گه‌رماو گه‌رم لەسەر چالاکی و دەربڕینی دەنگی ناڕازیی دژی پارتیی

Sunday, 02.24.2019, 0:38

3024 بینراوە


له‌ رۆژێكی ساردی كۆپنهاگندا! ژماره‌مان ته‌نیا ١٧ كه‌س بوو، ته‌نیا یه‌ك ژنی رۆژهه‌ڵاتیمان له‌گه‌ڵدا بوو..
هه‌رگیز ژماره‌م به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بووه‌، لێ گه‌ر زیاتر بووینایە، نارەزاییەتییەکە  ده‌نگی زیاتر و سه‌نگی زیاتری ده‌بوو.
له‌یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی پارتییدا، تەنیا ژنه‌ پارتیه‌ك كۆمێنتێكی نووسی بوو،: ژماره‌تان (١٧) كه‌س، به‌ حه‌ڤده‌ كه‌س چیتان پێده‌كرێت؟
- ئێمه‌  نه‌هاتبووین هیچ بكه‌ین، ته‌نیا ویستمان  له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا كه‌مێك ئێوه‌ ڕیسوا بكه‌ین و بۆیه‌ش به‌رده‌م قونسوڵخانه‌ی عیراقمان هه‌ڵبژارد، بۆ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ په‌یامه‌كه‌تان پێبگات.
كارمه‌نده‌كانی قونسوڵخانه‌ هه‌ر زوو  به‌ده‌نگمانه‌وه‌ هاتن و به‌ڕێزه‌وه‌ په‌یامه‌كه‌یان وه‌رگرت، وتیان له‌ ڕێگای ‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ پارتی له‌مه‌ڕ ئه‌و پێشێلكاریانە ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی ڕاكێشاین هەڵبەت ئەوەیش بوو کە كه‌می ژماره‌ی به‌شدار نه‌بوونی تاكه‌ئه‌ندامێكی  ته‌ڤگه‌ری ئازادی بوو، یان بە شێوەیەکی روونتر بڵێین، کوردانی باکور و ئەوانەی سەر بە پەکەکەک بوون، له‌كاتێكدا ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ هاوڕێ و هه‌ڵسوراوانە هیچ چالاكیه‌كی ئه‌وان نەبوو ئێمە تێیدا بەشداری نەکەین! 
یه‌كێك له‌ ئاماده‌ بوان ووتی، ئه‌وان ته‌نیا بۆ چالاكی خۆیان دێن و وێنه‌كه‌ی ئۆجه‌لان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، ئێ خۆ ئه‌م چالاكیه‌ش راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی  به‌ ئه‌وان و ئازادی و داگیركاریه‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌وه‌ سوپای توركیایه‌ تا چه‌ند سه‌د مه‌تری بنكه‌ و باره‌گاكانی ئه‌مان هاتوون، به‌هه‌ڕحاڵ ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌م نیه‌، ئاپۆچیه‌كان له‌سه‌ر پرسی باشور بچوكترین هه‌ڵوێست نانوێنن.
هەروەها ئه‌وه‌ی تر لامان سه‌یر بوو، یه‌ك گۆڕان و گۆرانخوازێكیش دیار نه‌بوون، خۆ چه‌ند ساڵه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نی ده‌ربڕینی ناره‌‌زایه‌تیەکان هه‌میشه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌قام و به‌رده‌م قونسوڵگه‌ری عیراق و ئێران ‌ و توركیا بووین.
ته‌نیا  گۆڕانخوازێك  به‌شدار بوو به‌ناوی كاك( ئه‌حمه‌د جاف)، دواتر كاتێ له‌ پۆستێكدا بینیم نامه‌ی فه‌رمی گۆران بۆ ئه‌ندامه‌كانیان نووسیبوو، کەوا کەس به‌شداری نەکات لە هیچ چالاكیه‌ك دژی پارتی.
بۆیە دەڵێم ئێوە تادوێنێ كێ بوو له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان وه‌ك قاز ده‌تان قیڕاند بۆ ئازادی و سه‌روه‌ری یاسا.
ئه‌مانه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ زیندانه‌ ره‌شه‌كانی پارتیدان، ته‌نیا داوای وه‌رده‌رنانی سوپای داگیركه‌ری توركیایان كردوه‌ و داوای ئازادیی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ن له‌ باشورێك كه‌ ته‌م و مژی حیزبه‌كان دڵ و دروونی هه‌موو تاكه‌كانی ته‌نیوه‌.
له‌م هه‌موو حیزب گه‌له‌ی باشور تاكه‌ مەردێکیان تێدا نه‌بوو، داوای ئازادی ئه‌و پۆله‌ مرۆڤە ئازادیخوازه‌ بكات.
كه‌واته‌ هه‌مووتان به‌نه‌فرت بن، ئێمه‌ش ژماره‌مان هه‌رچه‌ند بێت، به‌رده‌ام ده‌بین له‌سه‌ر كار و خه‌باتمان.




(دەنگدراوە: 10 . زۆرباشە: 4/5)