هەڵویست دژی دەسەڵات کەسی ئازاد و مەردی دەوێت

Saturday, 23/02/2019, 17:34

5696 بینراوە


بۆ ئەوەی مێژوو نەفرەت لە چارەمان نەکا، دەبێت لە خۆمان و دەوروبەرمان یاخی بین، بە گژ خۆماندا بچینەوە! مەبەست لە میتودی کارکردنە ئەو ئایدۆلۆژیایەی بڕوات پێیەتی، کە حیزب و رێکخراو دەیەوێت تۆ بێدەنگ بکات، یان کۆمەڵگا و دەوروبەر بە بڤەی دەزانێت دەستی بۆ ببەیت،  لەوێوە تۆ دەبیتە ئامرازێک بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بەوەی کە دەسەڵاتداران دەیانەوێت تۆ لەوێدا ببیتە گیاندارێکی بێ رۆح و سەربەستییت لێبسەنێتەوە، تا لە کۆیلەیی و بێدەسەڵاتی تۆدا ئەو سەربەست بێت، بەلای ئەوانەوە بەری ئازادیی هێندە تەسک و کەمە بەشی تۆی تێدا نامێنێتەوە، بۆیە دیکتاتۆرەکان لە بێدەنگی تۆدالەوێدا لە دایک دەبێت و گەشە دەکات، ئەوان وەها خۆیان دەخوێننەوە، لە کۆیلەبوونی تۆدا ئەو ئازادیی بۆ خۆی وەردەگرێت، دەزانێت ئەگەر ئازادیی بۆ هەموان بێت، دیکتاتۆر بوونی نامێنێت و  تێیدا ون دەبێت.
هەموو کەسێکیش خاوەنی کەسایەتیی خۆیەتی، کەسایەتی هەڵسوکەوت نییە، ئەو کاتانەشە کە هەڵسوکەوتەکان مێژووی بۆ خودی کەسەکە دروست دەکەن، ئەگەر مرۆڤ خاوەنی خۆی بێت، بیەوێت مێژوویەکی جوان بنووسێتەوە، دەبێت لەگەڵ خۆیدا راستگۆ بێت، نووسینەوەی مێژوو بە قەڵەم نا، بە کردار، ئەوانەی یاداشتی خۆیان دەنووسنەوە، ئەگەر ویژدانیان غایب بێت، کەم تا زۆر درۆی تێدا دەکەن، بە درۆ دەبنە پاڵەوانی رووداوەکان، خۆیان لەناو ئەو لاپەڕانەدا دەئاخنن، کە ئەوێ شووێنی ئەوان نییە، بۆیە خۆیانی تێدا ناناسنەوە، لە بیریان دەچێتەوە، کە ئەمە خۆیەتی بە درۆ لەسەر خۆی نووسیوە، لەو کاتەدا وا دەزانن باسی کەسێکی دیکە دەکرێت، کەسێک نووسیوێتی، ئەم دەیەوێت پێی ئاشنا بێت، دەیان جار خۆی ئەو درۆیانەی خۆی دەنخوێنێتەوە، خۆی لێدەبێتە کەسێکی دیکە، توشی شیزۆفیرینیا دەبێت. ئەو بەرپرسە کوردانەی کە یادەوەرەییەکانی خۆیان بەم شێوەیە نووسیوەتەوە، دەتوانرێت بڵێین نەخۆشن، هەم نووسەرن، هەم خوێنەر، درۆ دەنووسن و درۆ دەخوێننەوە. بەڵام خۆیان ئەو راستییەن کە لە دەرەوەی ئەو مێژووەن.

نووسینێکی کاک پێشڕەو ئیسماعیلم خوێندەوە، کە بوو بە مایەی سەرنجی ئەم چەند دێڕەم، بە خوێندنەوەی رۆح و گیانم پێی گەش بوویەوە، هیوا لە ناو دڵـمدا پشکوت. قسەکانی هەمووی راستگۆیی و ئازایی و بوێری بوون. ئەم کەسە لە بنەمالەیەکی ناسراوی سەر بە پارتییە، وەکو خزمیش نزیکە لە بنەماڵەی بارزانی، کەچی لێرەدا سەیر دەکەیت لەو هەموو شتانە یاخیی بووە، نایەوێت ببێتە بەشێک لە مێژووی رەشی بنەماڵە، نایەوێت وەکو پارتییەک بناسرێت، کە خۆی دوورە لێیانەوە، دەیەوێت لە کەسوکارەکەی خۆشی داببڕێت، یاخی ببێت، وەکو کوردێک ویژدان بکات بە دادوەر، لەوێوە مێژوو بۆ خۆی بنووسێتەوە، نەک بۆی بنووسنەوە، لە خۆشەویستی خاک و نیشتیمان خۆی نزیک بکاتەوە، بەو چەند دێڕە خۆی لە جوانی هەڵکێشاوە، لە پیسی پارتییبوون دوور خستۆتەوە. بۆیە لەو چەند دێڕەی خوارەوەدا جوانی لە راستگۆیی و لە ئازایەتیی، لە هەڵویست و لە هەموو شتێکدا بینیوەتەوە.
ئیسماعیل عارفی باوکی پێشڕەو بەرپرسێکی کۆنی پارتیی بووە، کە لە ساڵانی شەست و هەفتاکانی سەدەی رابردوودا، بەرپرسیارێتی هەبووە، جا ئەم کەسە چی کردووە، یان چی نەکردووە، ئەوە جێگای باسی ئێرەمان نییە، ئێمە قسە لەسەر ئەمە ناکەین، بەڵکو لەسەر خودی پێشڕەو ئیسماعیل  دەکەین، کە باوکی پێشڕەو خزمی نزیکی دایکی نێچیرەڤانە، هەر بۆیە پارتیی لە هه‌ولێر / یادى 18 ساڵه‌ى كۆچى دوایى دەکاتەوە، 16-2-2017.
پێشرەو ئیسماعیل هەڵویست وەردەگرێت، لەوێدا هەست بە ئازارێک دەکات، دەیەوێت لە خەڵکی بگەیەنیت کە ئەو بۆ ئەم یادکردنەوەیە ناڕەزایییە، بەتایبەتی کە پارتیی یادی دەکاتەوە، پارتیی  وەکو حیزبێکی خۆفرۆش، خائین، دز و ناپاک، بۆ مەبەستێک ئەم یادکردنەوەیەی رێک خستووە، بەڵام لای پێشڕەو وا دێتە پێش چاوی کە پارتیی لەگەڵ ئەو هەموو ناشرینییەی پارتیی خۆیدا، دەیەوێت لە رێگای پارتییە سوکەکانەوە، سوکایەتییش بەم بکەن و ناشرینی بکەن، لەوێوە هەست دەکات، ئەمە بە مەبەستە و دەیانەوێت  هەناوی پێشڕەویش گوماناوی بکەن، بۆیە هەڵوێست وەردەگرێت ئەوەی لە دڵیدایە دەریدەبڕێت،
با لە خوارەوە  بزانین چی دەڵێت:
-----------------
پیاوە نزمەکانی پارتی لە یادی کۆچی باوکمدا جێگای قێز و ڕشاندنەوەی تێکۆشەرانن
نووسینی: پێشڕەو ئیسماعیل

پاش بیست ساڵ بەسەر کۆچی باوکم دا دوبوارە ڤێدیۆکانی یادکردنەوەی هەژدەهەم ساڵی کۆچی دوایی لە ناو هەندێ لە پەیج و فەیسبوکی خەڵکانی لێوە نزیکی دوبارە پەخش دەکرێتەوە. 
منیش وەك کوڕی گەورەی ئیسماعیل عارف بە پیویستی دەزانم کە ڕای خۆم لەسەر یادکردنەوەکەی دەرببڕم. ئەگەر لای خەڵکانێك ئامادەبونی پیاوە نزم و سوکەکانی وەکو سفین دزەیی و مەحمود محەمەد و فازڵ میرانی و جەعفەر ئیمنکی و .... کۆمەڵێك کۆیلەی تر کە خۆشبەختانە نایانناسم جێگای شانازی بێت ئەوا لای من جێگای قێز و ڕشاندنەوەن . ئەو ناپیاوە نزمامە هاتون دڵسۆزی و بەئەمەکی خۆیان نمایش دەکەن لە کاتێکدا نمونەی سپلەیی و دزی و گەندەڵی و کۆیلایەتی و داوێنپیسین . نامەوێت بە باوکم بڵێم کەسێکی نمونەیی بووە، بەڵام هەرگیز نە دز و نە گەندەڵ و نە سەرشۆڕ بووە و دەیان جار روبەڕوی بەچکەکانی بارزانی بۆتەوە بە تایبەتی مەسعود و ئیدریسی هەمیشە مردو . هەر بۆیە تا ئەوکاتەی لە ژیاندا بو نەیاندەویست ئاوڕی لێ بدەنەوە تەنانەت مەسعود بارزنی وەکو تۆڵەکردنەوە لە شانازبونی و سەرشۆڕنەکردن بۆی و ئامادە نەبو ن بۆ کارکردنی لەگەڵ جاشەکانی سەردەمی سەدام حسێن لە شەری براکوژیدا ، کاری سەفەرکردنی بۆ ئەوروپا و چارەسەری نەخۆشیەکەی نەدەویست بۆ جێبەجێ بکرێت تاکو ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد بێچارەسەر مایەوە. دڵنیاشم لەوەی ئەگەر تاڵەبانی قین لەدڵ لە سلێمانی دەرینەکردایە هەرگیز ئامادەیی ئەوەی نەبو جارێکی تر بچێتەوە ناوچەیەك کە لە ژێر سایەی بنەماڵەی پارتیا بێت. سەرانی کورد هێندە حاقید و بێنرخ و بێویژدانن تەنانەت تاڵەبانی سەرباری چەندین تکا و داواکاری لێی ڕێگای نەدان بە مردوییش لەو خاکەدا بینێژێت کە خوازیاری بووە و هیواو وەسێتەکەی بە ناشتنی لە گردی سەیوان بێنێتە دی . وەك ئەوەی کوردوستان تەنها خاکی جاش و دز و گەندەڵ و خائینان بێت. با وەك هەمیشە ئەوە بڵێمەوە . ئەگەر ئێمەی نەوەی شەست و حەفتاکانیش کۆتاییمان بێت هەر ڕۆژێك دێت نەوەی داهاتو لە سەر هەمو تاوانێکتان بەسزای گەلتان بگەیەنێت.
-------------


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە