ئەمە ڕووداوێکی مێژوویی و گۆڕانکارییەکی گەورەی سیاسی بوو بۆ کورد. بەڵام پارتە کوردییەکان لەبری بە دامەزراوەی و نیشتیمانیکردنی دام و دەزگان و هێزی پێشمەرگە، و ئاواکردنی سیستمێکی مەدەنی و دیموکراتی و یاسایی و پەرەدان بە بنەماکانی هاووڵاتی ئازاد و یەکسان و بنیاتنانی پەیوەندییەکی دبلۆماسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کەچی شەڕی براکوژی و گرێدراوی دەرەکی و دووئیدارەیی و گەندەڵی و بنەماڵەچێتی و حیزبایەتیان ئەنجامدا.
ساڵی 2003 ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی حکومەتی بەعسی عێراقیان ڕووخاند. بۆشاییەکی گەورەی سیاسی لە عێراق دا دروست بوو، جگە لە کورد هیچ پێکهاتەیەکی دیکەی عێراق هێزی نەبوو، واتە سەرەڕای دوو ئیدارەی، بەڵام کورد خاوەن هێزی پێشمەرگە و حکومەت بوو، بە واتەیەکی دیکە کورد ژمارەیەکی قورس و بەهێز بوو لە عێراق دا، دەتوانرا سوود لەو ڕووداو و گۆڕانکارییە گەورەیە مێژووییە وەربگرێت بە ئاڕاستە دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ لە هەرسێ پارێزگاکەی ناوچەی ئارامی هێڵی (36) و کەرکوک و تەواوی ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەعس. بەڵام سەرکردایەتی کورد بە مەبەستی بە دەستهێنانی بەرژەوەندی کەسی و حیزبی و بنەماڵەیی چوونە بەغداد و حکومەتی شیعەیان لە عێراق دامەزراند و دواتر داوای مافەکانی کوردیان لەو حکومەتە دەکرد کە کورد پێکهێنەری سەرەکی بوو.
لەگەڵ هاتنی داعش بۆ موسڵ 9/6/2014 و شکست و کەوتنی سوپای عێراق لەو ناوچانەدا، پێشمەرگە توانی بۆماوەی دووساڵ خۆڕاگرانە بەرگری بکات، تەواوی ناوچە کوردستانیەکان تا چیایی حەمرین کۆنتڕۆڵ بکات، ئەو ناوچانە لە ڕووی نەتەوەیی و سەربازی و کارگێڕی و ئابورییەوە لە ژێر فەرمانڕەوای کورد و پێشمەرگەدا بوو، بەڵام چارەنووسی ئەو ناوچانە لە ڕووی سیاسی و نێودەوڵەتی و یاساییەوە یەکلای نەببۆوە و پەیوەست بوو بە کۆتایهاتنی جەنگی داعشەوە لە عێراق. لە جەنگی داعش دا کورد سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، جەنگی داعش سێیەم ڕووداوی مێژوویی بوو کە سەرکردایەتی کورد نەیتوانی بە ئاڕاستەی مافە نەتەوەییەکانی ئەو جەنگە و ڕووداوە مێژووییە قازانج بکات. ئەمە مانای ئەوەیە کە پارتە کوردیی و پێکهاتە سیاسییەکان شۆڕشیان نەکردووە، بەڵکو خەڵکیان بە کوشت داوە.
خۆرئاوای کوردستان. بۆ یەکەمجار کوردی خۆرئاوای کوردستان لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستێوەردانی دەرەکی لە ساڵی 2011 دا، توانی بە پەیڕەوکردنی هێڵی سێیەم، هێز دروست بکات و خاکی خۆی ڕزگاربکات، و سیستمی فیدڕاڵی دابمەزرێنێ، و ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی و پێکەوەژیان بنیاد بنێن و بمێننەوە، لە ناو گێژاوی تیرۆر و کاولکاری سوریا و پیلانگێڕییەکانی تورکیا و داعش لە دژیان. واتە ئەزموونی باشوریان دووبارە نەکردەوە بە دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ و گرێدراوی دەرەکی.
هەروەها دوای هەواڵی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، چەندان بەرپرسی ئەمریکی و ئەوروپی هاتنە سەرخەت و باسیان لە پاراستنی کوردی خۆرئاوا کرد، وایلێهات باس لە دروستکردنی ناوچەی ئارام و زۆنی دژە فرین بکرێت، لە مانگی یەکی 2019 دا سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ تورکیای ئاگادار کردەوە، ئەگەر هێرش بکاتە سەر خۆرئاوای کوردستان، ئابوری تورکیا دادەروخێنێ. ئەم هەڵوێستە باشەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە کوردی خۆرئاوا، نیشانیدا کە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئەو وڵاتانە ئاستی سەربازی و ئەمنی تێپەرکردوە و بە ئاستی پەیوەندی و هاوپەیمانی سیاسی و دبلۆماسی گەیشتووە. بەو شێوەیە خۆرئاوای کوردستان لە رووی دبلۆماسیشەوە سەرکەوتنی بە دەستهێنا، ئەو ئاستەنگیانەی دەربازکرد کە تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆیاندرووستکردبوو.
تورکیا بەرامبەر بە سەرکەوتنی سەربازی و دبلوماسی و ئیداریی و کۆمەڵایەتی خۆرئاوای کوردستان، داگیرکردنی عەفرین نەبێت هیچی پێنەکرا، وا دەستوەستان ماوەتەوە، لەولاشەوە کار بۆ هێشتنەوەی رژێمی ئەسەد دەکرێت، کار بۆ ڕێکەوتنی نێوان کوردی خۆرئاوا و ڕژێمی ئەسەد دەکرێت، بەو شێوەیە بێت تورکیا لە سوریا زیانێکی سیاسی گەورەی لێدەکەوێت و بەهاری عەرەبی سوریاشی لە دەستدەچێت و ناتوانێت سیاسەتی عوسمانی نوێ لە ناوچەکەدا پێشبخات.