نەوەی نوێ!

Sunday, 17/03/2019, 1:06

6534 بینراوە


شتەکان و دیاردەکان ، تاک و کۆمەڵ هیچیان وەک خۆیان نامێننەوە و بەردەوام لە گۆڕاندان٫ بۆیە دروستبونی (نەوەی نوێ) لای من ڕوداوێکی سەیر نەبو بە تایبەتی لە بەر دو هۆ:
۱ ۰ دروستکەرەکەی فرەملیۆنداری سەردەمێکە کە حیزبایەتیکردن تێیدا بە هەبونی پارە یە نەک بە هەبونی دڵسۆزی بۆ خەڵک و خاک ٫ نەک بە هەبونی پاکی و ڕەوشتبەرزی و هاوسەنگیی دەرونی وعەقڵی و ڕۆشنبیریی قوڵ و فراوان . کەپارەی زۆرت هەبو بە ئاسانی ڕاگەیاندن بەدەست دێنی و بۆ سودی خۆت بەکاری دێنی وچیت ویست بە ڕادیۆ و تەلەفیزۆن و سایتی ئەلیکترۆنی بڵاوی دەکەیتەوە. بە پارە هەرزەکار و گەنجی توڕە و بێئەزمونی زۆر و زەوەندی بێکار و ئایندە نادیارت بە بەڵێنە زێڕینەکان بۆ دەخەڵەتێ، بە پارە کەسانێکت دەسدەکەوێ لە سیاسی و میدیاکار ، لە ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر٫ لە پارێزەر وهونەرمەند .... پێکەوە سوپایەک پێکدێنن کە لە ژێر پاساو و بەهانەی فیکری و فەلسەفی، بە پارە دەبنە هاوڕێ و کارمەند و پاککەرەوە و ئارایشکەری ناشیرینی و خراپی و هەڵە و دەسدرێژی و کەتن و بگرە تاوانەکانت، مانگی دەستکرد و نوێترین دەسگاکانی ڕاگەیاندن دەکەیتە کۆیلەی خۆت و بە هەق و ناهەق دژەکانتی پێ دەکوتیت۰
٢. بە هۆی هەڵەی کوشندەی ڕیفراندۆم نەوەی نوێ توانی بە دروشمی (نەخێرلە ئێستادا) ڕیفراندۆم بەکاربێنێ بۆ خۆڕاگەیاندن و خۆناساندن لە ناو خەڵکدا۰ بێگومان (نەخێرلە ئێستادا) داهێنانی بلیمەتانەی بەهرەمەندان و عەبقەریەکانی نەوەی نوێ نەبو چونکە تەنانەت ئەوانەشی کە دەنگیان بە بەڵێ دا بەعەقڵ و شیکردنەوەی عەقڵانی نەبو بەڵکو بە هەڵچونێکی هەست و سۆز و عاتیفیانە بو و دەیشیانزانی کە هەڵەیە بەڵام بە خۆیان دەوت چۆن دەکرێت دەنگ نەدەیت بە سەربەخۆیی وڵاتەکەت۰
شکستە بەردەوام وگەورەکانی پارتی و یەکێتی لە بەڕیوەبردنی هەرێم خۆبەخۆ ڕەوایەتیی ئەوە نادات بە نەوەی نوێ کە خۆی بە ڕزگارکەری ئەم گەلە و جێگرەوەی پارتی و یەکێتی بزانێ.
دەسپێک و ڕەوتی نەوەی نوێ تا ئێستا زۆر ڕیزپەڕ و مەغرور و پەلامەردەر و هار و چەموشانە بوە، لە ڕوی سیاسی و بیروباوەڕە وە بەردەوامە لەو هەڵە گەورە و بنەڕەتییەی کە بە یەکچاو سەیری هەمو حیزبەکانی کوردوستان دەکات.
کەناڵی NRT کە شاسوار عەبدولواحید ئاراستەی دەکات لەگەڵ هەبونی لایەنی باش و دروستکەر بەڵام بە گشتی توندوتیژ وهوروژێنەر و پڕلەکێشە بوە .
لەسەر ئەم ڕەخنانەم نمونەی (سەرکەوت شەمسەدین) ی ئەندام پەرلەمانی عێراقی نەوەی نوێ دێنمەوە کە لە سایتی (ئاوێنە) ی ڕۆژی ٢٦ ی ٢ ی ٢٠١٩ لە (دو بژاردە و سێیەم بونی نییە) دەڵێت :
" پێتان وانەبێت لەم رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و لەم مەملەکەتە پر لە بازاری رەشی چەک و مرۆڤی مێرسنەری شتێکی ھێندە زەحمەت بێت خەڵکانی تریش وەک ئێوە ژمارەیەک مێرسنەرییان ھەبێت و بە زەبری ھێز خۆیان بسەپێنن"، دواتر دەنوسێت " وەرنەوە ھۆش خۆتان، ئێمە کە دەڵێین لوتکەی دەسەڵات وەردەگرین یانی وەریدەگرین، ئیتر ئەوە ئێوەن بریاردەدەن بەکام رێگە تەسلیمی دەکەن ".
مێرسینەری وشەیەکی ئینگلیزییە بە واتای چەکداری بەکرێگیراو (جاش) دێت. دیارە سەرکەوت ڕوی لە پارتی و یەکێتیە و هەڕەشەیان لێدەکات کە ئەگەر ڕێز لە یاسا و ڕێساکانی دیموکراسی و هەڵبژاردن نەگرن ئەوا نەوەی نوێ یا خەڵکی تریش دەتوانن بە پارە جاش بگرن و بە شەڕ دەسەڵات لە پارتی و یەکێتی بسەنن، لێرەدا سەرکەوت بێبەزییانە و ناڕەوا پێشمەرگەکانی پارتی و یەکێتی بە چەکداری بەکرێگیراو دەزانێ بەڵام وشەی مێرسینەرییان بۆ بەکاردێنێ کە زۆربەی خوێنەران واتاکەی نازانن و وایزانیوە بەسەر هەمو خوێنەراندا تێدەپەڕێ!
خوێنەری بەڕیز سەیری ئەم فیشاڵبازی و خۆبەزلزانیە (grandiosity) بکە، سەیری ئەم نوێخوازیە عەجایباتیە بکە، سەیری ئەم داماوی و بیرکۆڵیە بکە لە سیاسەت و لە میژو و لە جوگرافیا و لە
کۆمەڵناسیدا ، سەرکەوت کە لە نزیکترین یاوەرەکانی شاسواری سەرۆکی نەوەی نوێیە تازە دەمانگێڕێتەوە بۆ دواوە بۆ شێوازە زۆر کۆنەکانی سیاسەت، بۆ هەڕەشەی شەڕی براکوژی بەڵام ئەمجارەیان نەوەی نوێ نەخشەداڕێژ و ئەندازیارەکەی بێت!
ئاخر نەوەی نوێکەمان ئاوایە بۆیە هیشتا سەدان هەزار کەس بە قەناعەتەوە لەگەڵ کفندزەکانی پارتی و یەکێتی دان!
گەلەکەمان تینوی سەرکردەگەلێکی وەک ئەوانەی هەدەپە بو: دەمیرتاش، بایدەمیر، گوڵتان کشاناک،..... ئێستا لە هەرێمەکەمان کێ دەیەوێ سەرکردایەتیمان بکات و ڕزگارمان بکات، بەداخەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە