ڕۆژی ژنان پیرۆز نەبێت!

Saturday, 09/03/2019, 10:48

9605 بینراوە


ژنان  لە مێژوودا کودەتایان بەسەردا کراوە، دوای کودەتاکەش، تا ئێستا ئەوە هەر پیاوە کە حوکم دەکات، وەک (جەیمس براون) دەڵێ ( ئەمە جیهانی پیاوانە) https://youtu.be/H77fRz1rybs 
فەلسەفە و زانست و مێژوو و تەواوی کایەکان، بە دەست پیاوەوەیە، ئەو پیاوانەی ژنێک گۆی مەمک دەخاتە دەمیان و لە هەناوی ژنێکەوە دێنە دەر و بۆ ژنێک دەکەونە سەر چۆک و سوژدە دەبەن! 
لە سەرەتای سەرهەڵدانی تەوژمی فەلسەفی لە یۆنان، دانوستان لەسەر  (بوون) دەکرا، ئەوە لە سەردەمی بەر لە (سۆکرات) و (پلاتۆ)، سەردەمی (پێرمەندیس) و (تالیس)! 
دواتر بوون دابەش کرا، بەسەر (بوون) و (نەبوون) دا، ئەگەر (بوون) هەیە، لەبەر ئەوەیە (نەبوون) بوونی هەیە، لەپاڵ ئەوەدا تێڕوانینێکی تریش دابەش کردن بوو لەسەر بنەمای (پۆزەتیڤ) و (نێگەتیڤ)ی شتەکان، (پۆزەتیڤ)؛ وەک پڕ و بەهێز و بوون و بەرهەمدار، (نێگەتیڤیش)؛ وەک نەبوون و لاواز و بێبەرهەم، لەو چوارچێوەدا، (پیاو) وەک (پۆزەتیڤ) و (ژن)یش وەک (نێگەتیڤ)، دیاری کران، ئەوەش درێژکراوەی ئەو بیرۆکەیە: (ژن) وەکو (نەبوون) و (پیاو)یش وەکو (بوون)!
کاتێک دێیتە سەر بیر و باوەڕە مێتافیزیکییەکان، ئەوەی کە نێوی (ئاین)ـە، ئەوا دیسان پیاوان دایانهێناوە، پیاوان گەیاندوویانە، پیاوان پاڵەوانن تێیدا، کتێبەکانیشیان هەموو هەر باسی پیاوە، تەنانەت بۆ جارێکیش لەو هەموو هەزار هەزار پێغەمبەرە، ژنێک پێغەمبەری پێ ڕەوا نەبینراوە، لەوێشدا ژن بەرکارە و کاتێکیش کە باسی نەوەی پێغەمەران کراوە لە (پەیمانی کۆن) تەنها باسی کوڕ کراوە و کوڕ ژمێردراوە، خواش خەریکی ژماردنی کوڕەکانە و کچان و ژنان لای ئەو نین، (نەبوون) و (نێگەتیڤ)ن، تەنها خاکێکن بۆ بەرهەمهێنانی پیاو ، بۆ چێژ بەخشین بە پیاو! 
بڕیار لای ژنە، ژنان بڕیار دەدەن، پیاوان پێشنیار و نمایش دەکەن، هەمیشە پیاو ویستوویەتی دەست بەسەر ئەو هێزی بڕیارەدا بگرێ، کۆیلە کردنی ژنانیش بۆ ئەوەیە ئەو بڕیارە لە ژن وەربگیرێتەوە، دەستدرێژیش ئەوەیە، وەرگرتنەوەی مافی بڕیارە لە ژن!
تەنانەت کاتێک کە کوڕان دەچن بۆ داخوازی کچ، با وا نەزانن بڕیار لای پیاوانە، بەڵکو بڕیار لای ژن و کچە، پیاو تەنها نمایشی لە هەگبەدایە، چونکە ئەوە کچە کە بڕیار دەدات! 

لەناو ژیانیشدا، ئەوە ژنە کە بڕیار دەدات، دواتر لە کاتی تێکەڵ بوون، کوڕ لە هێزی بڕیار دەدزێ و دەست بەسەر ئەو هێزەدا دەگرێ، لەبەر ئەوەش کوڕێک کێشەی نییە تا ئەو کاتەی کچەکە لەگەڵی دەبێت، بەڵام کە پێی گەیشت، ئەو هێزەی شکاندووە کە  پێی نەدەوێرا، بڕیار، ئیتر لەوێوە دەست دەکات بە کۆیلە کردنی ژنێک کە هێزی بڕیارەکەی نەماوە! 
بۆ ئەوەی پیاو بەسەر ئەو هێزی بڕیارەدا زاڵبێت، تەنانەت لە زمانیشدا ژنی کردووە بە کۆیلەی خۆی، لە زمانی عیبریدا (ئیش) پیاوە و (ئیشا) ژنە، (ئیشا) لە (ئیش) پێک هاتووە، (ئیشا) زادەی (ئیش)ە، وەک چۆن بەپێی تیۆری ئاینیش، ژن پێک هاتووە لە پیاو، لە پەراسووی چێ بووە، لە زمانی ئیبگلیزیش (woman) پێکهاتووە لە وشەی (man)، وەرگرتنەوەی هێزی بڕیار لە ژن، هێزی دروست کردن لە ژن، ئەوە پیاوە کە لە ژنەوە بەرهەم دێ، نەوەک بە پێچەوانە، سروشت ئەوەیە کە پیاوێک لە هەناوی ژنێکەوە دێ، بەشداری پیاو لە دروست کردنی مرۆڤ، تەنها پەڕینەکەیە، لەوە زیاتر نییە! 
کاتێکیش ژن بڕیاری پێ نەما، لەڕترین کوڕیش نایەوێ، لەوێوە کۆیلایەتیێک بە خواستی خۆی دەست پێ دەکات، دەبێ ژن بیری بێت، کە تا ئەوکاتە ویستراوە، کە هێزی بڕیاری پێیە، کە بڕیاریشی دا، دەبێ هێزەکە نەدات، تەنها بڕیارەکە بدات، هێز زۆر لە جل و مکیاج و قاچ و سمت جوانترە، ئەگەر ژن هەیبێت، ئەگەر ژن هێزی نەبوو، ئەوا هەموو شتێکی تری هەبێت، جوانی نامێنێ و پیاوان نایانەوێ، کە دەشیانەوێ، تەنها وەکو کۆیلە و خزمەتکارێک  زیاتر نا...
وا پێویستە ژنان،(liith - لیلیت) بن، نەوەک حەوا، لیلیت ئەو ژنەیە کە لە پەراسوی ئادەم چێ نەبووە، بەڵکو لەگەلیدا لەو ڕۆژەی ئادەم ساز کراوە، ئەویش چێ بووە، دواتر لیلیت لە (باخچەی عەدەن) ڕای کردووە، دواتریش لەگەڵ فریشتەی مەرگ (samael - سامایل)، پیاوێک کە یاخی بووە لە ئاین و یاسا و خوا، بوون بە جووت و بە یەکەوە ژیانیان کردووە، وەک چۆن پێویستە ژنان لیلیت بن، واش پێویستە کە پیاوان سامایل بن! ئاوا دوو کەپڵی جوانن، هەردووکیشیان تژی هێزن. 
دیاری کردنی ڕۆژ بۆ ژن، لە هەمان بازنە دایە، درێژکراوەی کودەتای پیاوە بەسەر ژندا، بچوککردنەوەی ژنە، لە کاتێکدا وشەی ئادەم بە مانای زەوی دێت، واتە پیاو هەموو زەوی و ساڵە، ژنیش تەنها یەک ڕۆژە، دەبێ ژنان خۆیان، ئەوە قبوڵ نەکەن، بەڵام بەر لەوە، ئەبێ ژنێکی بەهێز بن، چونکە ئەوە هێزە دەتوانێ ڕەت کاتەوە و قبوڵ نەکات، هێزیش ئەوکاتە بەسودە کە زانستی لەگەڵە، لەبەر ئەوە ژنان دەبێ زانا و بەهێز بن، ئەوسا دەتوانن هەموو زەوی بکەن بە باخچەی عەدەن و پیاوە کۆنەکانیش ڕاو بنێن، ئەوسا هەموو ڕۆژەکان دەبن بە هی ژن!

سەرچاوەکان : 
1-کتێبی پیرۆز. 
2- فەلسەفە لە سەردەمی تراژیدیای گریکدا-نیچە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە