درامای کۆڵانەکانی پشتەوە و فڕاندنی پارەی نەخۆشخانەکەی سلێمانی

Sunday, 17/03/2019, 2:05

33542 بینراوە


"ئێمە تەقە ناکەین بۆ ئەوەی بکوژین، بەڵکو تەقە دەکەین بۆ ئەوەی بەزیندووی و کەرامەتەوە بمێنینەوە "
-----------------------
 ٢٧ ساڵە بە ناو کورد حاکمی هەرێمێکە گوایە خۆی بەڕێوەی دەبات. لەماوەی ئەم ٢٧ساڵەدا هەزاران سیناریۆی بێتام هیچ و پوچ، لە تێڤێکانەوە نمایش دەکرێت و لەمێدیاکانەوە ریکلامیان بۆ دەکرێت و بڵاوکراونەتەوە، لە ڕادوێکانەوە پەخشکراوە.
 کۆمەڵێک داوێنپیس و خائین و کۆنە جاش و کۆنە فایلدار و تازە میت و ئیتڵاعاتیش، خۆیان باداوە و خۆیان کردۆتە پاڵەوان و هاتوون لافی خزمەت و پاراستنی خەڵکیان بەگوێدا داوین. لە لایەکی ترەوە هەموو بەهاکانیان، کە وەکو خۆیان بێبەهان لە خەڵکیان سەندۆتەوە و خەڵکیان توشی ڕەشبینی و داماویی و چاوەڕوانی کردووە .
 کەناڵی تێڤێکانیش بەردەوام درامای تورکی کۆمەڵگای فاسیدی تورکیی کە لە ناخەوە بێرەوشتی دەبەخشێتەوە، بێناوەڕۆک و پڕ لە خیانەتی خێزانیی، تلیاک، بێوەفایی، سوکایەتی کردن بە کورد لێدەدەن. خەڵکییش لە باتی هەمووکارێک بەدیار ئەو درامایانەوە کات دەکوژن و سەرگەرمی خۆیان بەو درامایانەوە بەستۆتەوە.
 دراماکان زۆرن و هەموو کەناڵەکان سەرگەرمی بڵاوکردنەوەی کەلتوری تورکن، کە لە سەر مەسەلەی ناموس وەک خۆیان دەڵێن ژن دەکوژن، فڕێیان دەدەنە  نێو دەریاکان تا ناموسی لەکەداریان پێدەکڕنەوە.
 (کۆڵانەکانی پشتەوە) کە زیاتر لە ٥٠٠ بەشی پەخش کرا، دەیان جار سیناروێی دزینی پارە، مامەڵەی تلیاک، کوشتن لەسەر شەرەف، شوێنی رابواردن و بێئەخلاقی و هوتێلەکان ئافرەتی لەشفرۆش و دەیان چیرۆکی قێزەون کە پڕ بووە لە سوکایەتی کردن بە کورد بڵاودەکەنەوە، چونکە هەر ژنێک کە لەسەر شەرەف دەکوژرا دەیانووت خەڵکی ئامەد و ئورفەیە، کەسوکارەکەی واتە کوردە، پاشان یەکێک لە پاڵەوانە هیچەکانی کۆمەندۆی تورکی بووە، کە لەگەڵ هاوڕێکانیدا لەسەر سنور شەڕیان لەگەڵ پارتی کرێکاراندا کردووە . 
 کۆڵانەکانی پشتەوە دەیان دزیی زێڕ و فڕاندنی پارە و خەڵک کوشتن، فڕاندنی منداڵە دەوڵەمەند بۆ وەرگرتنی باج و سەرانە لە نیشتمانە کڵۆڵەکەی ئێمەدا بڵاو پەخش دەکرێت.
زۆربەی دزەکان ناسیاو و پیاوی سەرکردە و بەرپرسەکان خۆیانن.
 پێش چەند رۆژ کۆمەڵێک گەنج هەستاون بە فڕاندنی پارەی خەستەخانە، من دەسەلات دڵنیا دەکەمەوە، ئەوانە هەموویان دەرچووی بەر دەستی خۆتانە و پەروەردەی دراما تورکێکانیشن بە دیوێکی دیکەدا کە دەیانەوێت فەسادی لەناومانا بچێنن کە چاندویانە، لەوانە ئاراسە ریسە، کە وێنەی لەگەڵ سەرۆکی بێحورمەتەکانی عێراقدا گرتووە، لە خوارەوە بیبینن.
 دەزگا ئەمنییەکان گلەیی ئەوە دەکەن، کە خەڵک باوەڕیان پێناکەن، گوایا پێیان دەڵێن: ئێوە سیناروێتان داڕشتوە و ئەمە کۆمێدیایە ئەوەتانێ وەستا حەسەن "بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە:
(تا ئێستاشی لەسەر بێت ڕۆژ نییە دوو بۆ سێ تیرۆریست دەستگیر نەكەین، بەڵام بڵاوی ناكەینەوە، چونكە دەڵێن سیناریۆیە و خەڵكی دەكەونە توانج لە سەر ئەو پڕۆسانە، بەداخەوە پێویستە خەڵك خۆی ڕابگرێت بزانێت ڕاستیەكە كامەیە ئینجا پرسیار لەسەر ئەوە بكات).
 ئەم قسەیەی وەستا حەسەن قسە زۆر هەڵدەگرێت، سەرەتا ئاسایشی شارێکی وەک سلێمانی لەبەر دەست جاشێکی خەفیفەدایە، وەستایەکی دیوار لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ کرێکارێک، کە ئەمە چ مەهزەلەیەکە کابرایەکی خوێڕیی و کۆنە تەواریی و کۆنە خۆفرۆشی گوندی بێت و ئاسایشی شارێکی بخرێتە ژێر دەستی ؟ حەسەن خەڵکی گوندی جافەرانە لە قەرەداخ، ئێمە نازانین چی خوێندوە ؟ بەڵام ئێستا لیوایە ....! ئەم پلە سەربازییەی چۆن وەرگرتوە ؟ کۆمێدیا لەوەدایە زیاتر لە دەیان ساڵە ئەم پۆستەی هەیە و کەس پێی ناڵێ ملت بشکێنە و جێیی بهێڵە، بڕۆ بەرۆکی ئەم شارە بەردە، چونکە غوڵامێکی گوێڕایەڵی ماڵی تاڵەبانییە، جارێک لای بەرپرسێکی ئاسایشی گەڕەکێک بووم، نازانم شاناز بوو یان کێ بوو زەنگی بۆ ئەو بەڕێوبەرە لێدا، سەیربوو لەسەر کورسییەکە ئەو جەنەڕاڵە پوچە بەرز بۆوە هێندەی ووت: بەڵێ قوربان، ئەمرەکەی قوربان، لەخزمەتام قوربان... جێگەی شانازیت قوربان، من لەجێگەی خۆم هەستم بەشەرمەزاریی کرد .
 ئەم بەرپرسە پوچانەی ئاسایش و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان هێندە کاڵفامن، لەکاتێکدا دەڵێن "ئۆتۆمۆبێلی بێپێشینە لە شارەزوور کڕاوە، نازانن بەو قسەیە تیرۆریستێک تێدەگات کە وریاتر بێت لە جیاتی کڕین لەمەودوا ئۆتۆمۆبێل بە زۆر بەخوایشت لە خەڵکی وەرگرن، هەموو شارەکانیان کردۆتە کامێرا، کەس ناتوانی لە ڕیستۆرانێک بە ئیسراحەت نانێ بخوات، ئاودەستێک بکەی بە شەقامێکدا بڕۆی، بەڵام ئەم هەموو کامێرایە ژن کوژێک فاسیدێک خەفیفەیەک، فایلدارێک، سیخوڕێک، جاشێک، پیاوخراپێک، بکوژێکیان ڕام نەکردوە . 
سیناروێ فڕاندنی پارەکە بێدەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکانمان جارێکی تر بۆ نمایش دەکات، کە هیچی کەمتر نییە لە دزیی و ژن کوشتن و ڕاو ڕووتی دراما تورکییەکەی کۆڵانەکانی پشتەوە .

بەرهەم ساڵح و یەکێک لە دزەکان
https://www.facebook.com/baxtear.outhman
ئەمە یەکێکە لەو دزانەی کە لەگەڵ سەرۆکی بێحورمەتەکانی عێراقدا وێنەی گرتووە، ئینجا تێبگەن ئەو وڵاتە لە چ کارەساتێکدایە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە