەحسوبیەت لە پلەو پایە نامێنێ! کەسیش نابینینەوە بێکار بێت! ئەگەر کاریشی نەبێت مووچەی بێ کاریان پێ ئەدرێ! لەمەولا دزو چەتەکانی خاوەن دەيان خانوو و ئەرزی روکنەکان و پڕۆژە زەبەلاحەکان دووبارە نابنەوە! ئەوەی ھەشە بە دادگای میللەت ئەدرێن یان فت ئەکرێن بە تەئکید پاش داماڵینیان لە موڵکی دزراوی میللەت!؟ تەبیعی گەلحۆیە فش فش کەرو لوت بەرزو قەبۆز ناشیرنەکانی حیزب و حکومەت جارێکی تر نابینینەوە چونکە ئەوانە وەک مافیا بۆ دزی و چەتەیی و ماستاو سارکردنەوە دەیان ساڵە وەک جۆکەر لەمبەرو ئەوبەر لێی ئەخۆن جا دەسەڵاتدار بن یان لە ئۆپۆزسیونە چلکاو خۆرەکان پێش ھەموویان گۆڕانی بێ گۆڕان، ئینجا ئیسلامیە خۆفرۆش و ھەڵپەرستەکان. بەھەمان ئەندازەش ھەموو فەرمانبەران و مامۆستایان و چین و توێژی مووچەخۆری راستەقینەی حوکومی، مووچەی پاشەکەوت و خوراوەکانیان ئەدرێتەوە! خەڵك تەئكيدە پارتی لە حكومەتى نوێ لەسەرووی ستراتیژیەتی کاریەتی بە پلانێکی دڕێژراو بە کاتێکی کەم پارەکانیان بگەڕێنێتەوە بەردەستیان، چونکە موستەحیلە زوڵم قبوڵ بکەن ئەسڵەن یەکەم کاری ئەوە دەبێت! پارەی نەوتە حەیاتەکەش لەمەولا بە قست و میزان حەقی خەڵکی لێ ئدرێ! ھێشتا ماوە..؟ بەڵێ ماوە..!

سوپایەکی نیشتمان پەرەوەری بەھێز لە دایک ئەبێت بە ئەندازەیەک ھیچ دوژمنێک زەفەری پێنابات، وەک ئەوەی دیمان لە کەرکوک و ناوچە دابراوەکان! جارێکی تر خوێنی شەھیدان و بریندارە پێشمەرگەکان بەر پێ ناخرێن، بۆیە بۆ تۆڵەی ئەو زاتانەو گەڕانەوەی ئیعتباری ھەموو کوردێک، ئەوانەی کەرکوکی بابە گورگوریان بە خیانەت لەدەست دا جارێکی تر تەسبیحە قەزوانەکانیان بەسەری خەڵکەوە بانادەن بەڵکو گۆڕ بەگۆڕ ئەچن! بە تەئکید حکومەت یەکێک لە ستراتیژیەتی کاری گەڕانەوەی ئەو ناوچە جێناکۆکانەیە..! ئێ دەی وانىیە..؟ پێم بڵێن ئەگەر وانییە خەڵک چاوەڕوانی چىیە؟! ھەر حکومەتێکی نوێ لە پاش ئەو ھەموو دزی و چەتەییەی ئەو تاقمەی بە ناو حوکمەت یان حیزب بیست ساڵە کردوویانە! ئەو ھەموو بێ ئابڕوویەی کردیان لە شکاندنی تاکی کورد یەک بەیەکی لە دزی و تاڵانبردنی نەوتیان و مووچەیان و بێ کارەبایی و ئاوو خەدەمات و ساغ کردنەوەی ئەو ھەموو خواردنە بەسەر چووانەی تورک و فارس بەسەر خەڵکی کوردستان، خراپترین دەرمانی نا درەمان! ئەو ھەموو بێ شەڕەفەییەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان کرا چاوەڕوانی چی بن؟! ئەگەر ئەوەی ووتمان وا نەبێ! دەی ئەگەر وا نەبێ ئەو میللەتەش ھەروا بێ دەنگ بێت لەبەرامبەر ئەو ھەموو سووکایەتیەی بە خاک و ئیرادەو موڵک و ماڵی ئەکرێ لەوەی زیاتر شایەن نىیە، فاتيحەيەكى گەرميش بۆ چوار ساڵى داهاتوو بخوێنن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە