بۆچی ڕژێمی سوریا تا ئێستا مایەوە؟

Wednesday, 13/02/2019, 23:34

4436 بینراوە


کورد چۆن جەنگی ناوخۆی سوریای قازانج کرد؟
جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستوەردانی دەرەکی لە ساڵی (2011) دا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە هەژموون و بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری (ئەمریکا - ڕووسیا) و (سونە - شیعە)وە هەیە. ئەمریکا و یەکێتی سوڤیەت لە پێش جەنگی سارد و سەردەمی جەنگی ساردەوە ململانێییەکی بەهێزیان هەبوو، بە سیاسەتی تەوقدان و سیاسەتی تەوق شکاندن لە هەوڵی لاواز کردن و ڕووخاندنی یەکتریدا بوون. بۆنموونە کۆریای باشور دوای دابەش بوونی لەگەڵ کۆریای باکور لەبەرەی ئەمریکا و سەرمایەداریدایە، بەڵام کۆریای باکور لە بەرەی شۆسیالیست - یەکێتی سوڤیەت(ڕووسیا)دایە. عێراق دوای کودەتا سەربازییەکەی عبدولکەریم قاسیم لە 14 تموزی 1958 دا و دوای گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە ڕووسا و گۆڕینی ڕژێمی پاشایەتی بۆ کۆماری پەیوەندییەکی توند و تۆڵێ لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت دا هەبوو، تەنانەت حیزبی شیوعی عێراق لەو سەرووەمەدا زۆر بەهێز بوو. لەسەردەمی کودەتای یەکەمی بەعس لە ساڵی 1963 دژی عبدولکەریم قاسم و کودەتای دووەمی بەعس لە ساڵی 1968 بەعس پەیوەندییەکی توندوتۆڵی ئابوری و سیاسی لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمریکا و ڕووسیادا هەبوو، لە جەنگی عێراق - ئێران لە نێوان ساڵانی 1980 - 1988 حکومەتی بەعسی عێراق هاوکارییە سیاسی و سەربازی و ئابورییەکانی لە ئەمریکا و ڕووسیاوە وەردەگرت. بەڵام دوای پەلاماردان و داگیرکردنی کوێت لە ساڵی 1990 دا ، لە ساڵی 1991 دا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی عێراقیان لە چنگی عێراق دەکرد بە سەرکردایەتی سەدام حسێن. ئیدی لەو زەمانەوە ئەمریکا کاری لەسەر لاوازکردن و لە ناوبردنی حکومەتی عێراق دەکرد، عێراقیش پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت دا هەبوو.
یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 دا لێک هەڵوەشایەوە ڵە بەرامبەر بەرەی خۆرئاوای سەرمایەداری بەڕابەرایەتی ئەمریکا، زۆربەی ووڵاتەکانی چوارچێوەی یەکێتی سۆڤیەت سەربەخۆ بوون و کۆماری سەربەخۆیان دامەزراند، دوای کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت ووڵاتانی بەرەی خۆرهەڵات  لاواز بوون لەبەرامبەرم بەرەی خۆرئاوای سەرمایەداری. 
ئەمریکا لە دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەم لەڕێگەی بزووتنەوەی توندئاژۆی تاڵیبان و قاعیدە ڕێژێمی کۆمۆنیستی ئەفغانستانی لایەنگری سۆڤیەت لەناوبرد، واتە ئەفغانستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکاوە. لە ساڵی 2001 دا ئەمریکا دوای ڕووداوی یانزەی سێپتەمبەر ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوپەمانەکانی حکومەتی تاڵیبانی لە ئەفغانستان لە ناوبرد و ئەفغانستان ڕاستەوخۆ کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکاوە.
لە ساڵی 2003 دا ئەمریکا هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆلەناوبردنی حکومەتی سەدام حسێنی لایەنگری ڕووسیا، هەرچەندە ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی دەوڵەتە یەکگرتووەکان مافی ڤیتۆی بەکارهێنا بۆ هێرش نەکردنە سەر عێراق، بەڵام ڤیتۆکەی کاریگەری نەبوو، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی 2003 دا حکومەتی بەعسی عێراقی لە ڕێگەی سەربازییەوە لەناوبرد، دواتر حکومەتێکی لایەنگری ئەمریکا لە شیعە و سونە و کورد پێکهێنا.
لەسەردەمی کابینەی دووەمی باراک ئۆبامادا ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوبا دا ئاسایی کردەوە، ئەمە لە کاتێکدا لەسەردەمی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت، یەکێتی سۆڤیەت سیستمی موشەکی دژی ئەمریکا لە کۆبا جێگیرکردبوو، بەڵام لەسەردەمی ئۆبامادا پەیوەندی سیاسی و ئابوری و دبلۆماسی و بازرگانی کوبا و ئەمریکا ئاسایی بوویەوە.
کاتێک جەنگی ناوخۆی سوریا لەساڵی 2011 دا دەستی پێکرد، ڕووسیا خێرا هاتە سەرخەت بۆ پشتگیریکردنی ڕژێمی ئەسەد، تاکو چۆن کۆریای باکور و ئەفغانستان و عێراق و کوبای لە دەستچوو، بەهەمان شێوەی سوریاشی لەدەست نەچێت. ڕووسیا بە هەموو جۆرێک لەگەڵ مانەوەی بەشار ئەسەد دا بوو، ئەمریکا و ووڵاتە عەرەبییەکان و ئەوروپییەکان لەگەڵ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد دا بوون و پشتیوانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریایان دەکرد لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابورییەوە، دواتریش ئەم گروپانە خۆیان لە داعش و جەبهەت نوسڕە و سوپای ئازادی سوریا و ئەحرار سام دا خۆی یان نمایش کرد، دواتر ئەم گروپانە تورکیا هاوکاری دەکردن. لەلایەکی دیکەوە بەشار ئەسەد کە دیکتاتۆر بوو، نەیارەکانی ئەسەد گروپی تیرۆرستی بوون و سیاسەتکردنیان لە ئەسەد باشتر نەبوو.
لە جەنگی سوریادا دوو بەرەی دیکە هەوڵی هەژمونگەراییان دەدا ئەویش تورکیای سونی و ئێرانی شیعی. سوریا کە لە سەردەەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دا لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی تورکی سونە مەزهەب دا بوو، بەڵام لە سەردەمی حافز ئەسەد و بەشار ئەسەد دا لەبەرەی شیعە و ئێران دا بوو. کەوتنی ئەسەدی شیعی هاوکێشەکەی پێچەوانەدەکردەوە و تورکیای سونی لە ناوچەکەدا بەهێز دەبوو، وەکو چۆن بە کەوتنی عێراقی بەعسی سونی، ئێرانی شیعی لە ناوچەکەدا بەهێزبوو و عێراق کەوتە ژێر هەژموونگەرایی شیعەوە. لەبەرئەوە تورکیا هەموو هەوڵێکی دەدا لەڕێگەی داعش و سوپای سوریای ئازاد و گروپە توندڕەوەکانی دیکەوە دژایەتی ڕژێمەکەی ئەسەد و کوردی خۆرئاوای کوردستان بکات، ئێرانیش بەهەموو هاوکارییەکی سەربازی و ئابوری و سیاسی لەگەڵ ڕووسیا ڕژێمەکەی ئەسەدیان پاراستوو مایەوە. لە ڕاستیدا تا سەرکەوتنی کۆبانی تورکیا لەبەرەی ئەمریکا و خۆرئاوادابوو بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سوریا، بەڵام دوای سەرکەوتنی کۆبانێ و هاوکاریکردنی کورد لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانەوە تورکیا چووە بەرەی ڕووسیا و خۆرهەڵاتەوە تا لە ڕێگەی ئێران و ڕووسیاوە دژایەتی کورد بکات.
لە کێشەمەکێشی سوریادا و سیاسەتکردنی ئەمریکا - ڕوسیا، تورکیای سونی - ئێرانی شیعی، کورد عاقڵانە توانی سوود لەو سیاسەتکردنانە وەربگرێت بۆ بنیاتنانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی. واتە گەر چۆن هەر لەسەرەتاوە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپی و عارەبییەکانی دژی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بوون، ڕووسیا و ئێرانیش لەگەڵ لەناوچوونی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دا بوونایە، ئەوە جەنگی سوریا ئەوەندە درێژەی نەدەکێشا. چونکە بەشار ئەسەد لە (زەینەل عابدین سەرۆکی تونس و حوسنی موبارەک سەرۆکی میسڕ و موعەمەر قەزافی سەرۆکی لیبیا) بەهێز تر نەبوو. لەڕاستیدا کوردیش پێڕانەدەگەیشت ئەو ڕووداوە مێژووییە قازانج بکات و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بنیاد بنێت، بەڵکو هەر بەژێر دەستەیی دەمایەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستێوەردانی دەرەکی لە ساڵی 2011 دا، کورد لە خۆرئاوای کوردستان هێزی دروست کرد بۆ پاراستنی نەتەوە و خاکی. بۆ پاراستنی خۆی هێڵی سێیەمی هەڵبژارد، نەبوو بە دۆستی نەیارەکانی ئەسەد لە بەرژەوەندی نەیارەکانی ئەسەد دژی ڕژێمەکەی ئەسەد، نەبوو بە هاوپەیمانی ئەسەد دژی نەیارەکانی ئەسەد و ڕژێمەکەی لەکاتێکدا هەڵوێستی نەیارەکانی ئەسەد لە ئەسەد باشتر نەبوو بەرامبەر کورد. لێرەوە کورد بەپێی بەرژەوەندی نەتەوەیی هەنگاوی هەڵناوە، بەشێوەی سیاسەتی عاقڵانە سوودی لە سیاسەتکردنی ئەمریکا - ڕووسا، تورکی سونی - ئێرانی شیعی بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی وەرگرت.
لێرەوە بە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە کورد لە خۆرئاوای کوردستان توانی سیستمی کانتۆنی و دواتر فیدڕاڵی دابمەزرێنێ و ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی و پێکەوەژیان، لە ناو گێژاوی تیرۆر و کاولکاری سوریادا پێشکەش بکات.
لەڕاستیدا لە دوای جەنگی چاڵدێران ساڵی 1514 عیسایی نێوان ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی سونی - سەفەوی شیعی، دووبەرە لەناو کورد دا دەرکەوتووە: یەکەم هێڵی خیانەت. دووەم هێڵی نەتەوەیی، ئەوەی ڕاستییەکی تاڵ و بەڵگە نەویستە ئەوەیە کە تا سەرکەوتنی شۆڕشی خۆرئاوای کوردستان هەمیشە هێڵی خیانەت لە ناو کورد دا لە سەرکەوتنێکی کارەساتباریدا بووە بۆ سەر کورد، هەمیشە دوژمنانی کورد ئەم هێڵەیان لە ناو کورد دا پێشخستووە، تاکو هێڵی نەتەوەیی تێکبشکێنن و کوردستان بە داگیرکاری و جینۆساید کراوی بمێنێتەوە، بەڵام شۆڕشی خۆرئاوا سەرەڕای پیلانگێڕییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی تورکیا و داعش و ئێران و سوریا و پێلانگێڕییەکانی هێڵی خیانەتی ناو کورد سەرکەوتنی مەزنی بەدەستهێنان و پیلانگێڕییەکانی تێکشکاندووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە