نەوشیروان مستەفا، خەڵکی نە دەناسی، یان بەپلان ئەم هەموو کەسە سوکانەی دانا؟

Thursday, 28/02/2019, 0:23

8608 بینراوە


کێشەی سەرەکی ئەم بەناو سیاسییانەی کورد، لەوەدایە، کە هەمیشە خەڵکانێکیان دەوێت، کە تێکیان بشکێنن و کاریان پێدەکەن، تا بیانکەنە یاری دەستیان، کاتێک کە مرۆڤگەلی گوێڕایەڵ و غوڵام و قەزم و بچوک و لەبلەبان و درۆزن و دز و فەساد و نەفس نزمی لەناو خوێنیاندا هامشۆبکات، بۆ ئەمانە دەگەڕێن. کەسێکیان ناوێت کە کەسایەتی هەبێت و وەڵامیان بداتەوە و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات...! لەسەر ڕاو بۆچوونەکان، چونکە ئەوان واڕاهاتوون هەموو شتێک دەزانن و ئەوان نەبێت ژیان و سیاسەت دەکەوێتە تونێلێکی تارکی دەرنەچووەوە و نیشتمان غەرق دەبێت و ئیتر کەس ڕەوڕەوەی سیاسەت ناتوانێ بهاژووێت. ئەوەتانێ وەک دوکاندار سیاسەتیان بۆ ئەولادەکانیان لەگەڵ زەوی و کۆمپانیا و کارخانە و ئوتێل و پارەی مۆڵ بەمیرات بۆ جێهێشتووە، ئەوانەی ماویشن منداسڵەکانیان هێناوەتە ناو کایەی سیاسەتەوە، سەیری منداڵە بەدەکانی تاڵەبانی بکەن، هیچ نین بەڵام لەکۆبونەوەی مەکتەب سیاسییە پیرەکاندا دادەنیشن و ئەوان بڕیاردەرن، وەک منداڵەکانی نەوشیروان هیچ نین کەچی دەیان نەفس نزم و قەزم شەو و ڕۆژ وەک سێبەر لە پەنایاندا وەستاون لەسەر ئەژنۆ لەرزۆکەکانیان کڕنوشیان بۆ دەبەن. 
 نەخۆش کەوتنی نەوشیروان مستەفاو بێدەنگی هەڵبژاردنی بۆ ماوەی دووساڵ، سەرەتای دەرکەوتنی ئەم بەشەرە پیس و گوماناویانە بوو، کە زۆر بەپلان نەوشیروان مستەفا لەهاوڕێ و مامۆستاکەیەوە تاڵەبانی سەرچاوەی گرتبوو، فێر ببوو و پەیڕەوی دەکرد، لەمێژە ئێمە ووتوومانە کە گۆڕان پڕۆژەیەک بوو، نەک رێکخراوێک، بەڵام خەڵکی حاشایان لێدەکرد و ئیستاش کە شتەکەوا دەرچوو، کەسێک ئازایەتی ئەوەی نییە دانی پیانێت و داوای لێبوردن بکات کە بەهەڵەدا چووە. وەک ئەو مرۆڤە بەعسی و فایلدارو نەفس نزمەی کە بانگەوازت ریفراندۆمەکەی ئاکپارتی و مەسعودیان دەکرد، ئێمە کە هەڵوێستمان هەبوو دەمان ووت مەسعود ئەو پیاوە نییە ڕیفراندۆم بکات و دەوڵەت دروستکات، خەڵکە پوچەکە دەیان ووت ئێوە خائینن و دەنگی بۆ دەدەین.
 ئێستا هەموومان دەزانین ئێمە لەسەردەمێکی دیگیتاڵدا دەژین و دەتوانین لەڕێگەی تەلەفۆنێکەوە هەموو پلان و ڕێگە ی کاردنمان بەیان بکەین، ئەگەر بمانەوێت، گرنگ نییە نەخۆشین یان پەکمان کەوتوە، بەتایبەتی کە نەوشیروان مستەفا دەزگایەکی ڕاگەیاندنی لەبەردەستدا بوو دەیتوانی هەموو شتێک بڵێت و گومانەکان بڕەوێنێتەوە گەر مەبەستی بوایە. بەڵام بێدەنگێکەی کەهەڵی بژاردبوو ئەمەی لێبەرهەم هات کە ئەمڕۆ دەیبینین.
 ئەمەی ئێستا ڕوودەدات لەسەردەمی باوکی دەوڵەمەنەکەشدا ڕووی دا، بۆ نمونە "مەجید ساڵح" ئەی ووت مەسعودی وەک خۆم قەزم خەونێکی هەیە. "عەدنان عوسمان" کە بێڕەوشتی لێدەچۆڕا بەرنامەی چوار مشقی لە تەلەفیزۆنی میت هەبوو، لەهەمووی سەمەرەتر کاتێک شەنگال تەسلیمی چەتەکانی داعش کرا نەوشیروان و گۆڕان هیچیان نەووت، لەکاتێکدا وەزیری پێشمەرگە گۆڕان بوو، جگە لەوەش لەمەخمورد لەبانگوش دەچوو دانیشتبوو نان و ماستی زەهر دەکرد دوایش ڕیسوایان کرد و دەریان کرد، کەچی ئێستا دەڵێ نەبای دیوە نەبۆران هەموو ئەو سوکایەتیەیان بە دامێنیان هەڵگرتوە.
 یوسف محەمەد هەموو مێژووی قەزمی خۆی قسەیەکی کرد لە زانکۆی ئەمەریکی لەسلێمانی ووتی :" چاکسازی بەخەڵکی نەخوێنەوار ناکرێت " کاتی خۆی بە ووتارێک وەڵامی ئەم هزرە ئیسلامیەم دایەوە، کە ئەوانە نەخوێندەوارن، بەڵام باوکی ئەو نەخوێندەوارە هەمیشە لەپشتی تۆی کۆیلەوە وێنەی هەڵواسراوە، ئەی بۆ قبوڵی دەکەیت ؟ 
ئێستا ئەم پیاوە پوتە حاشا دەکات کە ئەو قسەیەی ئاراستەی کەسێکی دیارییکراو نەکردووە، زۆرجار مرۆڤ لە دەبەنگی و ترسنۆکی و بێکەسایەتی خۆیدا، بۆ دەسکەوت ئاوا خۆی ڕیسوا دەکات، شەق لەو خۆڵەمێشە دەدات کە ئاگرەکەی لەسەرما پاراستوێتی. تۆی یوسف جگە لەو قسە سواوە چی ترت هەیە شانازی پێوە بکەیت ؟ 
 یوسف بیری چوو لە دێگەڵە چ سوکایەتیەکیان پێت کرد ؟ ئەوان هەموو ئەو شتانە بە ئاسانی وەردەگرن، سەیرە نەوشیروان مستەفا ئەم هەموو خەڵکە سوکەی چۆن بەچەقەنەیەک کۆکردەوە، ئێستا بەزەیم بەوانەدا دێتەوە کە هەڵپەیان بوو دەچوون لە گردەکە وێنەی سێلفیان لەگەڵ نەوشیرواندا دەگرت، ئەوەی فریای وێنەی سێڵفی گرتن نەکەوت بە پەلەپڕووزێ چوون لەسەر گۆڕەکەی وێنەیان دەگرت، ئێستا گلەیی دەکەن کە گۆران لای داوە لە ڕێبازی باوکی دەوڵەمەندان.
 بۆ زانیاریتان ماوەی شەش مانگ لە سەخت ترین ڕۆژەکانی چیادا لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بووم لە خۆشناوەتی و دۆڵی ئاکۆیان و ڕەواندزوو دەشتی هەولێر و کۆیە، بەڵام نەک وێنەم نەگرتوە لەگەڵێ بەڵکو بە ووشەیەکیش باسی ئەو هەموو ڕووداوەم نەکردوە هەر لە تۆپباران، سیخوڕی بەسەر هێزەکەوە، بەلێشاو تەسلیم بوونەوەی تیپ و کەرت و خەڵکی بەرپرس بۆردومانی فڕۆکە جەنگی کۆپتەرەکان، خۆشاردنەوەی هێزەکە لە چیای کاروخ و گرتنی فەوجی کوردە لەڕەواندز و دەیان ڕووداوی تر، بەڵام خەڵکی ئێمە دەچوون وێنەیەکیان دەگرت وایان دەزانی کوردیان ڕزگار کردوە، یان بەشداری شەڕی واترلۆ بوون، نەوشیروان مستەفا چەنێک لەو بێدەنگیەی تاوانباربێت، خەڵکی سەد ئەوەندە، ئەوە خەڵکە ڕێگە دەدات ئەو نەفس نزمانە بێنە پێشەوە، ئەوە کەناڵی تێڤێکانە ڕۆژنامەکانە ڕێگە بەو کەسە سوکانە دەدات کە بێنەپێشەوەو بناسرێن و ببینرێن، دواجار گۆران فێڵێک بوو بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن دروست نەبێت و گۆڕان تەمەنی پارتی و یەکێتی درێژترکردەوە.
هەرچی ببێتە پیاوی پارتیی عەقڵ دەبێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە