ئازادی نووسین و ڕادەربڕین

Sunday, 03/03/2019, 22:11

3388 بینراوە


سەرەتا ئەگەر ئێمە بێین باس لە ئازادی نووسین و ڕەخنەگرتن و ڕادەربڕین بکەین لە عێراق و ھەرێمی بە تایبەتی لە ھەرێمی کوردستاندا ، ھەم لەڕووە سیاسیەکەیەوە ھەم لە ڕووە کۆمەڵایەتیکەوە ئازادی لە چی ئاستێکدایە ؟
بە بڕوای من و زۆرێک لە نوسەران و ڕۆژنامە نووسان ئازادی چەمکێکی زۆر شێوە مەتاتی ھەیە ، ئەگەر ئێمە بێین باس لەو ئازادیە ڕادەربڕینە بکەین و بچینە ناو ھەندێک کایەی بچوکی ئەم ئازادیەوە ،
کە نووسینی کتێبێک یا بەرھەمە ئەدەبییەکان ڕەنگە یەکێک لەو دەستکەوتە باشانەی کە ھەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان  چاودێری کردنێکی زۆر توند و جدی نیە ، بۆنمونە تۆ کاتێک کتێبێک چاپ دەکەیت پێویستت بە ژمارەی ڕاسپاردنە بۆ کتێبەکە ، 
کە کەمجار ڕێکدەکەوێت کتێبەکە ڕەفز بکەن ، بەڵام ئەگەر قسە لەسەر کەسێکی سیاسی بکەین بتەوێت کتێبەکە چاپ بکەیت ئەو کاتە لایەنە سیاسیەکان تەداخول دەکەن و ناھێڵن بەرھەمەکەت یاخود کتێبەکەت چاپ بکرێت ،
کە لە سلێمانی بەڕێوەبەری کتێبخانەکان کە ژمارەی سپاردنیان نەداوە بە ھەندێک کتێب کە پەیوەندییان بە ھەندێک خەڵکی سیاسیەوە ھەبووە . بەڵام ئێمە ئەگەر بە دیوەکەی تریدا سەیری ئازادی بکەین ، دەبینین ئازادی ئەو درۆ گەورەیە کە میدیای کوردی و میدیای حیزبی 
واتا ھەردوو پارتی دەسەڵات بانگەشەی بۆ دەکەن ، بەو ماناییەی تا ئەو جێگایە تۆ ئازادیت کە ھێڵە سورەکە نەبەزێنیت ، ھێڵە سورەکانیش زۆر جوان دیارن ئێستا . لە بەرئەوە چەمکێکی تا ڕادەیەک لاستیکی و درۆزنە ئازادی لە کوردستاندا .
ئەگەر بێینە سەر باسی سیستەمی ناندان و پارە بەخشینەوە و ئیمتیازات وای کردووە لە چەند نوسەرێک کە قەڵەمەکانیان نەتوانێت ڕاستی بنووسن و سەرکپ بکرێن و بێ دەنگ بن ، ئەمەش زیانی گەورەی دەبێت بۆ سەر ئاستی ڕۆشنبیر و نوسەرانی کورد .
ئەم قسانە زۆر ئاراستەی نوسەران و ڕۆشنبیران دەکرێت لە ئێستادا ، بەڵام سەیرە بەلامەوە نەک بەلای منەوە بەڵکوو بەڵای زۆرێک لە نوسەران و نوخبەی ڕۆشنبیرانەوە ، کە ھیچ ڕۆشنبیر و نوسەرێکی ئازا و بوێر و داھێنەر نیە و نەبووە لە گەڵ دەسەڵاتدا بێت .
چۆن تەجروبەی حکومڕانی پێشتری عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بینراوە ھیچ نوسەرێکی بوێر و ئازا بوونی نەبوو ھەموو شەرمن و لەرزۆک و ترسنۆک بوون ، ئەگەر ھەش بووبێت زۆر دەگمەن و کەم بووە . ئێستاش لە کوردستاندا ھەمان شتە 
ئەوانەی لە گەڵ حیزب کار دەکەن و لە ناو دەزگای حیزبی دان چپەیان لێووە نایات و بێ دەنگن ، بەڵام ئەوانە نوسەرە بوێر و  داھێنەرەکان نین . نووسەر و قەڵەم بەدەست و داھێنەرە باشەکان من پێم وایە ھەرگیز دەسەڵات نەیتوانیووە ئەو نووسەرانە بکرێت 
ئیرادەی خۆیان تەسلیمی دەسەڵات نەکردووە ئەگەر ڕوبداتیش حاڵەتێکی زۆر نەشازە . یەکێک لەو شتە ناشرینانەی نوسەر و ڕۆشنبیران ئەوەیە کە وەسف و سەنای حیزبی کوردی بکات ، کە ئەمەش عەیبەوشەرمیەکی زۆر گەورەیە 
لە ژێر سایەی دەسەڵات و پارتێکی کوردیدا گەشەی ئازادی و بانگەشەی داھێنان و دیموکراسی بکەیت ، نموونەکان بەردەوام لە پێش چاومانە ، من باوەڕ ناکەم نووسەرو ڕۆشنبیرێکی جدی ڕازی بوبێت لە ژێر ساییەی پارتی کوردیدا لە کوردستان ڕازیبووبێت .
پرسیارێک لێرەدا دێتە پێشەوە ئەگەر تۆ کەسێکی حیزبی نەبیت دەتوانیت ڕەخنە لە دەسەڵاتێک یا لایەنێکی دیکە بگریت؟ ئەمەش خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی زۆر ئاڵۆزە ، ئەگەر ئێمە بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس ئەوکاتە نووسەران لە ژێر ھەرەشەی کوشتن و ئیعدام کردن و ئەتککردندا دەترسان 
بە داخەوە کە حکومەتی بەعس دەیکرد کە چیرۆکی زۆر ناخۆشی نووسەرانی تێدایە کە چیان لێ بەسەر ھاتووە وە  وا لە زۆر نووسەر و ڕۆشنبیر دەکرا کە ملکەچ و تەسلیم بێت ، بەڵای ئەو گەمەیەی ئێستا دەسەڵات دەیکات بەرانبەر بە نووسەر و ڕۆشنبیری کورد بە جۆرێکی دیکەیە .
زۆربەی ئەو نووسەرانەی کە ڕازی نابن یا قایل نابن وە یاخود ڕەخنە گری جدی دەسەڵاتی کورین بچنە ژێر ساییەی دەسەڵات و پارتێکی دیکەی کوردیەوە . حیزبی کوردی دێت بە جۆرێکی تر تۆڵە یا ( حەق ) لەمانە دەکاتەوە .
کە کۆمەڵێ میدیای سێبەری دروستکردووە ئەو میدیای سێبەرە دێت " تیرۆری مەعنەوی " ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرە جدیانە دەکات ، وە ئەو میدیای سێبەرە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ئەو کارە دەکات ، 
ئەم کارانەش زۆر ئاشکران کە لایەنە حیزبیە کوردییەکان لە پشتێوەن تا "تیرۆری کەسایەتیان " بکا و دەمکوتیان بکات ، بۆیە ئەمە حاڵەتێکی زۆر خەمبار و خەمناکە . ئەگەر کۆمەڵگەیەکی دروستت ھەبێت میدیای دێت سومبولەکانی خۆی دروست دەکات لە ناو کۆمەڵگەو پیشانیان دەدات .
ھەندێک پرسیار دەکەن لە بەشێک لە نوسەران کاتێک لە ئەوروپان ڕەخنە دەگرن کە دەگەڕێنەوە کوردستان ھیچ ناڵێن ، من پێم وانیە ئەوە وابێت چونکە ھەندێک جار ھۆکاری خۆی ھەیە ، دەسەڵات قبوڵی ڕەخنەگرتنی نیە واتا زمانی ڕەخنەی قبوڵ نیە ،
ئەوان دەڵێن ئەگەر تۆ ستایشی من نەکەیت ئێرە جێگای تۆ نیە ، کەواتە ئەو منی پێ قبووڵ نیە بۆیە زۆر بە ئاسانی تیرۆرت دەکات و دواتر چیرۆکێکت بۆ دروست دەکەن . وە لە ئێستادا ھیچ قۆناغێگ ھێندەی قۆناغی دنیای کوردی و کۆمەڵگەی کوردی و تاکی کورد خاوەنی شکست برینداری و بێزاری نیە ، 
وە ڕۆژێک ئەم بێزاری و شکست و برینداری دەتەقێنەوە بە ڕووی دەسەڵاتی کوردیدا وە ھەموو شتەکان دەسوتێنێت ئەنجامی چی دەبێت ئەمە شتێکی ترە ، بەڵام پارتی کوردی و دەسەڵاتی کوردی دێت بە شکڵێکی تر تۆڵە لە نوسەران و ڕۆشنبیران دەکاتەوە 
دێت لە ڕێی ( تیرۆری مەعنەوی ) وە کەسایەتی ئەو مرۆڤە دەکات کە ئەیخاتە ناو چوارگۆشەیەکی پر لە جنێو و تەشیری زۆر ناشرینەوە ئەوەیشی پێی ھەڵدەسێت حیزبی کوردی و دەسەڵاتی کوردیە . 
بینیمان لە پێشتر کە نوسەران بۆ ئەوەی دەمکوتبکرێن یا تیرۆری کەسایەتیان بکرێت ڕێگە نەدرێت بە ئازادی ڕەخنەکانی خۆیان بڵێن ، ئێمە دەزانین چەندین نووسەرمان بوون بە قوربانی و دەمکوت کران ،
ئەگەر بگەرێنەوە بۆ پشوو تریش کە نووسەری بەناوبانگی ئەڵمانی "لیسی شمیت "ە کە لە ساڵی ١٩٩٤ تیرۆر کرا وە زۆرن ئەو نوسەرانەی کە لەو ڕێگایەدا لە ناو بران و دەمکوت کراون . ئەمەش دوو ھۆکار یا دوو ئاراستە ھەیە بۆ دەمکوت کردنیان 
ئاراستەیەکیان "ڕاستەوخۆیە" واتا  " مباشر "ە کە ئەوەیشی وەکوو دەزانین کوشتن و تیرۆر کردنی ڕۆژنامە نووسانە کە لەڕابردوو ڕویاندا چەندین ڕۆژنامەنوس تیرۆر کران ، ئاراستەی دووەم " ناڕاستەوخۆیە " واتا  " غیرمباشر "ە
کە ئەوەیشی شکاندنی تیرۆری مەعنەوی ئەو کەسانەیە کە لە ڕێگای میدیای سێبەری حیزبەکانەوەیە ، ئەمەش خۆی لە خۆیدا کاریگەری نەفسی زۆر گەورە دروست دەکات . 
ئێمە نابێت شتێکمان لەبیر بچێت کە دەسەڵات زۆر بە بەرنامەو سیستەماتیک کاری کردووە بۆ ئەم بابەتە ھەستیارانە ، بۆیە دەسەڵات ترسێکی نەماوە لە نوسەر و ڕۆشنبیران ، تۆ سەیر بکە ھەرچەندە ڕەخنە دەگریت یا قسە دەکەیت دەبینیت ناگاتە جێگای خۆی 
ئەسڵەن دەسەڵات بۆی گرنگ نیە ، ھەست دەکەیت ئەوەی تۆ قەنەعەتت پێیەتی جێگای خۆیان ناگرن ڕەخنەکان . دەسەڵاتی کوردی بۆی گرنگ نیە و لە غروریەتی خۆی نایەتە خوارەوە وە پێویستی بە زۆر شت نەماوە ، ھەر بۆیە دەسەڵاتی کوردی بڕوای بە ئازادی ڕادەربڕین نیە لە کوردستاندا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە