پارتی، گۆڕانی (تڕۆ تەرفیع) کرد!

Sunday, 17/02/2019, 15:06

8822 بینراوە


دەمێکە دانیشتووی گردەکە، بڕیاری بەشدارییان لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم داوە، بەڵام کاتیان گەرەک بوو، بۆ ئەوەی شەرمیان بشکێت، ڕایبگەیەنن کە دەچنە نێو حکومەتێکەوە کە خۆیان دەیان گوت شەرعیەتی نییە و بە دەنگی ساختە هەڵبژێردراوە!  نەوت، پارە، پارووی چەور و پۆست، بنەمای سەرەکیین بۆ ئەوەی سەرانی ئەمڕۆی گۆڕان لەگەڵ مەسرور بارزانی حکومەتی هەرێم پێکبهێنن.

بەگوێرەی هەواڵەکان بێت، گۆڕان شەش پۆستی وەرگرتوە، ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی ئاسایش. وەزیری پلان دانان. وەزیری پەروەردە. وەزیری ئاوەدانکردنەوە. سەڕۆکی دەستەی وەبەرهێنان و جێگری سەڕۆکی هەرێم.  واتە شەش کەس لە نێو ئەو بزوتنەوەیەدا نانیان کەوتە نێو ڕۆنی پارتی، لەو شەش کەسە بترازێت کە دەبن بە خاوەن پۆست و پارە، بەشداری گۆڕان لە حکومەتی مەسرور بارزانی، بۆ لایەنگرانی گۆڕان لە ئاست خوارەوەی ئەو پارتە، لە سەرئێشە زیاتر هیچ دەستکەوتێکی دیی نابێت، وەک جاران لە دامودەزگە حکومیەکان دەردەکرێن و بزوتنەوەکەش بەرەو پوکانەوەی زیاتر دەچێت.

پۆستی جێگری سەڕۆکی هەرێم: دەمێکە ئەو پۆستە هەیە، ئەزموون سەلماندویەتی  ئەو کەسەی کە ئەو پۆستەی وەرگرتووە یان  وەردەگرێت، سفری دوای فاریزەش نەبووە و نابێت و نییە.

سەڕۆکی دەستەی وەبەرهێنان: کاتێک کە گۆڕان وەزیری دارایی لابوو، ئەو کابرایە نەک هەر هیچی نەکرد، بەڵکو سەری نەوێ کرد و لەژێرەوە بوو بە پارتی. ئەگەر وەزیرێک دەسەڵاتی نەبووبێت و نەیتوانیبێت هیچ بکات، ئەمڕۆ گۆڕان دەیەوێت یەک نەفەر لە دەستەی وەبەرهێنان ڕۆڵی هەبێت بۆ ئەوەی بزانن داهات و دەرامەت و خەرجی وەبەرهێنانی کوردستان چەندە؟  ئەگەر سیستەمی دەسەڵاتی هەرێم ئاوا شەفاف بوو، کەواتە گۆڕان بۆ دروست بوو؟

ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی ئاسایش: یەکەم هەر کەسێک لەو هەرێمەدا کە ڕاوێژکار بە ناوەکەی لکا، مانای وایە لە پۆستێکی بەتاڵی ڕازیکەر دانراوە(بطالە مقنعە).  دانیشتوی گردەکە بە هەموو ئەقڵیان دەیانەوێت بڵێن: کە دەزگەی پارستن و مەسرور بارزانی ، ڕاوێژ بەو نەفەرەی گۆڕان دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگەیان بۆ دابنێت؟  ئەمە لە خۆ هەڵخەڵەتاندن بەولاوە هیچی دیی لێ شین نابێت.

وەزیری پلان دانان و ئاوەدان کردنەوە: پلان بۆ چی دادەڕێژێت، بۆ ئەوەی کوردستان ئاوەدان بکاتەوە؟ لە کاتێکدا تا ئێستا گۆڕان نەیتوانیوە پرۆژەیەک لە سلێمانیدا گەشە پێ بدات؟

وەزیری پەروەردە: واتە ئەو نەفەرەی گۆڕان بڕیار لە مەنهەجی خوێندن دەدات، ئەی ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە بەرزنرخاندنی ڕۆڵی تاڵەبانی و بارزانی لە خەباتی گەلی کورددا، چی لەو بەشە دەکات، لە مەنهەجا دەیسڕێتەوە یان پەرەی پێدەدات؟ کە تا ئێستا بەسەدان دۆکیۆمێنتیان بە نێو خەڵکدا بڵاوکردۆتەوە و هەردووکیانیان بە خاین و خۆفڕۆش پێناسە کردوە؟

گۆڕان دەیەوێت گاڵتە بە ئەقڵی خەڵک بکات یان بە ئەقڵی خۆی؟ گۆڕان لە کاتێکدا کە خاوەن پێگەی جەماوەری بەهێز بوو، بە سەدان کادیری ناسراوی نێو یەکێتی پشتیوانی بوون، خاوەن ٢٥کورسی پەرلەمان بوو، هێشتا لە نێو خەڵکدا نەزانرابوو: کە گردەکە و "کەی. ئێن. ئێن"، لەسەر کێ تاپۆ کرابوون، وەک میراتی سیاسی بۆ کێ بەجێمابوون، هێشتا زۆربەی ئەوانەی لەسەر لیستی ئەو پارتە پۆستیان وەرگرتبوو ڕووە ڕاستەقینەکەیان بەدەرنەکەوتبوو، واتە بە پێگەیەکی بەهێزتر لە ئەمڕۆ بەشداری پێکهێنانی حکومەتی ڕابردووی هەرێمیان کرد، سەرەڕای ئەوانە، مەسعود بارزانی لە ماڵەوەڕا تەنیا بە یەک وشە، لە حکومەت  وەدەریانینا، کابرای سەڕۆکی پەرلەمانەکەیان لە خاڵی پشکنینی هەولێر گیریخوارد!

گۆڕانێک کە ئەمڕۆ، لە نیوە زیاتر پێگەی جەماوەری لە دەست داوە، خاوەن سەرکردەی خاوەن کالیزمای سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووی نییە، ئەوانەی هەن زۆربەیان، لەسەر بیناغەی لێهاتووی، شارەزای، دڵسۆز لە شوێنی شیاو دانەنراون، بەڵکو لە ئەنجامی بوونی گرفتی نێوان سەرانی یەکێتی لە نێو جەماوەردا بەدەرکەوتوون. کەسایەتی ئەو جۆرە کەسانە تەنیا گونجاوە بۆ ئەوەی بیر لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان بکەنەوە، پۆستێک و موچەیەک بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، لەوە بترازێت ئەوانە هی ئەوە نین چارەنووسی میللەتێک دیاری بکەن، بەرەو سەرکەوتنی ببەن یان تەکان بە بزوتنەوەی گۆڕان بدەن. ئەمڕۆ، لەسەر دەستی ئەو کەسانە، لە جۆری سیاسەت کردن و بەڕیوەبردنی ئیفلیج، گۆڕان لە دۆخێکی لاوازە، چەند پۆستێکی مسۆگەر کردەوە و خۆی پێ هەڵدەکێشێت و بە سەرکەوتنی دادەنێت! لە ڕاستیدا ئەو پۆستانە گۆڕان زیاتر بەرەو پاشەکشە دەبات، پێکهێنانی حکومەت یان پێکنەهێنانی، هیچ لە هاوکێشەکان ناگۆڕێت، لە هەردوو حاڵەتدا پارتی خاوەن دەسەڵاتەو لە ناوەندی بڕیار دانە.  دانی ئەو پۆستانە بە بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن پارتیەوە، لە تڕۆ تەرفیع بەو لاوە هیچی دیی نییە!

تێبینی: (تڕۆ تەرفیع): ئەم زاراوەیە لەناو پێشمەرگەکانی سەردەمی شاخ باو بوو، ئەگەر هەرکەسێک دوور بخرایەتەوە، پەڕوباڵیان بکردایە، بەڵام پۆستێکی هاکەزاییان پێ بدایە، ئیتر لەناو پێشمەرگەی سادەی ئەو کاتەدا ئەو کەسە پێی دەگوترا (تڕۆ تەرفیع) واتە ترۆکراو بە تەرفیعەوە. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە