ئەگەر خدر گۆرانیمان بۆ بچڕیت، ئیتر کارەبا نابڕیت و هەموو ڕۆژێک ئاو دێتەوە

Saturday, 03.02.2019, 23:09

6769 بینراوە


پێش ئەوەی باسی دیاردەی خدر بێگڵاس و هۆنراوەکەی کەژال ئەحمەد بکەین کە هەردوکیان بوونەتە جێگەی پرسیار لە کوردستان و لەسەر سایتە کۆمەڵایەتییەکان، باشتر وایە لە ناو بزوتنەوە هونەرییەکانی مێژودا بگەڕیین بەدوای شیکاردا، هەتاوەکو گرنگی رۆڵی ئەم جۆرە هونەرانە لە کۆمەڵگەدا بزانین.
لەکاتی تەقینەوەکانی دوو تاوەرەکەی ئەمەریکا  لەلایەن ئوساما بەنلادنەوە، کە هەموو دنیای هەژاند، مۆسیقارێکی بەناوبانگی ئەڵمانی بە بینینی ئەو دیمەنە ، وتبوی:  ئەوەیە کاری  دانسقە، کاری شاز (masterpiece) ، ئێمە چیمان پێ دەکرێت بە خۆمان و مۆسیقاکەمانەوە ؟
 بێگومان خەڵکی لە ئەوروپا دژی قسەکانی ئەم مۆسیقارە وەستانەوە و باسەکە هەرایەکی زۆری نایەوە. بەڵام  ئەگەر شیکار بۆ وتەی ئەو مۆسیقارە بکەین ئەوەیە، کە ئوساما بنلادن و ئەو مۆسیقارە،  ئەگەریش هەردوکیان لە دوو ئاستی جیاوازی ڕۆشنبیری و هۆشمەندیدا بن، جگە لەوەی، کە دوو جۆر ژیانی جیاواز و دووجۆری جیاواز لە گوازارشتکردن لە هەست وسۆزیان هەڵبژاردووە؛ یەکێکیان مۆسیقا و ئەوی تریان سیاسەت،  هەردووکیان لە یەک خاڵدا یەکتری ئەگرنەوە، ئەویش ڕاکێشانی سەرنجی زۆرترین کەسە بەلای خۆیاندا، ئێمەی بینەری ئەم شانۆیەش ئوساما بنلادن باشتر ئەناسین لەو مۆسیقارە، بۆیە ئەو مۆسیقارەش دڵی لە خۆی داماوە.  بێشک بە جۆرێکی تر ئەتوانرێت لێکدانەوەی بۆ بکەین بەڵام خۆنواندن بەشێکی گرنگە لە هێزێکی شاراوە لە پشت کارەکەیانەوە. 
دیاردەی خۆنواندن کە تایبەتمەندی هەموو بونەوەرێکە، ئەگەر لای هەندێک باڵندە و ئاژەڵان جۆرێکە لە هەڵسوکەوتێکی جێگیر و بەئەنستات دەکرێت، ئەوا لای مرۆڤ بۆتە جۆرێک لەهونەر کە زۆر جار دەبێتە کۆمێدیایەک یان تراژیدیایەک کە شیکارەکەی ئاڵۆزە. خۆ نواندنەکانمان لە ئاستی هەستو سۆزماناندان بەرامبەر بە بون، هاواری خۆشی و ناخۆشیمان گرێدراون بە ئاستی هۆشمەندی و هەست پێکردنمان بە بون. خۆ نواندن بریتیە لە مرۆڤێکی بارگاوی بە هەستو نەستێک کەدەیەوێت بکەوێت دیالۆگ لەگەڵ ئەوی بەرامبەری و سەرنجی ڕکێشیت بەلای خۆیدا.  ئازارەکانی عیسا گەشتنە ئەو ئاستەی کە خۆی بنوێنێت لەسەر خاچێک.
خاسیەتی خۆنواندن لە بچوکترین گەردیلەدا بەدی دەکرێت؛ بە پێی لێکۆڵینەوەکان، هەندێک دیاردە لە ئەتۆمدا لەوکاتانەدا دەبینرێن کە لەژێر  پشکنینیندان لە تاقیگەدا، لەدەروەی ئەو ساتانە بونیان نیە، یان هەندێک زانای فیزیایی وایان باوەڕە کە سروشت بۆ یە مرۆڤی دروست کردوە هەتاوەکو چاوێک لەدەروەی خۆی بیبینێت.
پێناسەی بیۆلۆژی بۆ مرۆڤی ساپیان ئەوەیە کە بونەوەرێکن هەریەکەیان بە ئایدیئێنێکی کەمێک جیاواز لەوی تر دێنە دنیاوە و هەموویان بەدوای لەزەتا وێڵن. خۆ نونادن بەشیکە لەو لەزەتە، چەندەها جۆری هونەریشمان دۆزیوەتەوە بۆ دەربڕینی ئەو هەسەتە، سەماو، مۆسیقاو، شیعر و شانۆ و ...تاد. فێربونی ئەم زمانانە یارمەتی دەرە هەتاوەکو مرۆڤ پەنا نەباتە بەر کاری دژواری بۆ خۆ نواندنی، تەنانەت زانینی زمانێکی دەوڵەمەندیش هەستی دژواری لای تاک کەمتر دەکاتەوە، بەڵام بۆ هەندێک کەس ئەو زمانانە بەس نینو نابنە ئاوێنەی هەستو نەستی ئەو، یان نەیتوانیوە بەهەر هۆکارێکەوە ئەو زمانە ماڵی بکات، بۆیە پەنا دەباتە بەر کاری دژواری ڕاستەوخۆ، بە هەڵچونو گرژبەنەوە و توڕەبون هەتا دەگاتە تاوانی گەورە، ئارەزوە کپکراوەکانی دەبنە مۆتەکەو سواری کۆمەڵگەدەبن، دۆزینەوەی ڕیگایەک بۆ دەربڕینی هەست، جۆرێکە لەچارەسەر بۆ تاک هەتاوەکو دانەبڕیت لەکۆمەڵگە و بەکاری دژواری خۆی نەنوێنێت. خۆ ئەگەر مەسعود بارزانی زمانێکی دەولەمەندی هەبوایە بۆ گوزارشت کردن لە بیرو بۆچونی، پێ دەچو کە گرژیەکان کەمتر بونایە لە کوردستان.
بەڵام خۆ کاری دژواریش لەهونەردا  هەستی پێ دەکرێت، وەک لە مۆسیقای ڤاگنەردا بە نمونە، کە نازیەکان پێی سەرسام بون. ئەو وتەیەی ودی ئالێن، دەرهێنەری سینەمایی ئەمریکی بەناوبانگە کە دەڵێت؛ من  کە گوێم لە مۆسیقای ڤاگنەر دەبێت، ئارەزوی ئەوە دەکەم کە پۆلۆنیا داگیربکەم. مەبەستی لەو پۆڵۆنیایەبو کە نازیەکان داگیریان کرد لە شەڕی جیهانی دوەمدا. واتە هونەر ناراستەو خۆ کاریگەری دژواری هەیە لەسەر مرۆڤ، ئەگەریش بەو نیازە نەکرابێتو تەنها تێپەڕینی هەستو سۆزێکی کاتی بێت، هەرچەندە  هونەر هەرگیز حوکم نەدراوە بەو کاریگەریەی بەڵام  ئەمرۆ ئەگەر یەکێک لەفەرەنسا هاندەری کەسیکی ئیسلامی بێت بۆ کارێکی دژواری و ئەگەریش خۆی هەڵنەسابێت بەو کارە ئەوا ئەو کەسە وەک هاندەر حوکم ئەدرێت. یان کاتێک سەیری تابلۆیەکی دلاکروا دەکەین، یان تابلۆیەکی کەرەڤاش، یان  لە ڕۆمانێکدا پڕ لە دژواری، یان هەندێک جار گەنجان کاتێک درامایەکی تەلەفزوێنی دەبینین، دەچن هەمان کاری دژواری ئەو درامایە دوبارەدەکەنەوە، .لێرەدا ئەم هونەرانە  لەلایەن بکەرەوە بەمەبستی  خاڵیبونەوەی غەریزەیەک کراون، ئەو غەریزەیەش زۆرجار دژواریە، واتە جۆرێکە لە خاڵی بونەوەی هەوەسی دژواری، هەرچەندە پیکاسۆ لەوەڵامی ئەفسەرێکی ئەڵمانیای نازی کە پرسیاری لێکردبو کە ئایا ئەو تابلۆیە ئەو کردویەتی، پیکاسۆش وەڵامدا وتبوی ؛ نەخێر ئەوان کردویانە، واتە ئەسکەرە نازیەکان کە پرسیاریان لێ کردوە. یان کاتێک شەڕی جیهانی دوەم دەست پێ دەکات، پیکاسۆ بە ماتیسی هاوەڵی دەلیت ؛ ئێمەی هونەرمەند دەمێکە لەسەنگەرداین .
 بۆیە لە هونەردا ئەم باسانە هروژێنراون کە ئایا چ جۆرە هونەرێک بکەین ؟ بێ گومان نابەجێیە کە ئێمە ڕێگایەک بۆ هونەرمەند دەستنیشان بکەین کە پەیرەوی چ فەلسەفەیەک بکات، ئەگەر نا هونەر مانای چیە ؟ هەرچەندە لە رابوردودا زۆر لە سوڵتەو حکومەتەکان هەوڵیان داوە هونەر بەلای ئامانجو لەخزمەتی ئایدیۆلۆژی خۆیاندا بەکاری بهێنن وەک چۆن سەردەمانێک هونەرمەندەکان دەبوایە تابلۆکانیان باسی روادوەکانی بایبڵ بکات، یان لەسەردەمی کۆمۆنیستدا هونەری سۆسیالیستی شۆڕشگێڕی، یان هەر لەسەردەمی سۆمەریو فیرعەونەکاندا  بەهەمان شیوە.  شایتەحاڵمان نیە بەڵام وادەردەکەوێت کەلە ئەشکەوتەکاندا مرۆڤی پێش مێژو ئازاد بوە لەدەربڕینی هەستیا بە بێ ئەوەی کە بتوانین بی سەلمێنین.  ئەمڕۆش بازاڕی هونەر بەراستەوخۆ هونەرمەند بەلای خۆیدا رادەکێشێت،  وەک چۆن  لەئەوروپا شەریکەیەکی گەورە  پارەیەکی زۆر دەخاتە گەڕو چەند ئاوازێکی مۆسیقا بە شیوەیەک دەنوسن کە بتوانن بەدڵی گەنجانو لەسەر مۆدێلی سەردەم بێت، چەند کوڕوکوچێکی جوان خاسیش بە مۆدێلی جلوبەرگی گرانبەها دەخەنە سەر شانۆ و سەمایەکی تایبەتیان بۆ دەستنیشان دەکەن بە دیکۆرو روناکی قەشەنگەوە، بەو هۆیەشەوە ملوێنەها دۆلار قازانج دەکەن، ئەم مۆدێلە ئێستاکە هەموو ئاسیای گرتۆتەوە. بەڵام لەگەل هەموو ئەم روداوانەشدا هەندێک هونەرمەند توانیویانە رەسەنایەتی خۆیان بپارێزن هەتا ئەم سەدەیە .
کاتێک ساڵانی 1960 بزوتنەوەی ریالیستی نوێ، دەهاتنە سەرجادەو هەندێک کاری نابەجێیان دەکرد کە پێیان دەوت ؛ هەپنین واتە ڕوداو، بۆ دروستکردنی روداوبو، دوای  سەردەمێکی تر ئەمە بوە مۆدێلێک بۆ هونەرمەندان، ئەمڕۆ گەنجان ئەم دیاردەیە لەسەر جادەو لە سایتە کۆمەڵیەتیەکان دوبارەدەکەنەوە، سەلڤادۆر دالی هەر زو هەستی بەگرنگی هەپنین کرد. بزوتنەوەی ڕییالیسمی نوێ  وایان باوەربو کە دەبێت هونەر روداو دروستبکات هەتاوەکو بەو هۆیەوە غەریزەی دژواری لای تاک کەم بکاتەوە، خەڵکی خەریکبکەن بەو روداوانەوە، روادوەکانیش بریتیبون لەکاری سادە، بۆ نمونە هونەرمەندێک لەسەر شۆستەیەک رائەکشاو ڕیگری لەخەڵکی دەکرد کە بەسەر شۆستەکەدا بڕۆن، یان کچێک خۆی روت دەکردەوە لە ناوەراستی فولکەیەکدا و سەیارەو خەڵکی هەمویان دەوەستان سەیری ئەو دیمەنەیان دەکرد.  خۆ شەڕی جیهانیش جۆرێکە لە روداو، وەک کورد دەڵێت شەڕ لە بەتاڵی باشترە، مادام وایە با هونەر ئەو خزمەتەبە کۆمەڵگە بکات، ئەو بۆشایە پڕبکاتەوە، غەریزەی دژواری لای تاک بەتال بکاتەوە بە خەریکبونی بە کاری بێ ماناو بێ زیان. بۆیە بزوتنەوەی دادا 1920 کە پێش مێژو کەوتبو، ئەوان دەیان وت ؛ کە هەر کارێک بکەیت لەهەر ئانو ساتێکدا بەمەبەستی هونەر، ئەوا ئەو کارە هونەرە. یەکەم تابلۆی داداکانیش  ئەوەبو کە کەرێکیان هێناو بە پای بۆیاویەوە بردیان بەسەر تابلۆیەکدا، جێ شوێن پێی کەرەکە لەسەر تابلۆکە بو بەناوبانگترین تابلۆی دادایەستەکان. ئەم کارە هونەریە خۆی لە خۆیدا بێ مانایە، بەڵام ئەوان مانایەکیان داوەتێ بەوەی کە کۆنسێپتێکیان کردوە بە جەوهەری کارەکەیان، کارەکە بەرهەمی هۆشە، هزرێک لە پشتیەوەیەتی، بەجۆرێکی تر ئەتوانین بڵیین کە ژیان خۆی بێ مانایە ئێمە مانای ئەدەینێ، وەک چۆن مارسێل دوشان، هونەرمەندی فەرەنسی ساڵی سالی1917 تەوالێتێکی میزکردنی دانا لە پیشانگاکەیدا وەک کارێکی هونەری، لەسەر ئەو کۆنسێپتەی کە وتی ؛ ئەو کەلوپەلانی لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاری ناهێنین دەبنە کاڕێکی هونەری، بێگومان هەتا ئەمڕۆش ئەم کارە هونەریە جێگای پرسیارە. 
کاتێک لە نوسەری فەرەنسی؛(  ژۆنژنێ)  یان پرسی کە چۆن ئەو زمانە دەولەمەندە فێر بوە بۆ نوسین لەکاتێکدا کە ئەو کەسێکی هەژاربوە و ژیانی لەبەندیخانەکاندا بردۆتە سەر، لە وەڵامدا وتی کە ئەو دەبوایە زمانی جەلادەکانی فێر ببێت، هەتاوەکو خەڵکی گویی لێ بگرن، قبوڵی بکەن، مەبەستی لە زمانی بۆرژوازیەکان بو ئەو، زمانەی کە مۆلیێر گاڵتەی پێ دەکات. راستە خدر هێشتا فێری ئەو زمانە نەبوە بەڵام خدر تەکنیکی کۆمۆنیکاسیۆنی مۆدێرن بەکار دەهێنێت؛ فەیسبوکو، یوتوبو، مۆنتاژ ئەکات، هەروەها ئەتوانێت لەبەردەم خەڵکیدا وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، هەندێک جار کەدەیبینیم دەدوێت لەبەردەم رۆژنامەگەرەکاندا جۆری جوڵانی دەستی و قسەکردنی، زۆر باشترە لە زۆربەی پەرلەمانتاران، خۆ ئەگەر خدر کەسێکی مۆسیقاری بەتەنیشتەوە بێت تۆزێ یارمەتی بدات لە جۆری ئاوازو مۆنتاژو مۆسیقاکەی ئەوا ئەتوانێت ببێتە گۆرانی بێژێکی زۆر باشیش، جگە لەوەی کە خدر کەسێکی سادەو دڵ پاکە.
 خدر و وەک خۆی گۆرانیمان بۆ ئەلێت، دوای ئارەزوەکانی کەوتوە و دەستەو ئەژنۆ دانەنیشتوە خەیاڵ پڵاو لێ بدات، مرۆڤ لە ئەکسیۆندا جوانە،  ئیتر ئەو ئەکسیۆنە هەرچیەک بێت، پلاتۆن دەڵێت ؛ "کارای کردن باشترین کارایە". بەمەرجێک ئازادی لەوی تر زەوت نەکات، ئەوەی گرنگە لە دیاردەی خدردا ئەوەیە کە خدر دوای ئارەزوی خۆی کەوتوە لەبری ئەوەی ئارەزوی کپکراوی ببێتە ژەهرو ڕۆژێک بە کۆمەڵگەوە بدات، خدر باسێکی نوێمان بۆ دەهێنێتە کایەوە ئەویش ئەەیە کە ئەمڕۆ هەموو کەسێک ئەتوانێت کەئەگەر ئارەزوبکات بە پشت بەستن بە سیستەمی کۆمۆنیکاسیۆنی مۆدێرن ئەتوانێت دەنگی بگاتە خەڵکی .
زۆر کەس سەریان سوڕماوە لەوەی کە چۆن خدر دەتوانێت بەوجۆرە گۆرانی بڵیت ؟ گوایە ئەویش دەتوانێت ئەوەبکات بەڵام هەڵەیەو ناتوانێت وەک خدر بکات، چونکە تەنها یەک خدر هەیە وەک چۆن یەک کەژال ئەحمەد هەیە، وەک چۆن یەک مارسێل دوشان هەیە کە ئاودەستخانەیەکی کردە کارێکی هونەری، راستە خدر وەک مارسێل دوشان هۆشمەند نیە، هێشتا زمانی بۆرژوازی فێر نەبەوە،  بەڵام ئێمە چی دەزانین لە ناخی خدردا ؟
 ئەو سەردەمە بەسەر چو کە کۆمەلە کەسێک کۆببەنوە و هەمویان یەک ستایلی هونەری بکەن، کاری بەکۆمەل کۆتایی هاتوە، ئەمڕۆ هەرکەسەو بۆخۆی کارێکی شاز دەکات،  بازاڕی عوکازە، وەرن کاڵاکانتان بەیان کەن، ئەوکاتە خەڵکی بڕیار ئەدەن . ئەمڕۆ بەبۆنەی یوتوبو فەیسبوکو سایتە کۆمەڵیەتیەکانەوە کە لە بنەچەدا بۆ ئەو مەبەستەش کراون کە هەموو کەسێک ئەو مافەی هەبێت وتارێک بنوسێت، کارێکی هونەری خۆی بەیان بکات، ڕای خۆی دەربڕێت...تاد، کە هونەر تەنها بۆ کەسانی بۆرژوازی و خاوەن دەسەڵات نەبێت. جگە لەوەی کە دەبێت ئەم کارەی خدر وەک روداوێکی خۆش سەیربکرێت کە خەڵکی پێوەی خەریکبونو بۆتە جێی پرسیارو چەندەها بیرۆکەی تر دەهروژێنێت لە هزری کەسانی چواردەوریدا.
کاتێکیش کەژاڵ ئەحمەد دەڵیت ؛ ئەگەر تۆ بێیت بۆلام کارەبا ناکوژێتەوە، ئاو نابڕێت.......تاد. بۆچی و بە چ پێوەرێک ئەمە شیعر نیە ؟ لەبەر ئەوەی کە جیاوازە ؟  هەتا کەی شاعیران باران بە فرمێسک ئەچوێنن و هەور بە خەمباری و شەپۆلی دەریا بەتوڕەییو ڕەنگی دەریا بە چاوی شین ؟  ئەمانە مێتافۆری کلاسیکینو سواون، ئەی چۆن گۆڕانکاری روبدات ئەگەر کەسێک نەتوانێت بەها کلاسیکیەکان بڕوخێنێت ؟ وەک نوسەری فەرەنسی؛ سێلین دەلیت ؛ خەڵکی هەرهەمان زاراوە و چیرۆک دەگێڕنەوە، جارە جارە کەسێک دێت شتێکی جیاواز دەڵێت.  ئەوەی کەژاڵ ئەیلێت مێتافۆرێکی مۆدێرنترە؛ نەبونی کارەباو ئاو لە کوردستان گرفتێکی گەورەیە بەبینینی خۆشەویستەکەی ئەو گرفتە نامێنێت.  ئاوا ئێمە پیر دەبین؛ کاتێک دەبینن کەسانی تر بەجۆرێکی ترگوزارشت لە هەستیان دەکەن بەجۆرێکی تر ئەدوێن لە ئێمە،  ئیتر ئەوی تری دەکەوێتە سەر ئێمە کائایا ئەو جۆرە هۆنراوانە برینی ئازارەکانمان سارێژ دەکەن ؟  بەڵی دەمان هێننە پێکەنینو دڵخۆشیشەوە، پرسیاریش بۆ ساتێک یان بۆ چەند ڕۆژێک لەخۆمان دەکەین کە وادیارە ئەو کچە جۆرێکی تر بیر دەکاتەوە، میدیاو خەڵکیشر پێوەی خەریک دەبنو دەبێتە ڕوداوێک. کەژال  نیشانەکەی زۆر باش پێکاوە، سەلماندنیش بۆ ئەمە ئەوەیە کە من کەژاڵو خدرم نە ئەناسی لەوەو بەر، لەم دورەوە لەفەرنساوە ناسیمن، لەگەڵ ئەوەشدا کە کەسانێک هەن لەوان باشتر گۆرانی دەڵێنو هۆنراوە دەنوسن بە پێوەرێکی تر. خۆ  ئەگەر میدیا گاڵتە بە خدر ئەکەن با بچن گاڵتە بەو دەزگایانە بکەن کە کچانی هروژێنەر دەهێنن بۆ کوردستان، گوایە ئەمان هونەرمەندنو گۆرانی بێژن، خەڵکی بەسەدەها دۆلار بۆ بینینیان سەرفدەکەن لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو کچە جگە لە لەشیکی هروژێنەر هیچی ترمان ناهروژێنێت. یان کاتێک هونەرمەندەکانی کوردستان بە پەیکەرەکانیان هزری سەلەفیمان بۆ پەخش دەکەنو لەگەڵ ئەوەشدا پێمان دەلین کەئەوان باسی ئازادی مێینە دەکەن، نەم بینی مێدیایەک بچێت پرسیاریان لێ بکات کەئایا ئەو پەیکەرەی کردویان گوزارشت لە چی دەکات، جگە لە باس کردنی قەبارەو بەرزیو نزمی پەیەکەرەکە نەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو میدیایە هێندە زیرەک نیە ئەو هونەرە بخوێنێتەوە. دەبوایە میدیا هانی گەنجانی بدایە کەوەک خدر بڕۆن بەدەم ئارەزوەکانیانەوە هەتاوەکو لەماڵەوە دانیشنو ڕەخنە لە حکومەت بگرن کە دایان نامەزرێنێت لە دەزگایەکی تەمبەڵدا لەسەر کورسیەک، کە تەنها کاریان ئیمزاکردن بێت.
 وەک بینیمان لەم روداوانەدا میدیا تەنها  خدریان کردە بەربوکی رابواردنیان،  نەچون پرسیارێک لە کەژاک بکەن  کە بۆچی ئاودێتەوە ئەگەر خۆشەویستەکی بێت بۆلای  ؟  لەبەر ئەوەی کە پێ دەچێت  کە کەژاڵ خوێندەوارە و بە پێجەوانەی خدرەوە وەڵامی ڕەقیان بداتەوە و ئەوان نەزانن چۆن لەگەڵیا بدوێن، یان لە هزری هەندێکیاندا ژنان ناقسولئەقڵنو پێویست بەوە ناکات، لای هەندێکی تریشیان وایان باوەرە کە نابێت ڕەخنە لە ژنێک بگرن چنکە ناتوانن بیانخەنە ئاستی خۆیان، لەهەمان کاتا کەژال لەسەر شانۆی سیستەمێکی باوەڕ پێکراو هۆنراوەکەی خوێندەوە، پێش ئەوەی هۆنراوەکەی بخوێنێتەوە، کەسانێکی بەرپرس تامغەی ڕەنگاو ڕەنگیان لە پسۆلەکەی داوە. 
کاتێک کابرایەکی سیاسی پەیمانت پێ ئەدا کە دەیەوێت ژیانی تۆ و گوزەرانی تۆ پۆشتە بکات، درۆدەکات، ئەو تەنها دەیەوێت خۆی بنوێنێت یان کارێک بۆ بژێوی ژیانی خۆی بدۆزێتەوە. کاتێکیش هونەرمەندێک نوسەرێک، هۆنراوەیەک مۆسیقایەک یان هەر کارێکی هونەریمان بۆدەکات، مەبەستی خۆ نواندنە، ئەم خۆناوندنەش ئەگەر قامچیەکی لێ بدەیتو بیخەیتە ژێر ئەشکەنجەوە ئەوا نهێنی ترت بۆ ئەدرکێنێت، کە لە ژمارە نایەن. بەڵام گرنگ کایگەری ئەو کارەیە لەسەر ئێمە؛ چ خزمەتێک یان زیانێک دەگەیەنێت ؟ 
سیو پێنج هەزار سال لەمەو بەر کابرایەک شوێن دەستی لەسەر ئەشەکەوتی شاڤۆ لەفەرەنسا جێ هێشتوە هەتاوەکو پێمان بڵیت کە ئەو لەو ئانو ساتەدا بەویادا تێ پەڕیوە. ئەمڕۆ دوای سی و پێنج هەزارسال لە شارە گەورەکانی وەک پاریسو نیۆرکو لەندەن، کوڕان شەوان دەچن ناوی خۆیان لە سەر دیواری شارەکاندا دەنوسن هەندێک جار ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە بۆئەو مەبەستە، بۆ ڕۆژی دوایی بەهاوەڵەکانی دەڵیت کەئەوە ئیمزای ئەوە لەسەر دیواری شارەکە، خدریش هەر ئەوەمان پی ئەڵێت.
هەزارەها خەڵک هەموو ڕۆژێک دەچنە بەردەم تابلۆی مۆنالیزاو رەسمی دەگرن بە بی ئەوەی کە بزانن بۆچی ئەو تابلۆیە جوانە، هەر بەتەنیشت ئەو تابلۆیەوە سەدەها تابلۆی گرنگ هەن بەڵام ئاوڕی لێ ناداتەوە، چونکە پێیان وتوە کە ئەوە هونەرێکی دانسقەو گرنگە.
 پاش بەتال بونەوەی ئارەزوەکانمان، پاش خاڵی کردنەوەی هەمانەکەمان ئەوسا دەزانین کە ئەم ژیانە بەڕاستی پروپوچەو ئەو کارە هونەریەشی کە ئێمە زۆر گرنگیمان پێ داوە پێ دەچیت کە کاریگەریەکی نەرێنی هەبێت لەسەر کۆمەڵگەو بە پێچەوانەی ویستمانەوە بن، گۆرانیەکەی خدرو هۆنراوەکەی کەژال بەرەو ژیانێکی زیاتر ئارامتر دەمان بەن هەتاوەکو تەقینەوەی تاوەرەکانی ئەمەریکا. ئەمانەش ڕێخۆشکەر دەبن بۆ ژیانێکی داهاتو کەبەم نزیکانە پێی دەگەین ئەویش ژیری درووستکراوە، ژیری ڕۆبۆتەکان، ئەوکاتەی کە ئێمە لەخۆمان دودڵ دەبینو هیچمان پێ نامێنێت بەرامبەر بە بون ئەوا ژیانو چارەنوسمان ئەدەینە دەست ئەوان. ئەم باسەش بۆ وتارێکی داهاتوو.

-----------------------------------
سەردار حەمە ڕەش
دیبلۆمی هونەرە جوانەکان لە فەرەنسا




(دەنگدراوە: 7 . زۆرباشە: 4.5/5)