وەرزی گەڵارێزانی گۆڕان

Friday, 08/03/2019, 14:16

31944 بینراوە


هەر لە رۆژی دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە تا ئیستا، کە هەڵوەرینی گەڵای گۆڕانە و لە شینەوە خۆی گۆڕی بە سەوز، دوایی پێی نایە وەرزی پایز و زەرد هەڵگەڕا، ئیستاش بەرەو هەڵوەرین دەچێت، تەمەنی ژیانی تەواو بووە،  وا کاک نەوشیروان لەگەڵ نما و چیادا، شاسواریشی بۆ قوت کردوینەتەوە، دەیەوێت جێگای گۆڕان بگرێتەوە، تا ئەمیش بۆ چەند ساڵێک خەڵکی پێ چەواشەبکات. دەمەوێت ئەوەش بڵێم، کە وەرزی گەڵارێزانی گۆڕان درەنگ بوو، هێندە چاوەڕوانیمان نەکردایە. دەبوو زوو پایزی بهاتایە و رزگارمان بوایە.
گۆڕان وەک بزوونەوەیەک بە ناسنامەیەکی ساختەوە لە نێو رەحمی سەوزی دەسەڵاتدا و بە لاقەکردنی سەری سوور و بەرگی زەردی دەسەڵات لە دایک بوو، ئەوانەی کە ئەو رەنگانەیان نەدەبینی، یان چاویان تەواو نەبوو، دەبوو بچن چیرۆکی بەرگی پادشا بخوێننەوە، تا هێندە نەخەڵەتنێرین، چونکە دیاربوو لەسەرەتاوە بۆ ئەوەی رەسەنایەتی خۆی بشارێتەوە خۆی کرد بە نێو دەنگی ناڕازی خەڵکدا و لە دەرەوەی ماڵی دەسەڵات خۆی هەڵسانە سەر پێ دەمێک بوو خەڵکی تاقەتی لە رەنگی سەوز و زەرد چووبوو ، بە دوای دەنگ و ڕەنگی تردا دەگەڕان دەیانوویست رەسەنی کوردبوونی خۆیان بدۆزنەوە.
کاتێک گۆڕان هات ووتی من دەنگی ئێوەم، دەسەڵات لە گۆڕان نەترسا، لەوەترسا، کە گردبوونەوەی خەڵکی لەدەوری گۆڕانبکات ، وابکات دواجار لە گۆڕانیش هەڵبگەڕێنەوە و یان دوایی گۆڕان بۆ خۆشی دوای شەپۆلی دەنگە ناڕازییەکان بکەوێت، یاخی بێت لە دەسەڵات و ئەو پلانە  پەیڕەو نەکات کە لەژوورە تاریکەکاندا دایان ڕشتبوو ، یان تیایدا دەنگێکی ئۆپزیسیۆنی راستەقینە لە دایک ببێت، هەربۆیە بە دەستی نەوشیروان ئۆپۆزیسیۆنیان لەسەر گردێکەوە لەبار برد، و ئەو زۆڵە ئۆپزیسیۆنە لە جێگای دروست بوو! کەناویان نا گۆڕان.
گۆڕان نە بیروباوەڕ بوو، نەک رێکخراوێکی سیاسیی،  بەڵام هاتوو ووتی من هەموویانم، وتی من ئۆپۆزیسیۆنم، من ناڕازییم، من دەمەوێت دەسەڵات بگۆڕم، بەڵام خۆم چەکدار ناکەم، من ئیسلامێکی سەلەفی و کۆمەڵ و یەکگرتووم، لەگەڵ ئێراندا رێکم، لەگەڵ تورکیادا دۆستم و دژی داگیرکەری تورک نیم ، لەگەڵ هەموو دەوڵەتە سونیەکاندا کێشەم نابێت و ئامادەم بە دڵی ئەوانیش بم. هەر بۆیە کە داعش دروست بوو، گۆڕان لە دەستدێژی و جینۆسایدی یەزیدییەکان و دەستێکەڵ کردنی پارتی لەگەڵیاندا هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکی نەبوو، لەکاتێکدا وەزیری پێشمەرگەش گۆران بوو. 
ئەوە بزووتنەوەی گۆڕان بوو، کە لە کەناڵ و راگەیاندنەکانی خۆیەوە ئۆپۆزیسیۆن بوو،  زوو زوو چەلەحانێی دەکرد و لەسەر شەقامەکان دەنگە ناڕەزایەکانی بەفیلتەرەوە دەگواستەوە و  خەڵکی پێ فریو دەدا ، لە ژێرەوە ش  بەمو لەدەسەڵات لای نەدابوو موچە و بەراتی خۆی هەر وەردەگرت ، رەخنەی لە پارتیی و یەکێتی دەگرت، تا وای لێهات وەکو گای قەشە هەرچی دەنگی ناڕازیی و توڕە هەیە وەکو سڵقی رووت پیشانی دەسەڵاتی دا و پێی ئاشناکردن، دەستی هەموو کەسێکی خستە روو، دوایش جێی هێشتن و بەکاری هێنان بۆ  کوشتنی ئۆپۆسیسیۆنی ڕاستەقینە، دەسەڵاتیش  هەموویانیان لە کار دەرکرد و بێمووچەی کردن، گۆڕان وەکو تەماشاکرێک سەیری دەکرد.
 باس لە ١٧ شوبات ناکەم کە چ کارەسات و بەزمێکیان بەسەر ئەو خەڵکەدا هێنا ، کە زۆر لە خۆپیشاندەران پێیان وابوو گۆڕان لە پشتیانە و هاریکاریان دەبێت، بەڵام نەوشیروان کە پێشینەی هەبوو لە نەهێشتنی کۆمەڵەی رەنجەدەران، نەک بۆ قوربانییەکانی ١٧ شوبات ئەمەی نەکرد، بەڵکو بە گێرەشێوێنی لە قەڵەمدان، لەولاشەوە دەچوو دڵنەوایی دەکردن و ئەندامانی خۆی دەنارد، بۆ بەردەرکی سەرا، هەمیشە کامێرا و مایکی گۆڕان لەوێ بوو، شەو دوای فیلتەرکردنی  قسەی خەڵکی  پەخشی دەکرد و خێزانی قوربانییەکانی دەهێنا و  دەیدوانن ، تا رۆڵی دووروویی ببینن، ئاری هەرسینی بە جامانەی سوریشەوە دەهێنا و سوکایەتی بە خەڵکی سلێمانی و بە خۆپیشاندەران دەکرد، گۆڕان دوو رۆڵی هەبوو، ئەگەر گڵۆڵەی دەسەڵات کەوتە لێژی ئەمان سەرەکەی بگرنە دەست، ئەگەر دەسەڵاتیش ئەو ئاژاوەچینانەی پەرت و بڵاوکرد، ئەوان ئەمان بڵێن ئێمە هاریکارتان بووین.
سەیر لەوەدابوو نەوشیروان مستەفا ڕۆژێک نەچووە پرسەی قوربانیەکانی ١٧ی شوبات، بۆ ئەوانەی خۆشی وابوو، کەم لەپرسەکاندا دەبینرا، کە حەمە جەزای برای   قادری حاجی عەلی کۆچی دوایی کرد، کە ئەندامێکی باڵای گۆڕان بوو دوایی کرد، نەچووە پرسەکەی، بەڵام بۆ پرسەی دایکی مەسعود لەوێ بوو.
گۆڕان بەمەوە نەوەستا، هەر کەسێکی دڵسۆز و لێهاتوو هەبوو لەماوەیەکی کورتدا لە خۆی دوورخستەوە و دەری کردن، یان خۆیان وازیان دەهێنا. ئەوانەی کە بوونە دەموچاوی گۆڕان و نوێنەرایەتییان لەناو وەزارەت و پەرەلەماندا ندا دەکرد، کەسانی  هەلپەرست و منداڵ و گوێڕایەلی دەستی سەرۆکی گۆڕان بوون، وەک بوکەڵە  بەکاریان دەهێنا و غوڵام و گوێڕایەڵ بوون. ئەوانەی کە ماون کەسانی ماستاوچی و بێکەسایەتی و  هەلپەرستن. 
نەوشیروان  لای ئاسایی بوو ئەگەر ئێستا بمایە  گۆڕانی هەڵدەوەشانەوە چونکە ، برایم جەلال لە کتێبی چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵەدا بۆمان دەگێڕێتەوە ، کە نەوشیروان بەر لە کۆنفراسی یەکەم ووتوێتی گەر سالارو جەعبەفەرو مەلا بەختیار دەرچن ، ئەوە بڕیار دەدات کە ڕێخراوێکی تر دروست دەکات ، بۆیە کاتێک  کۆمەڵەیان هەڵوەشانەوە کە مێژوویەکی پڕخوێن و قوربانی و ئازایەتی بوو ، هەزاران ڕووداو لەهەناویدابوو، کرا بە مێژووی یەکێتی  کە کۆمەڵێک فایلدار و علوج و بنەماڵە لەسەر ئەو میراتیە دانیشتوون.
 نەوشیروان گەر بەڕاستی هەنگاوی  بۆ دروستکردنی  ڕێخراو بدایەو  پلان نەبوایە لەڕێگەی مامۆستاکەیەوە ، ئەوە کۆمەڵەی زیندوو دەکردەوە و ئەم هەموو کەسە  ئیسلامی و هەلپەرستە نەدەچونە ناو ئەو بزووتنەوەیەوە، کە  ئێستا  لەئاستی ڕووداوەکاندا دۆش داماوە، هەر بۆ نموونە ئەم گۆڕانە سەقەت و ساختەیە  بەووشەیەک چییە باسی گیراوانی بادینان و ڕووداوی شێلادزێ ناکات.
دواجار  دەبێ خەنی بین کە گۆڕان زوو دیوە شاراوەکەی خۆی دەرخست، گەر ئێستا هەڵبژاردن بێت دڵنیام لە حسک زیاتر دەنگ ناهێنێت ، چونکە  فریودانیش  سنوری هەیە  .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە