چیا بۆ پیرمام دەچێت!؟

Tuesday, 02.26.2019, 5:35

16197 بینراوە


کاتێک کە ڕێبەرانی گەل، لەسەر ئاستی بەریوەربردنی حزب و وڵاتدا، بۆ مەرامی خۆیان لەسەر غەریزەکانی تاکی نێو کۆمەڵگە کار دەکەن، لە پەروەردەکردندا بەها بۆ مۆڕاڵ و خوڕەوشت ناهێڵن، پارە و پۆست و بەرژەوەندیی تایبەتیی ئامانجیان دەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو هەڵدێر دەبەن، فێرە سەر نەوێ کردنی دەکەن، لەسەر هەمان ڕێچکەی خۆیانیان دادەنێن، بۆ ئەوەی چاک و خراپ، چەوت و ڕاست، لەیەکتر جیا نەکرێنەوە،  هەموو وەک یەکی لێبێت، نمونە، جاران لە سەرانی پارتەکانی باشوور بترازێت، کەس سەرانی سوپای پاسدارانی ئیرانی نەدەدیت، بەڵام دواتر بۆ ئەوەی قسەی خەڵک ببڕن، لە نێو پارتەکاندا شاندیان پێکدەهێنا، بۆ بۆنەکانی سوپای پاسداران دەیاناردن، پاشان کار لەوەش ترازا، ئەوجا هەوڵیاندا هەموو کۆمەڵگە لەو خەیانەتانە بگلێنن، بە تاک و بە کۆمەڵ خەڵکیان بۆ پێشوازی سەرانی سوپای پاسداران دەنارد، بە سەدان وێنە هەیە دەیسەلمێنن، کە لەسەر هەموو ئاستەکاندا، خەڵک پۆل پۆل وێنەیان لەگەڵ قاسم سلێمانی کێشاوە و لە میدیاکاندا بڵاوبۆتەوە.

دانیشتووی گردەکەی چیا و نما، خەریکە وەک پارتەکانی دیی، بۆ بێ ڕەوشتکردن و بێ مۆڕاڵکردنی لایەنگرانی بزوتنەوەکە و خەڵک هەوڵدەدەن، بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا بە خشکەیی و ئاسانی چیای کوڕی نەوشێروان بە سکرتێری گشتی گۆڕان دابنێن، دواتر بۆ پۆستی باڵای حکومیش بۆ هەولێر بینێرن.  بێ گومان کۆمەڵێک هەن لەدەوروبەریان، بەبێ دەم شیرکردن ئەوەیان بۆ ناکەن، نابن بە توتی لە میدیاکاندا قسەیان بۆ بکەن، ببن بە دیکۆر و ڕێگەیان بۆ خۆش بکەن. لە باشووردا ئەم جۆرە مۆدیلە و ئەزموونە باوە، سەرانی پارتی و یەکێتی بە کۆمەڵێک کەس دەورە دراون، کە هەمان ڕۆڵی ئەو کەسانەیان هەیە کە ئەمڕۆ لە دەوری چیا و نما کۆبوونەوەتەوە، نمونە لە نێو پارتیدا فازل میرانی، ڕۆژ نوری شاوەیس چەند کەسێکی دیی. سەعدی پیرە و یوسف زۆزانی و چەند کەسێکی دیی لە نێو یەکێتی. مستەفای سید قادر، مەحمود ڕەزا، حەمە توفیق، عومەری سەید عەلی، جەلال جەوهەر، شۆڕش حاجی و عەلی حەمە ساڵح و چەند کەسێکی دیی لە نێو گۆران. هەموویان چەند ڕادیۆ و کەناڵی  ئاسمانی حزبیان دامەزراندوە، ڕۆژانە ڕۆڵی خۆیانی تێیدا بەرز دەنرخێنن و بۆ تەشقی ئاسمانی دەبەن، وێنە و گوتەی خۆیانی تێیدا بڵاو دەکەنەوە. لە دوای کۆڕەوەی ٩١دا ئەم مۆدیلە لە سیاسەتدا باوە و خەڵک پێ ئاشنان، پارت و کەسی دیی لەژێر ناو و دروشمی جیادا، بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن هەمان مۆدیلیان پەیڕەو کردەوە، هاتنە پیشێ و یاری کردن بە قوت و ئەقڵی زۆرینەی سادەی نێو کۆمەڵگەی باشوور.  بە دڵنیاییەوە ئەو جۆرە مۆدیلە ئیمکاناتی مادی پێویستە، جا لە ڕێگەی جاشایەتی بێت، دزینی سامانی گشتی بێت، یان بە ناشەرعی خۆ دەوڵەمەندکردن بێت، یان لە یەکێک لەدەزگەی هەواڵگریەکانی دنیای وەک میت، ئیتیلاعات و موساد بوون بە سیخور بێت.  


دڕۆ و بادانەوە لە هەڵوێست و گوتەکاندا ناوی نراوە شارەزا لە سیاسەت و دیبلۆماسی!؟ دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠١٨دا، شۆڕش حاجی لەگەڵ دەنگی ئەمریکادا چاوپێکەوتنی کرد و گوتی: بەپێی ئەو ڕاگەیاندنەی، كە نووسینگەی "مەسعود بارزانی" سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردووەتەوە كاتێك لەبەیاننامەكە خوێندمانەوە، كە "بریت مەكگۆرگ" پیرۆزبایی لەبارزانی كردووە بەهۆی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەڵبژاردن "توشی شۆك و نا ئومێدی بووین، چونكە لەكاتێكدا زانیاری لای باڵوێزخانەی ئەمریكا هەیە، سەدان بەڵگەی حاشا هەڵنەگر هەیە، كە پارتی دەنگی دەیان هەزاریان ساختەكردووە كەچی دێت پیرۆزبایی لەپارتی دەكات". عەلی حەمە ساڵح لە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی ٢٠١٨دا لە کەناڵی ئێن،ئار،تی، گوتی: بزوتنەوەی گۆڕان بە ئەنجامی ساختە ڕازی نابێت، ئەگەر ڕازی بوو ئەوا لە کوردستان کۆتایی پرۆسەی دیموکراسیە".  ئەم قسانە تەنیا چەند مانگێک لەوە پێش کراوە، کە بارودۆخی سیاسی وەک هەنوکەیە، وێرای ئەوەش ئێستا هەمان کەس و بزوتنەوە هەڵوێست و قسەی دییان هەیە و عەدنان عوسمان دەڵێت: دەبێت لایەنەکانی دیش وەک گۆڕان لەگەڵ پارتی ڕێکبکەون.


عەدنان عوسمان: پێویستە لایەنەكانی دیكەش وه‌كو گۆڕان لەگەڵ پارتی بگەنە رێككەوتن

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ کات کوشتن و زەمینە سازکردن، دانیشتووی گردەکە خەریکی ئەو بەیت و بالورەیە بوون،  کڵاویان خستە سەر خەڵک، بەڵام لە سەرەتاوە بۆ چاودێرانی سیاسی ڕوون بوو کە مەسەلە سەرخستنی پرۆسەی دیموکراتی نییە، بە پارە و پۆست گرفتی نێوان سەرانی پارتی و کوڕەکانی نەوشێروان چارەسەر دەبێت، ڕێگەش خۆش دەکرێت بۆ ئەوەی چیا بە حازری جێگەی باوکی بگرێتەوە و لە ئایندەدا بە کەسی یەکەم و ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە بناسرێت. 

 هەموو دەزانین لە حکومەتی هەرێمدا جیاوازی هەیە لە نێوان پۆست و دەسەڵات، کاتێک کە پۆستێک بە کەسێک بەخشرا، مانای ئەوە نییە کە دەسەڵاتی دەبێت. کاتێک کە دەسەڵات نەبێت گۆڕانکاری مەحاڵە لە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی حوکمدا بکرێت، یان سیستەمی دەسەڵات بگۆڕدرێت.

مارکۆس تیلیوس سیکۆرۆ، یاساناس و سیاسەتمەداری ڕۆما، دوو هەزار و سەد ساڵ پێش ئێستا لە لاپەرە ١٨٤-١٨٥دا لە پەڕتوکی 
(Cicero selected works)  دەنووسێت
"لەیاسای ڕۆمادا کڕین و فڕۆشتن تەنیا بۆ خانووبەرە نییە، ئەڵبەتە بۆ کڕین و فڕۆشتنی کۆیلەکانیشە. مڕۆڤ کاتێک کە کۆیلەیەک دەفڕۆشێت، دەبێت خوڕەوشت و مۆڕاڵ پەیڕە و بکات، هەموو لایەنە چاک و خراپەکانی بۆ کڕیار باس بکات، وەک، کۆیلە تەندروستی باشە، کار و بەرهەمی دەبێت، دزی ناکات، ڕا ناکات، گوێڕایەڵی خاوەنەکەی دەبێت".   گرفتی مۆڕال لەو یاسایەدا  ئەوەیە، کە سیکورو کۆیلەکردنی مرۆڤی لا ئاسایی بووە! 

جا کێشە لەوەدایە کە کوڕانی نەوشێروان و سەرانی گۆڕان، سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان ڕەت ناکەنەوە، کوڕەکانی نەوشێروان ڕازین بە وەریسی سیاسی و میراتی سیاسیان وەرگرت، بە موڵک و ماڵی گشتی پۆز لێدەن، دەوڵەمەند بوون، لاریان لەوەدا نییە بچنە ژێر ڕکێفی ئەو جۆرە دەسەڵاتە، کاری تێیدا بکەن، ڕۆڵیان هەبێت، گۆڕانیش بەرەو بە خێزان کردن ببەن.  زوو یان دەرنگ، چیا شەرمی دەشکێت، هەقیقەتی خۆی دەردەبڕێت و وەک کوڕەکانی بنەماڵەی بارزانی، خێزانی تاڵەبانی پۆست وەردەگرێت!

سەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی و گۆڕانیان کرد بە پێبلکە بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن و پۆست وەرگرتن. ئەوان دەمێکە وەک کۆرە گرێیەکی دەروونی خەونیان بەوە دەبینی کە ڕۆژێک بێت سەر بە چینی زەحمەت کێش و وردە بۆرژوا نەمێنن، بخلێسکێن بۆ چینی بۆرژوا و ببن بە ملیۆنێر، قات و ڕیبات بپۆشن، پێڵاوی نوک درێژ لەپێ بکەن، پاسەوان و نۆکەریان هەبێت، بە موچەی وەزیری بە باڵاوە خانەنیشین بکرێن، لە کۆشک و باڵاخانەکاندا ژیان بەسەربەرن، بگەن بە ئاستێک مەسعود بارزانی لە پیرمام لەسەر خوانی خۆی پەزێرایان لێ بکات، لە میداکاندا وێنەیان پەخش بکرێت کە کەسی یەکەمن و واژۆ لەسەر دانوستان دەکەن.  ئەگەر دەنگی ناڕەزای خەڵک نەبووایە، ئەو ئاواتەیان هەرگیز نەدەهاتە دی، دەبوایە هەنوکە لە کۆڵانەکانی کەرکوک، سلێمانی، سەنگەسەر،  کۆێ، دارەتوو و دبس بخولێنەوە و چاوەرێی ئەوە بن، وەک زۆرینەی خەڵکی باشوور لە چەند مانگێک جارێک موچەیەک وەربگرن! 





(دەنگدراوە: 19 . زۆرباشە: 4.5/5)