دایکم

Friday, 03.08.2019, 13:32

4241 بینراوە


ساڵی ڕابوردو لە 8ی مارسدا بۆ ڕۆژی مێینە باسی پورم کرد ؛ لیمۆ خانی سستەر(کلیک) کە چۆن خزمەتی بە دەوروبەرەکەی دەکردو ناویشی لە هیچ پەڕەیەکی مێژودا نەنوسراوە، لە هیچ فولکەیەکی شاردا پەیکەری بۆ دروست نەکراوە، بەمەرجێک ئەو لە مەسعودو لە مام جەلالو لە حەپسەخانی نەقیبو لەزۆر بەرپەرسو سەرکردە، خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگەکە کردوە. بۆیە ئەمسال باسی دایکمتان بۆ دەکەم.
دایکم هەمیشە بە خێلی جاف سەرسامبو، بۆی دەگیراینەوە کە چۆن ژنەکانیان کاتێک بەتەنیشت پیاوەکانیانەوە دەڕۆشتن گڤەی سەڵتەو کەواکانیان دەهات، مێینە لای ئەوان بڕیاردەربو وەک پیاوان.  بە پێکەنینەوە  بۆی دەگێڕاینەوە کە چۆن جافەکان گەڵتەیان بە سۆرانی کردوە.  کاتێک مندالێک لە دایکی دەپرسێت ؛ دایە سۆرانی گونیان هەس ؟ دایکیشی وەڵامی ئەداتەوە و دەڵیت ؛ هەس هەیەسی و هەس نیەسی، هەس بە دوان یەکێکیان هەس.
هەربۆیەش دایکم بە خێڵی جاف سەرسام بو، لەبەر ئەوەی کە وەک ژنەکانی خێڵی جاف هەڵسوکەوتی دەکرد، کاتێک بە سواری ولاغ سنوری ئێرانی دەبڕی و ژیانی خۆی دەخستە مەترسیەوە بۆ بینینی کوڕەەکانی، یەکێک لە ولاغارەکان سەرسامبوبو بە دایکم، پێی وتوبو ؛ ئەمە یەکەم جارمە لە ژیانمدا ژنێک ببینم وەک تۆ سواری ولاغ ببێتو نازونوز نەکات. کاتێکیش شەو دادێت، لەو شاخە لەگەل ولاغدارەکانو کوڕێکی ناسیاوماندا خەوتبون، بەتانیو لێفەیان کەم بوە، بە کوڕەی ناسیاومانی وتبو ؛ تۆ وەک کوڕی خۆم وایت ئەمشەو ساردە، پشت ئەکەینە یەکتری بۆ ئەوەی سەرمامان نەبێت، بۆ ڕۆژی بەیانی ئەو کوڕە دەستی دایکمی ماچ کربو بۆ ئەو هەڵسوکەتە مەردانەی. 
لە کوردوستان ماڵی ئێمە هەمیشە کراوەبو، چەندەها تەلەبەی بێ باوکو دایک دەهاتنە ماڵی ئێمە و دایکم نانی بۆ ئامادە دەکردن، جلەکانی بۆ دەشتن، حەمامی بۆ گەرمدەکردن، هەمو جارێک بە خەمباریەوە دەیوت کەئەوان دورن لەدایکو باوکیان، ئەوە ئەرکی سەرشانی ئەوە کە یارمەتیان بدات، ماڵی  دایکم ببوە شوێنی نوستنو حەوانەوە و  پشتیوانی ئەوان، بەلام هەندیک لەم بێ سفەتانە. لەم کەرپایاوانەی کادایکم دەرپێی بۆ دەشتن، کاتێک دایکم گەشتە لەندەن پێیان ناخۆش بو، وەک ئەوەی دایکم بچیت لەسەر شانی ئەوان بژی. بەڵام کاتێک شێرکۆ بێکەس دەیبینێت لە کۆڕێکدا بە جلی کوردیەوە لەو تەمەنەدا هەر خێرا لەبەری هەڵدەسێتو دەستی ماچ دەکات .
  زۆر لە پێشمەرگەو بەرپرسانو پیاوانی سیاسی کە هەندیکیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماڵی ئێمەدا خۆیان حەشار ئەدا، دایکم خزمەتی دەکردن وەک زۆر لە دایکانی کوردوستان، بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارێ دایکم نانی بۆ ئامادە دەکردن، بەلام هەرگیز ئەم پیاوانە پرسیاریان لە خۆیان نەدەکرد کە ئەم ژنە چۆن دەتوانێت  سێ ژەم خواردن لێ بنێت و سی جار حاجەت بشوات  ؟ بە بێ ئەوەی یەک پیاو بیر بکاتەوە کە یارمەتی بدات، وایان دەزانی کە ئەم خواردنانە لە ئاسمانەوە دیتە خوارەوە نەک دایکم بۆیان ئامادە بکات،  ڕۆژێک لە ئامادەکردنی خواردنێکا یان لە خاوێنکردنەوەی مالەکەیدا یان هەر لە ڕیکخستنی جێگاکەی خۆیاندا، ئەوانەی کە باسی شۆڕشو ڕزگاری کوردوستانیان دەکرد، تەنانەت ئەو کۆمۆنیستانەی کە باسی ژیانێکی بەختیاریان دەکرد  بۆ هەمو مرۆڤێک، باسی یاکسانی ژنو پیاویان دەکرد یارمەتیان نەئەدا. ئەمڕۆ پیکەنینم بەو پیاوانە دێت، چەندە کوێرو گێل و گەمژەبون. دایکم لەگەل ئەو هەمو کارانەشدا فریای ئەوەش دەکەوت جارە جارە کتێبێک بگرێت بەدەستیەوە و  شەوان لەگەڵیان دانیشێتو بەشداری گفتوگۆی سیاسی بکاتو هەندیک جاریش ڕەخنەیان لێ بگرێت. ڕۆژێک پرسیاری لە کابرایەکی خوێندەوار کرد کە ئایا ئەو ڕای چیە لەسەر تیۆری پەرەسەندن، کابرای خوێندەواریش وەلامی دایەو وتی کە ئەو باوەڕی بەو تیۆریە نیە، چونکە هەرگیز نەیبینوە لە کۆلانێکدا کرمێک ببێت بە مرۆڤێک، دایکم بە بیستی ئەو وەڵامە دایە قاقای پیکەنین، هەتا چەند مانگێک بەو ئەندازیارە خوێندەوارە پێ دەکەنی. کاتێکیش مەلاکانی خزممان دەهاتنە ماڵمان پێش ئەوەی بچنە دەرێ لەماڵ، لەچکەی ژنەکانیان دادەپۆشی، دایکم  بە پێکەنینەوە پێی دەوتن؛ خەمت نەبێت ئەوەندە کچی جوان هەن لە بازاڕدا کەس سەیری ژنەکەی تۆ ناکات. 
کەتێک دەچوین بۆ خۆ پیشاندان، یان بۆ ڕزگارکردنی کەرکوک، بۆ هەر شتێکی تر کە ژیانی دەخستینە مەترسیەوە، وەک دایکێک خێرا دەهات بەرەو رومان، هەر گیز ڕێگری لێ نەدەکردین لەو کارەی دەمانویست بیکەین، بەرامبەرمان دەوەستاو سەیری قولایی چاوی دەکردین وەک ئەوەی بیەوێت بە هێزی هیپنۆزی ڕۆحی خۆی  بمان پارێزێت، بە وردی سەیری قوڵایی بینایمانی دەکردو بەیەک ڕستە لەسەر تۆنێکی سیحراوی  پێی دەوتین ؛ ئاگات لەخۆت بێت، ئاگات لەخۆت بێت .......ئیتر ئەو ڕستەیە دەبوە پاریزەو دەبوە سیحرو، دەبوە قەڵغانو، دەیپاراستین لە  لە گولەو لە دوژمن،  ئەو ڕستەیە هێندە کاریگەری لەسەرمان هەبو کە ئاگادار دەبوین لەهەڵسوکەوتمانا؛  چۆن هەنگاومان دەنا  بە بێ ترس لەبەر ئەوەی لە نیگای دایکما ترس نەدەبینرا، ترس مانایەکی تری هەبو.
 شەوان کوتوپڕ پیشمەرگە خۆیان دەکرد بە ماڵمانا،  بە خۆیانو بە قازیفەو بە کەلاشنیکۆفەکانیانەوە، چەند ڕۆژێک دەمانەوە لەماڵی ئێمە ، مالەکەمان بەتەنیشت ئەمنو ئیستخباراتەوە بو. ئەو شەوە لەتیفی وەستا حەسەن لەگەڵ چەند پیشمەرگەیەک بەخۆیانو چکە قورسەکانیانەوە بەبێ ئەوەی لەوە و بەر ئاگادریان کردبێتین، هەتنە ژورەوە، خێرا ژوری سەرەوە چۆڵ کراو خواردنیان بۆ دانرا. بۆچی لەتیفی وەستا حەسەن هات بۆ ماڵی ئیمە ؟ هات بۆ لای دایکم ؟ هەتاوەکو بۆ دایکمی بسەلمێنێت کەئەو، ئەو کوڕە شەڕانیەی جاران نەماوە، پیشانی بدات کەئەو بۆ کوردوستان تێ دەکۆشیت، لەبەر ئەوەی ساڵێک لەوە و بەر لە هۆلەكەی ماڵماندا بەسەر لەتیفی  وەستا حەسەندا دەی قیژاندو ڕەخنەی لێ دەگرت، لەبەرئەوەی کە ڕازی نەبو لەهەڵسوکەوتی بێ مانای ئەو، ئەویش بەشەرمەزاریەوە لەبەردەم دایکما سەری داخستبو، بەشەرمەوە نەی دەزانی چی بڵێت، ئێستاکەش ئەو دیمەنەم لەبیرە چۆن ئەو کەڵە پایاوە سەری دانەواندبو لەبەردەم دایکاما، ورتەی لەدەمی نەدەهاتە دەرەوە، پێ دەچیت هەر ئەو سەرزەنشتیە بێت کە لەتیفی ئاوا کرد بە پیاوێکی تر. 
 دوای چەند ڕۆژێک کە لەتیفو پیشمەرگەکانی ڕۆشتنەوە و نەیان توانی ئەو پیاوە بکوژن کە بۆی هاتبون، بینیمان کە چەند ئەمنێک بۆ ماوەیەکی زۆر مالەکەمانیان سەرپەرشتی دەکرد، ئەم بڕیارەش لەلایەن حاکم عومەرەوە بو، هەتاوەکو بزانێت کەئایا ئەوە راستە کەسانێک هاتون لەماڵی ئێمە خۆیان شارادۆتەوە بۆ کوشتنی ئەو.  بەینینی ئەو هوالە دایکم هەرچەند باوەڕی بە قورئان نەبو، چو هەر خێرا بۆ ماڵی حاکم عومەر بە خۆیی و قورعانێکەوە، لەبەردەم حاکم عومەرو دایکیا سوێندی بە قورئان خاوردبو کە بەهیج خۆرێک کەسانێک نەهاتون لە ماڵی ئەو پلان داڕێژن بۆ کوشتنی، بەڵام حاکم عومەر وتبوی، بۆیە نەیتوانیوە ئێمە تاوانبار بکات لەبەر ئەوەی کە نەیتوانیوە بیسەلمێنێتو دەلیلی نەبوە. کاتێکیش دوای چەند مانگێک حاکم عومەریان کوشت، دایکم هەرخێرا چوە تەعزێکەی، کاتێک دەچیتە ژورەوە، دایکی حاکم عومەر رودەکاتە دایکمو پێێ دەڵیت ؛ ئەوجارە نەتان توانی بیکوژن ئەوا ئەم جارە کوشتان. دایکم ئەم روداوانەی بە خەمگینیەوە وەک دایکێک بۆ دەگیڕاینەوە، بەزەیی بەدایکی حاکم عومەریشدا دەهاتەوە، بەلام ئەو بە لۆژیک لەگەڵ ئەم روادوانەدا دەژیا.
دایکم کچی موفتی پێنجوێنی بو هەمو ڕۆژێک بە فرمێسکەوە باسی ئازارەکانی باوکی بۆ دەکردین، ئەو باوکەی کە ئەوی وەک یەکەم کچ خستە مەکتەب لە پێنجوێن. ئەو باوکەی بەهۆی ئەم کارەیەوە بەردابارن کراوە لەلایەن کەسانی کۆنەپەرستەوە و هەوڵی کوشتنیشیان داوە. دایکم وەک دوکاندارو وەک یەکەم کچی خوێندەوار لەشاری پێنجوێندا دەبیینرا، دایکم ژنێک بو بۆ مال نەکرابو، ژنێک بو لەتوانایدا هەبو ولاتێک ببات بەڕیوە، مامۆستاکەی پێی وتبو کە دەتوانێت دوپۆل بەساڵێک ببڕێت.  کاتێک پرسیارم  لێ کرد کە بۆچی بەردەوامی نەدا بەخوێندن، لەوەلامدا وتی؛  کە ئەو تەنها کج بو لەگەڵ کچێکی تردا لە مەکتەبی کوڕاندا، کاتێک کوڕان دەستیان بۆ دەبردن، نەیان ئەتوانی هاوار بکەنو دژیان بوەستنەوە،  وەک خۆی دەی وت وەک کچ ئەگەر هاوارات بکردایە ئەوا ئابڕوت ئەچو ئەگەر بێ دەنگیش بویتایە ئەوا دەیان وت وادیارە کە پێی خۆشە. بۆیە کاتێک باوکی؛  موفتی پێنجوێنی پرسیاری لی کردوە کەئایا دەیەوێت بەردەوام بێت لە خوێندن، وەلامدا وتبوی  کە نەخێر. موفتی پرسیاری لێ نەکردوە بۆچی نایەوێت بەردەوام بێت لە خوێندن لەبەر ئەوەی ئەو هەرگیز بێ دڵی کچەکەی نەکردوەو بە پێچەوانەی بڕیارە کانیەوە نەدەوەستاوەتەوە. کاتێکیش دایکم  کۆچی دوایی کرد لەلەندەن، وەسیەتی کربو کە نایەوێت هیج مەلایەک لە سەر گۆرەکەی سیریمۆنی بۆ بکات جگە لە شمشالەکەی قالەمەڕە نەبێت، دژی ئەو مەلایەنەی کە ئازاری باوکیان دابو. دایکم لەو ژنانەبو لە جادەکانی سلێمانیدا بەجلی کوردیەوە بە بێ عابا دەسورایەوە کەلەو سەردەمەدا تەنها ئافرەت بو ئەوە بکات لەو تەمەنەدا. 
ڕۆژێک کچێکی پورم، هەرچەندە لە خێزانێکی دواکەوتو نەبو، بەلام لە ولاتێکی ئیسلامیو ڕۆژەهەلتیدا دەژیا،  پێی وتم ؛ "خۆزگەم بە خۆت کە تۆ کوڕیت"  بەجۆرێک ئەم وتەیەی پێ وتم کە هەتا ئێستاکەش لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە . ئێمەی نێرینە هەرگیز لە ژیانماندا بیرمان لە ئازارەکانی مێینە نە کردۆتەوە لە ڕۆژهەلات، ئەگەریش  زۆرێکمان باسی یەکسانی و ئازادی مێینەمان کردبێت، لەبەر ئەوەی کە ئەو باسانەمان وەک تیۆری باس کردوە نەک وەک باوەڕ. من ئەمڕۆ شانازی بەخۆمەوە دەکەم کەوەک ئەوان بیرم نەکردۆتەوە و وەک ئەوان هەڵسوکەوتم نەکردوە، هەمو هەڵسوکەوتێکی باوک سالاریشم رەفزکردۆتەوە، لەسەردەمانێکدا حاجەتم بۆ دایکم شتوە کە هیج پیاویک لەڕۆژهەلات ئەوەی نەکردوە، گسکم لەمال داوە، جێشتم لێناوە لەتەمەنێکی گەنجیدا، بۆیە دایکم هەمو ڕۆژێک روی تێدەکردمو پێی دەوتم ؛ هیوادارم ئەو چاکەیەی کەتۆ لەگەڵما دەیکەیت  خوا ئەو چاکەیەت بداتەوە. کاتێکیش بە ڕێکەوت ڕۆژێک بەماڵی گوندێکی کوردوستانی ئێراندا تێ دەپەڕیم، گوێم لە گریانی منداڵیک بو لە بێشکەدا، هەر خێرا رام کرد بێشکەکەم راژەند هەتاوەکو منداڵەکە ژیر بێتەوە، بینیم کە دایکی بەراکردن کارەکەی بەجێ هێشتو  هات بەرەو ژورەکە، کاتێک نینیمی بێشکەکە ڕادەژەنم، بەجۆرێک سەرسامیم لە نیگایا بینی هەتا ئەمڕۆش نیگای ئەو ژنە لەبەر چاومدایە، وا دیاربو ئەوە یەکەم جاری بێت کە پیاوێک ببینێت بێشکەی منداڵیک رابژەنێت .




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 3.5/5)