ژیانی شیروان شیروانی لە مەترسیدایە، تا ئیستا بەردەوام ئەشکەنجەدەدرێت

Thursday, 14/02/2019, 16:39

17483 بینراوە


دوێنێ چوارشەممە 13 / 02 / 2019  کاتژمێر 12 هێزێکی سەر بە دەزگای پاراستن، خۆیان کردووە بە زنیداندا و بەبێ پرس و نامەی فەرمی کە پیشانی بەرپرسانی زیندانەکەی بدەن، بە زۆر شیروان شیروانییان بردووە، ئەو سەرچاوەیە کە نزیکە لە پاراستن و لە دەمی یەکێک لە ئەشکەنجەدەرەکانی بیستووە، کەوا شیروان شیروانییان خستۆتە ژێر لێدان و ئازاری دەروونی تا کۆڵی پێبدەن و تەسلیم بە ئیرادەی پاراستن ببێت، سەرچاوەکە باسی لە جۆری ئەشکەنجەدانەکەی نەکرد، تەنیا ئەوە نەبێت کە وتی دەیانەوێت بە هەر شیوەیەک بێت تا ماوەی دوو سێ رۆژ کۆڵی پێبدەن، ئەو توانا خۆڕاگرییەی نەمێنێت، کەسایەتی بشکێنن، وەکو مەلا ئەحمەد سوسەیی لێبکەن، دوایی بهێننە سەر کەناڵی تەلەفیزیۆنەکان و  ئەو قسانە بکات، کە بە دڵی پارتیی و بنەمالەی بارزانی بێت و داوای لێبوردنیان لێبکات، ئامانجیش لەمە دیسان ئەوەیە کە شیروان شیروانی لە پاڵەوانێکەوە بکەن بە کەسێکی ناشرین و قێزەوەند، گومانی لێبکرێت، بۆیە لە چەند سایت و پەیجێکی فەیسبوکدا پێش چەند رۆژێک، کەوتنە پرۆپاگەندە کردن  گوایە شیروان شیروانی سەر بە دەزگای پاراستنە و کاریان بۆ دەکات، بەمەش پشتیوانی کەم بکەنەوە و سۆز و گەرمی خەڵکی بۆ نەمێنێت.
شایانی باسە ئەمڕۆش گۆڕان و پارتیی دانیشتنیان هەبوو، کە پێشتر وایان راگەیاندند، کەوا یەکەم داخوازییان ئازادکردنی شیروان شیروانی دەبێت. ئەم پێشنیارەیان، پارتیش پەیمانی تەواویی پێ نەداون، بەڵام وتوویانە گوایە لەم چەند رۆژەەدا هەموویان بەرەڵا دەکرێت، یەکێکیش لە بەرپرسەکانی گۆڕان ئەوەی راگەیاندن، کە پارتیی پەیمان دەدات و جێبەجێی ناکات، قسە و پەیمانیان جێگای گەرنتی نییە، بەڵام وەکو باسکراوە، کە ئەوانەی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، وایان راگەیاندووە، کە ئەرکی گۆڕان لە مەبەست لەو دانیشتنە بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانە نەبووە، بەڵکو کاری ئەوان بۆ مەبەستی دیکەی خۆیان بووە، ئەوانەیان لە پێش چاوگرتووە، پەیوەندییەکانیشیان لە پێناو داخوازییەکی وادا لەگەڵ پارتیی ناخەنە مەترسییەوە.
دیسان ئەو سەرچاوەیە ئەوەی ئاشکراکرد، کە ئیستا شەڕێکی زۆر قورس لە نێوان باڵی نێچیر و مەسروردا هەیە، شیروان شیروانیش بۆتە قوربانی نێوان ئەو دوو باڵە،، هەر کامێکیان ئەو زیندانیانە ئازاد بکات، باڵەکەی دیکە دەچێت پێچەوانەکەی دەکات، ئەوەی دوێنێ دیاردەی ئەو شەڕەی نێوان نێچیر و مەسرور بوو، کە نێچیر وای بڕیاردابوو هەوڵی ئازادکردنیان بدات، بەڵام پاراستن چووبوو لە زینداندا دەری هێنابوو، بردبوویان بۆ شوێنێکی نادیار. ئەوەی بۆتە مایەی گاڵتە پێکردن و کۆمیدیا،  ئەوەیە کە بەرپرسی زیندانی (زیرکا) ئەویش ئەمڕۆ رایگەیاند و دەڵێت : ئێمە نازانین بە فەرمانی کێ هاتوون شیروان شیروانیان بردوو و ئیستا لە کوێیە؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە شیروان شیروانی بە فەرمانی دادوەر گیراوە، دەبوو هەر بە فەرمانی دادوەر لەو زیندانە دەربهێنرێت و ببرێت بۆ شوێنێک دیکە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە