مێژوویەکی خێرای پەکەکە و کەمێک لەسەر چۆنێتی گرتنی ئۆجەلان

Monday, 04/03/2019, 1:30

4931 بینراوە


بەپێى بەشێک لەسەرچاوە میدیاییەکان سەرۆکى ئەو کاتى کینیا لەبەرامبەر وەرگرتنى پێنج ملیۆن دۆلاردا ئامادەبووە ڕێگا بە فڕاندنەکەى ڕێبەر ئۆجەلان بدرێت پەکەکە لە ساڵى ١٩٨٦ لە سێیەمین کۆنگرەیدا بڕیایدا هێزى ڕزگاریى کوردستان بکات بە ئارتەشى ڕزگاریى گەلى کوردستان (ئەرگەکە). هەروەها ئەکادیمیاى سەربازیى مەعسوم کورکوماز (عەگید)ى دامەزراند. لە ساڵانى ١٩٩٠ى ڕابردوودا زنجیرەیەک ڕاپەڕین بە پێشەوایەتیی پەکەکە زۆربەى شار و شارۆچکە و ناوچەکانى باکورى کوردستانى گرتووە و ئەوەش بووە هۆى ئەوە پەکەکە زیاتر لەوەى کە چاوەڕوان دەکرا هێزى خۆى لە ناو خەڵکدا نیشان بدات. پەکەکە لە ساڵى ١٩٩٠ جگە لە لوبنان چەند بنکەیەکى لە ناوچەکانى شام لە سووریا کردەوە. بەڕیز عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە لوبنانەوە بەرەو شام گەڕایەوە و بە بەردەوامى سەردانى ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستانى دەکرد. لە دواى هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست لە نێوان پەکەکە و حکومەتى تورکیا بۆ ئەوەى کێشەى کورد بە شێوەى ئاشتییانە چارەسەر بێت. لە ڕۆژى ١٩ى ئازارى ١٩٩٣ عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئامادەبوونى جەلال تاڵەبانى سکرتێرى گشتیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە بوقاعى لوبنان کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنووسیى بەڕێوەبرد و لەلایەن پەکەکەوە ئاگربەست ڕاگەیاندرا. بەپێى گفتوگۆکان بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست و چارەسەرکردنى کێشەکى کورد بە شێوەى ئاشتییانە بەهێزترین پێشنیاز، پێشنیازى دامەزراندنى تورکیاى فیدراتیڤ بوو. تورگوت ئۆزال هەشتەمین سەرۆک کۆمارى تورکیا لە چەند لێدوانێکدا باسى فیدراسیۆنى نێوان کورد و تورکى کردبوو. لە دواى ئەوەى بەشێوەى گوماناوى تورگوت ئۆزال لە ١٧ى نیسانى ١٩٩٣ کوژرا. ئاگربەستى نێوان پەکەکە و حکومەتى تورکیاش کۆتایى پێهات. لە دواى ئەوەى جەنگ لە نێوان سوپاى تورکیا و پەکەکە زیاتر لە جاران چڕبوویەوە دیسانەوە هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست دەستیان پێکردەوە و لەو چوارچێوەیەدا پەکەکە لە ساڵى ١٩٩٥ دا ئاگربەست و لە ڕۆژى ئاشتیى جیهانى لە ساڵى ١٩٩٦ ئاگربەستێکى دیکەى ڕاگەیاند، بەڵام بەهۆى هەوڵى "تیرۆرکردنى" عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕێگەى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراوەوە، ئاگربەستەکەى ١٩٩٦ کۆتایى پێهات. بەهۆى گوشارەکانى تورکیاوە حکومەتى سووریا داواى لە عەبدوڵا ئۆجەلان کرد خاکى ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت و لە نۆى تشرینى یەکەمى ١٩٩٨ دا ئۆجەلان سووریاى بەجێهێشت. ئۆجەلان لە یەکەم گەشتیدا ڕووى لە ڕووسیا کرد و سەربارى ئەوەى دۆماى ئەو وڵاتە بە کۆى دەنگ مافى پەنابەریى سیاسیى بە ئۆجەلان بەخشى، بەڵام حکومەتى ڕووسیا مانەوەى ئۆجەلانى لە خاکەکەیدا قبوڵ نەکرد. ڕووسیا لەبەرامبەر ئەوەدا کە ڕێگرى لە مانەوەى ئۆجەلان بکات لەلایەن سندوقى دراوى نێودەوڵەتییەوە قەرزێکى ١٠ ملیار دۆلاریى پێدرا و تورکیاش پشتیوانییەکانى خۆى بۆ چەکدارەکانى چیچان بڕى، کە ئەو کات چەکدارەکانى چیچان بەسەرۆکایەتیى جەوهەر دۆدایف و ئەسلان مەسخادۆف و شامیل باسایفەوە ڕووسیایان ڕووبەڕووى قەیرانێکى گەورە کردبووە. لە دواى ئەوە ئۆجەلان سەردانى هەر یەک لە وڵاتانى یۆنان و ئیتالیاى کرد. هەروەها هەوڵیدا بڕواتە ئەڵمانیا کە لەلایەن حکومەتى ئەڵمانیاوە ڕیگرى لێکرا. هەوڵێکى دیکەى ئۆجەلان ڕۆیشتن بوو بۆ هۆڵەندا تاوەکو لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى دۆز لە بارەى کێشەى کوردەوە بکرێتەوە و ئەو کێشەیە بەشێوەیەکى نێودەوڵەتیى کۆتایى پێبهێنرێت. بریتا بۆلەر یەکێک لە پارێزەرە هۆڵەندییەکانى ئۆجەلان، کە هاوکات ئەندامى دەستەى تیمێکى پارێزەرى نێودەوڵەتى بوو لە کتێى "گەشتە بێ ئاکامەکانى سەرکردەیەکدا" نووسیویەتى، کاتێک ئۆجەلان هەوڵیدا خۆى بگەیەنێتە هۆڵەندا حکومەتى ئەمێستردام ئامادە باشى ڕاگەیاند و ڕێگاى لە نیشتنەوەى فڕۆکەکەى ئۆجەلان گرت لە فڕۆکە خانەکانى ئەو وڵاتەدا. لەسەر داواى یۆنان و بۆ هێوربونەوەى دۆخەکە، داواکرا ئۆجەلان یۆنان بەرەوە کینیا لە ئەفریقا بەجێبهێڵێت. لەو کاتەدا پلانى ڕۆیشتنیش بۆ ئەفریقاى باشوور بۆلاى ماندێلا بەهۆى ڕەزامەندى نیشان نەدانى حکومەتى ئەفریقاى باشوورەوە شکستى هێنا. کاتێک ئۆجەلان لە باڵیۆزخانەى یۆنان لە شارى نایرۆبیى پایتەختى کینیا بوو، بڕیارى ئەوە درابوو ئۆجەلان بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا و یەکێک لە پلانەکانیش ئەوە بووە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام کاتێک لە بیناى باڵیۆزخانەى یۆنانەوە بەرەو فڕۆکە خانەى نایرۆبى بەڕێدەکەون لەلایەن ژمارەیەک لە تیمى تایبەتەوە هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلەکەى ئۆجەلان و دەستگیریان کردووە و لە ١٥ى شوباتى ١٩٩٩ دا ئۆجەلان فڕێندرا بۆ تورکیا. بەپێى بەشێک لەسەرچاوە میدیاییەکان سەرۆکى ئەو کاتى کینیا لەبەرامبەر وەرگرتنى پێنج ملیۆن دۆلاردا ئامادەبووە ڕێگا بە فڕاندنەکەى ئۆجەلان بدرێت. هەروەها بەشێک لە میدیاکان ئەوەیان بڵاوکردبووە کە وتەبێژى کۆشکى سپى بەناوى سێندى برگرەوە سەرپەرشتیى ئۆپراسیۆنى چاودێرکردن و دەستگیرکردنى ئۆجەلانى بەڕێوە بردووە. ئەو زانیارییە بەشێوەى فەرمى لەلایەن ئەمریکاوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. لەو کاتەدا ئۆجەلان فڕیندرا، پەکەکە سەرقاڵى بەڕێوەبردنى شەشەمین کۆنگرەى خۆى بوو. لە دواى ڕفاندنى ئۆجەلان پەکەکە حەوتەمین کۆنگرەى خۆى بەشێوەى نائاسایى بەڕێوە برد. پەکەکە تاوەکو ئێستا ١١ جار کۆنگرەى بەڕێوە بردووە و نۆ جار ئاگربەستى یەکلایەنەى ڕاگەیاندووە. پەکەکە سێ جار لۆگۆى خۆى گۆڕیوە. پەکەکە لە دواى عەبدوڵا ئۆجەلانەوە لەلایەن کەسانى وەک موردا قەرەیلان و جەمیل بایکەوە سەرۆکایەتیى کراوە. سووپاى تورکیا لە ماوەى جەنگ لە دژى پەکەکەدا زیاتر لە چوار هەزار گوندى باکوورى کوردستانى تێکدا. بەهۆى ئەو جەنگەوە زیاتر لە ٢٥ هەزار ئەندام و لایەنگرى پەکەکە و هاووڵاتیى کورد شەهید کراون وە زیاتر لە.٢٠ هەزار هێزی سەربازی وە ئەندامانی میتی تورکیە کوژراون. لە ماوەى جەنگى نێوان پەکەکە و سوپاى تورکیا لەلایەن حکومەتى تورکیاوە ١٧ هەزار مامۆستا، ئەندازیار، خوێندکار، گوندنیش، پارێزەر، پزیشک لە شار و گوندەکانى باکوورى کوردستان فڕیندراون و چارەنووسیان نادیارە. ئەگەرى زۆر ئەوەیە ئەو کەسانە لەلایەن هێزەکانى سوپاى تورکیاوە لە دەستەى چەند کەسیدا و بە کۆمەڵ کوژرابن و لە گۆڕى کۆمەڵادا شاردرابنەوە. بەپێى ڕاپۆرتەکانى ڕێکخراوى مافى مرۆڤ (ئیهاد) لە تورکیا، زیاتر لە ٣٠٠ گۆڕى بەکۆمەڵ لە ناوچەکانى باکوورى کوردستاندا هەیە و جگە لەچەند دانەیەکیان نەبێت تاوەکو ئێستا حکومەتى تورکیا ڕێگاى نەداوە گۆڕەکان هەڵبدرێنەوە و دۆسیەکانیان یەکلایى بکرێتەوە.پەکەکە ئێستا لە ژێر چەترى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کار دەکات. شێوەى بەڕێوەبردنى سیستمى هاوسەرۆکایەتییە. ستراتیژیى ئێستاى پەکەکە کۆنفدڕاڵیزمى دیموکراتیکە. بەپێى ئەو ستراتیژیە هەموو گروپ، پێکهاتە، ئایین و نەتەوە جیاوازەکان دەتوانن بەپێى تایبەتمەندییەکانیان خۆیان بەڕێوە ببەن. بارەگاى سەرەکیى ئێستاى سەرکردایەتى پەکەکە لە زنجیرە چیاکانى قەندیلە و ئەو ناوچانەى لە ژێر دەسەڵاتى پەکەکەدان و لەلایەن پەکەکەوە بە ناوچەکانى پاراستنى میدیا دەناسرێن و ڕووبەرى ئەو ناوچانەش زیاتر لە ٢٠ هەزار کیلۆمەتر چوار گۆشە دەبێت. ئەو ناوچانە ناوچەى شاخاوى و سەختن لە سنوورە هاوبەشەکانى نێوان باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتى کوردستاندان. هەرچەند هێزى سەربازى پەکەکە و ژمارەیان بە تەواوەتى ڕوون نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت پەکەکە زیاتر لە ١٤ هەزار گەریلاى لە شاخدا هەبێت، کە لە چوارچێوەى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە)دا ڕێکخراون. هەپەگە لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرپەرشتى دەکرێت. لە ناو پەکەکەدا ژنان خاوەنى هێزى تایبەت بە خۆیان و هێزەکانیان بەناوى (یەژە ئا ستار)ە. هەروەها ژنان لە ناو پەکەکە حزبێکیان هەیە بەناوەى پارتى ژنانى ئازادى کوردستان (پاژک). سەرچاوە داراییەکانى پەکەکە بە تەواوەتى ڕوون نین، بەڵام بەرپرسانى پەکەکە و ئەو بەرپرسانەشى کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە باس لەوە دەکەن کە سەرچاوەیى سەرەکیى داراییەکانى پەکەکە هاووڵاتییانى کوردن لە ناوچە جیاواز و جۆراجۆرەکانى کوردستان و ئەوروپا. تۆڕێکى گەورەى میدیایى وەک ستێرک تیڤى، ئاژانسى هەواڵى فورات، نوچە تیڤى، ئاژانسى هەواڵى دیجلە، کەناڵى ئاى ئێم سى، ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات، ڕۆژنامەى یەنى ئوزگور پولوتیکا کارو چالاکییەکانى پەکەکە ڕووماڵ دەکەن. شانبەشانى ئەوانە ئاژانسى هەواڵى هاوار، ڕووناهى تیڤى، نەورۆز تیڤى و چرا تیڤى گرنگى بە بڵاوکردنەوەى کارو چالاکییەکانى پەکەک دەدەن. ئەو حزبانەش کە بە دۆست و هاوپەیمان و هاوئایدۆلۆژی لەگەڵ پەکەکە دەناسرێن بریتین لە پەیەدە، تەڤگەرى ئازادى، پەژاک، کۆدار و هەدەپە، دەبەپە، کەجەدە، کۆنگرەى گەل، دەتەکە و کەژەئا. هەروەها هێزە سەربازییەکانى یەپەگە، یەبەشە، یەپەژە، یەرەکە بەو هێزە سەربازیانە دەناسرێن، کە هاوستراتیژ و هاوتاکتیکى پەکەکەن‎"

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە