پێویستە لایەنەكانی دیكەش وه‌كو گۆڕان لەگەڵ پارتی بگەنە رێككەوتن

Tuesday, 02.26.2019, 14:12

4849 بینراوە


هەڵسووڕاوێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، پارتی و گۆڕان پێشتر تاقیكردنەوەی خراپیان ھەبووە، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و بەھێزكردنی ھەرێمی كوردستان، گەیشتوونەتە رێككەوتن.
عەدنان عوسمان، هەڵسووڕاوی باڵای گۆڕان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند"پێشتر ئەزموونێكی تاڵمان لەگەڵ پارتی ھەبوو، كە ھەم نەیتوانی خزمەت بە ھەردوولا بكات، ھەمیش خزمەت بە پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی كوردستان بكات، دەكرێ لە چوارچێوەی ئەو ئەزموونە و رێككەوتنەی لە نێوان پارتی و گۆڕان كراوە، ھەنگاوی گەورە بنێرێت لە پێناو ئەوەی كە لە كۆمەڵگەی كوردستان و دام و دەزگاكاندا چاكسازی بكرێت لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستاندا بشكێتەوە و ھەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە بەھێز بكات".
هەڵسووڕاوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت"ھیواخوازین پارتی و یەكێتی بگەنە رێككەوتن و رێككەوتنی سێلایەنەش بێتە ئاراوە و ببێتە كارنامەی كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، چونكە پێموایە ھەنگاوێكی گرینگ دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، تا بتوانین گۆڕانكاریی گەورە لە ژیانی ھاووڵاتیان و دام و دەزگاكانی حكوومەتدا بكەین، ئەمەش داخوازیی لایەنگری ھەرسێ حزبە لە كوردستان".
لەبارەی ئەو رەخنانەی لە بزووتنەوەی گۆڕان دەگیرێن، عەدنان عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد"گۆڕان پەلەی نەكردووە و پێویستە لایەنەكانی دیكەش بە ھەمان شێوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی بگەنە رێككەوتن، چونكە رێككەوتنەكه‌ لە قازانجی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی كوردستاندایە و ناكرێت دوا بخرێت، كاری پەرلەمان و دام و دەزگاكان حەق نییە لە ژێر ھەر بیانوویەكدا دوا بخرێت".
عوسمان روونی كردەوە"رێككەوتن ئیمزا كراوە و ھەردوولا پێشتر دانوستانی وردیان كردووە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنەكە، ھەر حزبە و لای خۆیەوە ئەو رێككەوتنەی تاوتوێ كردووە، رێككەوتنی پارتی و گۆڕان بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و بەرەوپێشبردنی ھەرێمە".
عەدنان عوسمان نەیشاردەوە، پێشتر بە ھۆی ناكۆكیی نێوانیانەوە پارتی و گۆڕان گلەییان لە یەكتر ھەبوو، بەڵام قۆناغی ئێستا پێكەوەكاركردنە و دەشڵێ"پێشتر پارتی گلەیی لە ئێمە ھەبوو و ئێمەیش وەك گۆڕان گلەییمان لە پارتی ھەبوو، ئێمە پابەندی رێككەوتن لەگەڵ پارتی دەبین بە ھەموو توانایەك و لە كابینەی حكوومەت و لە ڕووی سیاسیشەوە كار بۆ سەرخستنی خاڵ و پەیامی رێككەوتنەكە دەكەین، پێویستە ھەموو لایەنەكان لاپەڕەی نوێ ھەڵدەنەوە و بیر لەوە بكەنەوە وڵاتەكەمان ئیتر تەحەمولی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی پێشتر ناكات".
ئەم بابەتە لە لڤینەوە وەرگیراوە




(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 5/5)