لە خڕەی ناوزەنگەوە بۆ گردی زەرگەتە (بەشی دووەم)

Tuesday, 12/03/2019, 17:55

20866 بینراوە


ئۆپۆزیسیۆن وەک پێناسەی خۆی:

هەر رێکخراو و بزووتنەوەیەک، لە هەرێمی کوردستان، کە دەڵێت من ئۆپۆزیسیۆنم، دەیەوێت ئەو پەیامە رابگەیەنێت، کە دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی دەسەڵاتێکی دیموکراتییە.
بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروستبوونیەوە بە دروشمی زل و قەبە خۆی هێنایە پێشەوە، وەک ئۆپۆزیسیۆن خۆی ناساند، گوایە بە شێوەیەکی مەدەنی و بەناوی ریفۆرم، خەبات بۆ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیی دەکات. با لێرەوە بزانین بزووتنەوەی گۆڕان و رێکخەرەکەی تا چەند لەگەڵ پەیامەکەیاندا ئۆپۆزیسیۆن و لەگەڵ بەرنامەکەیاندا ریفۆرمخوازبوون، سەرەتا لە پێناسەی ئۆپۆزیسیۆنەوە دەست پێدەکەین:
- ئۆپۆزیسیۆن لەناو سیستەمێکی دیموکراتییدا و بە مانا سیاسییەکەی بریتییە لەو رێکخراوە سیاسییەی، کە لەگەڵ پارتە براوەکەدا ناچێتە ناو حکومەت وهاریکاریی بەڕیوەبردنی دەستەڵات ناکات، بەبێ ئەوەی داوا یان هەوڵی رووخاندن و لەناوبردنی پارتە براوەکە بدات، کە بەدەنگی خەڵک دێتە سەر حوکم، میتودی کارکردنی ئۆپۆزیسیۆن لە وڵاتێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕدرێت و جیاوازیی هەیە. لە ئەوروپا، ئەمەریکا و وڵاتە دیموکراتەکان، ئەو پارتانەی دەبنە ئۆپۆزیسیۆن، هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن، کە نابێت بچنە ناو حکومەت و هاوکاریی بەڕیوەبردنی دەسەڵات نەکەن، بەڵکو وەکو ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوە دەمێنێتەوە و لە ناو پەرلەماندا رۆڵی خۆی دەبینێت، راو بۆچوونی جیاوازی خۆی لە جۆری بەڕیوەبردن و کارکردن و بڕیارەکانی دەسەڵات دەردەبڕێت، هەروەها رەخنە لە ئەدای کارەکانی دەسەڵات دەگرێت. ئۆپۆزیسیۆن لە بڕیاردان و پێشنیاریی حکومەتدا پشتگیری هیچ پرۆژەیەکی دەسەڵات ناکات، بە پێچەوانەوە خۆی ئامادە دەکات بۆ هەلبژاردنەکانی داهاتوو، تا بە دەنگی زۆرینە ئەمیش دەسەڵات بگرێتە دەست. پەرلەمانیش دەسەڵاتێکی گەورەیە، دەنگی خەڵکە، بۆی هەیە ئەگەر دەسەڵات لە دەستور لایدا و پرەنسیپەکانی بەرێوەبردنی رەچاونەکرد، لە پەیمان و گرێبەستەکانی خۆی لایدا، ئەو کاتانە دەتوانێت حکومەت هەڵبوەشێنێتەوە: 
- لە وڵاتێکی دکتاتۆردا ئەو تایبەتمەندییەی سەرەوە، کە ئۆپۆزیسیۆن هەیەتی، لە خاڵێکی زۆر گرنگدا جیاوازترە، ئەویش هەوڵی رووخاندن و نەهێشتنی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە دەدات، چونکە بە رێگایەکی سروشتی دەسەڵاتی نەگرتۆتە دەست، بەڵکو بە دەنگی ساختە، یان بە هاوکاری دەستی دەرەکی، یاخود بە رێگای کودەتا هاتۆتە سەر حوکم، دیسان لە پرەنسیپەکانی سیستەمی بەڕێوەبردن و دەستور و یاسا لایداوە و رەفتار دەکات، ئەو کاتە ئۆپۆزیسۆن هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆردا نابێت، بۆ لابردنی ئەو دەسەڵاتە ناشەرعیییە پەنا بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی و شۆڕش دەبات، لای دەسەڵاتیش چالاکی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان قەدەغەیە و ئەندامەکانیان راوەدوو دەنرێن.
لەسەردەمی رژێمە یەک لەدواییەکانی عێراق، کە دەگوترا کورد شۆڕشی دژی حکومەتی عێراق کردووە، پارتیی و یەکێتی، شارەکانیان جێدەهێشت و دەیاندایە شاخ، دروشمیان رووخاندنی رژێم بوو، بە پێی ئەو پێناسەیەی سەرەوە تا رادەیەک ئەو پارتانە پێناسەی ئۆپۆزیسیۆن دەیگرتنەوە، بەڵام کاتێک دەکەوتنە دانوساندن، بەوە رازی دەبوون، چەند پۆست و وەزارەتێک وەربگرن، ئیتر متمانەی خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆن لەدەست دەدا، مێژووی شۆڕشەکانی پارتیی و یەکێتیی و پارتەکانی دیکە پڕە لەم هەڵبەز و دابەزە، یەکێکە لەو خاڵە سەرەکیانەی گومانی بوونیان وەک ئۆپۆزیسیۆن لێدەکرا، لەوێوە شکستییان دەهێنا، دواییش دەبووە هۆکاری ئەوەی شۆڕشەکەیان بەرەو ئاشبەتاڵ و تێکشکاندن بەرن، چونکە لە کاتی دانووساندەکاندا، زۆربەی نهێنی رێکخستن و ناوی کادیر و ئەندامانیشیان ئاشکرا دەبوو. (هەڵبەت هۆکاری دیکەش هەبوون).
 لەم باسەدا بۆ پێناسەی ئۆپۆزیسیۆن، ئەگەر کەسانێک هەبن پێیان وابێت گۆڕان تایبەتمەندی خۆی لە پێناسەی ئۆپۆزیسیۆندا هەیە و نابێت ئەو تایبەتمەندییەی لێبسەندرێتەوە، ئەوە بە هەڵە چوون و لە نەزانین و ناوشیارییەوە لە مانای ئۆپۆزیسیۆن و مەبەستی دروستبوونی گۆڕان گەیشتوون، بەبێ ئەوەی لێکدانەوە لەسەر رەوشتی بزووتنەوکە و مێژووی کۆنی رابەرەکەی هەبێت، ئەمەش لە لایەن خۆیەوە بڕیاری لێبوردنی بۆ رابردوو و مێژووەکەی دەرکردووە، نایەوێت دەست بۆ رابردووی نەوشیروان  ببرێت، تەنیا ئیستای لەبەر چاوە، کە (ئیستا و رابردوو)ش دروستکەری داهاتوون، بەمەشدا دەتوانین ئەو پەڕەیە هەڵبدەینەوە و دەستبخەینە سەر یەک بەیەکی خیانەتەکانی گۆڕان و  دەستنیشانی بکەین، تا دەگەینە ئەو راستییەی  گۆڕان نە لە سەرەتای دروستبوونیەوە و نە لە ئیستاشدا ئۆپۆزیسیۆن نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لەو دەسەڵاتەی کە هەرێمی کوردستانیان بەڕێوەبردووە، یارمەتیدەربووە بۆ بەهێزبوونی دەسەڵاتی زاڵی پارتیی و یەکێتیی، لەگەڵ رێزم بۆ ئەو گۆڕانخوازە دڵسۆزانەی، کە دوای ئەو بزووتنەوەیە کەوتبوون، ئاگاداریی راستییە شاراوەکان نەبوون، زۆربەی ئەو گەنجانە بوون، کە ئاگاداری مێژووی پێش خۆیان نەبوون، کەمئەزمونیی باڵی بەسەر هزریاندا کێشابوو، بەتایبەتی لە ڕێگای بانگەشەی گۆڕان، کە وەک ئۆپۆزیسیۆن سیستەمی ئیداریی بەڕیوەبردنی پارتیی و یەکێتیی بە دەسەلاتێکی دیموکراتی دەناساند، بەبێ ئەوەی خەڵکەکە دەرک بەوە بکەن، بزووتنەوەکە بۆ خۆی ئۆپۆزیسیۆن نەبوو، رێگاپێدراوی ئەو دەسەڵاتە بوو، کە دەبوو ئاوا رەفتار بکات، ئەوەی راست و شاردراوەش نییە، دەسەڵاتی پارتەکان و بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەها هەموو پارت و رێکخراوەکانی دیکە، کە تا ئەمڕۆ وەک ئۆپۆزیسیۆن خۆیان پێناسە دەکەن، ئۆپۆزیسیۆن نیین، مەرجی سروستی ئۆپۆزیسیۆن نایانگرێتەوە کە لە وڵاتێکی نادیموکراتیی و دیکتاتۆردا دەبێت وا بێت، نەک وەکو بزووتنەوەی گۆڕان، تەنانەت هیچ کام لەو پارت و رێکخراوە سیاسییانەی ئەمڕۆی باشوور وەک رێکخراو و پارتێکی سیاسییش پێناسەیان بۆ ناکرێت، بەڵکو رێکخراوی سیخوڕی و دەزگای ئەمنی دەوڵەت داگیرکەرەکانن، ئەمەش بەو مانایەی پرەنسیپی کارکردنیان خاڵییە لە موڕاڵ و پەیامی سیاسیی. تا نووسینی ئەم چەند دێڕەش لە باشوردا ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینە بوونی نییە، ئەوەی هەیە دیوێکی شاراوەی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتییە، ئەو دەسەڵاتەی کە بۆتە بەشێک لە خیانەت و سیخوڕی، ئەرکی بەجێهێنانی فەرمانی دوو دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ئێرانیان پێسپێردراوە، کە لە رێگای دەسەڵاتی پارتەکانی باشوورەوە بەڕێوەدەبرێت.
جگە لەمە ئەو مەرجانەی، کە لە باشووری کوردستان پێویستە بۆ کاری رێکخستن و بەڕیوەبردن چاوی لێبکرێت و لە ئیستادا رابەرایەتی بزووتنەوەی ئۆپۆزیسۆنی نەکراوە، پێویستە ئەو کەسانە تێیدا رابەرایەتیی بکەن و بەڕێوەی بەرن، کە رۆڵی بەرپرسیارێتیان لە ناو ئەو پارتانەدا پێ نەسپێردرابێت، مێژووی رەشیان تۆمار نەکردبێت، پەروەردەی قوتابخانەی جەلالیی و مەلایی نەبووبێتن، ئەو قوتابخانەیەی، کە تەنیا قوتابی دز و داوێنپیس، فاسید و بازرگانی خوێن و خائینی تێدا پەروەردە کراوە. لەو قوتابخانەیەدا سیخوڕی و خیانەت بۆتە ئایدۆلۆژیا. بۆیە ئەوانەی دەرچووی قوتابخانەی مەلایی و جەلالین خۆیان لە ناو بەلەمێکدا دەبیننەوە، چارەنووسی مان و نەمانیان بە یەکترەوە بەستۆتەوە، رقییان لە کەسانی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرە، رقیان لەوانەشە کە وەک خۆیان بیرناکەنەوە. تەنیا وەفایان بۆ یەکتر هەیە، نەک بۆ نیشتیمان و خەڵکەکەی، ئەمەی خواریشەوە بە کەمێک سانسۆرەوە وەکو بەڵگە دەیخەمە روو:

نەوشیروان لە ناوەڕاستی کابرایەکی بێحورمەت و بازرگانێکی کەمئەندامی دەرمانفرۆشدا
نەوشیروان مستەفا کە رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان بوو، لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسەکانی دیکەی گۆڕان، چەند جارێک لە رێگای کەناڵی پەیوەندیی جۆراوجۆرەوە داوایان دەکرد، کە لەسەر فڵانە بەرپرسی یەکێتیی، یان لە سەر پارتیی، نووسینێک، یان بابەتێک رابگرم و هێرشەکانمان بۆ سەریان کەم بکەینەوە، هەر جارەش بە پاساوێک، وەکو نمونە جارێک بەبیانووی ئەوەی کەرەستەی کەناڵی (کەی ئێن ئێن) لە رێگای هەولێرەوە بۆیان هاتووە دەترسن پارتی دەستی بەسەردا بگرێت، یان نەوشیروان داوای دەکرد واز لە مام جەلال بهێنین، ئەو ئیستا بۆتە سەرۆکی کۆمار، لە دژی عەرەبەکان پێویستە رێزی لێبگیرێت، یان دایکی بەرهەم ساڵح نەخۆشە پێویستە موراعات بکرێت. وەڵامی منیش هەمیشە ئەوە بووە، کە کوردستانپۆست دەزگای راگەیاندنی گۆڕان نییە، بە پارە و یارمەتی ئەوان بەڕێوە ناچێت، ئێمە سایتێکی سەربەخۆین، هیچ پەیوەندییەکمان بە گۆڕانەوە نییە، هەر بڕیارێکیش بدرێت، دەبێت ستافی کوردستانپۆستی لێئاگادار بکرێتەوە. لێرەدا ناوی دوو کەس دەهێنم، کە لە لایەن نەوشیروانەوە پەیوەندییان پیوەدەکردم، ئاسۆی برام و کاک کەمال موحەمەدی هونەرمەند. نەوشیروان مستەفا دەیزانی، باوکی کەمال دراوسێ و ناسیاوی کۆنمان بووە، تەنانەت ئەوەشی دەزانی، کە باوکی بە ناوی منەوە ناوی لێناوە. جارێکی دیکەش لە رێگای ئاسۆی براشمەوە ئەو وەڵامەم بۆ نەوشیروان نارد، کە ئێوە دەتوانن لە دەزگای راگەیاندنەکانی خۆتانەوە راستەوخۆ و بە ئاشکرا هەڵوێستی توند لەسەر ئێمە وەربگرن. دوایی بیستمەوە، کە راگەیاندنەکانی دەسەڵات بە گۆڕان و میدیا ئەهلییەکانیشەوە سانسۆریان خستۆتە سەرمان، داواکراوە نابێت لە هیچ هەواڵ و نووسینێکدا ناوی کوردستانپۆست بهێنرێت، ئەمە گوایە داواکاری پارتیی بوو لە رێگای عەلی باپیری کۆمەڵی ئیسلامیی و فەرمانی جەلال تالەبانیش بوو، کە جێبەجێ کرا.

نەوشیروان مستەفا لە نێوان چەند بەرپرسێکی بۆگەن و گەنیودا
ئەم نمونانەم بۆیە هێنایەوە، تا ئەوە بڵێم، کە تێڕوانینی ئێمە بۆ گۆڕان، تێڕوانینی ئێمە بووە بۆ پارتەکانی دیکە، ئەو پەیوەندییە کورتەی، بە گۆڕانەوە هەمانبووە تەنیا وەک پەیوەندیی دەزگایەکی راگەیاندن و رۆژنامەنووسێک بووە، لەگەڵ هەر دەسەڵاتێک بۆ وەرگرتنی زانیاریی و دروستکردنی هەواڵ، نەک زیاتر، هەرچەندە چەند نووسەرێکی کوردستانپۆست، لەسەرەتادا کەمێک خاتری گۆرانیان دەگرت، دەستیان لە سەریان دانەدەگرت، لێ ئەوان ئازادبوون لەوەی لە دژیان بنووسن، یان پاڵپشتیان بکەن.
-----------------
دەڵێن کابرایەکی شێت، فێربوو بوو، هەموو جارێک گیرفانی پڕ لە وردەبەرد دەکرد، دەچووە گوێ حەوزی مزگەوتێک، هەر جارەی بەردێکی کە لە گیرفانی دەردەهێنا و فڕێی دەدایە ناو حەوزەکە، یەکسەر دەستی بە هەردوو گوێچکەیەوە دەگرت و پڕ بە دەنگی خۆی هاواری دەکرد: (بڵق). خەڵکەکەش لێی کۆ دەبوونەوە، دەیانوت بۆ وا دەکەیت!؟  لە وەڵامدا دەیوت: بۆ نازانن ئەگەر من بەردەکە فڕێ بدەمە ناو ئاوەکە، یەکسەر بڵقەکەی دێت، ئیتر بۆ چاوەڕێی بڵقەکەی بکەم؟ .
خەڵکی باشووریش ئەگەر کەمێک عەقڵیان دابەزاندایە بۆ سەر عەقڵی ئەو شێتە، دەبوو لەگەڵ دروستبوون و راگەیاندنی هەر بزووتنەوە و پارت و حیزبێکدا لە باشوور، پێشوەخت بیانوتایە (بڵق)، چاوەڕێی ئەوەیان نەکردایە، بزانن ئەم حیزبانە چی دەڵێن و چی دەکەن، ئەوەتا بەرهەم ساڵحێک بۆ بەرژەوەندی خۆی پێی رابوواردن و حیزبی راگەیاند، تا خەڵکەکە بە ئاگا هاتەوە، ئەم لە بەغداوە وتی (بڵق)، چونکە حیزبەکەی بڵقی سەرئاو دەرچوو. یان پێش چەند ساڵ لەوەو پێش، کە رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان چووە سەری رەش، بە مەسعود بارزانی وت: (هەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە) ئەوسا دەبوو بە گۆڕانیش بگوترێت: بڵق، ئێوە نە ئۆپۆزیسیۆن و نە ریفۆرمخوازن. لە ژێر سایە و دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتییدا هەر حیزبێک دروستبووبێت، یان لە هەر هەڵبژاردنێکدا چەند کورسییەکیان بە دەست هێنابێت، دەنگەکان هەر بڵقەیان لێوە هاتووە، لەوە زیاتر هیچیان بۆ خەڵکەکە نەکردووە، چونکە وەکو لەسەرەوە وتم سروشتی دروستی بوونی ئەمانە نە ئۆپۆزیسیۆن بوون، نە رێکخراوی سیاسی. ئەمڕۆش کابرایەکی بازرگانی روتەڵەی ناسیاسیی، بۆ فریودان و شاردنەوەی کەسایەتی راستەقینەی خۆی لە ناو دەریای دۆلاردا شڵپە شڵپ بە دۆلار دەکات، بۆ راکردن لە دادگای گەل، حیزبێک دروست دەکات، تا بۆ چەند ساڵێک بە نەوەکانی کورد رابوێرێت، دوایی حیزبەکەی ئەمیش دەبێتە بڵقی سەرئاو، چونکە لە رێگای پارتیی و یەکێتییەوە، دوژمن و داگیرکەران، ئەمیشیان بەرداوەتە نێو گۆمی سیاسەتی کوردییەوە بێ ئەوەی بهێڵن جارێ بڵقە بکات.


(ئەم پرسیارە زۆر جار بەرەو رووی خۆمان دەبێتەوە، کە دەگووترێت بۆچی کورد دەوڵەتی نابێت؟ لە راستییدا پرسیارەکە دەبێت وا بکرێت: بۆ کورد دەبێت دەوڵەتی هەبێت!؟).
ئەمە بۆچوون و پرسیاری نووسەر ناسر حەفیدی هاوڕێمە، کە بە پێویستم زانی لێرەدا بیخەمە بەرچاوتان، پرسیارێکی ئاسانە، لێ مانایەکی قوڵ دەگرێتە خۆی، مەبەستێکی گەورەی لە پشتە، کە من لە نووسینی ئەم بابەتەدا پەیوەستی دەکەم بە هۆکاری نەبوون و ساغ نەبوونەوەی کورد وەکو نەتەوە، کە بۆچی تا ئیستا خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە، زۆربەی وەڵامەکان لە خواستی نەبوونی خۆماندا وەڵامی راستەقینەی پێوەردەگرینەوە، ئەوەی وەڵامێکی گونجاویش بێت ئەوەیە، کە تا ئێمە خواستمان نەبێت بۆ نەهێشتن و گۆڕینی سیستەمی بنەماڵەیی و عەشیرەت، بۆ هەڵکێشانی رەگی خیانەت و جاشایەتی، لە پاڵ سیستەمێکی بەڕێوەبردندا ئەم سەرکردە و بەرپرسانەوە لە خۆمان و لە سیاسەت دوورنەخەینەوە، نەیان دەین بە دادگا، عەقڵی خۆبەڕیوەبردنمان نەگۆڕین بە کاری رێکخستن، هەروا دەمێنینەوە، کە هەیەن.
ئەوەی راستیشە بۆ کۆتایی ئەم بەشە و گومانی تێدا نییە، هیچ رێکخراوێک لە باشووری کوردستان، پێناسەی رێکخراوی سیاسیی نایگرێتەوە، چونکە رەزامەندی دەسەڵاتی (پارتیی و یەکێتیی)ی و داگیرکەرانیان لەسەرە، کە دەبێت ئاوا دروستببن، هەموویان لەگەڵ یەکتردا خۆیان بۆ خیانەت و باپاکی گونجاندووە و رێگاپێدراون، هیچ پارت و رێکخراو و بزووتنەوەیەک لە باشوور چزوویان نییە بۆ پێوەدان، ئەگەر هەیان بێت لێکراوەتەوە، تا نەتوانن بە پارتیی و یەکێتییەوە بدەن، بەو مەرجەش دروست دەبن، کە لە کۆتاییدا بەرنامەیان پێیە بۆ تیاچوون و لەناوبردنی گەلی خۆیان، بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە، کە لەو رێگایەوە نەوشیروان مستەفا ئۆپۆزیسیۆنی پەرتەوازە کرد، ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی خەریک بوو گەشە بکات، لێ گۆڕان توانی پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشووری پێ بەهێتر بکات، ئەوانەی لە ناو گۆڕانیشدا جێگایان بوویەوە، کەسانی منداڵ و هەرزەکاری سیاسیی و بێ ئەزمون بوون، تامەزرۆی پول و پۆستیان دەکرد، نەخۆشی خۆدەرخستنیان هەبوو، فێری خیانەت و خۆفرۆشی کرابوون، تا ئیستاش بەردەوام بۆ گەیشتن بە مەرام و ئارەزوەکانی خۆیان درۆ بە لێشاو دەکەن. هەڵپەهەڵپی زۆر شتیانە، چونکە رەوشتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیان نییە، تا لەگەڵ خۆیاندا بیخەنە نێو کایە سیاسییەکانەوە، کاتێک دەچنە سەر تەلەفیزیۆن، یان لە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکاندا قسە دەکەن، هەموو درۆیەک دەکەن چونکە بۆ خۆیان بە درۆ هەندێکیان لەناو رەحمی حیزبە ئیسلامییەکان (کۆمەڵ و یەکگرتوو)، بەدەستتێوەردان و بەلاقەکردنی گۆڕان هاتوونەتە ناو دنیای سیاسەت، لە نمونەی: (عەلی حەمە ساڵح، یوسف عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ئەبوبەکر، وشیار عەبدوڵڵا) هەروەها رێبین هەردیی و دەیان کەسی دیکە، ئەمڕۆ ئەمانە بوونەتە دەنگی گۆڕان.
بە پێچەوانەوە نەوشیروان کەسانی دڵسۆز و خاوەن موراڵ و شەریفی وەکو شاهۆ سەعید و د. زانا رەئوفی پاڵ پێوەنا، نمونەی ساڵح ژاژڵەیی فەرامۆش و کەنارگیر کرد، هیچ کام لەم هەلبژاردنانە رێکەوت نەبووە، بەڵکو بە مەبەست کاریان لەسەر دەکرا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە