مەرامەكانی پشت پڕۆتۆكۆڵی ١٧ی شوبات چین؟

Monday, 18/02/2019, 1:37

5746 بینراوە


مەرامەكانی پشت پڕۆتۆكۆڵی ١٧ی شوبات چین؟
دیاریكردنی ڕۆژی ١٧ی شوبات بۆ واژۆكردنی پڕۆتۆكۆڵی سیاسی نێوان پارتی دیموكڕاتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەمەڕ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت لەسەر فەرمانی پارتی بووە، بزوتنەوەی گۆڕانیش فەرمانەكەی بەجێگەیاندو بەبێ سەرنجدان لەكاردانەوەی خەڵك ١٧ی شوباتی كردە ڕۆژی ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی بۆ شەراكەت لەحكومەتی موچەخۆری موچەزۆردا.
پارتی سێ ئامانج دەپێكێ لە دیاریكردنی ئەم ڕۆژە:
١-تا لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان توڕەتر بكات لەگۆڕان و سەركردایەتی بزوتنەوەكە بدەنە بەر ڕەخنەی توندو تیری تیژبڕی لێبدەن.
٢-پارتی دەیەوێ بەخەڵكی ناڕازی كوردستان بڵێ، لەم ڕۆژەی كەئێوە بەپیرۆزی دەزانن ئۆپۆزسیۆنەكەتان پەلكێشی ژێر ڕكێفی خۆم دەكەم و ئێوەش ھەڵپەڕن.
٣-بەھۆی ئەو پڕۆتۆكۆڵەوە ئاراستەی توڕەیی یادكەرەوانی ئەم ڕۆژە لەلای خۆی دەگۆڕێت و بەرەو ڕووی گۆڕانی دەسوڕێنێت.

بزوتنەوەی گۆڕانیش چوار مەبەستی ھەیە لەقایل بوون بەدیاریكردنی ئەو ڕۆژە:
١-تا دڵسۆزی خۆی بەرامبەر بەفەرمانەكانی پارتی دیموكڕاتی كوردستان تەئكید بكات.
٢-تا بەخەڵكیش بڵێت؛ ئێمە حزبێكین دەمانەوێ ببینە شەریكە بەشی سامانی ھەرێم، ئیتر مەبدەئی گۆڕانكاری ڕیشەیی و پڕۆژەی حكومەتی ھاوڵاتیمان نەماوە.
٣-تا بۆ ھەموانیش بسەلمێنێت كەھیچیتر قودڕەتی ڕكابەری سیاسەتی چەوتی دەستەڵاتدارێتی ھەرێمی كوردستانی نیە.
٤-تا (تاقمە داسەپاوەكەی گردی زەرگەتە) بەلایەنگرانی بڵێت؛ فەرمانەكەی پارتی بەلای ئێمەوە لەئێوە گرنگترە.
ڕەنگە سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لافی ئەوە لێبدەن كە:
١-دوای پێكھێنانی حكومەت موچەی فەرمانبەران وەك پێش سیناریۆی قەیرانی دارایی لێ دێتەوە.
٢-پارە دێتەوە بازاڕو پڕۆژەكانی وەبەرھێنان دەكەونەوە گەڕ.
٣-ئاشتی كۆمەڵایەتی و سیاسی بەرقەرار دەبێتەوە.
٤-پەیوەندی نێوان ھەولێرو بەغداد ئاسایی دەبێتەوە.
٥-ڕكابەرایەتی نێوان دەستەڵات و خەڵك نامێنێت.
٦-گەندەڵی لەحكومەتدا كەم دەبێتەوە.

ئەگەر ئەو لافلێدانە بەدەستكەوت بناسێنن خۆ پێش دروستبوونی گۆڕان موچەو خزمەتگوزاری لەئاستێكی زۆرباشدابوون و پەیوەندی ئیقلیمیەكانیش گرفتی نەبوو، بەڵام گۆڕان داوای بەنیشتیمانیكردنی دەكردن نەك زیادكردنیان.
بۆ پرسی گەندەڵیش ئەوەتا گۆڕان گەندەڵترینەكان دەنێریتە حكومەت و دەیانكاتە شەریكی ھەرە گەندەڵ و داسەپاوەكانی حوكمڕانی ھەرێمی كوردستان، بەپێی دەرئەنجام كاندیدەكانی گۆڕان بۆناو حكومەتیش بەخواستی پارتی بووەو بۆئەوەیە كە بەپارە چاوبەست بكرێن لەئاست گەندەڵیەكانی پارتیدا.
١٧ی شوببات ڕۆژێكە بەلای خەڵكی ناڕازی كوردستان گرنگیەكی زۆری ھەیە، ھەرچەندە سەرنجمان ھەیە لەسەری بەڵام ئەو ڕۆژە خوێنی خەڵكی بێتاوانی تێدا ڕژێنرا، ئەو ڕۆژەش لەئەنجامی خیتابی گرژی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بەرامبەر بەدەستەڵاتدارێتی كوردستان ھاتەگۆڕێ.
بەر لەپەیدابوونی گۆڕان لەمجۆرە بەرھەڵستیكردنەی حكومەت وجودی نەبوو، بەڵكو بەھۆی گۆڕانەوە خەڵك جورئەتی بەرەنگاری دەستەڵاتی دایەبەر خۆی و پێی وابوو پێشەوایەتی دەكات، ھەروەھا خودی (نەوشیروان مستەفا) ئومێدێكی گرنگ و داینەمۆی ئەو جورئەتەی خەڵك بوو، خەڵكی پێی وابوو كە گۆڕان خاوەندارێتی لەشەقامی ناڕازی دەكات، بەڵام لەسەردەمی نەوشیروان مستەفاشدا بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆژێك خاوەندارێتی لەجوڵەی جادەو دەنگی ھەڵبڕاوی كۆمەڵگە نەكرد.
بەھیچ جۆرێك پێشەوایەتی نەگرتە ئەستۆ، وەك ھەر حزبێكیتر بەیاننامەی بەحەق زانین و پشتیوانی بڵاوكردەوەو بەس، زۆرجاران تەنانەت (یەكێتی و پارتی)یش بە(لەفز) پشتیوانیان لەناڕەزایەتیەكانی خەڵك كردووە، كەواتە خەڵكی ناڕازی كوردستان پێشەنگ و سەركردایەتیەكی دڵسۆزی دەوێ نەك پشتیوانی سەركاغەز.
ئەوانەی بەشداری خۆپیشاندانی ١٧ی شوبباتیان كرد ھەر ئەوانیش بوون بۆ ماوەی ١٠ ساڵی ڕەبەقە پشتیوان و ھەواداری گۆڕانن و مەعدەنی ئینسانی ئەو بزوتنەوەیەن، لەگشت ھەلومەرج و قۆناغێكدا سەرسەختانە بەرگریان لەگۆڕان كردووە، كەچی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ڕازیكردنی پارتی و تەئكیدكردنی مسرور بارزانی لەدڵسۆزی سەرانی گردەكە فەرمانەكەی پارتیان بەجێگەیاند و لەڕۆژی ١٧ی شوبباتدا ئیمزایان لەسەر كابینەی مسرور بارزانی كرد.
ئەگەر ھیچیان لەبەرچاو نەبوایە، دەبوا ڕێزی خانەوادەی ئەو شەھیدانە بگرن كە بەگوللەی چەكدارە تەقەكەرەكانی بارەگا حزبیەكانی پارتی كوژران، بەتایبەت (مام زاھید)ی بەساڵاچووی باوكی شەھید سوركێو كە شاربەشارو كۆڵان بەكۆڵان لەپێناو سەرخستنی لیستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەم نەخۆشیەوە دەگەڕاو ھاواری لەخەڵك دەكرد دەنگ بەگۆڕان بدەن.
دەبوا ڕێزی خاتو (ڕێزان گەرمیانی) دایكی شەھید گەرمیانی تەمەن شەش ساڵانیان گرتبایە كەگشت ڕۆژەكانی تەمەنی لەماوەی ئەم ١٠ ساڵە لەپێناو گۆڕاندا بەسەربرد.
ئەمڕۆ ناحەقیەكی گەورەتر لەناحەقی بەشداریكردنی ئەم كابینە تەزویرە كرا.
گۆڕان لەدوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا ڕۆژبەڕۆژ پرەنسیپە حزبیەكان بن پێ دەخات، لەگەڵیشیدا سات بەسات لاداوتر دەبێ لەبنەماكانی ئەخلاقی سیاسی و ھەرچی ڕێزو حورمەتی كۆمەڵانی خەڵكە بەلایەوە بێ ئەرزشە.
١٤٠ ڕۆژە پارتی پێكھێنانی حكومەت دوادەخات بەڵام گۆڕان نەیتوانی ئیمزاكرنەكەی تەنھا یەك ڕۆژیش دوابخات یان پێشبخات، ئەوە دەلیلی مەلموسی دەستەمۆبوونی تەواوەتی سەرانی ئێستای گۆڕانە بە پارتی و مسرور بارزانی.
خۆ ئەگەر سەرۆكی حكومەتیش بدرێت بەگۆڕان ھەر فەرمانبەرێكی گوێ لەمستەو لەموچە وەرگرتن زیاتر یەك زەڕڕە سوڵتەی نابێت، بۆیە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لافی وەرگرتی ١٢٪‏ی پشكەكانی حكومەت لێبدات دیسان بەشێكە لەو بێڕێزیانەی كەماوەی ١٤٠ ڕۆژە بەرامبەر بەخەڵك و ھەڵسوڕاوەكانی دەیكات.
كەواتە ھەموان بابزانن كە گۆڕان تەواوی خەڵكی ناڕازی و پڕۆژە ئەساسەكەی لەبەرامبەر پۆستە مۆچە زۆرەكاندا گۆڕیەوە.
ئەو ئەتوارەی ئەمڕۆی دەستڕۆیشتووەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەچێتە چوارچێوەی پێشێلكاری بەرامبەر بەشعورو احساسی خاوەن قوربانیەكانی ١٧ی شوبات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە