ئەو تاوانبارانەی کە نابێت مێژوو لە بیریان بکات

Tuesday, 19/02/2019, 7:20

6009 بینراوە


ساڵی١٩٧٩ لە وڵاتی ئێران ئاڵوگۆڕێکی مەزن پێکهات.ئیدی بنەماڵەی پەهلەوی زەرریان بۆ پەز هەبوو دەبوایە داڕووخێن وکۆماری ئیسلامی جێگای بگرێتەوە!
شەش مانگی نەخایاند تەختوبەختی شای ئێران وەک لێفەی مەلانەسرەددینی بەسەرهات، هەر گۆشەیەکی بە دەست کەسێکەوە بوو. مەلا دەسەڵاتدارەکان لە هەمووان زیرەکتر دەرچوون. بۆیە توانیان ٤٠ ساڵ لە ژێر سایەی زەبر و زەنگ وڵات قۆڕخ بکەن، ئەوەی دەنکە جۆیەکی پادشای خواردبوو لە گەرووی بهێننەوە دەرێ.
سەیر و سەمەری گاڵتەی ڕۆژگار لێرەوە دەست پێدەکات، کە تووشی کوردستانی ئێران بۆتەوە. رێکخراوەکانی چەپ و راست و ئایینی و بێلایەن وردە وردە خۆیان دەرخست و ئەو بەشە لە وڵات بوو بە مەیدانی رمبازێنێ سوارچاکی ناچاک و پێش سواری لاڕێ! هەرکەس دەست و تفەنگی بڕەوتر بوایە خۆی بە دمڕاست و کوێخای گوند بە  خەڵکی هەژار دەدایە ناسین!
هەناسەی ژیانی خەڵکیان دەژمارد، ئەوەی خوار بجووڵابایەوە دادگایی دەکرا! ئەوەی بە پێچەوانەی ئەوان بیری بکردبایەوە دەبو تاوانەکەی خۆی بژمێرێ و باجەکەی بدا. حوکم،حوکمی دادوەر و بێداد بوو، تۆزلوخ لە پێ  وکڵاو قوچ و پشتێن لە پشت و کەڵاشینکۆف بە دەست هەم ئاغا بوو، هەمیش کوێخا! هەمیش دادوەر!
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی دژە زەحمەتکێش و دژە رەنجدەر خەریکی دابەشکردنی زەوی و زاری خەڵک، کە بەرواڵەت خەریکی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسانی بوون بۆ هەژاران .گەز و بەزو نیوە گەز و میتر و پێوانە هەر بە دەست خۆیان بوو. چما  بۆ کەس دەیووێرا بڵێ لەل! مائۆییزم لە ڕێبازی چەپی سووننەتی و هاوردە وڵاتی تەنیبوو!یاسای بنەڕەتی بۆ مەحکوم و حاکم لە هزری ئەو ڕێبازە بە دەستی کەسانێک بەڕێوە دەچوو، کە لە پێشوودا زانکۆیان تەواو کردبوو تا بۆ داهاتوو ببنە دادوەر و قازی بۆ جێ بە جێ کردنی ژیانێکی خۆش بۆ هەژاران و چینی کرێکار!
محەمەدی میسری کێیە؟
لە شاری مهاباد نزیک چواڕێیانی ئازادی کتێبفرۆشی (سەییدیان ) بە ناو بانگە. لە هەر کەس بپرسی ئەو شوێنە کوێیە؟ ڕیک ئاماژەی پێدەکات.خاوەنی ئەو کتێبفرۆشیە بە ڕواڵەت دوو بران، یەكێکیان جلوبەرگ و مێزەری مەلایەتی دەبەردایە و خۆی وەک ڕووحانی پێناسە دەکات. (ئێستێ هیچکامیان لە ژیاندا نەماون)لە هەمان کاتدا ئەو  کەسە بە (خەلیفە شەیتان ) لەناو شاری مهاباد دەناسرێتن!
محمەدی میسری مائۆییستیش کوڕی ئەو خەڵیفەیە!بابی قورعان فرۆش و قورعان خوێنە و بۆ خۆشی کومونیستێکی ئاورین.
لۆمپەنیزمی ناو کۆمەڵە تایەبەتمەندیی خۆی هەبوو .بەو شێوەیە کە لە خۆیان زیاتر، هیچ رێکخراوێک و کەسی دیکەیان قەبوڵ نەدەکرد. دەبوا هەر ئەوان فەرمان بدەن و یاساش هەر ئەوان جێ بە جێی بکەن! هەرکەس دژی بیرو بۆچوونی ئەوان قسەی کردبایە بەرچەسپی جاش و خۆفرۆشیان لێدەدا و سزای گرتن و تەنانەت کوشتنیشیان بۆ رەوا دەدیت.
محەممەدی میسری پێش ئەوەی چخماغەی هەڵگیرسانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە وجودی خۆیدا هەڵكات، لە زانکۆکانی ئێراندا وانەی دادوەری (قازی ) خوێندبوو. بەو واتایە ناو براو (قازی) بوو. خوێندەواڕێک کە باوکی مەلا بێ، بۆ خۆی کۆمەڵە بێ، قازیش بێ ، دەسەڵاتێکی کاتیی هەبێ تۆ لێی بڕوانە چۆن بیر دەکاتەوە.
ئەم نازاتە، پاشان کە دەسەڵاتی تاران وەک هەنگی سەرلێشێواو ڕووی لە شاری مهاباد کرد، ئەوانیش زۆر زوو مەیدانی شەڕیان چۆلکرد و هەڵاتن. ئیدی ڕۆژ ڕۆژی تۆڵە بوو لە ناحەزەکانی خۆیان! هەرکەس کە ئەوان پێیان جاش بوو، ئیدی ئەوە دەبوو بە جاش! دەبوا دادگایی کرابایە.کێ قازی بوو؟ کێ دادگایی دەکردن؟ کێ بڕیاری ئێعدامی دەدانێ؟ کوڕی ئەم خەڵیفە شەیتانە، دادوەری کۆمەڵە محەممەد میسری!یاسای دارستان و شیر و تیر و حوکم هەر بە دەست خۆی بوو.کەسانێکی زۆر کەوتنە بەر شکەنجە و لێدان و زیندان وفڕاندن، تەنانەت لە سێدارەدانیش!
لیستی تەواوی ئەو کەسانەی کە بە فەرمانی قازی کۆمەڵە ئێعدام و زیندانی کران و شکەنجە دروان  هێندە زۆرە، هەر خۆیان دەتوانن بیژمێرن و  لە لای خۆیانە. چەند کەسێکیش بە هۆی هەڕەشە و ترساندن لە لایان کەسوکاری ئەو گیراوانەی لای کۆمەڵە لە خەڵیفە شەیتانی باوکی، محەممەد کاتی خۆی ئازاد کراون، بەڵام لە ژێڕ شکەنجە کۆمەڵەی لایەنگریی کرێکاران ئێستیش جەستەیان توێ توێی برینەکانی ئەو کاتە، کە بە فەرمانی قازی محەممەدی میسری زامار کرابوون.
هەر نەتەوەیەک وا بزانێ، ئەوەی کە بە سەری هاتووە هەر هەمووی خەتای دوژمنە، ئەو نەتەوەیە زۆر درەنگ دەگاتە ئاواتەکانی. نموونەی بەر چاو  ئەم دەسەڵاتی ٢٨ ساڵەی کوردە لە باشووری کوردستان کە رووی سەددام و حیزبی بەعسیان سپی کردۆتەوە. بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەرواتر، من ئاواتم ئەوەیە کە زیندو بمێنم تائەو کات کۆماری ئیسلامی دەڕووخێ، لە ماوەی یەک تا سێ ساڵدا قوونی رەش و سپی لە حەمامی حیزبایەتی دەردەکەوێ کە چی بە سەر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دێ! دەبینن ئەم پارت و رێکخراوەی کوردیانەی رۆژهەڵاتیش لە پارتیی و یەکێتیی، کارەساتی گەورەتر بە سەر رۆژهەڵاتدا دەهێنن، چونکە ئەمان ئەزمونی زۆر و خراپتریان وەرگرتووە و  لە کۆماری ئیسلامی خراپتر بە سەر کوردی ئەو بەشەدا دەهێنن. ئەوە من مردوو، ئێوەش دەمێنن.
ماوەیەکی دوور و درێژە قازی محەممەدی میسری قازی کۆمەڵە لە وڵاتی ئاڵمان گیرساوەتەوە و خەریکی پوڵ پەیداکردنی خۆیەتی و کاری بۆتە وێنەکێشانی ناو فەیسبوک و خواردن و خواردنەوە و میوانداریی و نیشان دانی کەلوپەلی ناوماڵ و مێزی پڕ لە پرتەقاڵ و ویسکی و بیرە و ڤۆدکای ئاڵمانی!
ئەو کەسانەش کە  لەکاتی خۆیدا بە فەرمانی ئەو شکەنجە کران و لە دار دران، لە دونیای دیکەش وەک جاش چاویان لێدەکات! لە ناو دیمۆکراتەکانیشدا قازی و دادوەر هەبووە کە سەدان کەسیان بە تاوانی جودابیریی دادگایی کردوە و حوکمی سێدارەیان بۆ دیاری کردوون و لە دار دراون.
 نەتەوەیەک تەنیا دوژمن بکاتە ئاتۆ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی درنگ دەگاتە کاروانی ئازادی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە