کارما چییە لە دیدی منەوە ؟

Tuesday, 05/03/2019, 19:30

17528 بینراوە


کارما وشەیەکی سانسکریتیە بە مانای کار دێت ، کارما بە تەنها مانای کار نیە بەڵک و کارو کاردانەوەش دەگرێتەوە،  ژیانی هەموو کەسێک و داهاتوی ئەو کەسە پەیوەستە بە کارماکانیانەوە، مادام یاسایەکی کەونی هەیە کە هەموو شتەکان بەپێی یاسایەک دەڕۆن یان بەڕێوە دەچن ئەو یاسایەش لێوان لێوە لە دادپەروەری و یەکسانی، لایەنگری کەس نییە ، ئەوا دەبێت کارما هەبێت بۆ ئەوەی کەس مافی لێ زەوت نەکرێت و یاساکە کاری دادپەروەرانەی خۆی بکات.
یاساکە ئەوەیە " لەچاکە چاکە و لە خراپە خراپە وەردەگرینەوە " واتە ئەم یاسایە وەک ئاوێنە وایە بە کردەوەی خۆت لەگەڵت دەکرێت. ئەمە یاسای کارمایە.
هەرکەس بێتە ژیانەوەو بێتە ناو پراکریتیەوە ئەوا دێتە نێو بازنەی کارماوە بیەوێت نەیەوێت لە ژێر یاسای کارمادا کار دەکات و قەدەری ئەو دەکەوێتە ناو کارماوە . هەربۆیە کاتێک کەسێک ژیان بە جێ ئەهێڵێت پاش ماوەیەک دوبارە ئەژێتەوە، بۆ ئەوەی درێژە بە ئەرکەکەی خۆی بدات، ئەویش تەواو کردنی سوڕەکانی ژیانە. ژیان سەرەتا لە بێگیانیەووو دواتر لە گیاندارەکاندایەو پاشان بەهۆی باشتر بوونی کارماکانیەوە دێتە ئاژەڵە بێهێزکان و بەردەوام دەمرێت و لەدایک دەبێتەوە تا دەگاتە ئاژەڵە بەهێزەکان و پاشان مرۆڤەکان ، شیکار واتا ڕووحەکان گەشە دەکەن تا لە جەستەی مرۆڤەکان لەدایک دەبن و لە جەستەی مرۆڤەکانیش دەمرن و لەدایک دەبنەوە تا گەشەدەکەن و دەگەن بە ڕاستیەکان . لە ناو مرۆڤیشدا ئەوەی کاری چاک دەکات و خزمەتی خەڵک دەکات و لە ناخی خۆی زیاتر نزیک دەبێتە، کاتێک دەمرێت ڕۆحەکەی دەچێتە کەسێکی باشتر و باشتر ،ئەو کەسانەی پێش مردن کۆندەلینی بجوڵێت و بچێتە چاکرای چوار ئەوا  دوای مردن جارێکی تر لە دایک دەبێتەوە بەڵام ئەمجارە بە ژیری لە دایک دەبێت.
 ئەم مردن و ژیانە بەردەوام دەبێ تا ڕۆژێک مرۆڤ پاک دەبێتەوە لەهەموو کارما خراپەکانی و ئیدی نایەتەوە سەر زەوی بۆ ژیانی ئایندەی، مرۆڤ لە چڕییەکانی ٣ دا ژیان دەکات پاش ئەوەی سوڕی چڕی سێ تەواو دەبێت مرۆڤ دەچێتە سوڕی چڕی چوار، ئەمەش واتە دەبیتە و جۆرێکی پێشکەوتو تر لە مرۆڤ.
هەڵبەتە هەموو چڕیەکانی ژیان لە گەردوندا حەوت چڕیە و هەمومان لە چڕی یەکەوە دەستمان کردوە بە ژیان وە کۆتا خاڵی ژیان چڕێ حەوتە.
 ئەم کارمایانە ناهێڵن مرۆڤ بەڕوونی حەقیقەت وەک خۆی ببینێ ، ئەوەی لە کارما ڕزگاری بوبێت لە مردن و ژیان ڕزگاری دەبێت و دەگاتە چڕی بەرزتر لە چڕی ئەم سوڕەی مرۆڤ . کەواتە ژیانی بەردەوامی دەبێت و هەرکاتێک سوڕی ژیانت تەواو کرد ئەوا سورێک دەچیتە سەرەوە و پێشکەوتو تر دەبیت، کۆتا سوڕی ژیان ئەوەیە کە دەبیتە وزە، زۆر جار ئەمە بەوەش ناوزەند دەکرێت کە دەبیتە نیمچە خودایەک و ئەوەی تۆ دەتوانیت بیکەیت تەنها لە دەسەڵاتی خوداکاندا هەیە.
 ئەو وشەیەی کە پێی دەوترێت شانس هیچ بوونی نییە، تەنها کارمای مرۆڤ خۆیەتی دیاری دەکات کە ئایا ئەم کەسە ڕووحانیە یان نا ، لەم ژیانەدا دەبێتە ڕوحانی یان نا و کەسیش ناتوانێ یارمەتی کەس بدات گەر پلەی کارماکانی ئەو کەسە ئامادەیی نەبێت بۆ بەرزبونەوەی سوڕی ژیان.
نمونە دوو برا پێکەوە گەورە دەبن و لە یەک دایک و باوک و لە یەک ماڵدا دەژین و یەک پەروەردەیان هەیە و لە یەک کۆمەڵگادا دەژین، بەڵام یەکیان دەبێتە ڕووحانی و ئەویتریان دەبێتە کەسێکی خراپەکار ، ئەمە واژوی کارمایە واتە نیشانەکانی کارمایە بۆمرۆڤ.

لەوانەیە بە خەیاڵتدا بێت و بڵێیت کەواتە من بەدەست خۆم نییە ؟
لە ڕاستیدا بەدەست خۆتە لەبەر ئەوەی ڕۆحی تۆ لە ژیانەکانی پیشوترتدا ئەم کارمایانەت بۆ دروست دەکات، کەواتە ژیانی ئەمڕۆت تەواوکەری ژیانی ڕابردوتە ، کەواتە ئێستا تۆ دەتوانیت کاری چاکەو خراپە ئەنجام بدەیت، واتە تۆ خۆت دروستکەری ژیانی ئایندەیت ، کە ئایا لە سوڕی ئایندەدا تۆ کەسێکی باش بیت یان خراپ.
واتە تۆ دەتوانیت لەڕێگەی ڕاهێنانی ڕووحی و لە ڕێگەی چاکە کردن و تێرکردنی هەژار و ئازارنەدانی خەڵکەوە و خۆشەویتی بۆ چواردەورو ژینگە کارماکانی خۆت پلە بە پلە سەربخەیت و لە ژیانی ئایندە ژیانێکی خۆشتر بۆ خۆت بەرجەستە بکەیت.
مەسەلەێکی کوردی هەیە دەڵێت"چی بچێنیت هەر ئەوەش دەدوریتەوە"


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە